ئاگاداری خوێنەرە بەڕێزەکان دەکەینەوە، کە هەڵەیەکی تەکنیکی لە ژمارەی کلیک و خوێندنەوەی نووسینەکاندا هەیە و لە هەوڵی چاککردنیداین.


نا ئومێد كردن وه‌ك كوشتنی خه‌ون

Sunday, 18/06/2023, 0:24

3851 بینراوە


نائومێدكردن به‌ هه‌ر بیانویه‌ك  له‌ كایه‌ی سیاسی و گۆڕانكاریدا خزمه‌ته‌ به‌ هێشتنه‌وه‌ی بارو دۆخ وه‌ك خۆی ، ئه‌و جۆره‌ له‌ نائومێد كردن به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ، كه‌ سی و دوو ساڵه‌ ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ سیاسیه‌كان په‌ره‌ به‌ نائومێدی ئه‌ده‌ن بۆ نه‌گۆڕینی بارو دۆخ ، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان خزمه‌ته‌ به‌و حوكمڕانیه‌ ناجۆرو ناڕێكه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌و كار له‌ سه‌ر كه‌وی كردن و شكاندنی شكۆی مرۆڤ و به‌ كۆیله‌ كردن به‌ مانای قه‌بوڵكردنی سته‌مكاری ده‌كات ، ئه‌م حوكمڕانیه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ به‌ ناچاری  خه‌ڵك قه‌بوڵی كردووه‌ ، هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌بوایه‌ له‌ سه‌ر راووڕوت تاڵانی به‌رده‌ باران بكرانایه‌ ، راسته‌ ئه‌و ده‌میش له‌ به‌رانبه‌ر ناشرینیه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ سه‌ره‌تا خۆی له‌ به‌ره‌ی كوردستانیدا ده‌بینیه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌یانگوت :

ماست و په‌نیرو كه‌ره‌
به‌عس باشتره‌ له‌ به‌ره‌ 

سه‌ره‌تای ئه‌مانه‌ به‌ تاڵانی بێخمه‌ ، ئاودیو كردنی شوێنه‌وارو ئامێرو دام و ده‌زگاكان و هه‌رچی هه‌یه‌و نیه‌ به‌ توركیاو ئێران ده‌ستی پێكرد ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ كه‌وتنه‌ كوشتنی جیاوازیه‌كان و له‌ دهۆك و بادینانه‌وه‌ تا گه‌رمیان ده‌یان ده‌نگی ئازاو جیاوازیان به‌ تیرۆرو ره‌شه‌ كوژی كپ و بێده‌نگ كرد ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه‌ چۆن شه‌ڕی ناوخۆیان خوڵقاندوهه‌زاران گه‌نجی پڕهیواو ئومێدیان كوشت و بڕكردو بوونه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی كوردستان و له‌ سه‌ر پێوه‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی به‌رهه‌می كۆڕه‌وی ملیۆنی و بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ نه‌بوونایه‌ زۆر رێی تێده‌چوو هه‌رێمی كوردستانیش ، وێڕای سته‌می جوگرافی و ده‌رو دراوسێی سته‌مكار وه‌ك وڵاته‌ تازه‌كانی باڵكان ، یان بۆسنه‌و هه‌رسك و هیرزه‌ گۆڤین و شوێنه‌كانی دیكه‌ له‌ سه‌ر پێی خۆی وه‌ستابا، چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ ته‌واوه‌تی خه‌ڵك له‌و نادادی و سته‌مكاریه‌ ته‌كیوه‌ته‌وه‌و به‌ دوای ده‌رچه‌و گۆڕانكاریدا وێڵه‌ ، ئه‌وه‌ی بۆ سته‌مكاری ماوه‌ته‌وه‌ چه‌كداری به‌دبه‌ختی گوێ‌ له‌ مست و پاره‌ی دزراوی خه‌ڵكه‌ ، هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان پێمان ده‌ڵێن ، ئیدی خه‌ڵك گۆڕانكاری ڕیشه‌یی ده‌وێت ، له‌ بارو دۆخی به‌و جۆره‌دا هه‌وڵدان بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ، له‌ت و په‌تكردنی ئه‌وانه‌ی بگۆو بوێری گۆڕانكارین ، دروستكردنی درزو كه‌لێن له‌ نێوان ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌یانه‌وێت سبه‌ینێ‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ نه‌بێت ، به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی نائومێد كردن ، كه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌م كه‌ش و هه‌وایه‌ به‌ پاره‌ ده‌كڕێت ، ده‌سه‌ڵات گه‌ره‌كیه‌تی هه‌موو ده‌نگه‌ نه‌یاره‌كان به‌ خۆی ، ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان بكات به‌ گژ یه‌كترداو ئه‌و سه‌رگه‌رمی تاڵان و درێژه‌ دان به‌و بارو دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ بێت ، كه‌ هه‌یه‌ ئه‌و بارو دۆخه‌ی مرۆڤی كوردی گه‌یانده‌ ئه‌و شوێنه‌ی خۆزگه‌ به‌ سه‌رده‌می سه‌دامی دیكتاتۆر بخوازێت ، نه‌ك ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ حوكمی پڕئاگرو خوێنی به‌عسیان نه‌بینیووه‌ ، هه‌یانه‌ له‌ داخی ئه‌مانه‌و هه‌ست و كه‌وتی ئه‌مانه‌و نه‌وه‌كانیان پڕۆ ڤایله‌كه‌ی ده‌كاته‌ وێنه‌ی سه‌دام" لێره‌دا نامه‌وێت له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر قسه‌ بكه‌م چونكه‌ پێشتر له‌ سه‌ری وه‌ستاوم " .
هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر ده‌ستی حوكمڕانیه‌كی بیر ته‌سكی حزبی وته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌یی رۆژ به‌ رۆژ زیاتر له‌ پاشه‌ كشه‌دایه‌و چاره‌نووسی كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست وڵاتانی تر ، بۆنمونه‌ هه‌ر ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ی توركیا به‌ نه‌وتی كوردستانه‌وه‌ ده‌یكردو وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وتی توركیا بێت نه‌ك كوردستان هۆیه‌كی كاریگه‌ری كوشتنی خه‌ون و ئومێدی گۆڕانكاری بوو، چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی توركیا له‌ گه‌ڵ نه‌وتی كوردستان و ئه‌وه‌ی ناونرابوو رێكه‌وتنی په‌نجا ساڵه‌ ، كه‌ هه‌میشه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له‌ نه‌ك خه‌ڵك حزبه‌ شه‌ریكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌شاردرایه‌وه‌و هێزێكی قه‌ڵه‌مپیسی مشه‌خۆریش بووبوونه‌ پارێزگاری ئه‌و ملدان و لاره‌ خواریه‌و رێگه‌یان نادا كه‌س ره‌خنه‌یه‌ك له‌ و ناشرینیه‌ بگرێت ، زندو كردنه‌وه‌ی میساقی میلی و پڕۆژه‌ی یه‌ك ده‌ده‌ین سێ‌ وه‌رده‌گرینی توركیا بوو ، كه‌ له‌ ناو كوردستانیش هه‌بوون بازاڕیان بۆ په‌یدا ده‌كردو بیانوویان ئه‌وه‌بوو لانی كه‌م دوو پارچه‌ی كوردستان ده‌كه‌ینه‌ سه‌ریه‌ك ، من خۆم گفت و گۆی توندم له‌و باره‌یه‌وه‌ كردووه‌ ، توركیا به‌ پڕۆژه‌و به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ی ده‌كرد نه‌ك خێڵگه‌ریانه‌و هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌، هه‌ڵبه‌ت چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنه‌كه‌ له‌ ته‌ك نه‌وتا نمونه‌یه‌كی بچوكه‌و له‌ ته‌واوی بواره‌كانی دیكه‌دا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چاره‌نووسی گه‌لی كوردستانی له‌ باشور فڕێداوه‌ته‌ به‌ر پێی جه‌ندرمه‌و پاسداری توركیاو ئێران و بۆ ئه‌وه‌ش هیچ پێویست به‌ ئه‌رگۆمێنت و به‌ڵگه‌ ناكات ، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا فڕۆكه‌ی توركی كه‌ سه‌ر به‌سوپای ناتۆیه‌ به‌ بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناتۆ له‌ ساڵی 1997 پشتگیری لایه‌كی ده‌كرد بۆ خستنی لایه‌كه‌ی تر .
له‌ نێو ئه‌م كه‌شه‌ ناجۆره‌دا ئیدی خه‌ڵك ویستی گۆڕینی ئه‌م مۆدێله‌ ناجۆره‌و ده‌م و چاوه‌كانیان خسته‌ ڕوو ، كۆبونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ده‌وری بزوتنه‌وه‌ی گۆران كه‌ دواتر ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ وه‌رگرتنی چه‌ند پۆستێك له‌ حكومه‌ت، قومار چی واته‌نی دای له‌ تایه‌كی واره‌كه‌و ده‌ستی له‌ بنی هه‌مانه‌كه‌وه‌ ده‌رچوو، نائومێدیه‌كی گه‌وره‌ی له‌ نێو خه‌ڵكدا دروست كرد ، به‌ دوای ئه‌وه‌شدا جۆرێك له‌ سه‌رگه‌ردانی له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی به‌ یه‌كێتی و پارتی سه‌ریهه‌ڵداو ده‌ستی پارتی و یه‌كێتی ئاوه‌ڵاكرا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كڕین ، به‌ تێكدانی په‌یوه‌ندی ، به‌ دروستكردنی نا ئومێدی زیاتر دۆخێك دروست بكه‌ن ، تا ته‌نانه‌ت بیركه‌ره‌وه‌و هه‌ره‌ گه‌شبینه‌كانیش به‌ ئاشكرا بڵێن ئیتر ئه‌ڵته‌ر ناتیفی ئه‌مانه‌ نیه‌ ، ئێ‌ بێگومان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ ئێستا نزیكترین دۆسته‌كانیشی لێی ناڕازین هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌ خه‌ڵك بگاته‌ ئه‌و ترۆپكی نائومێدیه‌و له‌ په‌ل و پۆ بكه‌وێت و خه‌ونی نه‌بێت ، ئێستا كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ رۆژنیه‌ نه‌كه‌وێته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌وانه‌ی رۆژگارێك هاوكارو پشتیوانی گه‌وره‌ی بوون دێت له‌ بری به‌ خۆدا چوونه‌وه‌و چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان ده‌یه‌وێت ئاژاوه‌ ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دروست بكات و زنجیره‌ به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ ، وه‌ك تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان سۆران و بادینان ، ئێزدی و موسوڵمان ، عه‌شره‌ته‌كان ، شارو شارۆكه‌كان و هه‌تا دوای  ، ته‌نانه‌ت تێكدان و هه‌ڵوه‌شانه‌وی په‌یوه‌ندی نێوان خانه‌واده‌كان ، كه‌ له‌م دوایانه‌دا به‌ ئاشكرا كاری له‌ سه‌ر ده‌كه‌ن و ده‌یان نمونه‌ به‌رده‌سته‌ .
له‌ بارو دۆخی ئاوادا له‌ هه‌ر كات زیاتر ده‌نگه‌ نه‌یاره‌كانی سته‌مكاری و دۆخی باو پێویسته‌ پێكه‌وه‌بن و یه‌كڕیز بن ، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ په‌رته‌وازه‌ كردنیان ، ده‌چێته‌ خزمه‌تی مانه‌وه‌ی سته‌مكاریه‌وه‌ ، جا ئه‌و هه‌وڵه‌ كاره‌كته‌ره‌كانی نێو خودی به‌رهه‌ڵستكاره‌كان بیكه‌ن ، یان له‌ شوێنی تره‌وه‌ بێت ، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ كوشتنی خه‌ون و خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ دان به‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو تاك و ده‌سته‌و گروپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌بنه‌ ئامێرو چه‌ك به‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و لێدان له‌ یه‌كتر، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و تاك و ده‌سته‌و گروپانه‌ وێڕای تێبینی و جیاوازی ده‌رهه‌ق به‌ یه‌كتر ، به‌ڵام له‌ به‌رهه‌ڵستی حوكمڕانی ناجۆرو ناشرینا یه‌ك تیم بن ، وه‌ك چۆن تیپێكی تۆپێن وێڕای جیاوازی ره‌نگ ، زمان ، خولیا و زۆر جار بیرو بۆچونیش، به‌ڵام له‌ كاتی یاریكردنا هه‌موو ململانێكان ده‌خه‌نه‌ لاوه‌و ئامانجیان سه‌ركه‌وتنه‌ ، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ په‌ندێكی باش بێت بۆ گشتمان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە