ئەڵێم نەخێر! ئەمڕۆ و لە دوای زیاتر لە سی ساڵی تەمەنتان، پڕ بە دڵ ئەتوانم بڵێم نەخێر.
ئەڵێم نەخێر چونکە دونیای سادەیی ئێمەتان کوشت و دونیایەکی ئاڵۆزتان بۆ خوڵقاندین. هەر بۆیە دەڵێین بڕۆنەوە و ئاڵۆزییەکانتان ببەنەوە، بڕۆنەوە و سادەییەکانمان بۆ بگێڕنەوە.
ئەمڕۆ سلێمانی و هەولێر و دهۆک بوون شاری ملیۆنی. ژمارەی باڵەخانە و هۆتێل و مەلەوانگە ومەلها و گازینۆ و ڕێستورانتەکانی بێ شوومارن. هەموویان بپێچنەوە و لە گەڵ خۆتاندا بیانبەنەوە بۆ ئەشکەوتەکان. شارە چەند سەدد هەزارییەکەی جارانمان بۆ بگێڕنەوە، چەند هۆتێلێک و چەند ڕێستورانتێک و چەند چاخانە و چەند کتێبخانەیەک و چەند یانەیەکی مەی خواردنەوەمان بدەنەوە.
ئەمڕۆ دونیای ئێمەتان پڕ کردووە لە ڕیش و جبە و نیقاب و حیجاب و حەڵال و حەرام. ئەمڕۆ خوێنی گەنجان حەڵال ئەکەن، بەرماڵ هەڕاج ئەکەن، قاچاخچێتی بە کەعبەوە ئەکەن، ژن ئەکوژن، ژن ئەخوازن، ژن سەبی ئەکەن و وەکو کاڵا بە بازاڕەکاندا ئەیانگێڕن. ژمارەی مزگەوتەکان هێندەی ژمارەی دانیشتووانە و نوێژی هیچیان لە لای ئەوی تریان ناگاتە لای خوا. هەر هەموویان ببەنەوە لە گەڵ خۆتاندا بۆ ئەشکەوتەکان. تەنها بەرماڵە خاوێنەکەی باپیرەم و سەرپۆشە سپیەکەی داپیرەم و مزگەوتی کاک ئەحمەدی و مزگەوتی شێخی چۆلی و مزگەوتی ئیخوان و مزگەوتەکانی لاکۆڵان و کەنیسە و پەرستگاکان و لالشم بۆ بەجێ بێڵن. ئەوانە بەشی ئیمانی هەر هموومان ئەکەن و پێویستمان بەم ئایینە نوێیانە نیەو بیبەنەوە بۆ خۆتان.
بڕۆنەوە، هەرچی ڕۆژنامە و سەتەلایت و ڕادیۆیە، لە گەڵ خۆتاندا بیبەوە و تەنها ڕادیۆ تەشویشەکەی ئێزگەی گەلی کوردستان و دەنگی کوردستانی عێراقمان بدەنەوە. ئەو دەنگە کزەی جارانتان کە بەشی کوردایەتی هەموومانی ئەکرد. نەوەک ئەم هەموو میدیایەی ئەمڕۆ کە هەر ڕۆژە بۆ داگیرکەرێک سەما دەکەن و هەر ڕۆژە و هەلهەلە بۆ ئەتککردنی پارچەیەکی کوردستان لێ دەدەن. بڕۆنەوە هەموو کتێبە بیرەوەرییە سیخناخ بە ڕق و خوێن و درۆکانیشتان، لە گەڵ خۆتاندا ببەنەوە و ئەو کەمە درۆیەی شاختان کە بەشی قەناعەتی هەموومانی ئەکرد، بەس بوون.
بڕۆنەوە لەوە زیاتر کوردبوون و کوردایەتی ناشرین مەکەن. بڕۆنەوە و هەموو دروشم و ئاڵا و وتارە دوور و درێژەکانتان ببەنەوە، چونکە شەقی مولازم موحسینەکان کوردایەتی باشتر فێر ئەکردین لە دەسەڵاتی دەست و پەنجە خوێناوی و گیرفان بڕ و خیانەتکاری وەکو ئێوە.
بڕۆنەوە با سنورەکانمان لە هەر چوار لاوە لە سەر داخەن. بڕۆنەوە با شارەکان بکەن بە زیندان بۆ خێزانەکانمان. بڕۆنەوە و خۆشەیستی و وابەستەگیمان بە خاکەوە بۆ بگێڕنەوە. چونکە لە سەردەمی ئازادی و بێخەمیدا، هەڵهاتن لە دەستی ئێوە بووە بە کوردایەتی. بڕۆنەوە و لە کۆڵمان ببنەوە، وا هەمووان بووین به خۆراکی ئیجەکان و عاشق بە خنکانی خۆمان بووین.
بڕۆنەوە با زیندانەکانی جاران پڕ بن لە لاوی خوێن گەرمی نشتیمان، نەوەکو زیندانەکانی ئێستای ئێوە کە پڕ پڕن لە ڕۆژنامەنووس و نەیاری حزب و بێ تاوان. بڕۆنەوە جەلادە بێگانەکانی جارانمان بۆ بگێڕنەوە، چونکە برینی ئازاری جەلادی هاوزمان زۆر بە سۆیە.
بڕۆنەوە و سی ساڵی تەمەنیشتان لە گەڵ خۆتاندا ببەنەوە. هەتا زووە بڕۆنەوە، زیان لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە. چونکە ئێوە نەوەیەکتان خستۆتەوە دواجار نە مرۆڤایەتی ئەفامێ و نە کوردایەتی. نەوەیەک ئامادەیە تەڕی ئێمە و وشکی ئێوەش پێکەوە بسووتێنێ. نەوەیەک یان مەستی حەشیشە یان داعشە یان بێ ئیشە. بڕۆنەوە و سی ساڵی خۆتان ببەنەوە،
چش لە سی ساڵی تەمەنی ئێمە. بڕۆنەوە و لێمان بگەڕێن تا دووبارە خۆمان خۆمان پەروەردەی نشتیمانی و مرۆڤایەتی بکەینەوە. بڕۆنەوە!