KURDISTANPOST
دانا مەنمی
هەژموونی ئێران و ململانێی سیاسی و ئاینی لە عێراق
Wednesday, 15/11/2023, 23:14
978
بینراوە
ئێران بە دریژایی قۆناغە مێژووییەکان لە ئیمپراتۆریەتی (ئەخمینیەکان) تا دەگاتە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ساڵی (١٩٧٩) چاوی لەسەر شارستانیەت و پێگەی جوگرافی و ئابوری عێراق بووە ، جگە لە گرنگی لایەنی جیۆپۆلەتیکی عێراق بۆ ئیرانیەکان گرنگترین مەزارگەی شیعەکانیش لە شاری نەجەفدایە ،حەوزەی نەجەف ناوەندێكی گرنگی زانستی شیعەی (١٢) ئیمامییە و هەزاران زانای ئاینی شیعە لەم ناوەندەدا خوێندنیان تەواو کردووە ، بەڵام حەوزەی قووم دەكەوێتە دووری (١٥٧) كیلۆمەتر لە باشووری تارانی پایتەختی ئێران ، حەوزەی نەجەف مەزاری ئیمام عەلی تیدایەو حەوزەی قوومیش مەزاری فاتیمەی كچی ئیمام مووسای كازمی تیدایە لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو حەوزەیە لە کێبڕکێدان لە ڕووی زانستی شەرعی و مەرجەعیەتبونی رەهایان بۆ فەرمانڕەوایی شیعی لە جیهاندا .
لە پارێزگاکانی عێراقدا ململانییەکی ئاینی هەیە لە نێوان هەردوو حەوزەکەدا کە بەشێک لە کەسایەتیە شيعییەکانی عێراق سۆزو مەیلیان بۆ (ئایەتوڵا عەلی خامنەیی) هەیە ، موقتەدا سەدر یەکێکە لە کەسایەتیە ئاینیەکانی ناو حەوزەی نەجەف ،بەلام لەبواری سیاسیدا خاوەنی کەسایەتیەکی پۆپۆلیستی یەو ئیمکانی ئارامگرتنی کەمە ڕاستە لەناو حەوزەی نەجەفدا خاوەن نفوزو پێگەی ئاینییە و هەموو شتیک دەکاتە قوربانی ئەو میراتەی کەلەئالی سەدر بۆیان ماوەتەوە ، لە پال ململانێی توندی ئاینی نێوان هەردوو حەوزەکە هێشتا شیعەکانی عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆیان پەنا بۆ ئیران دەبەن ، ئیرانیش ناتوانن دەست لە شیعەکانی عیراق و حەوزەی نەجەف بەربدەن و پەیوەندی توندو تۆڵیان لەگەڵ بەشێکی زۆری سەرکردە و هیزە شیعییەکاندا هەیە لەوانە ( مەجلیسی باڵای ئیسلامی و ڕێکخراوی بەدرو حیزبی دەعوە) تا (قاسم سولەیمانی ) لە ژیاندا بوو ئێران لە دانوستانە سیاسییەکاندا رۆڵی چارەنوسسازی دەگێڕا ، ئەیاد عەلاوی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ (ئێران تەنانەت دەستێوەردان لە پرۆسەی بڕیاردانی خەڵک لە هەلبژاردنەکانی عێراقیشدا دەکات ، ئیمە دژی هەڵبژاردنێکین کە بنگەیەکی تایفیی هەبێ).
لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ئیران وەک کاریگەرترین ئەکتەری دەرەکی له عێراقدا دەرکەوت ، راستە لە نێوان دانیشتوانی عێراق و ئێراندا پەیوەندیی هاوبەشی کولتوری و ئایینی هەیە کە ئێرانیەکان لەڕووی سیاسی، ئهمنی و ئابوورییەوە لە بەرژەوەندی خۆیاندا سودیان لێ بینیوە ، بەڵام باڵادەستی شیعە لە عێراق دوای رووخانی سەدام حسێن، ئێرانی كردە هێزێكی ئیقلیمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرچەندە (ئایەتوڵا عەلی سیستانی ) یەکێک بوو لەو کەسایەتیە ئاینیانەی کە لە دوای سەدام نەیهێشت عێراق ببیتە دەوڵەتیکی ئاینی و توانی نێوماڵی شیعەکان لە عێراق بپارێزێت لە لێکترازان ، یەکەمین هەنگاوی ئێرانیەکان لە پاڵ دەستیوەردان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دروستکردنی کۆمەڵێک هیزی میلیشیای تائیفی - مەزهەبی بوو کە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی دەکردن و لە ڕووی سەربازییشەوە مەشق و راهینان و پڕچەکی دەکردن ، مەسەلەن چەند ساڵێک دوای روخاندنی رژێمی بەعس ئێران لە ڕێگەی سوپای مەهدی و حیزبوڵاو ڕیکخراوی بەدرەوە پەلاماری هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانیان دەدا ، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران عەسائیبی ئەهلی حەقی لە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراند و پاشانیش لە ساڵی (٢٠١٤ ) ئێران لە نێوان میلیشیاکاندا حەشدی شەعبی دروست کرد ، هەر زوو لای خۆیەوە “مایکڵ ئایزنشتات” گووتی : “دهرفهتێکی مێژوویی بۆ ئێرانیەکان رەخساوە کە بتوانن دەستێوەردان لە کاروباری عێراقیەکان بکەن و عیراق له دوژمنەوە بکەنە هاوبهش وهاوپهیمان “.
دەرفەتێکی تر کە بۆ ئیرانیەکان رەخسا ئەوکاتە بوو کە هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ لە عێراق کشانەوەو ئیدارەی ئۆباما پشتگیریان لە “نوری مالیکی “دەکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق ، هاتنەسەرکاری “نوری مالیکی “ هەموو ئەو دەستکەوتانەیان لەباربرد كە لە چەند ساڵی پێشتردا بەدەستهاتبوون ، یەکەمین کاری “مالیكی” ئەوەبوو کە عەرەبە سوننەكانی لە پرۆسەی سیاسی وەدەرناو بە توندترین شێوە سەرکوتی کردن و هەموو ئەو دامەزراوە دیموكراتیانەی کە بەهەوڵ و کۆششی ئەمریکیەکان و هاوپەیمانان بونیاد نرابوون بە سیاسی و حیزبی و مەزهەبی كرد ، لەناو ئەم ژینگەیەدا بەهۆی بۆشایی ئەمنیی و سیاسیی و ململانێی تائیفیەکان لەعیراق شەپۆلێکی توندڕەوی کە زەمینەی بۆ رەخسابوو هاتە ناو هاوکێشەکان ئەویش سەرهەڵدانی تیرۆر دروستبونی کەسایەتی تیرۆریست بوو کە بانگەشەی (پاراستنی عەرەبی سوننە)یان دەکرد ، یەکەمین سەرهەڵدانی باوکی رۆحی تیرۆریزم لە عێراقدا (ئەبو موسعەب زەرقاوی ) بوو کە هەڵگری بیری توندڕەوی سەلەفی جیهادی بوو ، دوای ئەویش ( ئەبو بەکر بەغدادی ) و داعش بوو کە خۆیان پێ میراتگری ئەلقاعیدە بوو لە سوریا و عێراق ، هەر لەسەرەتاوە توانیان رێژەی لە ٪٣٢ خاکی عیراق کۆنترۆڵ بکەن .
لەپاڵ دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە میلیشیای تائیفی ئیرانیەکان توانیان نفووزی سیاسیی خۆیان لە ناوچەکەدا فراوانتر بكەن و پێکهاتەکانی عێراق بخەنە ناو گێژاوێکی سیاسی کە بەردەوام لە چاوەڕوانی بێ ئاسۆو تاریکیدا بن ئەویش لە ڕێگەی ئەو هێزە میلیشیا توندڕەوە تائیفیانەوە کە تائیستا کابوسێکی مەترسیدارن لەسەر ژیان و گوزەرانی خەلک و عێراقیان لە زەلکاوی توندڕەوی ئاینی و تائیفیدا چەقاندووە ، بەڵام بیرمان نەچیت دیوی پشتەوەی ململانێ ئاینی و سیاسییەکان ئامانجی ستراتیژی ئێرانیەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە پلەی یەکەم بەرژەوەندی ئابورییە کە دەیانەوێت ئابوری عێراق بە وڵاتەکەیان ببەستنەوە بەتایبەتیش پیشەسازی نەوت و غاز ئەمەش لە پێناو کەمکردنەوەی زیانی ئابڵوقە نێودەوڵەتیەکان .
دانا مەنمی
© 2019- Kurdistanpost