KURDISTANPOST
سۆزان سەعید
موزیك وەک پێشاندانی ڕاستیەکانی ژیان
Thursday, 02/11/2023, 22:42
994
بینراوە
موزیك زۆر جار هەست و ویژدان و کردارمان دەگۆرێت، موزیكژەن هەوڵ دەدات ئەو ئازارو نەهامەتییەی کۆمەڵگاو دەوروبەری لەرێگای موزیك و ئامێرەکەی بگەیەنێت، تاکو لەو رێگایەوە کاریگەرییەکی مرۆیی و مرۆڤدۆستی دروست بکات لەسەر دەوروبەری.
هەمیشە لەو باورەدام ئەو کەسەی بە دڕوستی و ڕاست گۆی و دڵ و گیان کاری خۆی ئەنجام ئەدات هەرگیز ئەنجامی خراپی نابێت. هەرچەندە موزیك تەنها دەربڕینی دەنگێکی هەواییە، دەنگێك کە زۆر ئاستەمە تەنها بە وشە بتوانرێت بگەیەنرێت، بەتایبەتی ئێمە لەکاتی نامۆ بونمان هەمیشە دەڵێن: وشەم نییە بۆ ئەم بەسەرهاتە یان ڕوداو و کارەساتە، بۆیە موزیك دەبێتە ئەڵتەرناتیفی ئەو نەبون و کەموکورتی هێنانەی ووشەکانمان.
موزیك ئەو دەنگە و دەربرینە و ئەو ووشە هەواییە کە بە رێتمێکی پر لە سۆزو خۆشەویستی یاخود بە هاوار و هاژەوە لە ناخماندا سەرهەڵدەدات و خۆی پێشان دەدات بەبێ سەنسور. ڕاستگۆیی وئازادی بەپلەی یەکەم خۆی لە هونەردا دەدۆزێتەوە، بەتایبەتی لە هونەری موزیك . ئەگەر هونەرمەندێکی بەهرەمەند بە شوازێکی دروست فێری هونەرەکەی بوبێت لەسەر تیۆری موزیك ژەنی و هاوکات هەستێکی بەرزی هەبێت وەک چۆن ئەدیبێک دەوڵەمەندە لە ووشەسازی و هەستێکی بەرزی هەیە، بەهەمان شێوە دەتوانێت ووشەکانی بەشێوازێکێ ڕاست و دڵکێش رێک بخات و لەرێگایەوە پەیام و چیروکەکەی بگەێنێت.
موزیك ژەنیش بەهەمان شێوە باسی چیرۆکیك دەکات بە نۆتەکانی لە ڕێگەی بەرز و نزم کردنەوە هاوار و داد و قوڵایی هەست و ئازار و یان خۆشی و شادیەکانمان دەردەبڕێت. موزیك دەتوانێت زۆر بەهێزتر بێت لە ووشە و نوسینەکانمان، ئەوەی موزیك دەتوانێت بیگەێنێت هیچ کات بە ووشە و نوسین ناگەیەنرێتە ناخمان. موزیك ئەو دەنگەیە کە دەتوانێت ببێتە زمانێکی جیهانی و گشتگیر سەرباری تێنەگەیشتن لە زمان و ووشەکان هەست و ناخی مرۆڤ بهەژێنێت یان خۆشحاڵیان بکات.
موزیك زمانێکی ڕۆحییە کە زۆر جار توانیویەتی دوژمنیش بهەژێنی، وەك ئەوەی لە بەسەرهاتەکاندا ڕویداوە تەنانەت زۆر جار لە کەمپی نازیەکانیشدا ئەو جولەکانەی موزیكژەن بوون بێباکانە نەدەکوژران یان لەناوبردنیان دوادەخرا بە پێی توانا. موزیكەکانیان کاریگەر بوو لەسەر ناخی نازیەکان و ئەنجامدان یان شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکانیان. جەلادەکانیش پێیان داخ بوو بێباکانە لەناویان بەرن.
موزیكژەنی بەهرەمەندی کورد کەیهان کەلهور کە بەهرەمەندێکی زۆر ناوازەیە لە موزیكژەنی و داهێنەرانە نۆتەکانی مرۆڤ دەهەژەنێت، ئەمەش ئەو ڕاستیە نیشان دەدات کە سەرباری هەست و نەستی بەسۆزی،دەکرێت لە پلەیەکی بەرزی بیرکاریدا بێت کە توانیبێتی بۆ نۆتەکان ژمارەداری تەواو و ڕاستیان بۆ بکات و هەستێکی زۆر وردو تیژی بۆ دەنگ و نۆتەکان هەبێت.
کەیهان کەلهوری توانیویەتی لەڕێگای ئامێرەکەیەوە [سۆڵست] تەنها وەک پێشرەوێك لە پاڵ ئامێرە ڕۆژئاواییەکان موزیك بژەنێت، بە شێوازێک کە تەواوی ئامێرەکانی تر بکاتە پاشکۆی خۆی و کاریگەری بخاتە سەریان، کە دوای ریتمی ئەم ئاوازو ئامێرە کوردییە بکەون. ئەمە نیشانەی ئەوەیە فێربون و کرداری ڕاست و دەربرینی هەست و مروڤدۆستی ئەگەر بە شێوەیەکی پرنسیپی و دروست و بە دڵو گیان بێت، مەحاڵە دەوروبەرت نەیەنە سەر ریتمی ئەو ڕاستییە کە ئەوەش ئەنجامەکەی جوانی و هارمۆنییە.
ئەم پارچە موزیكە كەیهان كەلهوری پێشكەش دەكات بە منداڵانو قوربانیانی جەنگ لە جیهاندا و كورد بەتاێبەت.
سۆزان سەعید
© 2019- Kurdistanpost