فاروق لە سیمینار و وتارەکانیدا، تیشکی دەخستە سەر، هەرچی فەلسەفە و فەیلەسوفی مێژوو هەیە. ئەو هەمیشە هەوڵی دەدا، پێمان بڵێ کە فەلسەفەی پشتی حوکمی ڕەشید و سیاسەتی حەکیمانە و دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی چین؟ ئەو نموونەی کۆماری نموونەیی ئەفڵاتون و دیدی سوکرات و ئەرستۆ و مایکل هایدگار و ئیزایە بارلین و ڕاوس و ...هەرچی ناوە من و ئێوە بیستوومانە و نەمانبیستووە لەو سیمینارانەدا ناوی ئەهێنان. لەو بابەتە سەرەکیانەی کە خستینییە ژێر تیشکی فەلسەفەوە، دیکتاتۆرییەت و تۆتالیتاریزم و کۆیلایەتی و هاوسەنگی و مەبدەئو چەوسانەوە...زۆری دیکەش بوون.
ئەمێستا ئەوان، دەمێک لە ناوچەیەکی پارتی و دەمێک لە کەناڵ و پەیج و ماڵپەرە سێبەرەکانی پارتییەوە دەردەکەون. بە جۆرێکیش دەردەکەون کە پاکگراوند و سەرمێزەکەی زەردپۆش ئەکەن کە وەکو پەیوەستنامەی کڕین و فرۆشتنەکە دێنە بەرچاو. کاتێکیش هەرچی وێنە و ڕەمزەکانی بنەماڵەکەیەکی سیاسییە لە سەر مێز و دەوروبەی دادەنڕێت، ئەو پێمان ئەڵێت ئیتر ئەم وێنانە سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆی منن. ئەنجا هەر بە هەوای حزبی کوێلە کڕ، ئەوەی جاران لە شانازی بە سلێمانیدا ئەیووت و نەیئەوتەوە، ئێستا گۆڕیوێتی بە دهۆک و دەستە چەورەکەی بە خەڵکی سلێمانیدا ئەسڕێت.
ئەو داوا ئەکات با ئیتر سلێمانییەکان جنێو بە سیاسی و ڕۆشنبیرانی مەزن نەدەن و سوکایەتییان پێ نەکەن و چاو لە دهۆک بکەن. من نازانم ئەو مەبەستی لە کام سیاسی و کامە ڕۆشنبیرە؟ دیسانەوە ئەنی وەی...!