کورد و تەڵەی سیخوریی (٢)

Friday, 02/02/2024, 12:08


(کتێبی جەنگی سی ئای ئەی لە کوردستان) 

یەکێک لە زەقترین دیاردە کە دەرکیی پێ دەکریت،  کەسێکە دەستی لەگەڵ دەزگەی سیخوری تێکەڵاو کردوە، ئەوەیە کە دەوڵەمەند بوونێکی کتوپڕی لە ڕادە بەدەرە. لە باشووری کوردستاندا، جگە لە بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی، کە ڕاستەوخۆ دەستیان دەگاتە بیرە نەوتەکان، دەسەڵاتیان هەیە، هەموو جۆرە بازرگانییەک بکەن، بە ئارەزووی خۆیان سامانی گشتی کوردستان تاڵان بکەن و دەوڵەمەند ببن، ڕێگەی هیچ تاکێک نادەن دەوڵەمەندیەکەی بگاتە ئاستی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی ئابووری، بە دزینی سامانی گشتی و سەرچاوەی سروشتی وەک نەوت، چونکە ئەوان خۆیان بە خاوەنی دەزانن، بەڵام چاویان دەنوقێنن ئەگەر لەژێر باڵی ئەواندا، کەسێک پەیوەندیی بە دەزگەی هەواڵگری میتی تورکیی، ئیتیلاعاتی ئیرانی و ئیسرائیلی هەبێت تا ئەو ڕادەیەی کە خۆیان لێ ڕازی بن و ئاگایان لە دەوڵەمەند بوونەکەی هەبێت. 
باشووری کوردستان لەدەست هەژاریدا دەناڵێنێت، میللەتێک مووچەی نەبێت، قوتی ڕۆژانەی پێ پەیدا نەبێت، بێ کاری لە لوتکەدا بێت، هەرێمێک خاوەن سەرخان و ژێرخانێکی ئابووریی پتەو نەبێت، کە بتوانێت کار و کاسبی و بزنس بۆ تاکەکانی فەراهەم بکات، خێرە ئەو هەموو میلیاردێر و میلۆنێرەی تێیدا هەڵکەوتووە، کە خاوەن فڕۆکەی تایبەتن، خاوەن کەناڵی تەلەفزیۆنن، خاوەن سەدان باڵاخانەی گران بەهان لە دوبەی و ئیمارات، خاوەن کۆشکی شاهانەن لە لادێ و گوندەکانی کوردستان، لە وڵاتانی ئوسترالیا، ئەمریکا و ئەوروپا بێشومار موڵکیان هەیە، بۆیە هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە سەرچاوەی ئەو دەوڵەمەند بوونە ناشەرعییە، ئەویش بە رێگای دزیی یان سیخوریی و بازرگانیکردن بە ئافرەت و هەتیو و  مادی هۆشبەر !
چارلس سام فاددیسی
کاری سیخوری لووتکەی بەرزی بێ مۆڕاڵیە، هەر هێزێکی سیاسی یان هەر سەرکردەی وڵات و نەتەوەیەک، ئەگەر چاوپۆشی کرد لەوەی تاکی نێو میللەتەکەی ببێت بە سیخوری دەزگەی هەواڵگری وڵاتێکی دیکە، بە پاساوی ئەوەی گوایە لەگەڵ ئەو دەزگە دەرەکییە پەیوەندییان باشە، ئەوا خیانەتێکی مەزن دەرهەق بە میللەتەکەی خۆی دەکات، لەبەرئەوەی ڕاهێنانی میللەتەکەت لە چاوشۆڕ کردن بۆ هێزێکی دەرەکیی، مانای بەکۆیلە کردنی ئەو کۆمەڵگەیایە، کە ئامادەبێت بۆ پارە خیانەت لە وڵات و نەتەوە، پرسی نیشتمانی و خاکی خۆی دەکات، ئەمیش بۆ خاتری ئەوەی تا دەوڵەمەند کردنی سیخور، بۆ بەهێز کردنی پێگەی کۆمەڵایەتی، ژیانی لە کۆشک و باڵاخانە، دەرخستنی لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و میدیا و کە خاوەن کۆمپانیایە، هەروەها پێشاندانی وەک کەسێک کە کاری لەبەردا دەڕوات و خێرخوازە،  ئەوا ئەوپەڕی دۆڕاندن و بێ مۆڕاڵییە کە حزب و کەسە دەسەڵاتدارەکان بەرامبەر بە مۆڕاڵی نەتەوەیەک یان میللەتێک دەیکەن، هەر میللەتێکیش ئەوەی بەسەردا ڕەت بێت، مانای ئەوەیە گەمژەیە!
تشارلز سام فاددیسی، ئەفسەری خانەنشینی دەزگەی سی،ئای، ئەی. نووسەری کتێبی (جەنگی سی، ئای، ئەی لە کوردستان)، لە وتارێکیدا لەژێر ناونیشانی (هەڵسانەوە و کەوتنی سی،ئای.ئەی) لە هێڵسدا کۆلیج لە ٤/١٠/٢٠٢٣دا پێشکەشی کرد و زۆر بە شەفافیانە و ڕاشکاوانە گوتی: 
"کاری سەرەکیی فەرمانبەری (سی، ئای، ئەی) بریتیە، لە دۆزینەوەی سیخور لەنێو جەرگەی ئەو ڕێکخراوەی کە ئامانجە یان هەدەفە، دەستنیشان کردنیان، هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و هەڵخەڵەتاندنیان، دەرککردن بە خاڵی لاوازی کەسایەتیان، دۆزینەوەی ڕێگەیەک  کە بتوانی کۆنتڕۆڵیان بکەیت، بۆ ئەوەی متمانەت پێ بکەن، بەڵینیان پێ بدەی کە ژیانیان دەپارێزێت، لە ئەگەری نەمانیان ماڵومنداڵەکەی فەرامۆش ناکەی،  ئینجا بیان گەیەنێتە ئەو ئاستەی کە ئامادە بن خیانەت لە هاوڕیکانیان، وڵاتیان، پرسە پیرۆز و گرنگەکانی نەتەوەکەیان بکەن، هەموو ئەو جۆرە بیروباوەڕەیان لا سووک بکەیت کە ئەوان بەقوڵی بڕوایان پێ هەیە و لایان گرنگە" .
هەر کارێکی ئەفەسەر و فەرمانبەری دەزگەی هەواڵگری وڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکە کە لە کوردستاندا بەنهێنی بە هاوکاری دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ئەنجامیان داوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان دەکەوێتە بەر دەستی میللەت، چونکە ئەوانەی بە فەرمیی خزمەتیان بە دەزگەی (سی.ئای.ئەی) کردووە، مافی ئەوەیان هەیە بیرەوەریەکانیان بنووسنەوە، تشارلز سام فاددیسی، ئەفسەری خانەنشینی دەزگەی (سی، ئای، ئەی). نووسەری کتێبی ( جەنگی سی، ئای، ئەی لە کوردستان)، لە کتێبەکەیدا باسی ئەوە دەکات، کە ئەو لەگەڵ هاوکارانی ساڵێک پێش ڕووخانی سەددام، بە نهێنی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢دا دێن بۆ باشووری کوردستان، پێشمەرگە و سەرانی پارتی و یەکێتی هاوکاریان دەبن، واتە پێش جەنگی لابردنی سەدام لە ٢٠٠٣دا. لە سەرەتادا پلان ئەوە بوو، کە لە کوردستانەوە ‌هێرش بکەین، کە هاوکات بێت لەگەڵ هێڕش لە باشووری عیراقەوە، بەڵام دواتر ئەو پلانە گۆڕا. ئەو کات من زانیاریم نەبوو کە ئەمریکا بەڵێنی بە بارزانی داوە کە هێزی پێشمەرگە بە نوێترین چەک و تەقەمەنی و مووشەک و دژە مودەرەعە دەوڵەمەند دەکات، دواتر لەسەر ئەو بابەتە لە واشنتۆن لە لێپرسراوەکەی خۆم پرسی، گوتی: ڕاستە ئەو بەڵێنە داروە. پرسیارم کرد ئەی تورکیا هەڵوێستی چی بوو؟ لە وەڵامدا گوتی: تورکیا ئاگادار نەکرایەوە، بەڵام ئەوان هەرگیز کێشە نابن! منیش گوتم، دیارە تۆ تا ئێستا تورکت نەناسیوە!
سام فاددیس لە کوردستان
 ئەم زانیارییانە بۆ میللەتی کورد تا ئێستا نامۆ بووە، میللەتی کورد پێ وابووە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣وە هاتۆتە عیراق و کوردستان.  سەرانی پارتی و یەکێتی لەو بڕوایەدا بوونە کە ئەو زانیاریانە بڵاو نابنەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە پێنووسی کەسێکی دەزگەی سی.ئای.ئەی، بە وردی باس لەو مەسەلەیە کراوە، بۆیە دەبێت هەر تاکێک لە هەموو ئاستێکدا کە لەگەڵ دەزگەی هەواڵگری مامەڵە دەکات، پشتی خۆی لێ نەکاتەوە کە نهێنیەکان تا هەتایێ حەشار دەدرێن.

تشارلز سام، لە کتێبەکەیدا دەڵێت:

" تورکیا ڕێگەی نەدا بچین بۆ کوردستان، تا مەرجی خۆی سەپاند، کە دەبێت کۆمەڵێک کەسی خۆیان لە سوپای تورکیا لەگەڵماندا بۆ کوردستان بنێرن،  هەنگاو بە هەنگاو چاودێری ئەوە بکەن کە ئێمە دەچین بۆ کوێی و چی دەکەین، لە ئاکامدا حکومەتی ئەمریکا بە مەرجەکەی تورکیا ڕازی بوو. تورکەکان ئەوەندە لەخۆبایی بوون و پێیان وابوو، کە ئێمە لەژێر فەرمانڕەوای ئەوانین، بۆیە سەڕۆکی تیمە تورکییەکە، هەرکە لە سنوور پەڕینەوە بۆ یەکەم جار چووینە نێو کوردستان، پێ گوتم: "تکایە هیچ کارێکی بێ ئەقڵانە نەکەی"، منیش زۆر لە هەڵسوکەوتی تورکەکان دەمارگیر بووم". 
کەوتنە داوی دەزگەی هەواڵگری لەسەر ئاستی بەرزدا، مەترسی لەسەر گەلێک، چەمکی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەرژەوەندیی و ئاسایشی میللەتێک دروست دەکات، بۆیە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و بێ هیچ مەرجێک لەسەر گوتەی ئەفسەرێکی سی.ئای.ئەی، ڕێگە بە هێزی سەربازیی و هەواڵگری زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بدەیت بێنە نێو خاکەکەت، هەڵەیەکی ئێجگار مەزنی سیاسی و سەربازییە، چونکە لەکاتی گۆڕانی هاوکێشەی هێز و هاوپەیمانیەتیدا، لەسەر بنەمای گۆڕانی ڕووداوەکاندا، دەرکردنی ئەو هێزانە مەحاڵە. سام فاددی لە کتێبەکەیدا ئەو نهێنیە دەدرکێنێت و دەڵێت: 
"من تەنیا بەدەم و لەخۆمەوە سەڕۆک بارزانیم دڵنیا کردەوە، کە ئاگاداری دۆخی کورد بوومە، کە چەند جارێک ئەمریکا خیانەتی لێ کردوون و لەژێر ڕەحمەتی سەددامدا جێیانی هێشتووە، ئەو جارە ئەوە ڕووناداتەوە. ئەگەر من لە شوێنی ئەودا بوومایە، پێش ئەوەی ڕێگە بدەم هیچ هێزێک بێتە نێو وڵاتەکەم، داوای زەمانەتی ئەو هەڵوێستەم دەکرد، بەڵام ئەو بەبێ مەرج تەنیا لەسەر گوتەیەکی شەخسی من، دەرگەی بۆمان واڵا کرد".   
سەرانی ینک و پدک و هەندێک لە لێپرسراوانیان لە هێزی پێشمەرگە، لەو کاتەدا لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکان و هەڵسوکەوتی ئەفسەرە تورکەکان بوون، بەڵام تا ئێستا سەرانی ینک و پدک، یەک لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی کورد، زاتی ئەوەی نەکردوە لە گوڵ کاڵتر بە ئەفسەرە تورکەکان بڵێت. یەک نووسەر نەیوێراوە ئەو جۆرە بابەتانە بوروژێنێت، یەک کەس لە کوردی باشوور لەوانەی لە نزیکەوە بەشدار بوون لەگەڵ سی،ئای،ئەی، نەیانوێراوە ددان بەوەدا بنێن، کە لەو کاتەدا ئەفسەرانی تورکیا ڕۆژ تا ئیوارە دانیشتوون کوردیان کردووە بە نیشانەی لوولەی چەکەکانیان. ئەمڕۆ بە پێنووسی ئەفسەرێکی هەواڵگری ئەمریکی، یەک دێر گوتراوە کە شەرمەزاریە بۆ سەرانی ینک و پدک و شەرعیەت بە بوونی شۆڕشی چەکداری دەدا لە باکووری کوردستان و ئەو نهێنیە دەدرکێنێت، لە کتێبەکەیدا دەڵێت:
"ئێمە لە شاخەکانی کوردستاندا دەستمان بەکاری خۆمان کرد، ئەفسەرە تورکەکان لە بەیانی تا ئێوارە، لە پشت دیواری بنکەکەمان دادەنیشتن، لە دوورەوە پاسەوانی کوردیان دەکرد بە نیشانە و دەیانکوشتن، ئینجا پێدەکەنین و گاڵتەیان بە کورد دەکرد و کوژراوەکانیان دەژمارد، دەیان گوت "تا ئەو بەزمە تەواو نەبووە، هەتا بۆمان دەکرێت دەیانکوژین".  گەلێک جار بە تورکەکانم دەگوت: ئەگەر من لێرە لە دایک بوومایە، ئەو مامەڵەی کە ئێوە لەگەڵ کوردی دەکەن، لەگەڵ منیشدا بتان کردبووایە، ئەوا لەو شاخانە، منیش وەک ئەوان، چەکی ئەی،کەی ٤٧م دژتان هەڵدەگرت و یاخی دەبووم".

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە