دەڵێم بڕۆم بێداریان بکەمەوە
Sunday, 14/07/2024, 22:13
1892 بینراوە
بەحاڵ
درزێ دەخەمە پەنجەرەکەوە
چۆلەکەیەک فێربووە
دێتە ناو ژوورەکەوە
ئیتر دەبم
بە پەیکەرێ لەبەرد
بۆوەی نەترسێ و
هەراسان نەبێ
بەڵام ئەو بێ پەروا
خۆی بە مێز و کتێب و
شووشەی پەنجەرەکەدا دەدات
باڵندەکان، ئۆقرەی
یەک ساتی کۆیلەبوونیان نییە
- شەمەندەفەرەکەی حیزب وەستا
بەسەدان کۆیلە لەم وێستگەیە دابەزین
بە سەدانی تریش
لە وێستگەی داهاتوو
دادەبەزن
ئەم شەمەندەفەرە
٣٦٥ ڕۆژەکەی ساڵ
کۆیلەکان لە خۆی باردەکا و
خۆی لە کۆیلەکان خاڵی دەکاتەوە
بەردەرگای مەکتەبی سیاسی و دەفتەری سیاسی
هەرگیز لە حەشاماتی کۆیلە خاڵی نابن
هەر دەڵیی یەکتر کۆپی دەکەنەوە
دەڵێم بڕۆم، بەر بە شەمەندەفەری کۆیلەکان بگرم
بێداریان بکەمەوە!
عەقڵم دەڵیت: ئەو کارە بکەیت
لە هەواڵەکانی سەعاتی هەشتا
لە دوای دەم باش ئینجا دەڵێن:
- تیرۆریستێک
ویستی شەمەندەفەرێک، بتەقێنێتەوە!
- بەڵام من تەنیا
دەفتەرێکی بەرباخەڵم پێیە و
قەڵەمێک!
----------
دەزانم...
- من خۆری هاوینی سوێد نیم
چاوتروکاندنێک
لە نێوان شە و بەربەیاندا
جێت بهێڵم!
- دەزانم ....................گیانە
کە ڕۆیشتی نایەیتەوە
ڕۆشتن و نەهاتنەوە
پیشەی تۆ و من و ئینسانەکانە
زەماوەند
زەماوەندی " هەناسە" و " با "
بوو
دایکی "هەناسەی سارد"
هەڵدەپەڕی و
کیژۆڵەکەی
سووتاندنی کتێبەکەی
"دەگریا"
---------
ڕستەکەی تر
منداڵەکە
بیری دەکردەوە
- ئەگەر خوا نەخواستە
دایکم بمرێ
بڵێی......؟!
تێرتێر گریا
ئیتر نەیوێرا
بیر لە ڕستەکەی
دواتر...
بکاتەوە...
---------
کتێبەکە
کتێبەکەی"ئەلف" و "بێ" ی
کوردی
لەبەرباران
هەڵدەلەرزی
کیژۆڵەکە نای بە سنگییەوە
گوێی لە "گریان" ی
دوو "دار" ی "دوور" بوو!
-------
تیشکەکانی نێرگزی چاوت
بەسەر شۆستەکەدا
لەگەڵ خۆما
پیاسەم دەکرد
تیشکەکانی "نێرگزی چاوت"
کەوتبوونە
ناو چاڵێکی بچووکەوە
کە پڕبوو
لە فرمێسکی "خوێنینی دڵم"!
-----
کۆچ
شارت بەکۆڵی
خۆتدا،
داوە
ئاوڕ لەکەس،
"نادەیتەوە"
- خۆ هەر دەڕۆی!!
توخوا،
پێم بڵێ
کەی،
"دێیتەوە"؟!
پێشداوەریی
قەڵەم لە شمشێر
جوانترە
زەردەخەنەش
لە
خێسەی " پێشداوەریی"
-----
وێنەکەت
- چەند جار
تەماشای وێنەکەی دەکەی؟
- هەموو ترپە و
لێدانی "دڵ"
-----
مەودا
ئێستاش، ئێستاش دوای
ئەو " مەودا" نەفرەتییە!
هەر دەڵێی
ئەم بەیانییە بوو
کە "بینیت"
و
کە "بینیتی"!!
-----
دووجار ژیام دوو جار مردم
ئەو ڕۆژەی
گوێم لە دایکم بوو
وتی: "کوردستان"
ئەو ڕۆژەش
کە تۆم،
بوویتە "دەسگیران"
ئەو ڕۆژەی دایکم
"ئەسرین" ی باران
ئەو ڕۆژەش
ڕۆشتی و
شکاندت " پەیمان".
----
دڵبەردەکان
دڵ بەردەکان،
بەردەکانتان
لە "دڵ" تاندا
هەڵبگرن
بۆ ئەو ڕۆژەی بەسەر
"خۆتان" دا دەبارێ!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست