لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


"کانێ بچووکێ یان ڕۆمانی بووکێ"

Sunday, 19/05/2024, 21:16

378 بینراوە


"کانێ بچووکێ یان ڕۆمانی بووکێ"
ڕۆمانێکی ژنانە
 
دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕەخنەگر
 
پێشەکى
هەرچەند ئەدەبیاتی کوردیی لە بورای ڕۆماندا هێشتا لە گڕوگاڵ دایە، بەم دوایی دواییە، دەیان قەڵەم و ڕۆماننوویسی تازە بوێرانە هاتوونەتە پێش و جلەوی ڕۆماننووسیان لە هەستۆ گرتووە، وەلێ هێشتا ئەدەبیاتی کوردیی لە بۆشایی و کەمهێنانی ڕۆمانی باشدایە. بەتایبەتی ڕۆماننووسانی ژن و بە بیر و فانتازیا و ڕوئیای ژنانە لە کەم کەمترە و ژماردنیان بە پەنجەکانی دەست، پەنجەکان گەلێک زۆرترن. 
 
سەرەتا
ڕۆمانی کانێ بچووکێ یەکێکە لەو ڕۆمانە جوانە کوردییانەی وەک ڕۆمانێکی مێینەی کوردی بەرچاوم کەوتبێت، ڕۆمانێکە بە هەناسەیەکی ژنانە و دەربڕینێکی ژنانە نووسراوەتەوە و پاڵەوان و کارەکتەرە سەرەکییەکانی ژنن و بە زمانی ژن دەدوێن، زۆربەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەش هەر بەسەر ژناندا دێن.
ڕۆمانی کانێ بچووکێ. ڕۆمانێکی (٤٧٩) لاپەڕەیە و لە (32) بەش پێکهاتووە و بەرهەمی یەکەمی جوان عوسمان حەمەئەمینی ڕۆماننووسی شاری سلێمانییە، براوەی پێشبركێی ڕێکخراوی ڤیم فاوندەیشنە بۆ ساڵی ٢٠2٣ لای لێژنەیەک لە پسپۆران و شارەزایانی ڕۆمان، بڕیاری چاپبوونی لەبارەوە دراوە و لە چاپخانەی پاندا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆمانی کانێ بچووکێ، باس لە چوار دەستە خوشک دەکات، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی خوێندنەوە و بە ئامانجەکانیان بگەن لە پاڵ ئەوەشدا لە ڕێگەی پاڵەوانی سەرەکییەوە باسی دوو ماڵباتی دانیشتووی شاری سلێمانی دەکات، یەکەمیان خێزانی گەشاوی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و بە هۆی هەژاریی و دەردەسەری و مەینەتییەکانی ژیان، ئەندامانی خێزانەکایان لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. دوومیان خێزانی لالە سەردار، ماڵێ خەزورانی گەشاو کە بە هۆی هەبوونی و دەوڵەمندییەوە تووشی هەڵوەشان و لیکترازان دەبنەوە.
 
چێژ لە کانێ بچووکێ.
کانێ بچووکێ هەرچەند ڕۆمانێکی قەبارە ئەستوور و ئێکس مینیمالیزمە، بەڵام بە هۆی زمان و گێڕانەوە و خۆماڵیی ڕووداوەکان و بەستنەوە و گرێدانی ڕووداوە لاوەکییەکان بە ڕوودوای سەرەکی خوێنەر ماندووناکات و ڕۆمانەکە زۆر بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە دەدات و کۆمەڵێک گڕیی گێرانەوە درووست دەکات و دواتر گرێکان دەکاتەوە. ڕۆماننووس ڕووداوە تراژییدییەکان زۆر بەوردی دەخاتە ڕوو، بە سانایی وا لەخوێنەر دەکات بچێتە ناو و وردەکاری ڕووداوەکان و خۆی تێداببینێتەوە و گەمەیەکی جوانی دەروونی دەکات، وا لە خوێنەر دەکات بەدەم ڕۆمانەکەوە لەپاڵ گریان و ئازاری کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەوە خوێنەر بە کۆڵ بخاتە گریان، ئەمەش لێزانیی و زانایی ڕۆماننووسمان نیشان دەدات.
 
تەکنیک و گێڕانەوە لە کانێ بچووکێ.
تەکنیکی گیڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانی کانێ بچووکێ، تەکنیک و شێوە و شێواز و بونیادی گێڕانەوەی کانێ بچوکێ بۆ ڕۆمانە ڕیالستییەکان دەگەڕێتەوە، کە ڕۆماننووس هەوڵی داوە لە دەستپێکی ڕۆمانەکەیدا لە سەردەمی نوێی گەشاوەوە بە ناوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ دەکات و دواتر لە بەشی دواتر بۆ سەردەمی منداڵی گەشاو و ژیانی سادەی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە، بەم جۆرە تاکۆتایی ڕۆمانەکە بەش دوای بەش لەنێوان هەردوو سەردەم ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و هەندێ جاریش زەمەنی سێیەمیش دەگێڕێتەوە، کە زەمەنێکی کورتی گۆڕانکارییە لە ژیانی گەشاو. کانێ بچووکێ ڕۆمانێکى فرەدەنگە، لە هەڕووداوێکى سەرەکى پەنا بۆ گێڕانەوەى ڕووداوێکى دیکە دەبات، بەڵام گێڕانەوەى لە فرەدەنگیدا کورتە و خوێنەر تێرناکات، بۆیە باشتر وابوو ڕۆمانەکە یەک دەنگ بووایە، یان فرە دەنگى تەواو. هەرچەندە جوان هەوڵی داوە لە ڕێگەی فلاشباگەوە گەمەیەکی جوانی گێڕانەوە بکات، بەڵام دەتوانین بڵێن ڕۆمانی کانێ بچووکێ وەک ڕۆمانی ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەد و شاری حسێن عارف و ئەم ستایلەی ڕۆماننووسانەی پەیڕەوکردووە کە لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان ڕۆمانی باویی کوردی پەیڕەویان کردووە.
 
دەتسپێکێکی باش و کۆتاییەکی خراپ.
بەم دوای دواییە پێداچوونەوەم بۆ دە ڕۆمانی گەنجانی کورد کردووە، سەرجەمیان سەرەتاییەکی باشیان دەست پێ کردووە و بەڵام نەیان زانییووە چۆن کۆتایی بە ڕۆمانەکەیان بێنن. چونکە لەسەرەتا بە گەرموگووڕییەوە دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکەن و دواتر ماندوو و شەکەتیان پێوە دیار دەبێت. دەستیان بەسەر رووداوەکانی ناو ڕۆمانە ناشکێت، بۆ کۆتایی هێنان بە ڕۆمانەکە، دەکەونە هەڵەوە. دەتوانم بڵێم گرنگی کۆتایی ڕۆمان هیچى لە دەستپێکەکەی کەمتر نییە. جوان عوسمانیش بەهەمان شێوەیە، هەرچەندە کانێ بچووکێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ دەکات واتە زەمەنی دواوەی ڕۆمانەکەیە، وەلێ بە ئەو ندازەیە پەڕەگرافی یەکەمی هەڵنەبژاردووە کە سەرنجڕاکێشترینی بە شی نێو ڕۆمانەکەی بێت، کە پێویست بوو وابێت. وەلێ دەشێ دەستپێکی خراپ نەبێت. بەڵام کۆتاییەکەی خراپە، دەتوانین بڵێین ڕۆماننوووس بەدەستی خۆی خراپی کردووە، ئەویش بە زیادکردنی بەشێک لە کۆتاییدا، کە هیچ پەیوەندیی بە ڕۆمانەکەوە نییە و بە زیادەوە خراوەتە نێو ئەو ڕۆمانە، ئەمیش بەشی (مانەوە بۆ خۆڕاگیرتیرینە) زۆر زیادە و بێ مەفاییە، لە هێزی کۆتایی ڕۆمانەکەی کوشتووە.
 
کارکتەرسازیی کانێ بچووکێ.
کارەکتەرە سەرەکییەکانى ناو ڕۆمانى کانێ بچووکێ لە چوار کارکتەرى سەرەکى پێکهاتووە و کە هەرچواریان دەستەخوشکن ئەویش نیکاڵ و دڵخواز و لاڤە و گەشاوى پاڵەوانى سەرەکین، لە ژیانى منداڵى هەرزەییەوە تا تەمەنى پێگەیشتوویى لەگەڵ ڕووداوەکان ڕێ دەکەن. هەروەها لە چەندین کارەکتەرى لاوەکى پێکهاتوون، کە زۆربەیان لە ڕەگەزى مێینەن و کارەکتەرە پیاوەکانیش هەر لە دەورى کارکتەرانى مێینە دەسووڕێنەوە.
هەرچەندە هەندێکجار ڤەگێر زاڵ دەبێت بە سەر گێڕانەوەدا، بە تایبەتى لەسەر زمانى پاڵەوانى سەرەکى گەشاودا، وەک هەموو شتزان دەردەکەوێت. ئەویش زانینى خودى ڕۆماننووسە نەک کارکتەرى ناو ڕۆمانەکە. 
دەتوانین بڵێم باشترینى بەشى نێو ڕۆمانەکە هەڵبژاردنى کارکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکەن، کە بە زمانى خۆیان دەدوێن و تا ئەندازەیەکى زۆر لە ڕۆڵ بەخشین بە کارکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکە ڕۆماننووس سەرکەوتووبووە. 
 
زەمەن لە کانێ بچووکێ.
ڕۆمانى کانێ بچووکێ باسى سێ زەمەنى جیاوازى شارى سلێمانى دەکات. کە بەم جۆرە خاڵبەندى بۆ دەکرێت.
1-      لە ساڵانى 2004 تا 2020 واتە لەسەردەمى گەورەبوونى گەشاودا. ڕووداوەکانى ئاشکرابوونى بازرگانى ماددەى هۆشبەر و و کۆمەڵێک ڕووداوى دیکە ڕوودەدەن.
2-      ساڵانى 1991- 2003 بە شەپۆڵەکانى هەستى و گەڕانەوە بۆ کۆڵانەکانى منداڵى زەمەنى ڕابردووى گەشاو و بە زۆر بە شودان و و ڕووکردنە ژیانى گوند.
3-       ساڵان 1980 – 1990 ئەمەش بەشێوەى گێڕانەوەى لاوەکى بۆ ڕووداوە گشتییەکان، لەسەر زارى کارکتەرانى ڤەگێڕى هەموو شتزان و ئاریشەکانى کۆمەڵگەى کوردى وەک ئەنفال و وێڕانکردنى گوندەکانى کوردستان لەسەر دەستى ڕژێمى بەعسى عێراقى خراوەتە ڕوو.
واتە کۆى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکە بۆ نزیکەى چل ساڵى نێو ڕۆمانەکە دەگەڕیتەوە.
 
شوێن لە کانێ بچووکێ.
شوێنەکانى کانێ بچووکێ کەمترین کارى لەسەر کراوە دەبووایە لە ئاستى قەبارەى ڕۆمانەکەدا شوێنێش وەک ئامانج و مەبەست کارى زۆرترى لەسەر کرابووایە. سەرجەم ڕووداوەکان لە ناوەندى شارى سلێمانى و لە گوندێک ڕوودەدن. جگە لە هێنانى ناوى شوێن وەک ڕووداوى نادیار چوونى ساماڵ بۆ هەندەران و کامیل قادر لە شارى بەغدا کە ڕۆۆمانووس لەسەریان نەوەستاوە. هەرچەندە جوان لە نیشاندانى دیمەنەکانى گوند زۆر سەرکەتووبووە، چەندین وێناکردن و دیمەنى جوانى نیشانداوە، بەڵام دیمەنەکانى شوێن لە شارى سلێمانى لاوازن. بۆیە دەکرێ بڵێین شوێن لەم ڕۆمانە بێ هێزە.
 
فکر لە کانێ بچووکێ
فکر لە ڕۆمانى کانێ بچووکێ کارى لەسەر کراوە و چەندین چەمک و دەستەواژەى فکرى کارى بۆ کراوە و بەتایبەتى شەڕى زانین و نەزانین. وەک چەمکەکانى ماف و ئازادیی، پێشکەوتن، ئایین. ڕۆماننووس لەسەریان وەستاوە و جارێکى دیکە یوتوبیاکەى ئەفڵاتوونى لە وێنەى گوندێک: مەزاراندۆتەوە و لالە سەرداریشى وەک منى باڵایى نیچە لە بەرگێکى باوک سالاریى مەزراندۆتەوە. بۆیە بە ڕوانگەى فکیر و هزریشەوە، تا ئەندازەیک ڕۆماننووس مەبەست و ئاماژەکانى لەگەڵ ڕووداوەکان ڕێکخستووە.
 
هەڵەکانی کانێ بچووکێ
هیچ ڕۆمانێک بێ هەڵە و کێماسى نییە و بەهەمان شێوە ڕۆمانى کانێ بچووکێ لە هەڵە و کەموکوڕى بەدەرنییە، هەرچەندە هەندێک هەڵەى زەق هەن و دەبێت ڕۆماننووس زۆر ئاگادار بێت و تێى نەکەوێت، هەندێک هەڵەى بچووکیش زۆرجار بەسەر ڕۆماننووس و دەقدا تێدەپەرێت. بۆنموونە لە بەشى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لاپەڕە (9) ڕۆمانى کانێ بچووکێ وەک کتێبێکى یادەوەرى گەشاو لە کوردستان دەنووسرێتەوە، ساماڵ کە دەکاتە براى ئومێدى مێردى گەشاوى نووسەرى کتێبى کانێ بچووکێ، لە وڵاتێکى ڕۆژئاوایى، لە پڕێکدا کتێبەکە لە دەستى هاونشینێکى میتڕۆکە وەردەگرێت. کۆمەلێک پرسیار دروست دەبێت، ئایە ئەم کتێبە بۆ گەیشە ئەوێ و چۆن رێکەوت کە کوردێک هاونیشنى میترۆکە بێت و ساماڵ بەهۆى ئەو کتێبى براژنەکەى خۆى ببینێت. لە کاتێکدا ڕۆماننووس تەنیا ئەم دیمەنەى لەناو ڕۆمانەکەیدا دروستکردووە و وەک ئەوەى دیمەنەکەى بیرچووبێتەوە، لە هیچ شوێنێکى ڕۆمانەکە و بە هیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە سەرى و وەک گرێیەکى نەکراوە دەمێنێتەوە. لە لاپەڕە (144) لە بەشى چیرۆکى ژوورە نادیارەکە. کاتێک فەگێڕى گشتى ڕۆمانەکە گەشاوى پاڵەوانى سەرەکییە و بە جێناوى کەسى سێیەمى تاک چیڕۆکخوانى ڕووداوى نیلۆفەرە و ڕاستەخۆ دەچێتە ناو حیواڕى نیلۆفەر و دەنووسێت (نیلۆفەر دەستى پێکرد: تا ئەو دەمەى کە مامى نیلۆفەر لە قوماردا دەدۆڕێنى گێڕاومەتەوە.) کەواتە بەپێى ئەوەى نیلۆفەر دەستى پێکرد: کەواتە پێویست بوو نیلۆفەر بە کەسى یەکەمى تاک قسە بکات، کەچى گەشاوە و بە کەسى سێیەمى تاک قسە دەکات. هەر لەهەمان بەش و لە لاپەڕە (148) لە گێڕانەوەى بازرگانانى ماددەى هۆشبەر، کۆمەلێک کچ و ژن لە ژێر زەمین بۆ ئامادەکردنى ماددەى هۆشبەر بەکاردێنن، نیلۆفەر لاچاوى سووتاوە و ناچى جەستە و ڕووخسارى سووتاو و شێواوە و میهناز جەستە و ڕووخسارى پەڵەپەڵە و گروێ بووە. زەهرا فرمێسکى خوێن، لە چاوى دێت. هەرچەندە مەبەستى ڕۆماننووس ئەوەیە کە ئەوەیە بازرگانانى ماددە هۆشبەرەکان، ژن و کچە جوانەکان بۆ لەشفرۆشى بەکاردێنن و ناشیرینەکانیش بۆ ئامادەکردنى ماددەکە، واتە بە هۆى ناشیرینى ڕووخساریانەوە بەلایاندا ناچن. وەلێ بە بۆچوونى من مەرج نییە، ناشیرینەکان دەستدرێژیان نەکرێـتەسەر و بازرگانیان پێوەنەکرێت، کە خۆشى لە پێشدا ئەم دۆخەى پێگوتووین، کە ئەمانیش هەمان دەردى جوانەکانیان هەبووە. بۆیە ئەم هەموو وەسفە لێکچوو و هاوبەشانەى کارکەتەرەکان، هەم لە چێژى گێرانەوە و هەمیش لە ڕێکەوت، نیشاندانى کاریگەرى نەرێنى بۆ سەر ڕۆمانەکە هەیە. هەروەها لە لاپەڕە (162) لە بەشى (شەهیدێک بۆ گوند گەڕایەوە) دەربارەى خۆشەویستى نێوان نەزیرە و ئومێد، کە ڤەگێڕ ئاوڕەنگى خوشکى ئومێدە، چیرۆکى خۆشەویستییەکەیان بۆ گەشاو دەگێڕێتەوە و لۆمەى دایک و باوکى دەکات کە نەیان هێشتووە ئومێد و نەزیرە بەیەک بگەن. ئینجا گەشاو دەبێتە ڤەگێڕى خۆدواندن و دەڵێت: (بەڵام با واشبێت ئەى بۆچى هێشتیان خۆشى بووێت). لێرە ڕۆماننووس تێدەکەوێـت، وەک ئەوە نەزانێت خۆشەویستى پرۆسەیەکى تاکەکەسییە و کەس ناتوانێت بچێتە ناخى کەسێکى دیکە و دەستکارى خۆشوویستن و خۆشنەویستن بکات. جاگەر دایک و باوکیش بن، ناتوانن دەستکارى ناوەوەى مرۆڤێک بکەن ئەگەر ڕۆڵەکەشیان بێت. بەهیچ جۆرێک ئەمە نابێتە بڕیارى گشتى بەڵکو خۆشەویستى لە ناخى خودى کەسى دایە، هەر خۆشى ئومێد دەتوانێت نەزیرەى خۆشبووێت یان نا. لە هەمان بەش و لاپەڕە (169) گەشاو دەڵێت (خەون بینین و بیرکردنەوە لە ڕابردوو قەناسێکم بەرامبەر دەروونى خۆم دانابوو، ڕۆژانە گوللەبارانى دەروونم دەکرد). لێرەش ڕۆماننووس وردبین نەبووە، کە قەناس بۆ نیشانەگرتنە و گوللە بە تاک دەتەقێنێـت، دەبووایە بنووسێت دۆشکە یان ڕەشاش و ئەو چەکانەى لەسەریەک دەتەقن. چونکە گوللەباران ئاماژەیە بۆ گوللەى زۆر و لەسەر یەک وەک باران، نەوەک تاک تاک و هەرنەبا، دەیتوانیت بنووسێت قەناسێکم بەرامبەر دەروونى خۆم دانابوو، ڕۆژانە تەقەم لە دەروونم دەکرد، بەمەش گرفتەکەى چارەسەر دەکرد. لە بەشى چیرۆکەکانى ناو زیندان و لاپەرە (206) کاتێ گەشاو و لافە سەردانى زیندانیانى چاکسازى ژنانى سلێمانى دەکەن چاوپێکەوتن لەگەڵ کچێکى ڕەش ئەسمەر دەکەن، ڕێک حیواڕى ئەم کچە بە تەواوى زمانى ڕۆمانەکە هەڵدەگێڕیتەوە کە ڕۆمانەکە ڕۆمانێکى ڕیالستییە و لە دەرخستنى بابەتە سێکسى و زایندەکان زمانێکى شەرمنانە و ڕەوشتى باڵای هەیە، کەچى ڤەگێڕ لە ڕێگەى حیواڕى ئەم کچە بە یەک دوو ڕستەى زۆر ئیرۆتیکانە بەتەواوى دەبێتە سوریالیى و دەنووسێت (ئەم پارچە قوزە بۆمان بوو بە بەڵا..... دەمگوت خوایە گوناهت ناگات کێرت داوە بەو و قوزیش بە من). هەرچەندە ڕۆماننووس ویستوویەتى بچێتە قاڵبى کچێکى شەلاتى، وەلێ بەپێى پێوەرى گشتى زمانى گێڕانەوەى ڕۆمانەکە خوێنەر دەخاتە بەر هێدمەیەک بڵێیت ئەوە ئەم ڕۆمانەنییە، نەدەبووایە بەم جۆرە تەنیا ڕستەیەکى سوریالى بخاتە نێو گێڕانەوە، کە پێچەوانەى تەواوى زمانى فەگێڕە لە گێڕانەوەدا. لەبەشى بەڕێکردنى زستاندا لە لاپەڕە (217) کاتێک گەشاو و سەیوانى کەڕولاڵ بە ئاماژە قسە دەکەن، کەچى لە ناکاو ڕۆماننووس بیری دەچێتەوە کە سەیوان کەڕ و لاڵە ڕووداوێکى نێوان خۆیى و ئومێدى مێردى گەشاو بۆ گەشاو دەگێڕێتەوە. پاشان لەبرى ئەوەى ئومێد بۆ گەشاو زمانى ئاماژە وەرگێڕێتە سەر زمانى گوتن یەکسەر دەڵێت: (دواتر سەیوان خۆى بۆى وەرگێڕام). لە کاتێک گێڕەوە سەیوان هەر خۆیەتى و کەڕولاڵە, لێرە دەبووایە ئومێد هەڵبستێت بە کارى وەرگێڕانەکە نەک سەیوان. لە هەمان بەش و لە لاپەڕە (226) باسى شنۆ و دادە نەسرین دەکات کە دوو ژنى گوندبوون، دەڵێت لەوە تێگەیشتم کە (شنۆ و هەم دادە نەسرین هەرگیز لە ئاژەلە وردەکانى وەک مشک، جرج، مار، نەدەترسان). دواتر ئەم نەترسانەیان بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە کە ترسى گەورەتریان لە مرۆڤ بینیووە. بۆیە لە لاپەڕە (217) دەنووسێت (چون ئەوان شتى زۆر ترسناکتریان لە ژیان ئەزموونکردبوو) بە هیچ جۆرێک ترسان لە مشک و مار و جوورج پەیوەست نییە بە ترسى دیکەوە. تەنیا پەیوەندى بە ئەزموونى خودى شتکە خۆیەوە هەیە، ئەمە فیسۆلۆژیا و سایکۆلۆژیاى مێینەیە کە ڕێژەى ترسى زۆرترە لە مشک و ئەڕبابەکانى، بۆیە ئەمە بەڵگەیەکى نالۆژییکییە، ژن هەیە ڕەنگە بوێرى و چاونەترسى لە پیاو زیاتربێت، کەچى هەر لەم بونەوەرانەش دەترسێت. لە بەشى پرسەى باوکم لاپەڕە (270) کاتێک گەشاو دەچێتە سەردانى باوکى کە لە نەخۆشخانەیە و بێ هۆشە، بۆ جارى دووم دەیەوێت بچێتەوە سەردانى، لە دەرگەى نەخۆشخانە پۆلیسەکە ڕێگەى چوونە ژوورەوەى پێنادات و دەنووسێت (خۆم داماو کرد و بە درۆوە گوتم: بە خوا باوکم زۆر هیلاکە. ئەچم سەردانى دەکەم...) جانازانم بۆچى ئەم درۆیەى بۆ زیادکردووە، لە کاتێکدا هەر بەڕاستى باوکى نەخۆشە و لە نەخۆشخانەکەیە. لە بەشى ئاهەنگە تایبەتەکە و لە لاپەڕە (286-287) سەیوان شوانى گوندە و گەشاو ژنێکى بە مێردە، لەسەر کانى سەیوان کە شوانى گوندەکەیە، کوڕێکى گەنجى سەڵتە بۆ دڵنەوایى گەشاو دەچێت دەستى بەسەردا دەهێنێت. خۆى دەکات بە باوکى شەڤویی گەشاو، لە کاتێکدا لە تەمندا جیاوازییەکى ئەوتۆیان نییە. ئەمە لەگەڵ عورفى کۆمەڵایەتى و دابوونەریتى گوندێکى دواکەوتووى نەتەوەکانى سەدەى ڕابردووى کوردستان ناگونجێت، لانى کەم ئەم دۆخە بێ لێکەوتە و کاردانەوەى توندوتیژى تێپەڕنابێت. لە هەمان بەش و لاپەڕە (293) گەشاو لە وەسفکردنى سەیوان بۆ نەزیرە کە خەڵک وەک شێت ناساندوویانە، گەشاو دەڵێت: (نەزیرە سوێند بەهەرچى پیرۆزییە ئەو لە زۆر لە پیاوانى گوند و شار و ئەم نەتەوەیە عاقڵترە) لێرە ڕۆماننووس زێدەڕۆریی دەکات کە بە چ بەڵگەیەک چۆن و بە چ پێوەرێک سەیوانى کەڕولاڵ کە بە شێت ناوى ڕۆیشتووە، لە هەموو پیاوانى یەک نەتەوە عاقڵترە!! 
لە بەشى شەڕە یەک بە دواى یەکەکان لە لاپەڕە (330) گەشاو بەهۆى شەڕى ناخۆیی و ئەو نەهامەتییەى تووشى کورد هاتووە، دەڵێ تاکى کوردى ڕقى لە دایک و باوکى و لە خۆشەویستانى دەبێتەوە، بۆیە دەنووسێت (تەنانەت لە تۆش خوایە ڕقیان لە تۆ و پێغەمبەرەکەش دەبێتەوە) ئەمەیان هەرگیز ڕاست نییە و پێچەوانى کۆمەڵگەى کوردى مسوڵمانە کە بە هیچ جۆرێک نە ڕقیان لە خودایە و نە پێغەمبەرەکشى، بەڵکوو لە بینینى ناخۆشیدا خەڵک زۆرتر ڕوو لە خودا و نزاوپاڕانەوە دەکەن. لەبەشى سیما دەبێتە مامۆستا لە لا (330) سیما کچێکى تەمەن (13) ساڵانە و نەخۆشى شێرپەنجەى هەیە و خەونى بوونە مامۆستاى هەیە، گەشا و لاڤە ئەم خەونەى بۆ دێنەدى لە کۆمپانیایەکى خوڵ و وانە وتنەوە دەیکەن بە مامۆستاى وانەبێژ. بەڵام سەیرەکە لەوەدایە سیما نەوک تەنیا وەک مامۆستایەک قسە دەکات، بەڵکوو وەک پرۆفیسۆرێک دەردەکەوێت، تەنانەت ڕەخنە لە سیستەمى وانەگوتنەوە و شێوە مامۆستایەتى دەگرێت، بۆیە دەنووسێت (سیما پێى گوتم مامۆستایەتى هێندەى هونەرییە هێندە پیشەى نییە) بەمەش زیاد لە پێویست زیرەکى دەخاتە پاڵ سیما کە هەرگیز بۆ کچێکى (13) ساڵان بە تایبەتى لە کۆمەڵگەى کوردى ڕاست نییە. لەبەشى خۆشەویستى لە دەرگام دەدات لە ڵا (417) ڕۆماننووس ڕەخنە لەوە دەگرێت کە نابێت ژن و مێرد لاى مەلا مارە ببڕدرێن، بەڵکوو تەنیا دەبێـت لە دادگا بێت، بە بیانووى ئەوەى کە ئەگەر تەنیا لاى مەلا مارەبڕکران، مارەییان ناکەوێت، بۆیە دەنووسێت (گەشاو ئەوە شتێکى زۆر خەتەرە جا کە لێکیش جودابوونەوە هیچ مارەیەکت ناکەوێت) لێرە ڕۆماننووس بێ ئاگایە لە یاساى بارى کەسى عێراقى کە مەرج نییە، تەنیا مارەکردن لە دادگا کرابێت، ئینجا هەقى مارەیی و مافەکان بکەوێت. بەڵکوو بە دوو شایەد گرێبەستى هاوسەرگیرییەکە دەسەلمێنێت و مادەى (10 برگەى 5) لە یاساى بارى کەسى لەسەر پیاوەکە دەکرێتەوە، جگە لە ماف و یەکلاکردنەوەى هاوسەرگیرییەکە سزاى یاسایى پیاوەکە وەک بکەر دەدرێت.
ئەمانە هەڵەى زەقەکانى کانێ بچووکێ بوون کە خستوومەتە ڕوو، جگەلەوەى ڕۆماننووس بە هیچ چەشنێک خۆى لە بەکاهێنانى وشەى عەرەبى نەپاراستووە تەنانەت لە ڕووى ڕێنووسیشەوە هەر بەزمانى عەرەبى کۆمەڵێک وشە دەنووسێت وەک اصلاح. بۆ کەچەڵ و اختصاص بۆ تایبەتەمەندییەتى و مطبخ بۆ ناندین و چێشخانە. لە چەندین شوێن دووبارە دەبنەوە. 
 
گۆشەنیگا
گۆشەنیگا لە ڕۆمانى کانێ بچووکێ چەندین گۆشە نیگاى جودا جودا دەبیندرێن، کە ڕۆماننووس لە گێڕانەوەى هەر ڕووداوێک لە پاڵ گۆشەنیگاى مەبەستى سەرەکى ڕۆماننووس چەندین گۆشە نیگاى لابەلا دەخاتە ڕوو، بەمەش کانێ بچووکێ لە گۆشەنیگاى گشتى و تایبەتی دەوڵەمەندە. نووسەر بە ئاگاییەوە کارى لەسەر کردووە.
 
پەیام
پەیامى ڕۆمانى کانێ بچووکێ نیشاندانى دواکەوتوویى کۆمەڵگەى کوردى و کارکردن بۆ ێیشخستنى کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارییە.
 
ئەنجام
لە کۆتایى بابەتەکەمان بەوە گەیشتن کە ڕۆمانى کانێ بچووکێ بە هەناسەیەکى ژنانە و دید و بۆچوونى ژنانە نووسراوە و زۆربەى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکە هەر بە ئاست و تێگەیشتن و ڕوئیای ژنانەوە دەڕوانێتە چارەسەرى کێشە و گرفت و مەینەتییەکانى کۆمەلگە. ژن زۆرتر ڕۆڵى فریادڕەس دەگێڕێت و پیاوان لاوازتر ئەم دەورەیان پێداراوە و زیاتر پیاوان کراونەتە ئامانج و بەشى سەرەکى گرفت و ئاریشەکانى کۆمەڵگەى کوردییان بەرکەوتووە. 
 سەرچاوە:
ڕۆمانى کانێ بچووکێ. جوان عوسمان حمە امین. چاپى 2023. چاپخانەى پاندا. سلێمانى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە