چێژبینین لەنمایشە شانۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا

Saturday, 06/04/2024, 18:37

3499 بینراوە


نمایشە شانۆییەکانی کوردستان لەڕووی ژمارەوە زۆرنین بەڵام کاتێک چەمکی هاوڵاتی و ژیار و شارستانییەت ڕوون نەبێت ، نازانین دەکەوینە کوێی ژان وزێی گرفتەکانەوە ، لەبەرئەوە زۆرکات دەبینین هەوڵدان بۆڕامکردنی هەموو خەڵک و هاوشوناسبوونی بێمەرج لەگەڵیاندا ، زەمینە بۆ پۆپۆلیزم لەسیاقدا – پەرێزدا – خۆشدەکات ؛ ئەمەش سەر بەوساتە خۆیەتی کەگروپێک یان کۆمەڵێك کەس بەناوی جیاوازی و دۆزینەوەی فۆرمی تایبەتەوە ، خۆیان دەخەنە شوێنی هەموو خەڵک و لەبری هەموو خەڵک قسەدەکەن وپێوەرو پێوانە ڕیزدەکەن وپێی دەپێون ؛ لەکاتێکدا ئەو هەوادارانەی ئەو بەرهەمە پەسەند دەکەن هەموو خەڵک نین !! وەکو بڵێی هەمووجەماوەری ئەوبەرهەمەش نین کەواتە بەو پێوەرەش بێت گەر لەدۆخێکی بابەتی وستاندارددا بیر لەخەڵک بکەنەوە ئەوا خەڵک هێشتا ناوەرۆکێکی زیاتری پێوەیە تافۆرمالیمێکی ڕووت و ڕاستەوخۆ بێت .
بۆئەم مەبەستە بەشێکی زۆر لەنمایشەشانۆییەکان و بکەرەکانیان ؛ بەناوی هەمەجۆرەوە گوزارە دەردەبڕن ؛ جارێک دێن لەژیر ناوی "چێژ" و جارێکی تر دێن لەژێر ناوی " جوان " یاخود "باش" قسەکانیان ڕیزدەکەن وبەرهەمەکان بەسەر "سزا"و"پاداشت" یان "خێر " و "شەڕ" یان "باش وخراپ " دابەش دەکەن ؛ چونکە ئەم تێگەیشتنە جۆرە پۆپۆلیزمێکی شانۆیی بەرهەم دەهێنێت ( پۆپۆلیزم لەئاستێکی سەرەتاییدا ، هەوڵدەدات چەمکی ناوەرۆکداری خەڵک بگۆڕێت بۆ فۆرمالیزمێکی پەتی) ، واتە هەموو ئەوناواخنە ناکۆک و گرژانەش چارەسەر بکات کەچەمکی خەڵک خۆی بەناساز هێشتوییەتییەوە !! کەواتە چی پەیوەندییەک هەیە لەنێوان "چێژ " وەکو چەمکێکی ئیستاتیکی لەگەڵ "پۆپۆلیزمی شانۆ؟ " بەتایبەتی لەنمایشی شانۆگەرییەکانی هەرێمی کوردستاندا !! "لەم دەرفەتە کورتەدا ئەوەدەخەمەڕوو کەهیچ بەرهەمێکی " پۆپۆلیستی " مەودا درێژ وقوڵ نییە ، بەڵکو کورتخایەن و "ئاڵۆزە" و لەئاستێکی سەرەتاییدایە کەناوەرۆکێکی نەخوێندراوەو ساکاری هەیە و بەرگەی بچوکترین تاقیکردنەوەو پرسیاری "جدی –ڕژد" ناگرێت و هەڵدەوەشێتەوە .

بەشی یەکەم

پۆپۆلیزمی شانۆگەری

پۆپۆلیزم چییە؟ بۆئەوەندە مەترسیدارە؟ " پۆپۆلیزم، بەرنامەیەکە یان بزووتنەوەیەکی سیاسیە کە بانگەشەی پاڵپشتیکردنی کەسی ئاسایی دەکات، پۆپۆلیزم بەزۆری توخمەکانی چەپ و ڕاست تێکەڵ دەکات ، دژایەتی بەرژەوەندییە بازرگانی و داراییە گەورەکان دەکات بەڵام زۆرجار دوژمنایەتی پارتە لیبڕاڵ و سۆسیالیستی و کرێکارییە دامەزراوەکانیش دەکات یان زۆرجار زاراوەی پۆپۆلیست بە شێوەیەکی سووکایەتیپێکردن
بەکاردەهێنرێت بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتمەدارێک کە ترس و حەماسەتی گەلێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە. کەواتە بەپێی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ پۆپۆلیزم، بەرنامەی ئابووری پۆپۆلیستی دەتوانێت یان پلاتفۆرمێک بێت کە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئاسایی و وڵات بە گشتی بەرەوپێش دەبات یان پلاتفۆرمێک کە هەوڵدەدات سەروەت و سامان دابەش بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی جەماوەری، بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەکانی بۆ وڵات " ( Munro،2023) بەڵام لەهونەری شانۆدا بەواتای چی دێت ؟” سەرەڕای پەیوەندییە هاوچەرخەکانی زاراوەی ‘پۆپۆلیزم’ لەگەڵ براندێک لە حوکمڕانی تاکڕەوی کۆنەپەرستانە ، (شیلی ئەلێندێ) و بە تایبەتی مۆزەخانەی سۆلیدارێتیدا، یارمەتی نۆژەنکردنەوەی پۆپۆلیزم دەدەن وەک پڕۆژەیەکی سیاسی نەک بە دەرپەڕاندنی ، بەڵکو بە بنیاتنانی کۆدەنگی جەماوەری پێناسەی دەکەن . بە پێشکەشکردنی دیدگابۆ جیهانێکی نوێ، ئەو هونەرەی کە نمایشکرابوو، بوو بەهۆی یەکخستنی لە کارێکی سیاسی فراوانتر، کە وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاری جەماوەری، نەک تەنها بەڵگەنامەیەک بەکاردەهات ( Mason ،2010 ) یان هەر وەکو لەلایەن " نیل سمیسەوە " ڕوونکراوەتەوەو دەڵێت:" من دەڵێم کە ئێمە [هونەرمەندانی سۆهۆ] بەڕاستی ویستمان ئەمریکا بگۆڕین. یان ڕەنگە ئەوە بێت کە ئێمە ویستمان دەست بە سروشتی ڕاستەقینەی ئەو شتە بگرین کە پێمان وابوو ئەمریکا چییە یان دەبێ بێت." خواستی ئەوان بۆ دەرخستنی بەڵێنی ئازادی و یەکسانی کە لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی میللەتدا هاتووە، لە ( (FOOD 1971-1973، ئەو پڕۆژەیەی کە بەکۆمەڵ بەڕێوەدەبرا، بانگەوازی دیموکراتیزەکردنی هونەری بۆ ژیان وەرگرت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێداویستییە جەستەیی، ئابووری، سۆزداری و هونەرییەکانی کۆمەڵگادا کرد. دواتر ئێرنێستۆ لاکلاو. بەم شێوەیە کردارەکانیان لە یەک کاتداو بەلۆژیکێکی پۆپۆلیستی پێشکەوتنخوازانە و پاشەکشەیی پیشان دەدا. پۆلیسی سنوور لە شوێنەوارە ماددییەکانی FOODدا دیارە: هونەرمەندەکانی سپی پێست و چینی ناوەڕاستی سۆهۆ هێڵی سنووری نوێی شارەکانیان بە درێژایی وەدەرنانی چینایەتی و ڕەگەزپەرستانەی دەرەوەی شارەکان کێشا.(Mabey ،2010 )بەم شێوەیە پۆپۆلیزم هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی هەمووخەڵکە و خۆی بەزمانحاڵی هەمووان دەزانێت و ڕێ لەجیاوازییەکان دەگرێت و سنوری ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوەو هێڵیان بۆدەکێشێت وبەرەو ئادۆلۆجیای مەبەستدار دەروات بەڵام چێژ چی پەیوەندییەکی بەم دۆزەوەوە هەیە؟ واتە شانۆی پۆپۆلیستی هەوڵی بەگەمژەکردنی دوولایەنەدەدات: لایەنێکیان بەرهەمەکەو لایەنەکەی تریان وەرگرەکانیان . ئەوەی لەژێر دەستەواژەی پۆپۆلیزمدا کۆدەبێتەوە، کۆمەڵەی هاوچەرخەکانن کە نایانەوێت پەیڕەوی لە ڕیتمی پێشکەوتنی کولتووری و ڕۆشنگەری بکەن. پۆپۆلیستەکان یاساکانی ئەتەکێت دەشکێنن و خۆیان بە جلوبەرگی مێژوویی ڕابردووی تۆتالیتارییەوە دەپۆشن. پۆپۆلیستەکان ، ستایشی پاوانخوازی یەک بۆچوون دەکەن و ڕەخنە لە تێڕوانینی دیموکراسی بۆ هەمەجۆریی بگرن وەک هەڕەشە لەسەر ناسنامە، کە بەپێی تێگەیشتنیان دەبێت لە ئەفسانەی نەتەوەییەکەوە سەرهەڵبدات. هەستەکانی توڕەیی و بێزاری زیادەڕەوی وەک ڕەسەنایەتی هەڵوێستیان کاردەکەن. بەپێی لێکدانەوەیەکی ئێستاو بەربڵاو، پۆپۆلیزم دەرئەنجامی دابەشبوونێکە: لە لایەکەوە، ئەو تاکانە هەن کە بە توانای فێربوون و خۆگونجاندن وەڵامی گۆڕانکارییە خێراکان و تەحەددای فرەچەشنی دیجیتاڵکردن دەدەنەوە؛ پێشوازی لە توانای فراوانبوون دەکەن ، زانین و پەیوەندی و چێژوەرگرتن. لە لایەکی دیکەوە پۆپۆلیستەکان وەک دۆڕاو دەردەکەون، بەرگریکارانی ڕابردووی دوێنێ و چەقی نەگۆڕی لە قوڕدا کە هەست دەکەن لە ژێر هێرشدان لەلایەن کراوەیی پرۆسەی گۆڕانکارییەوە یان سەرکوتکراون. لەسەر ئاستی دیاردە ڕەفتارییەکان ئەم دۆخە لە ئەنجامدا وێنەیەکی
دووانەیی تایبەت بەخۆیەوە دەبینێت: لە لایەکەوە جوانیناسی پۆپۆلیزم هاوتایە لەگەڵ ئەو نیشانانەی کە لەبواری دەماریی تاکەکەسی وەک گەڕانەوەی سەرکوتکراوەکان.
پۆپۆلیزم — نەخۆشییەکی بەردەوامی سیستەم لەشانۆدا چۆنە؟ جگە لەوەی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی-داینامیکییە، دەبێت لە گۆشەیەکی دیکەوە لەبەرچاو بگیرێت. ستراتیژییەکانی پەیوەندیکردن لە سادەکردنەوە و یاریکردن بە هەستەکان و ئینکاریکردن لەڕاستییەکان و لە ئێستادا لە ئابووری و ئیکۆلۆژیای میدیادا بەکاردەهێنرێن کە تێیدا نەخۆشی ڕەفتار بووەتە نیشانەی کۆمەڵگەی دیجیتاڵی بە گشتی.
لە ساڵی ١٩٧٦دا کۆمەڵناسی فەرەنسی (ژان بۆدریلار) تیۆرێکی داڕشت لەو کاتەوە لە مۆدە دەرچووە، وەک ئامرازێکی شیکاری بەسوودە.
- زۆر پێش دیجیتاڵکردنی دەق و وێنە و فیلم و زۆر پێش هێنانەکایەی ئامێرە مۆبایلەکان کە مرۆڤی مۆدێرن بەردەوام لە پەیوەندیدا دەمێنێتەوە ؛ بۆدریلارد ئاماژە ناکات بۆ ئەوەی لەم سەردەمەدا پێی دەوترێت هەواڵی ساختە یان شەڕی زانیاری، واتە زانیاری هەڵە بە ئەنقەست و داڕشتنی بۆچوونی حیسابکراو. کەواتە چێژ چییە؟ چۆن لەجێژ تێبگەین ولەپۆپۆلیزمی هونەری بەدووربین ؟ کەلەم ڕۆژانەدا زۆرترین بەکارهێنەری زاراوەی چێژ هەیە کەنەدەزانن چییە؟ نەهەوڵی تێگەیشتنیش دەدەن .!! لەبەرئەوەئەم نووسینە هەوڵدەدات زۆر بەسادەیی وبەکورتی ئەوەمان پێبڵێت کە چێژ بابەتێکی پۆپۆلیستی نییەو بینەرانیش پۆلێن ناکرێن لەژێر ناوی چێژی وەرگرت یاخود نا !! لەکاتێكدا ئێمە پێویستمان بەخوێندنەوەی جدیی و ڕژدی دۆزەکەهەیە ..

بەشی دووەم

چێژبینین لە شانۆدا

چێژ چییە؟ چۆن لە چێژ تێبگەین؟ ئەمە ئەو پرسیارە ورووژێنەرەیە کە قسە و باسی زۆری لەبارەوە کراوە؛ بەڵام لامان ڕوون نییە واتا و مەبەستەکانی چین؟ لەبەر ئەوەی زۆر بە کار دێت و تا ڕادەیەک ئاڵۆزە و بە گرنگی دەزانم پرسیار لە چێتییەکەی بکەم، چونکە "گومانی تێدا نییە کە پرسیارکردن دەربارەی هەر شتێک جۆرە ئاگاییەکە دەربارەی بابەتی لێپرسراو و جێ مەبەست؛ هەروەها ناسین و زانست دەربارەی پرسیارلێکراو لە خودی وەڵامەکەدا واڵا و ئاشکرایە." (کرۆچە: 2010، 53). چۆن بیر لە چێژ بکەینەوە؟ بە شێوەیەکی سەیر سەختە پێناسە بکرێت، زۆر کەمتر هەست بە باشی بکەیت لەو بارەیەوە، چێژ بوونەوەرێکی فێڵاوییە. " ئایا فەلسەفە دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ئاسانکردنی؟" (Dresser، 2020) بیرو باوەڕی چێژبەخشی ڕاستەقینە بە ناوی پێش ئەپیکۆرۆسەوەیە، بەو پێیەی ئەو کەسەی کە دایمەزراندووە، خوێندکاری سۆکرات بووە بە ناوی ئەپیکۆرس، لە نێوان خۆی و ئەفڵاتوون و ئەرەستۆدا ڕکابەری هەبووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەفڵاتوون فەلسەفەی سۆکراتی شێواندووە. سەبارەت بە نەیارەکانی، تۆمەتباریان کرد بە سۆفیست. پێدەچێت لە سەرەتادا یەکێک بووبێت لە سۆفیستەکان، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەکاندا، ئەو سۆفیستەی کە لە بازنەکەی دوورکەوتەوە و یەکەم خشتی بۆ یەکێک لە گەورەترین بیری فەلسەفی سەردەمی ئێمە دانا کە سوودی گشتی بۆ هەموو مرۆڤەکان
هەبوو. ئەم پەرەسەندنە لە لایەن فەیلەسووفی ئینگلیزی تۆماس هۆبز، جۆن لۆک، دەیڤید هیوم، جۆن میل و هێربێرت سپێنسەر ئەنجام دراوە، بەڵام سەرچاوەی بیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بلیمەتە یۆنانییە (ئەپیکۆرس). ئەرەستۆ بۆ ئەپیکۆرییەکان چێژ بە هیچ شێوەیەک هەستێکی ئەرێنی نییە، تەنیا هەستکردنە بە ئاسوودەیی یان ئارامیی کە دوای ڕزگاربوون لە ئازار دێت. «ئەکسیۆلۆژیا/ ئاکارناسی» و ژیانی بەختیار و چێژوەرگرتن "بە پێی فەلسەفەی ئەپیکۆرس تاقیکردنەوەکانی ژیان دەری دەخەن کە ئێمە سەوداسەری لەززەتین، زیندەوەریش بە بێ بیرکردنەوە و فێربوون، وەک ئادەمیزاد بە شوێن لەززەتدا دەگەڕێت. کە وابوو لەززەت یان چێژ مەبەست و ئامانجە، ئەو ڕێگایەش کە بۆ گەیشتنە لەززەتەکەش دەگیرێتە بەر، فەزیلەتە." (عەزیز: 2005، 275) مرۆڤی تینوو بەم شێوەیە هەست بە چێژ دەکات کاتێک تینویەتی بە پەرداخێک ئاو دەکوژێتەوە. ئەرەستۆ دان بەوەدا نانێت کە چێژ سیفەتێکی نەرێنی هەیە، بەو پێیەی تەنیا ڕزگاربوون نییە لە ئازار، بەڵکوو بە بۆچوونی ئەو توخمێکی ئەرێنی لە خۆ دەگرێت، ئەو دەڵێت ئەو چێژەی ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین، ئەو چێژەیە کە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێگاکەمان دەیدۆزینەوە، واتا کە ئامانجمان دەرهێنانی چێژە لە ساتەوەختە زوو تێپەڕەکان. دوور لە هەموو پەشیمانیەکی بێماناو بەسەر ئەو خۆشیانەی کە نەماون، دوور لە چاوەڕوانییە بێماناکانی ئەو خۆشیانەی کە ڕەنگە بێتە پێشەوە. ڕابردوو ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە و داهاتوویش تا ڕادەیەکی زیاتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد خەریکە دەکرێتەوە. (الغنامی: 2023) ئەرەستۆ دان بەوەدا نانێت کە چێژ جۆرێتی نەرێنی هەیە، چونکە تەنیا ڕزگاربوون نییە لە ئازار، بەڵکوو بە بۆچوونی ئەو توخمێکی ئەرێنی لە خۆ دەگرێت. وەسفکردنی هەر چێژێک بە خراپە لە ڕووی زاراوەوە دژایەتییە، بۆ ئەو چێژ هەمیشە چاکە و خواستراوە لە هەموو کاتێکدا. مرۆڤەکان وا گریمانە دەکەن کە چێژەکان لە سرووشتی خۆیاندا جیاوازن، چونکە لە سەرچاوەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرن، هەر بۆیەشە دەگوترێت چێژە دەروونییەکان پلەیەکی بەرزتریان هەیە لە چێژە هەستیارەکان. ڕاستییەکەی هیچ بنەمایەک بۆ جیاکارییەکی لەو شێوەیە نییە، چونکە هەموو چێژەکان هەمان سرووشتیی هەستیان هەیە، بە بێ گوێدانە ئەو سەرچاوەیەی کە لێیەوە سەرچاوەی گرتووە. هەرچی دەیزانین و هەموو کارێکمان بۆ هەستکردن گەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەک فەیلەسووفی هەست «وەسف/ پەسن»ـی بکەین.
چێژ شتێکی داواکراوە، ئازار شتێکی ڕەتکراوەیە و هەموو شتێکی تریش بە پێی ئەو چێژە یان ئازارەی پەیوەستە پێیەوە، خوازراوە یان نەخوازراو. لێرەوە دەرەنجامەکە ئەوە بوو کە چێژ ئامانجێکی پێویستیە. زۆر گرنگە بە ڕوونی هەموو ئەو شتانە ببینین کە ئەم بانگەوازە بۆ ئەم ئەزموونە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سەرنج بدەن، تێڕوانینی ئەرەستۆ سنووردار نییە بە ئارەزووی هەر مرۆڤێک بۆ چێژ و دوورکەوتنەوە لە ئازار، بەڵکوو باس لەوە دەکات کە مرۆڤ ناتوانێت ئارەزووی هیچ شتێکی تر بکات. (الغنامی: 2023) یاخود هەر وەکوو لە سایتی (Stanford Encyclopedia of Philosophy)ـدا هاتووە چێژ لە بەکارهێنانە گشتگیرەکاندا گرنگن لە بیرکردنەوەدا سەبارەت بە خۆشگوزەرانی، ئەزموون و دەروون، سۆزداری ئەرێنی، هەموو خۆشی و حەز و چێژوەرگرتن لە خۆ دەگرێت. لە ئێستادا زۆر جار بەختەوەری بە هەمان شێوە بە کار دەهێنرێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوون لەگەڵ بەکارهێنانە کۆنەکان کە ئاماژەن بۆ بەختەوەریی گشتی یان سەرکەوتن لە ژیاندا .
لەم ڕوانگەیەوە چێژ دابەش دەبێت بۆ هەست و بەرهەست و لەوێوە جێ بەخۆی دەگرێت و کاریگەری دادەنێت. ڕەنگە فەلسەفەی چێژ وەک فەلسەفەیەکی تاکگەرایی و خۆپەرستانە دەرکەوێت کە بچووکترین گرنگی بە کەتوار یان ئەوانی تر نادات و بە دوای ئارامی و چێژەکاندا بگەڕێت، ڕاستییەکە ئەوەیە ئەگەر قووڵتر بچینە ناو پێکهاتەی مرۆڤەوە، چێژ ڕەتکردنەوەی ئازار و بەفیڕۆدانی ڕۆژانی ژیانە، ڕاکردنە بە دوای وەهمە کوشندەکان و خاڵی قارەمانێتی لەسەر حیسابی ئارامی دەروون و بیرکردنەوە و چێژ و ئارامی و بەختەوەری کە ئامانجی بوونە. (طاهر: 2020)0ئەم ئاخ هەڵکێشانە بۆ تێنەگەیشتنە لە دۆخێک کە ڕۆیشتووە و زەحمەتە بە دوایدا بچینەوە. هەروەها لە سایتی (Stanford Encyclopedia of Philosophy)ـدا باس کراوە، چێژ وەک باش و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات. ئەمەیش ڕوونکردنەوەیەکی سادە پێشنیاز دەکات، هەم بۆچی مرۆڤەکان بە دوای چێژدا دەگەڕێن و هەم هۆکاریش هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن. ئەوەی کە ڕەنگە ئێمە شتێک بۆ چێژەکەی پێ باشتر بێت و هەڵیبژێرین، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕاستییەک هەیە سەبارەت بە چێژ کە هەندێک هەڵبژاردنی لەو جۆرە باشتر دەکات لە هەندێکی تر. فەیلەسووفەکان ئەم پێشنیارە زیاتر دەبەن، هەندێک جار چێژیان لەوە وەرگرتووە کە تاکە ئەزموونێکی سادە (تایبەتمەندی) ئەزموونەکان باش و سەرنجڕاکێش دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە ئامادەن. لەبەر ئەوەی (مرۆڤ بوونەوەرێکی قسەکەرە، کە بە هۆی خانەکانی مێشکییەوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ژیان، بابەتەکان، ئاکامەکان، دوێنێ، ئەمڕۆ، ئاییندە دەکات. لەناو کەللەی سەری مرۆڤدا کام لە پاڵنەرەکان هانی دەدەن کە ڕەفتار و ئاکارەکانی بە ئاڕاستەیەکی دیارکراودا ڕێک بخات؟ ئەم پاڵنەر و مۆتیڤانە دەشێت «ترس» بێت کە لە دەسەڵاتمان هەیە تا باسی «چێژ» بێت کە دەمانخاتە پەیوەندییەکی ڕۆمانسیانە بۆ بە دەستهێنانی سێکس و هەروەها دەشێت بیرکردنەوە بێت لە «بەختەوەرییەکی ئارام» کە لە چاندن و چاودێریکردنی درەختەکان و سەوزایی باخچەی گەرەکەکەمان ئەزموون دەکەین. دەڵێن ئەم سێ وشەیە «ترس، چێژ و بەختەوەری» ئیدارەی ئەم بوونەوەرە بیرکەرەوە ئاڵۆزە دەکەن و دەسەڵاتیان زاڵە بەسەر سایکۆلۆژیەتی و بیرکردنەوەکانیدا. (دۆسكی: 2021). چێژ یان لەززەت؛ ھەستکردن بە خۆشییە، یانی حاڵێک کە بۆ لەش جۆر و لەبارە و حەزی پێ دەکات. پێچەوانەی ئێش و ئازارە، کە بۆ لەش ناخۆش و ئەزیەتکەرە. مرۆڤ و گیانلەبەرە خاوەن وشیارییەکانی تر، یانی ئەوانەی لە خۆیان و لە دەوروبەریان ئاگادارن، مەیلیان لە چێژوەرگرتنە و بۆیان بە بایەخ و شیاوی بە دوادا گەڕانە. چالاکییە چێژبەخشەکان زۆرن، بۆ وێنە خواردن و سێکس و گوێگرتن لە مۆسیقا و کایەکردن. زانستی هاوچەرخ بەشێکی گرنگی بۆ چێژ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام پێشنیازی ئەوە دەکات کە پەیوەندییەکانی چێژ بە هۆشیاری و سەرنجڕاکێشانی پاڵنەرەوە ؛ فەیلەسووفانی هاوچەرخ بەردەوامن لە مشتومڕکردن لەسەر ئەوەی چێژ چییە؟ بەڵام تەنیا دەستیان کردووە بە قسەکردن لەسەر پێشکەوتنە زانستییەکان کە هێواش هێواش پڕی دەکەنەوە کە چ بەکارهێنانێکی تەمەندرێژی ماددە دەروونییە چالاکەکان بۆ بەرزکردنەوەی باری دەروونی و چارەسەرە نوێیەکانی دەرمان بۆ خەمۆکی پێشتر پێشبینی کراوە کە چێژ دیاردەیەکی بایۆلۆژییە.( 2021 Lake, MA & BA Jazz) لای (سپێنسەر): " چێژ زێدە وزەیەکە پێویستی بە دەرپەڕین هەیە." هەروەها (شیلوو) دەڵێت: " مرۆڤ بە تەنیا گەمە و یاری دەکات و لە گەمە منداڵانەکەیدا قووڵترین مانا هەیە، هەندێک پێیان وایە کە چێژوەرگرتن مەعریفەیە، یان ڕامان و دەرککردن و بەشداری و هاوئاهەنگییە، هەموو ئەمانەیش بە ڕەگەزە دەروونییەکانەوە پەیوەستن. ئەوەی گومان هەڵناگرێت ئەوەیە کە میکانیزمی چێژوەرگرتن زۆر ئاڵۆزترە وەک لە میکانیزمی مەعریفە و زانین، هێزی چەشە و چێژوەرگرتن هێزی
زیرەکی نییە، بە هۆکارە جۆراوجۆرەکانەوە بەستراوبێتەوە، هەندێکیان دەروونی و هەندێکیشیان کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵین، ناکرێت لە گۆشەی هۆکارێکەوە بڕوانرێتە ئەو میکانیزمە..." (ڕەسووڵ: 2017، 130_134).

ئەنجام

کەواتە چێژی نمایشە شانۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە کوێی ئەم دۆزەوە؟
ئەو چێژە شانۆییەی کە لە ئەنجامی کاریگەریی پەیوەندی نێوان وەرگر و نمایشی شانۆدا دروست دەبێت، نوێنەرایەتی ئەو چەناڵە پەیوەندییە دەکات کە لە ڕێگەیەوە ناوەڕۆکی دەق و پێشکەشکردنەکە پێکەوە دزەپێدەکرێن و کارلێکی دەروونی نێوان (بەرهەم و خودی وەرگر) و کارلێکی گەیشتنە بەزۆرترین حاڵەتەکانی هاوسۆزی قووڵ بۆ ستراتیژی ئیلهامبەخشی شانۆیی، یاخود پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لای هاوکێشەکە (بەرهەم + وەرگر) نزیکتر دەبنەوە. ( الاعسم2007) چێژەکانی ناو شانۆی ژیان زۆر و هەمەچەشنن، مرۆڤیش بە پرسی تێرکردنی غەریزەکانیەتی بە چێژە جۆراوجۆرەکان، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، یاسایی یان نایاسایی، تووشی کێشە دەبێت، بە مەرجێک پاڵنەری سەرەکی ڕزگارکردنی ڕۆح بێت لە شتە سەرکوتکراوەکان، بەبێ گوێدانە هۆشیاری، کولتوور، پاشخان، یان تیۆر، مەرجدارکراون بۆ چێژوەرگرتن لە بەرهەمەکانی هونەر، لەوانە: شانۆ، سینەما و تەلەفزیۆن، بەڵام ئەو چێژەی کە لە ئەنجامی سەیرکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و شانۆنامەکانەوە یان نمایشە گێڕدراوەکان بەگشتی دێتە ئاراوە، نزیکە لە سەرنجڕاکێشترینیان. بەڕەچاوکردنی سەلیقەی بینەران، هونەرەبینراوەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەست و دڵی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. (الأعسم،2023)بەڵام بۆ ئەو نەتەوانەی نەریتی بینینی نمایشە جیاوازەکانیان نییە ،نازانن وناتوانن چێژی بەرهەمی هەمەجۆرو فرەچەشنییان هەبێت ؛ کێشەکە بەجۆرێکی ترەو پێویستی بەوردەکاری زیاترە ؛ چونکە مرۆڤی کورد شایانی ئەوەیە پەروەردەی شانۆییانەی خۆی پێش بخات و بتوانێت بەسروشتی و دوور لەشێواندن گوزارشت لەخۆی ونمایشەکان بکات .

سەرچاوەکان :

1. کرۆسە ، بندیتۆ ، چەمکەکانی جوانناسی ، وەرگێڕانی : سەربەست خەسرەوعارف ، دەزگای چاپ و پەخشی سەدەم ، چاپی یەکەم ، سلێمانی 2010
2. محەمەد جەزا ، ڕێباز : ئیستاتیکای شانۆگەری ، لەپەیمانگای هونەرەجوانەکان / بەشی هونەری شانۆ ، ساڵی : 24/4/2017
3. عەزیز، حەمید : سەرەتایەک لەفەلسەفەی کلاسیکی یۆنان ، لەبڵاوکراوەکانی کتێبفرۆشی سۆران _ هەولێر ، زنجیرەی ژمارە (36) ، چاپی دووەم – هەولێر2005
5. Mason, M. (2010). Sample Size and Saturation in PhD Studies Using Qualitative Interviews. Forum Qualitative Sozialforschung/Forum: Qualitative Social Research, 11
6. باز ، اوكتافيو : 'الشعر ونهايات القرن والقلة والكثرة'، ، ت. ممدوح عدوان. ، مجلة المدي/ العدد 16/1997،
7. أبتر، ت .ي: ادب الفنتازيا، ت. جبار سعدون، دار المأمون، بغداد، 1989

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە