کورد و تەڵەی سیخوریی زنجیرەی (١)

Friday, 02/02/2024, 11:54


سەردێر:

دەزگەی هەواڵگری لە دنیادا بەتایبەتی لە وڵاتانی زلهێز، لە کاتی ئاسایی و هێمنیدا، لە کاتی جەنگی سارد و گەرمدا و لە جەنگی نەرمدا، گرنگی تایبەتی پێ دەدرێت، بودجەی زەبەلاحی بۆ تەرخان دەکرێت. خەڵکی متمانە پێکراوی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بەفەرمی و بە ئاشکرا هەڵدەبژێردرێن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دەزگە پڕ هەستیارە.  ئەندامانی ئەو دەزگەیە مەشق و ڕاهێنانی تایبەتیان پێ دەکرێت، بە کاری تایبەت دەنێردرێن بۆ دەرەوە و زۆر وڵاتان، یا کارەکانیان ئەنجام بدەن، هەروەها لەنێو دامودەزگە حکومیەکاندا شکۆی تایبەتی پێ دەبەخشرێت،  بۆ ئەوەی لەنێو کۆمەڵگەدا سامی هەبێت و زۆرینەی سادەی خودی خەڵکی وڵاتەکە هەژماری بۆ بکەن و خۆیان لە داوی بپارێزن.
 دەزگەی هەواڵگری سەنتەری تاوتوێکردنی زانیاری هەرە نهێنیەکانی ناوخۆ و دنیایە، لە کاتی پێویستدا لەگەڵ دەزگە هەواڵگریەکانی دی دنیادا هاوکاری یەکدی دەبن. بەهێزی ئەو دەزگەیە، وابەستە بە بەهێزی وڵاتەکە لە ڕووی ئابووریی، سیاسیی و سەربازی و تەکنەلۆژیا و سەپاندنی هەژموونی لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیوگرافیای سیاسی، واتە مەرج نییە تەنیا زلهێزەکان خاوەن ئەو دەزگەیە بن، ئەڵبەتە لە وڵاتانی دنیای سێهەمدا ئەو دەزگەیە هەیە، بەڵام ناتوانێت هاڤرکێی دەزگە هەواڵگریەکانی زلهێزەکان بکات، بۆیە بە بەراورد بە ئەوان ڕۆڵی گرنگی نییە لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و دارشتن و پلانەکانی بەهەند وەرناگیرێن، ئەگەر بۆ هەر پلانێک هاوکاری دەزگەی هەواڵگری زلهێزەکان بن، ئەوا تەنیا دەبێت گوێڕایەڵ و نۆکەریان بن.  ئەوان تەنیا لەنێو وڵاتەکەی خۆیاندا سەرچاوەی ترس و تۆقێنەری میللەتن. دەزگەی هەواڵگری سەنتەری بەسیخورکردنی تاکە، لەوێوە یەکەم هەنگاوی بوون بە سیخور دەست پێ دەکات.
 دەزگەی هەواڵگری یاسا ددانی پێ دادەنێت، وەک دەزگەیەکی حکومی گرنگ لەنێو کۆمەڵگەدا دەناسرێت، مەشروعیەت بە هەموو جۆرە کارێکی دەدرێت. حکومەتەکان بەو جۆرە ئەو دەزگەیە بە کۆمەڵگە دەناسێنن:
"کە ئەرکی لە ڕێگەی ڕاستەوخۆی پەیوەندیی بە دامودەزگە حکومیەکان، ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سیخورەکانی کۆکردنەوەی زانیارییە، ئینجا شێکردنەوە، پشتیوانی کردنی ئەو زانیاریانەی کە پشتیوانی لە یاسا، بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی، سوپا و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەکات"! 
لە سەر ئەرزی واقیعدا، بە گشتی لەنێو گەلانی دنیادا، ئەو دەزگەیە سامی هەیە، خەڵک خۆی لێ لادەدا، بەڵام ناخۆشەویست و نەویست و ناوبانگێکی پڕ لە شەرمەزاریی هەیە. ئەگەر حکومەتەکان با ئاوی زێریش لە دێرەکاندا پێناسەیان بکەن، بەڵام لەسەر ئاستی دنیا و نێونەتەوەی، هەرگیز زۆرینەی سادە و خەڵکی شەقام، بەچاوی ڕێزەوە لەو دەزگەیە ناڕوانن.  

 نێوەڕۆک:

وڵاتی بێ خاوەن، لانەی بێ هێز، دەسەڵاتی سیاسی بێ مۆڕاڵ، بەئاشکرا دەبێت بە گۆڕەپانی تەراتێن کردنی دەزگەی هەواڵگری دنیا. میللەتی ساوێلکە، ناپەروەردە و نەخوێندەوار و برسی باشترین نێچری دەزگەی هەواڵگرییەکانی دنیان. کە وەک گەلەگورگ تێیان دەئاڵێن و کەڵبەیانی لێ تیژ دەکەن. ئەوان بە هەزاران کتێبیان خوێندۆتەوە، ڕاهێنانیین لەسەر دەستی باشترین مامۆستای هەواڵگری پێکراوە، وانەی تایبەتیان لەسەر خوێندنەوەی کەسایەتی تاک پێ وتراوە، شارەزان لە دۆزینەوەی خاڵی لاوازی کەسەکاندا، هەروەها قەناعەت پێ کردنیان، وەرگرتنی متمانەیان و ڕاکێشانیان بۆ نێو تەڵەی سیخوریی.
سیخور ئەو کەسەیە کە، لە دەزگەی هەواڵگری کار دەکات، پارە وەردەگرێت، خیانەت لە گەل و نیشتمان و پرسی ڕەوای میللەتەکەی دەکات و خەڵکی بێ تاوان دەکاتە قوربانی. موراڵ و خوڕەوشتی بەرز دەخاتە ژێر پێی، ئەوەی دەزگەی هەواڵگری پێ دەسپێرێت دەیکات. لە دنیای ئەمڕۆدا سیخوری تەنیا کۆ کردنەوەی زانیاریی نییە دەربارەی شوێنی جوگرافی، چەک و  تەقەمەنی، پەیوەندیی نهێنێ نێوان وڵاتان و یارمەتیدان لە ئاسان کردنی داڕشتنی پلانی سیاسیی و سەربازیی و داگیرکردن، وەک ئەوەی کە حکومەتەکان پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو ئەم جۆرە کارە ئەو سنوورەشی بڕیوە، سیخور کاری گەوادی و لەشفڕۆشی پێ دەکرێت، دەبێت ڤیدیۆی ئابرووبەر لەسەر کەسەکان و خزم و کەسی ئەو کەسانەی کە بە ئامانج گیراون  لە کاتی نەشیاودا بکێشێت. ببێت بە بازرگانی مەزنی ماددەی هۆشبەر بۆ ئالودە کردنی میللەتەکەی. سیخور بەنێوی بسنس مان و خاوەن کۆمپانیا، سامانی سروشتی وڵاتەکەی بە قاچاخ بۆ دەزگەی هەواڵگری وڵاتێکی دی تاڵان بکات.
عیسا پژمان ئەفسەری هەواڵگری ساواک
 سیخوری کارێکی ئەوەندە قێزەوەنە هەموو مرۆڤێک ناتوانێت بیکات، لەگەڵ ئەوەشدا سیخور ژیانی ئاسان نییە، لەنێو خودی خۆیدا کێشەی هەیە، هەمیشە ترسێکی بێ هاوتای لە دڵ و دەرووندا هەیە. بێ متمانەیی لەگەڵ ئەوانەی کاریان لەگەڵدا دەکات. ئەو ناسنامەی خۆی ون دەکات، لەژێر ناو و کاری دیدا خۆی دەناسێنت، کە لە هەقیقەتدا ئەو نییە. ئەو لە دنیایەکدا دەژێت کە هەڕەشەی لەسەرە، ترسی کوشتن، ئاشکرا بوون، ئابرووچوون و خیانەت لێکردنی هەیە، بۆیە هەمیشە بارێکی دەروونی ناجێگری و نائارامی هەیە.
میللەتی کورد لە بواری سیخوریدا خاوەن ئەزموون نییە، بۆیە زۆر بە ئاسانی لەسەر ئاستی شەقام و نوخبەی دەسەڵاتدار دەکەوێتە تەڵەی دەزگە هەواڵگریەکانی ناوچەکە و دنیاوە. دەزگە سیخوریەکان ئەوەندە تاکی کورد لەهەردوو ئاستدا، دڵنیا دەکەنەوە کە ئاشکرا نابن و نهێنیەکانیان پارێزراو دەبێت، ئەوان ژیان و گوزەرانیان بۆ دابین دەکەن و دەیانپاڕێزن، ئیتر سیخور بەئارەزووی دڵی خۆی لە میللەتەکەی و دەوروبەری بێ باک و لە خۆبایی دەبێت. ئەو دنیا نهێنیەی کە سیخور پێ وایە، ژوورە تاریکەکانی، دیوارەکانی پۆڵاینە و هەرگیز ناڕوخێن، نهێنیەکان لە چەکمەچەی دەزگە هەواڵگریەکاندا تا هەتایێ پارێزراو دەبن، ئەوا بە هەڵەدا چووە، لەبەرئەوەی تەمەنی نهێنیەکانی نێو دەزگەی هەواڵگری گەلێک کورتە.  مێژوو و ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەواهی ئەوە دەدەن، کە زۆربەی کات ناوی سیخورەکان لە ئەنجامی گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسیدا ئاشکرا بووە، مەلەفیان بەناو و وێنەوە کەوتۆتە ژیر دەستی ئەوانەی دەسەڵاتی سیاسیی تازە دەگرنە دەست و هەڵدەستن بە ئابروو بردنی سیخورەکان، کە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی پێشوودا هاوکار بوونە بۆ نمونە، کاتێک  لە ساڵی ٢٠٠٣دا سەدام ڕوخا، ناوی هەموو ئەوانەی لێپرسراو بوون لەنێو پارتی و یەکێتی، لە شاخ لافی شۆڕشگێریان لێ دەدا، سیخوریان بۆ ڕژێمی سەددام کردبوو، مەلەفیان ئاشکرا بوو، بەهەمان جۆر ئەوانەی لەسەر ئاستی شەقام و زۆرینەی سادەش سیخوریان کردبوو، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، ناوەکانیان ئاشکرا بوو، بۆیە هەر کەسێک کە ببێت بە سیخور، خەیاڵی خاوە کە ناو و کەسێتی ئاشکرا نەبێت یان نەکوژرێت و ئابرووی نەچێت!  
ئەوانەی بە فەرمی لە دەزگەی هەواڵگری وڵاتانی دنیادا کار دەکەن، بەتایبەتی وڵاتانی زلهێز، دوای خانەنشینبوونیان، ئەو یادەوەریانەیان کە پەیوەستە بووە بە دەزگەی هەواڵگری، لەتۆی کتێبێکدا بڵاوی دەکەنەوە و ئەوەی لە بن بەڕەدایە دەیهێنە سەر بەرە، بۆ نمونە، بیرەورەیەکانی کیسنجر، برێمەر، سام فاددی و عیسا پژمان و سەدانی دی.  ئەو جۆرە بابەتانە بەتایبەتی لەنێو ڕەگەزی پیاواندا خوێنەریان ئێجگار زۆرە، بەڵام بەهۆی کێشەی زمان و نەخوێندەواری و گرنگی نەدان بە خوێندنەوە، ئەم جۆرە پەرتوکانە کەمتر لای خوێنەری کورد، زۆرینەی سادەدا دەبینرێن، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی میللەتی کورد بێ ئاگایە لەوەی کە چۆن و کێ لە سەرانی پارتە کوردییەکان و میلیۆنێر و میلیاردێرەکانی باشوور، کەوتونەتە تەڵەی دەزگە هەواڵگریەکانی دنیا و ناوچەکە.  
لە دەزگە هەواڵگریەکانی دنیادا وەک: (سی،ئای، ئەی، ئەمریکی. ئای. ئێس،ئای، پاکستانی. مۆسادی ئیسرائیلی. میتی تورکیی. ساواک و ئیتیلاعاتی ئیرانی. ئار، ئەی، دەبڵیووی هیندی. کەی،جی،بی و ئێف،ئێس،بی، ڕووسی. بی،ئێن، دی، ئەڵمانی. ئێم، ئێس،ئێسی چینی. دی،گی،ئێس، ئی، فرەنسی. ئێم١-٦ی بریتانی.ئەی،ئێس،ئای، ئێسی و ئۆزی ئوسترالی و هیتر)، لێپرسراو بوون یان کاریان کردووە، هەندێکیان دواتر یان بە ئاراستە کردن بۆ مەرامی سیاسی، یان بەمەبەستی دەستەکەوتی ئابووری بیرەوەریەکانیان نووسیوەتەوە.  ئەڵبەتە ئەوان کاتێک کە بیرەوەریەکانیان دەنووسنەوە بە سەربڵندیەوە دێرەکان ڕیز دەکەن، لەبەرئەوەی پێیان وایە، کە بۆ خۆیان لەو ڕێگەیەوە خزمەتیان بە ئاسایش و بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆیان کردوە، لەنێو دوژمنەکانیاندا بەسەدان سیخوریان بۆ دەزگەکەی خۆیان ڕاکێشاوە، کە ئامادە بووە بۆ ئەوان خیانەت لە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بکات، بۆ بەرژەوەندی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی ئەوان چالاکانە ڕۆڵ ببینێت، ئەوەی لە بڵاو بوونەوەی ئەو جۆرە نووسراو و پەرتوکانەدا زەرەرمەند دەبێت، ئەوانن کە لە نەتەوەی دی و وڵاتی دین و هاوکاریان بوون، کە هەمیشە ویستویانە ئەو جۆرە زانیاریانە نەگات بە میللەتەکەیان و دەستیان نەکەوێتە روو.
 دەزگەی هەواڵگری گەمەیەکی قێزەوەن و پیسە، ڕوویداوە لە ئەنجامی ناتەبایی نێو خودی دەزگەکە یان لێپرسراوانی باڵا دەست لە حکومەتدا، لە ڕق یەکدی یان بەمەبەستی لەنێو بردنی سیخورێکی دیاری کراو، خۆیان زانیاریان بە میدیاکاندا دزە پێ کردووە. ئەشرەف مەڕوان، زاوای عەبدولناسری سەڕۆکی میسر لە ڕابردوودا و دەستە ڕاستی ئەنوەر سادات سەڕۆکی میسر لە هەفتاکاندا، بوو بە سیخوری موساد و سعودیە، لەنێو دەزگەی موساد نازناوی "ملاک" بوو.  دەزگەی هەواڵگری کاتێک کە یەکێک ڕادەکێشن بۆ خۆیان، هەوڵدەدەن خوێندنەوە بۆ  کەسایەتی بکەن، خاڵە لاوازەکانی بوروژێنن، بەگوێرەی گەلێک دۆکیۆمێنت خاڵی لاوازی ئەشرەف مەروان، پارە بووە، بۆیە خۆی دەستپێشخەری کردووە و دڵسۆزی خۆی نواندوە بۆ موساد کە بە سیخور قبوڵی بکەن!
ئەشرەف مەروان و مونا کچی عەبدولناسر
ئەشرەف مەڕوان، پارویەکی چەور بوو بۆ مۆساد، زاوای عەبدول ناسر و دەستە ڕاستی سادات بوو، واتە ئاگای لە هەموو شتێک بوو، لە هەمان کاتدا سیخوری مەلیکی سعودیەش بوو، کە متمانەی سادات و مەلیک فەیسەلێ وەرگرت، ئاگای لە کۆبونەوەکانی نێوانیان و پلان و ستراتیژیەتی هاوکاری سیاسیی و سەربازی و جۆری بیرکردنەوەیان بووە، بەتایبەتی دەرهەق بە دژایەتی کردنی ئیسرائیل ، بەگوێرەی گەلێک دۆکیۆمێنت دەڵێن موساد ئەوەندە کەیف خۆش بوون بە مەڕوان هەمیشە دەیان گوت وەک ئەوە وایە یەکێکمان دەست کەوتبێت کە لەژێر جێگەی عەبدولناسر بێت و ئاگای لە ورد و درشتی هەموو شتەکان هەبێت. 
ئەشرەف لەهەر دانیشتنێکی لەگەڵ زامێر سەڕۆکی دەزگەی موسادی پێشوو،  بۆ نیو سەعات ئەو کات ٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی وەرگرتووە، لە سەفەقەیەکدا یەک میلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە مۆساد وەرگرتووە، لە ئەنجامدا بوو بە یەکێک لە میلیاردێرەکانی دنیا، ژیانی شاهانەی لەنێوان لەندەن و قاهیرەدا بەسەر دەبرد، کە بێگومان بۆ نووسەر و چاودێرانی سیاسی و ڕۆشەنبیران و نیشتمانپەروەرانی میسری ئەو کات، دەوڵەمەند بوونی ئەشرەف مەڕوان، جێگەی سەرنج و پرسیار بوو!
بەگوێرەی گەلێک دۆکیومێنتەکان، کە بڵاو کراوەتەوە بە زمانی ئینگلیزی، ئەشرەف مەڕوان، زانیاریی دەربارەی پلانی سەربازیی و نیازی میسر بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل  بە ڕاپۆرتی تێروتەسەل پێشکەش بە موسادی کردووە، هەروها پلانەکانی میسر بۆ دەست پێکردن بە جەنگ لە دژی ئیسرائیل لە قەناتی سوێس. کۆبونەوەکانی سادات لەگەڵ سەڕۆک و لێپرسراوانی ڕوسیا و هاتنی چەک و تەقەمەنی ڕوسی بە نهێنی بۆ میسر بە وردی مۆسادی لێ ئاگادار کرد بوو.  لە ساڵی ١٩٧٣دا ئاگاداری زامیری کرد، کە سادات لە مانگی دەدا مەلیک فەیسەلی دیوە و تەنیا هەرسێکیان لە ژوورەوە بوونە، کاتێک کە سادات بە مەلیک فەیسەلی گوتوە، خۆمان ئامادە دەکەین کە لە سوریاوە هێرش بکەینە سەر ئیسرائیل.
 دەزگەی هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیلی، مۆشێدەیانیان گەیاندە ئەو بڕوایەی کە ئەو زانیاریانە پێویست ناکات بە گرنگ وەربگیرێت، خوێندنەوەی ئەوان بۆ دۆخی میسر ئەوەیە، کە سادات دەرکی بەوە کردوە، کە میسر وڵاتێکی هەژارە، بۆیە خۆی لەقەرەی ئەو جەنگە نادات، بەم جۆرە زانیارییەکانی ئەشرەف مەروانیان پشتگوێ خست.  لە ٦/١٠/١٩٧٣دا میسر و سوریا لە سینا و بەرزایەکانی جۆلان دەستیان لە هیزەکانی ئیسرائیل وەشاند، واتە زانیاریەکانی ئەشرەف مەڕوان سەدا سەد ڕاست بوون.
ئەشرەف مەڕوان و سادات
کلیلی سەرکەوتنی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جدیەتە لە کار کردندا، ئیسرائیل وڵاتێکە بە زانستیانە مامەڵە لەگەڵ بەرێوەبردنی دەسەڵات، دەزگەکانی خۆیدا دەکات، بۆیە دوای تەواو بوونی جەنگ و سەرکەوتنیشیان و ڕێککەوتنی کامدێڤدیش کە سادات بە کۆمەڵێک مەرجی ئیسرائیل ڕازی بوو، بەڵام ئەوان لێپێچینەوەیان کرد، کە بزانن بۆچی زانیاری ئەو سیخورە بەهەند وەرنەگیراوە، کێ بەرپرسیاریەتی ئەو هەڵەی دەکەوێتە ئەستۆ؟ ئایا ئەم هەنگاوە بە مەبەست بووە؟ ئایا کەسێک لەنێویان دژی بەرژەوەندیەکانیان کار دەکات؟ بێ گومان بۆ ئەو مەبەستە ئەشرەف بۆ ئەوەی جێگەی پاڕوی زێتر خۆش بکات، گوتەی هەبووە و سەربڵند بووە بۆ دەزگەی مۆساد، لەوەدا زیرا لە ئەشرەف کەوتە ڕق،  زانیاری دزە پێ کرد بۆ میدیاکان کە ئەشرەف سیخوری مۆسادە.
  لە ئیسرائیل مەروان بوو بە کەبشی فیدای نێوان جەنەراڵ زیرا کە ناوی مەڕوانی بۆ نووسەری کتێبی بیرەوەریەکانی ئاشکرا کرد، زامیری سەڕۆکی موسادی ڕابردوو. ئەو دووانە یەکدیان بردە دادگە، لە ٢٥/٣/٢٠٠٢دا دادگە بڕیاری دا، کە زیرا تاوانبارە و زانیاری هەستیاری لە میدیاکاندا دزە پێ کردوە، هەموو میدیاکانی ئیسرائیل ئەو بابەتەیان شەفافیانە بڵاو کردەوە، بەو جۆرە سەلمێندرا کە ئەشرەف سیخوری ئیسرائیل بووە.  سێ مانگ دوای ئەوە لە ٢٩/٦/٢٠٠٧دا مەڕوان لە بارکۆنی ماڵەکەی لە لەندەن هەڵدرایە خوارەوە و کوژرا. پۆلیسی بریتانی دوای لێکۆڵینەوە، دژی نادیار کەیسەکەی داخست، میسر و ئیسرائیل خۆیان لە کوشتنەکەی بێ بەری کرد. میسر لەبەر خاتری جەمال عەبدولناسر، بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو ڕووداوە، گوتیان بە ئاگاداری ئێمە سیخوری کردوە و بەڕێزەوە بردیان بۆ گۆڕستان!
ساڵی پار، ئیسرائیل بەبۆنەی بردنەوەی لە جەنگی ١٩٧٣دا دژی میسر و سوریا یادی پەنجا ساڵەی ئەو سەرکەوتنەی کردەوە و کۆمەڵێک وێنەی ئەشرەف مەڕوانی لەبەردەم مۆساد بڵاو کردەوە

کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ خوێندنەوەی (بەشی دووەم)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە