ئاگاداری خوێنەرە بەڕێزەکان دەکەینەوە، کە هەڵەیەکی تەکنیکی لە ژمارەی کلیک و خوێندنەوەی نووسینەکاندا هەیە و لە هەوڵی چاککردنیداین.


یاداشتی ڕاوێژکارێکی ئه‌ردوگان

Sunday, 14/07/2024, 21:13

1457 بینراوە


بڕیارم‌دابو پشوی ئه‌مساڵم له باکوری ئێراق واته ئه‌و ناوچانه‌ی به کوردنشین ناسرابون به‌سه‌ربه‌رم، هیچ جۆره مه‌ترسیه‌کم له‌سه‌رنه‌بو چونکه ئه‌وناوچانه زۆرده‌مێک‌بو له‌ژێر کۆنترۆڵی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی خۆماندابون، ئه‌ردوگان به‌که‌سایه‌تیه به‌هێزه‌که‌ی خۆی ته‌واوی سه‌رکرده‌ کورده‌کانی ملکه‌چ‌و گوێڕایه‌ڵ کردبو، هه‌رچی ده‌ستکه‌وتێکیان له فرۆشتنی نه‌وت‌و گومرگ‌و بازرگانی هه‌بو، هه‌رچه‌نده زۆر کۆڵه‌واریش‌بون له‌وبواره‌دا، له‌گه‌ڵی ده‌کردن به‌دوو به‌شه‌وه بێ‌ئه‌وه‌ی نقه‌یان لێبێته‌‌ده‌ره‌وه ته‌نانه‌ت هێشتا سوپاسگوزاریش بون‌و زۆرجار کاری سیخوڕشیان بۆ ده‌کردین، هه‌رکاتێکیش ئاره‌زوومان‌بوایه دژی ئێراق به‌کارمان ده‌هێنان‌و چۆنمان بویستایه به‌وجۆره‌یان ده‌کرد. ئه‌مانه‌یان هه‌موو ده‌کرد ته‌نها بۆئه‌وه‌ی ئه‌ردوگان لێیان توڕه‌نه‌بێت‌و له‌ده‌سه‌ڵات‌و نفوزیان که‌م نه‌کاته‌وه. من زانیاری زۆرباشم له‌سه‌ر ئه‌وناوچانه هه‌بوو به‌رده‌وامیش ئاگاداری هه‌مووشتێک بوم، به‌ڵام تائه‌وکاته سه‌ردانم نه‌کردبو. به‌یانیه‌ک زوو له‌گه‌ڵ خێزانم‌و شۆفێره‌که‌م له‌سنوره‌وه په‌ڕینه‌وه‌و به‌ره‌وخواربوینه‌وه به‌ره‌و زاخۆو دهۆک‌و پاشان ناوچه‌کانی هه‌ولێرو ئه‌مجا سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ری، هه‌رچه‌نده سیخوڕمان له هه‌موو جێیه‌ک هه‌بو به‌ڵام من پێمخۆش‌بو خۆم بڕیاربده‌م‌و کوێم‌پێخۆشبێت بڕۆم. له‌ماوه‌ی دووڕۆژدا ئه‌و سروشته به‌هه‌شت‌ئاسا جوانه‌‌م بینی که به‌ڕاستی له‌ ده‌ریاکان‌و چیاودۆڵه‌کانی ئێمه زۆرجوانترو شۆخ‌وشه‌نگتربو ئه‌مه بێجگه له‌وهه‌موو بیره‌نه‌وت‌و کانزاو گازی سروشتی‌و ئه‌وهه‌موو زه‌ویه به‌پیت‌و به‌ره‌که‌تانه‌ی ئه‌مسه‌روئه‌وسه‌ریان دیارنه‌بو، ئه‌وه‌ی بیستبوم ده‌رباره‌ی ئه‌وناوچانه له‌چاوئه‌وه‌دا که‌به‌چاوی خۆم بینیم جیاوازیان ئاسمان‌وڕێسمان‌‌بو ،له‌ڕاستیدا هه‌رچه‌نده زۆرهیلاک‌وماندوبوم‌و ته‌نها ٢ ڕۆژ له‌ماوه‌ی پشوه‌که‌م تێپه‌ڕی‌بو، بڕیارمدا ڕاسته‌وخۆ بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌نکه‌ره‌و ئه‌ردوگان ببینم، له‌ڕێگای فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه که کورده‌کان به‌پایته‌ختی خۆیان داده‌نا گه‌ڕامه‌وه‌و هه‌رئه‌وڕۆژه چومه ئۆفیسه‌که‌ی ئه‌ردوگان‌و داوای بینینم کرد. هه‌رچه‌نده کارمه‌نده‌کانی هه‌مویان هاوڕێی خۆم‌بون به‌ڵام پێیان‌ڕاگه‌یاندم که ئه‌ردوگان له‌م چه‌ندڕۆژه‌دا زۆر سه‌رقاڵه‌و به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌‌ی په‌تای کۆرۆناشه‌وه زۆرکه‌م خه‌ڵک ده‌بینێت به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین بۆئه‌م پاشنیوه‌ڕۆیه مه‌وعیدێکت بۆ وه‌رگرین. هێنده‌ی پێنه‌چوو ته‌له‌فۆنیان بۆکردم‌و بێ‌دواکه‌وتن خۆم‌گه‌یانده‌ئه‌وێ. هه‌رله‌ده‌رگاوه ئه‌ردوگان گوتی ئه‌دی تۆ پشوی ساڵانه‌ت نه‌بو چ ده‌که‌یت لێره خێره وابه‌په‌له‌یت؟. منیش بێ هیچ پێشه‌کیه‌ک گوتم دووڕۆژه له باکوری عێراقم ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه بۆمن وه‌کو ڕاوێژکارێک‌و که‌سێک که بۆپاشه‌ڕۆژی میلله‌ته‌که‌ی خۆی کارده‌کات. قوربان ئه‌و ناوچانه بێ هیچ جۆره ئه‌گه‌روبه‌ڵامێک ده‌بێ به‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر نیشتمانی خۆمان، من ته‌نها بۆ ئه‌مه گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌و ئێستاش کات زۆرله‌باره‌و پێویسته په‌له‌بکرێت. سه‌رکرده کورده‌کان زۆر بێ‌نمودو گه‌نده‌ڵ‌و لاوازن له‌هه‌موو ڕویه‌که‌وه، سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی تاڕاده‌یه‌ک پشتگیریمان ده‌کات، ئێمه‌ش له‌ناوچه‌که‌دا ته‌واو به‌هێزین‌و ڕکابه‌رمان نیه، هات‌وهاواری کورده‌کانیش هیچ‌که‌س به‌پولێکی قه‌ڵب نایکڕێت‌و ده‌زانن چه‌نده دزوگه‌نده‌ڵ‌و خۆفرۆشن. قوربان پێویسته په‌له‌بکه‌ین تا کات تێنه‌په‌ڕیوه، هه‌لی وازێڕین به‌ده‌گمه‌ن دێته‌وه. من ئه‌مه وه‌کو ڕاوێژکارێک‌و وه‌کو تورکێکی ڕه‌سه‌ن‌و دڵسۆزی به‌ڕێزتان به‌ئه‌رکی سه‌رشانی خۆم ده‌زانم‌و پشوی ساڵانه‌م لاگرنگ نیه به‌ڵکو پاشه‌ڕۆژی نه‌وه‌کانی داهاتوی تورک‌و نیشتمانی تورکیامان بۆ من له‌سه‌روی هه‌مووشتێکه‌وه‌یه. ئه‌ردوگان که‌مێک بیری کرده‌وه‌و زه‌رده‌یه‌کی کردو گوتی ئێواره پێکه‌وه نان‌ده‌خۆین وه‌فدێکی ئه‌مه‌ریکیه‌کان لێره‌ن. منیش سوپاسم کردو گوتم ناتوانم بێمه‌وه به‌ڵام سوپاس‌وپێزانینم بۆ پشتگیریان له‌سیاسه‌تمان‌و هه‌ربه‌رقه‌راربێت هاوڕێیه‌تیمان. بۆ ڕۆژی پاشتر هێرشه‌کانی سه‌ر تیرۆریسته‌کانی په‌که‌که له‌باکوری عێراق ده‌ستیان پێکرد، ئه‌مجا تێگه‌یشتم بۆچی ئه‌ردوگان زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی‌ کرد. 
تێبینی: ئه‌م کتێبه وه‌رناگێڕدرێته سه‌ر زمانی کوردی چونکه ئه‌وکاته‌ش هه‌رده‌ڵێن ئه‌و شکسته‌ش موئامه‌ره‌‌ی دوه‌لی‌بو لێمان‌کرا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە