لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


رۆشەنبیر و دەسەڵات

Monday, 03/06/2024, 21:40

506 بینراوە


موسا عەنتەر لە یادەوەریەکانی خۆی باسی شاعیرێك دەکات لە سەردەمی هارون الرشید کە هێندە شیعری بە شان و باڵی خەلیفەدا هەڵی دابوو ، ببوە جێی سەرنج و قسەو باسی دەوروبەری . بە جۆرێك لە شیعر هۆنینەوەدا بۆ خەلیفە چوبوە پێشەوە تا ئەو سنورەی ،کاتێ بەو پەری دڵ رەقی یەوە ، نەیارێکی خۆی سەردەبرێ . کاکی شاعیر ، لە چەند دێرێکدا دەڵێ ،، ئێوە سەیر کەن بەو دەستە ناسك و نەرمانەی چەند جوان سەری ئەو درندەیە دەبرێ و چەند بە هونەرەوە دەی کوژێ . کاتێکیش لێی دەپرسن بۆ ئەوەندە بە شان و باڵی هارون رەشید دا هەڵ ئەدەی لە کاتێکدا خۆتیش ئەزانی کە کەسێکی خۆێنرێژە .ئاخۆ ئەمە ماستاو چیتی نی یە تۆ دەیکەی ؟ . بۆ ئەوەندە شعرکانت لاکەمن تا بیانکەیتە ملوانکەی جەلادێك کە مرۆڤ دەکوژێ و داهێنان لە کوشتندا دەکات . کاکی شاعیر ووڵامیان دەداتەوەو دەڵێ ، ئەگەر سەرگورشتەی من بزانن و لە جێی من بن رەنگە لەمن زۆرتر بڵێن و زۆرتی بۆ بهۆننەوە ، گەلۆ ، من لە گەڵ دوو مناڵی تر فرۆشراین بە چەند سەرداری کۆیلەیەك، ئەوانیش لەسەر ئەوەی چیمان لێبکەن، بوونە دووبەشەوە. بەشێکیان دەیان ووت با بیان خەسێنین و بەشەکەی تر دەیان ووت با دەستیان لێ نەدەین و هەر وا بیان فرۆشین . من بەر ئەو کەسە کەوتم کە دژی خەساندنمان بوو . بەڵام هاوەڵەکانم کە دوان بوون لەبەر چاوی من بە تیغێکی داخکراوو ، گونیان لێکردنەوە و خەسێنران ، نەقیرەو ناڵەو هاواریان و نە فرمێسکی زۆری رژاویان فریایان نەکەوتن . من هێنرام بۆ بەغداد و لەوێ کابرایەك کریمی وبردمی بۆ کۆشکێکی مەزن ، کە تا ئەوکاتە چاوەکانم هۆڵ و دینگەو دیواری وا رازاوەی نەدی بوو . رازی بوون بە کرینم و ووتیان بیبەن تا بیخەسێنن . هەر کە بیستم چیم لێ ئەکەن شیوەن وهاوار وفرمێسکی دوو هاورێکەم هاتنەوە گوێکانم و چاوم خوێنی رژاوی گونەکانیانی هاتەوە بەرچاوو . بۆیە رامکردە باوەشی ژنێك کە لەو مەجلیسەدا دانیشتبوو . ئەویش کە روانیە چاوەترساوەکانم ورەنگە پەریوەکەی دەمووچاووم ،دڵی نەرم بوو . فەرمانی دەرکرد کە ئەم مناڵە خۆم بەخێوی دەکەم و گەورەی دەکەم ، پێویست بەخەساندن ناکات . هەر واش بوو منی لە گەڵ کورەکەی خۆی، پەروەردە کرد و وەك کورەکەی نازی دەکێشام و جیای ناکردمەوە لەوی . هەر چی بۆ ئەوان ببوایە بۆمنیش دەبوو ، هەر چیان بخواردایە منیش دەمخوارد . لە کاتێکدا هاورێکانم خەسێنرابوون لە شوێنێکی تر، من نەك هەر نەخەسێنرام بەلکو وەك شازادەیەك ژیانم دەبردە سەر و لە زۆر دەردوو بەڵا رزگاریان کردم ، ئەو ژنە دایکی هارون الرەشید و ئەو کورەش کە من لە گەڵی پەروەردە کرام خەلیفە هارون بوو . ئیتر من ئەگەر شیعر بەسەر هارونی برامدا نەڵێم ، ئاخۆ نمەك حەرام و بێ وەفا دەرناچم بە رای ئێو ؟ . ئەگەر ووشەی جوانی بۆ نەهۆنمەوە ، ئاخۆ کەسێك نابم بە خراپە بەرامبەری چاکەم دابێتەوە ؟. ئاخۆ کەسێکی ناکەس بەچە نابم ؟ .
لەسەردەمی نوێشدا ، بیرمەندێك لە هایدگەر دەپرسێ ، ئاخۆ بەراستی تۆ ئەو خوێنرێژە، بە مرۆڤێکی چاکەخواز دەژمێری ،کە دەستەکانی تا مەچەکی خوێنی لێ ئەتکێ ؟ . کە ئاماژە دەکات بۆ هیتلەر، هایدگەر ووڵام دەداتەوە ،،، ئەوە بەراستە ،،،تۆ سەیری دەست وپەنچە نەرمەکانی ناکەی چەند جوانن.؟ ئاخۆ ئەو دەستە نەرمانە هی ئەوەن خەڵکی بکوژن ؟ .
لەم دوو وێنەیەدا ، دوو کەسایەتی جیاواز دەبینین ، لە دوو سەردەمی جیاوازدا ، بۆیە لەسەرمە ،دوو وێنە پیشان بدەم کە تەواو پێچەوانەی ئەم دوو کەسایەتییانەن .
یەکەم ،فەیلەسوفێکی مەزن وپراوپر لە بروا .پراو پر لە ژیان و تێکۆشان و ململانێی و ئازایەتی و مرۆڤدۆستی. لەژیانی فکری خۆی دا ، زۆرترین کاتی خۆی بۆ شیکاری و تاوتێکرنی دراو و ئابوری تەرخانکردبوو ، لەکاتێکدا لە برسێتی و شەرێکی بەردەوامدا بوە لەگەڵ هەژاریدا . یەکێک بوو لەو فەیلەسوفانەی لە مێژودا گەورەترین کاریگەری لەسەر رەوتی ژیان و مێژودا هەبووە . ئەو هەژارییەی تێیدا ژیاوە ، نەك تەنها لەسەر خۆی بەڵکو لەسەر مناڵ وخانەوادەکەشی کارەگەری زۆر نەرێنی هەبووە . هاوژینەکەی ودوو سێ مناڵی لە ژێر کاریگەری هەژاری گیانیان لە دەستدا . تەواوی ژیانی بەرەنگاری لە هەژار و نەداران کردوەو دژی سەرمایەدار وچاوچنۆکیی ونا داتپەروەری بۆتەوە . لە کاتێکدا تەنها گەر بێدەنگ بوایا و دژی شاو سەرمایەداران نوسینی نەنوسیایە ، لە پارەو ئاڵتون هەڵیان دەکێشا . بۆ ساتێکی کەمیش خیانەتی لە بیر و بروای خۆی نەکرد و ژیانی خۆش و جل وبەرگی ئاورێشمی فریوی نەدا . هەتا مرد ، باڵای بیروباوری ، لە تەواوی شاو میرنشین و سەرۆکەکان و دەوڵەمەندەکان بڵندتر زانی و نەچوە ژێر باڵی هیچ پاشا و سەرمایەدارێکەوە . بەدڵنیاییەوە مەبەستم کارڵ مارکسە .
دووهەم . شاعری هەژاران و بێ نەوایان و چەوساوەکان ، مامۆستا قانع . ،شاعرێکی رۆشەنفکر بە مانای ووشە ، هەژار دۆست و مرۆڤ دۆست و کوردپەروەر و پراوپر لە بروابوون بە مرۆڤایەتی و زانست و زانین . هەمیشە بیرو بیرکردنەوەی لە خزمەتی دەرهێنانی کۆمەڵگاکەی بوو لە جەهالەت وبیری تەسك و تاریکی سەدەکانی ناوراست . دژی وویستی پاوان خوازی و پەرژەوەند خوازی ئاغاو دەرەبەگ و سەرمایەدارن بوو . لە شوێنێك دەڵێت ،
لە سایەی عیززەتی نەفسم، لە پاشا مەرحەبا ناکەم
لە ئەربابی کەرەم دوورم، بە کەس خۆم ئاشنا ناکەم
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم، سواڵی سەرکەوا ناکەم
ئەگەر چی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بە با نادەم
لە کاتێکدا وەك خۆی دەفرموێت ، لە سایەی عیزەتی نەفسم لە پاشا مەرحەبا ناکەم ، دەی ئەگەر بیکردابا . ئیستا ئەو ناوە نەمرەی کە هەیەتی ، نەیدەبوو . ئەگەر لە پاڵی ووشە چنین خەریکی زێر کۆکردنەوە بوایا ، ئەوە کەس نەبوو پێی بڵێ شاعیری هەژار وچەوساوەکان و بۆ خۆی و نەوەکانیشی لە جێی شانازی و سەربەرزی ،تەنها پارەی دەهێشتەوە.

ئەم نمونانە هەر چەند لە سەردەمی ئێمەدا نەژیاوون ، وەلێ تەنها بەناو هێنانیان، لە ناخی دەروونماندا پەنجەمۆرێك بەجێ دەهێڵن . ئەوانەی ، نزیکی دەسەڵاتن وبونەتە قەڵەمی دەستی ستەم کاران ،پێیان قڵس و دڵگوشراوو دەبین و بەوانەش کە تامردن لەسەر بیرو باوەری خۆیان ماونەتەوە ، دەگەشێینەوەو دەرونمان پر ئارامی دەبێت و دەبنە جێی شانازیمان . ئەم نمونانە پرسیارگەلێك دەهێننە پێشەوە و لێناگەرێن تا لە تێرامان و بیرکردنەوەدا نقوم نەبین . هەناسەیەکی ئارامی بدەین . هەندێ لەو پرسیارانە ، ئەمانەن .

ئاخۆ بۆ هەندێ قەڵەم بەدەست و خۆ بە رۆشەنبیرزان ، نزیکی دەسەڵاتداران دەبنەوەو دەبنە پەردەی داپۆشەری ستەم و لادان و تاوانەکانیان . ئاخۆ هەر رۆشنبیرێك یان هەر قەڵەم بەدەستێك ، تا چەند بۆی هەیە لە ناوەندی دەسەڵات نزیك بێتەوەو کەی باڵەکانی بە ئاگری بێدەنگ بوون لەستەم و نادات پەروەری دەسوتێت و کەسایەتی دەبێت بە دووكەڵی وەهمێکی گەورە ، نزیکتر لە وەهمی گەورەی ناوی خۆی . ئاخۆ ئەو نوسەرەی کورت ترین نوسینی لە باڵای دەسەڵاتدارین ستەمکار بڵندر بێت ، بۆ دەبێت بە کۆیلەو پێنوسەکەی بۆ مشتێ دۆلار دەفرۆشێ و سوتانی جەرگی دایکە رەشپۆشەکان نابینێ کە بەدەستی هەمان دەسەڵاتداری ستەم کار خوێنیان رژاوەو تیرۆرکراون وسەرباری ئەوەش کراون بە تیرۆرست . سەیرە ، ئاخۆ کام لەو رۆشنفکرانە بۆی هەیە ببێت بە پێنوسی ستەمکار . ئاخۆ ئەوانەی دەبن بە چنگاڵی دەستی دەسەڵاتدار ، تا چەند بۆیان هەیە باسی بیری ئازادیخوازانە بکەن و فەلسەفەی ئازادی بۆ کەسانێك شیبکەنەوە کە زۆر لە خۆیان ئازاد ترن .ئاخۆ ئەو نوسەرانەی لەسەر وەختێك پەرتوکیان لەسەر گەندەڵی و دژە گەندەڵی کردوە بەکوردی بۆ ئیستا خۆیان دەستیان لە گەڵ دەسەڵاتێکی ستەم کار تێکەڵ کردوە و خۆشیان بونە بە کەسێکی گەندەڵ . ئاخۆ ئەو کەسانەی لە ئەورپا و بەتایبەتی لە فەرەنسا بروانامەی قەبەیان هێناوەتەوە بۆ ئەوەندە خۆیان بە بچوك دائەنێن و دەبنە کۆیلەی دەستی دوو .هێندە بەئاستێکی نزم مامە حەمەیی دەکەن تەنانەت کۆیلەکانیش شەرمەزار دەکەن . لێرە نە بە پۆلێنکرنی گرامشی رۆشەنبیر جیادەکەینەوە ، کە خۆی نمونەی کەسایەتی رۆشەنبیری چالاك بوو .وە هەر خۆشی نمونەی ئەو رۆشەنبیرانە بوو کە خۆی دوور دەگرت لە دەسەڵات .نەك هەر دووری دەگرت بەڵکو دەساڵی رێكی لە زیندانی دەسەڵاتی فاشستەکان بردە سەر تەنها لەبەر ئەوەی دەیزانی باڵای نوسینەکانی لەباڵی سەرۆك وپاشاکان بڵندرە. وەنە بە پۆلێنی ئیدوارد سەعید رۆشەنبیر جیادەکەینەوە . ئەوەی بە چاوی خۆمان دەیبینین ئەوەیە ، لە هەرێمی کوردستان پارتەکانی دەسەڵات پێنوسی زۆربەی زۆری نوسەر و رۆژنامە نوسەکانیان کریوە و دەمیانیانی داخستوە . لە بری بێدەنگ بوونیان موچەو ئیمتیازاتی زۆریان پێدراوە .شوقە و سەیارەو پارچە زەوی باش باشیان پێ بەخشراوە . لە گێرانەوەی شەرێكدا کە کۆمەڵێ دەروێشی شێخێك دەیگێرنەوە وەك شانازییەك بۆ بەهێزی و پاکی شێخەکەیان ، موسا عەنتەر دەڵێت ، دەروێشەکان باسی تۆپبارانی سەختی عوسمانیەکانیان کردوە ودەیان ژن پارچە پارچە بونەو دەیان مناڵ لاشەیان هەلا هەلا بوە . بەڵآم کاتێ گولە تۆپێ بەر مەرقەدی ئەو شێخە دەکەوێ کە مزارەکەی لەوێ دەبێ . ئاسمان رەنگی دەگۆرێ و تۆفان و باران جەندرمەکان لە ناو دەبەن . موسا عەنتەر بەو شێخە دەڵێ ، دەبێ ئەو شێخە زۆر بێ شەرەف بوبێت . چونکە تا دیواری مزارەکەی خۆی بەرنەکەوت ، چاوی لاشەی ژن و خوێنی رژاوی مناڵەکانی نەبینی . ئەم نمونەیە بۆ ئەو نوسەرو رۆژنامە نوسانەی کە دەسەڵات لەخشتەی بردوون هەر راست و دروستە . بە چاوی خۆیان نادات پەروەری و گەندەڵی و پرسێتی هاوڵاتیان و گرتنی بەناحەقی رۆژنامەنوسان دەبینن و دەم ناکەنەوە . تا رۆژێ دێتە سەرخۆیان و ئەو کاتەش کەسێك نابینن لە دەوری خۆیان . ئەم باسە فرەوان و قولە ، باسی دوو بەرەی کاروانێکە لە قۆناغێکی ژیان کە دوای قۆناغێکی تر دەبێ بە مێژوو ، جێی خۆیەتی پێنوسە دژ بە ناوزراندنی خۆیان هەوڵ بدەن خاڵەکان بکەنەوە سەر پیتەکان و رۆشەنبیری دەسەلات و پێنوسی نۆکەر لە پێنوسی پر شانازی جیابکەنەوەو هەرکەس لای خۆیەوە پەرێزی خۆی پاكبکاتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە