کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


کاکە حەمە راست دەبێژێت

Sunday, 09/07/2023, 16:36


پێویست ناكات بێڕێزی بە كاكە حەمە بكرێت و ناهەقیشم مەگرن ئەگەر بڵێم بیركردنەوەی لەسەر (پێشمەرگە) سەد لە سەد ڕاستە!


ئاخر هەر پێشمەرگە بوون كە بەبێ بیركردنەوە پیسترین دوژمنایەتی عەشایەرییان بۆ مەلا مستەفا بەڕێوەبرد و تێكڕای عەشیرەتەكانی ”برادۆست، سورچی، هەركی، زێباری و شیروانی)یان خەڵتانی خوێن كرد و ناچاری ئەوەیان كردن كە هانا بۆ بەعسی دڕندە ببەن!
ئاخر هەر پێشمەرگە بوون كە چل ساڵی ڕەبەق خوێنی یەكتریان ڕشت بۆ ناكۆكی نێوان دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی بەبێ ئەوەی دڵۆپە خوێنێك لەو دوو بنەماڵەیە بچۆڕێت!
ئاخر هەر پێشمەرگە بوون كە بوونە چاوساخی سوپای پاسداران و حەرەس جمهوری بەعسی ئەنفالكەر  و جەندرمەی تورك بۆ داگیركردنەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئەتككردنی شاری هۆلاكۆ بەزێنی هەولێر و كێوماڵكردنی ئەشكەوت و لێڕەوارەكانی كوردستانیش بۆ لەناوبردنی دڵسۆزانی نەتەوەكەی خۆیان!
ئاخر هەر پێشمەرگە بوون كە لەسەر داوای سەرۆكەكەیان لە شەنگالەوە هەتا مەخموریان بەبێ تەقە ڕادەستی داعش كرد و سەدان هەزار ئێزدییان خستەبەر ڕەحمەتی ئەنفال!
ئاخر هەر پێشمەرگەیە بۆتە پاسەوانی سەرۆك جاش و بەرپرسی فایلدار بۆ شەقبارانی مامۆستا و ژن و كرێكار!
ئەگەر پێشمەرگە شایانی كوشتن نەبوویایە ئەوا جەلال تاڵەبانی زۆر بێمنەتانە نەیدەگوت (ئەگەر پارەمان هەبوو مانگی هەزار دینار بە پێشمەرگە دەدەین بۆئەوەی شەڕمان بۆ بكات و ئەگەر نەشمانبوو ئەوا بۆی دەكەین بە 500 دینار و یان هیچیشی نادەینێ و بە مەمنونیش خۆیمان بۆ بە كوشت دەدات)!
ئەگەر پێشمەرگە شایانی كوشتن نەبوویایە، ئەوا مەسعود بارزانی لە دوای بەكوشتدانی خۆبەخۆی دەیان هەزار كەسیان نەیدەگوت (من و مام جەلال لە شەڕی نێوخۆییدا بێتاوانترین كەسین، لەبەرئەوەی بەزۆر كەسمان نەخستۆتە شەڕەوە و پێشمەرگە شەڕیان بۆ خۆیان كردووە)!
تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی كە پێشمەرگە بچێتە وڵاتی لیبیاش و شەڕی بە وەكالەت بۆ دەوڵەتی فاشستی تورك بكات!
پێشمەرگە هاوكار و گوێ لە مستی تاڵەبانی و بارزانی بووە بۆ دروستكردنەوەی عێراقی داگیركەری نوێ، بۆ ئۆردوگانشی و بێدەنگكردنی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ پاراستنی سنورەكانی توركیا و بۆ گەمارۆ و خەندەقلێدان بەسەر ڕۆژئاوای كوردستاندا!
بەڵێ پێشمەرگە ئەو بوونەوەرەیە كە بۆ داكۆكیكردن لە سەرپێچی كچە بەرپرسێك پۆلیسی هاتوچۆ ”مرور” دەكوژێت، بۆ ڕازیكردنی كوڕە بەرپرسێك ڕەز و باخی جوتیار دەسوتێنێت و لە كاتی بارانبارینیشدا چەتری بۆ بەرپرسەكەی ڕاگرتووە تاكو تەڕ نەبێت!
تكایە با ڕاستیەكان وەك خۆی ببینین، چونكە دڵنیام نەك 200 هەزار پێشمەرگە، بەڵكو هەر 400 هەزار پێشمەرگەكە وەك مەڕ سەری خۆیان دەكەن بە ناوگەڵی یەكتریدا  تاكو لەلایەن بەرپرسێك یان كوڕە بەرپرسێكەوە ئافەرینێكیان پێبگوترێت.
ڕەحمەت لە گۆڕت مام (ساڵح ئەمین)ی گوندی خوێڵین كە بە نەخوێندەواری خۆتەوە چەند جوان بەسەرهاتی گوندەكانی دەوروبەری سەنگاوت بۆ دەگێڕامەوە لە سەردەمی شێخ مەحمودی حەفیددا و دەتگوت:
(شێخ قادری برای شێخ مەحمود هێجگار زاڵم بوو، مڵكی هەموو خەڵكەكەی داگیركردبوو و خەڵكەكەش بە ویستی خۆیان ڕۆژ تائێوارە بێگارییان بۆ دەكرد و خۆ ئەگەر شێخ قادریش بە كەسێكی بگوتایە: بەڕاستی ئەم سەگبابە لە كاركردندا ”نێرە كەرە”،ئەوا هەم ئەو كەسە لە خۆشیاندا زیاتر خۆی دەپڕوكاند و هەم خەڵكەكەش بۆئەوەی لە ڕەحمەتی سەگبابی بێبەش نەبن و شەرەفی ”نێرە كەریان” بەركەوێت، زیاتر خۆیان دەڕەتاند).
دڵنیابن كە ئاستی تێگەیشتوویی پپێشمەرگە نە لە ئاستی داماوی خەڵكی ئەو سەردەمە زیاترە و نە ڕۆشنبیریشیان لە جەهلی ئەو دەروێشانە زیاترە كە هەزارانیان بۆ مردنی سەرۆك جاشێكی ئەنفالكەری وەك شێخ محەمەدی كەسنەزانی سنوری دوو وڵاتیان بڕی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە