ماندێلا خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتوركی بۆ رەت كردەوە؟
Saturday, 20/07/2024, 20:29
801 بینراوە
ماندێلا چۆن باسی مافی كورد دەكات؟
نیلسۆن ماندێلا، سەركردەی خەباتگێڕ و ئاشتیخوازی باشووری ئەفریقیا، خەڵاتی ئاشتیی نێودەوڵەتیی مەستەفا كەمال ئەتاتوركی رەت كردەوە، كە لە ١٩٩٢، توركیا ئەوی بە شایەن زانی بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە. لەوكاتەوە دەیان شڕۆڤە و نووسین كرا، بەشێكیان پێیان وابوو، كە بەهۆی ئەو زوڵمەی خودی ئەتاتورك و حكوومەتی توركیا لە كوردی كردووە، ماندێلا خەڵاتەكەی رەت كردووەتەوە، بەشێكی دیكەیش باس لە هۆكاری دیكە دەكەن. بۆ ئەوەی بزانیت رەتكردنەوەی خەڵاتی ئاشتی ئەتاتورك لەلایەن ماندێلاوە هۆكارەكەی چی بووە، پێویست دەكات لێكۆڵینەوەی ورد بكەیت، هەروەها كەسە ئەكادیمی و نووسەرە گرنگەكان بكەیتە سەرچاوەی زانیارییەكانت.
”بۆ ئەوەی تورك بناسیت، یەك رۆژ كورد بە“ ئەمە ئەو گوتەیەیە، كە رۆژانە لە سۆسیال میدیاوە دەیبینین، كە بە گوتەی ماندێلا ناوی دەركردووە و گوایە ئەوكاتە ئەو قسەیەی كردووە، كە خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتوركی رەت كردووەتەوە، بەڵام پێویستە بەوردی بچینە ناو ئەو پرسەوە و بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەكادیمییەكان، بۆچوونی ماندێلا لەبارەی كوردەوە بزانین.
لە ١٩٦٤دا، ماندێلا بە تۆمەتی ئەنارشیستییەت و هەروەها تێكدانی ئاساییشی باشووری ئەفریقیا، بە خۆی و ٧ هاوڕێی بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ زیندانیی سزا دران و لە ١٩٩٠، بە ئازادی گەیشت و ئازادكردنی ئەویش بووە مانشێتی رۆژنامەكانی جیهان.
هەر لەدوای ئازادكردنی، ماندێلا دەیان خەڵاتی جیهانی لەبارەی ئاشتییەوە وەرگرت و نوقمیان كرد لە خەڵات، تا گەیشتە ئەوەی، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی جیهانی پێ بدرێت. كۆی ئەو خەڵاتانەی وەریگرتووە، ٢٥٠ خەڵاتی جۆراوجۆرە.
بەشێك لەو وڵاتانەی خەڵاتی ئاشتییان پێشكەش بە ماندێلا كرد، پێشتر وەكوو تیرۆریست ناویان دەهێنا، بەڵام ماندێلا هەمیشە باسی كاسترۆ و یاسر عەرەفات و موعەمەر قەزافیی كردووە، كە ئەوانی بە خەباتگێڕ ناو بردووە و پێی وابووە، بۆ گەیشتن بە ئازادی، ئەو سەركردانە گرنگن.
ئەوكاتەی جیاكاریی نەژادی لە باشووری ئەفریقیا دەستی پێكرد، كە رەشپێستەكان بەتوندترین شێوە دەچەوسێنرانەوە و وەكوو كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرا، توركیا بەشێوەیەكی دروست دژی ئەو سیاسەتە نەوەستایەوە، تەنانەت جورئەتی ئەوەی نەبوو، بەرگریی لەو توركانەش بكات، كە لە سەردەمی عوسمانییەكاندا چووبوونە ئەفریقیا و وەكوو سپیپێستێك لەوێ ژیانیان بەسەر دەبرد، چونكە سیاسەتی چەوساندنەوەی رەشپێستەكان، ئەو توركانەشی دەگرتەوە، كە سپیپێستن، بەڵام لەبنەڕەتدا خەڵكی ئەفریقیا نین.
دكتۆر حەلیم گەنجئۆغڵو، لێكۆڵینەوەیەكی درێژی لەبارەی رەتكردنەوەی خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورك لەلایەن ماندێلاوە كردووە، ئەو پێی وایە، دەبێت وردبینی و لێكۆڵینەوەی ورد بكەین، بزانین بۆچی ماندێلا ئەو خەڵاتەی رەت كردەوە؟
حەلیم، لێكۆڵینەوەكەی لە ماڵپەڕی (ئیندیپێندێنت)ی توركی بڵاو كردووەتەوە، پێی وایە لە ١٩٤٨ تا ١٩٩٤، توركیا رۆڵێكی باشی نەبینیوە لەبارەی ئەو زوڵمەی لە رەشپێستەكانی باشووری ئەفرقیا كراوە، كە بەهەموو شێوەیەك ئەوان دەچەوسێنرانەوە، بۆیە كاتێك (بزووتنەوەی دیموكراتی یەكێتی) دروست بوو و ماندێلا لە زیندانەوە پشتگیریی ئەو بزووتنەوەیەی كرد، تا بتوانن دژی ئەو چەوساندنەوەیە بوەستنەوە، توركیا بەهیچ شێوەیەك پشتگیریی ئەو بزووتنەوەیەی نەكردووە، ئەمەش ماندێلای نیگەران كردووە.
بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ئەكادیمی، چەوساندنەوەی رەشپێستەكانی باشووری ئەفریقیا لەوكاتەوە دەستی پێكرد، كە هۆڵەندا لە ١٦٥٢ ئەو وڵاتەی داگیر كرد و هەموو ئەو كەسانەی ملكەچی سوپای هۆڵەندا نەبوونایە دەكوژران و دەچەوسێنرانەوە، تەنانەت چەندین كەنیسەیان دروست كرد، كە خەڵكە رەسەنەكەی باشووری ئەفریقیا ناچار كران ببنە كریستیان و ئەگەر نەبوونایە، وەكوو كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرا، بۆیە سەرچاوەی كۆیلایەتی و چەوساندنەوەی رەشپێستەكان لەوكاتەوە دەستی پێكرد.
لە ١٩٤٨دا، ئیسرائیل یەكەم وڵات بوو، كە پشتگیریی لە سیاسەتی باشووری ئەفریقیا كرد و چاوی پۆشی لەو چەوسانەوەیە، لەكاتێكدا جووەكان بۆ خۆیان لەسەردەستی هیتلەر دیلی دەستی چەوساندنەوە بوون و نەدەبوایە ئەو زوڵمە قبووڵ بكەن.
رەخنەی جیدی، كە لە توركیاش دەگیرێت ئەوەیە، باشووری ئەفریقیا لەژێر داگیركاریی عوسمانییەكاندا بووە و لەسەردەمی ئەتاتوركیش پەیوەندیی دیبلۆماسی زۆر باش لەنێوانیاندا هەبووە، بۆیە دەبوایە پشتگیریی لە ماندێلا و بزوتنەوەكەی بكەن، تا رێگری لە چەوساندنەوەی رەشپێستەكان بگیرێت.
لە ٢١ی ٣ی ١٩٦٠، لە ولایەتی (ترانسڤال) و شارۆچكەی (شارپئێڤیلا)، خەڵكە رەسەنەكەی باشووری ئەفریقیا، دژی پرۆژەیاسەك خۆپیشاندانیان كرد، پۆلیس بەتوندی دژی خۆپیشاندەران وەستایەوە و ٧٠ كەسی لێ كوشتن، ئەوە بووە هۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە وەڵام و هەروەها میدیاكانی جیهانیش باسیان لێوە كرد، بەڵام زامبیا و تانزانیا و یەكێتیی سۆڤیەت، پشتگیرییان لە حكوومەتە چەوسێنەرەكەی باشووری ئەفریقیا كرد و هێزیان نارد تا خۆپیشاندەران بەتوندترین شێوە سزا بدەن و ماندێلا لەوكاتەوە خەبات دەكات تا رەشپێستەكان بگەن بەئازادی و دژی جیاكاری رەگەزیی وەستایەوە.
بۆچی لە ١٩٩٢ خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتوركی رەت كردەوە؟
ماندێلا سەرسام بووە بە كاسترۆ و یاسر عەرەفات، بەهیچ شێوەیەك باسی لە ئازار و مەینەتیی كورد نەكردووە، بەڵام لە دەیان شوێن باسی لە مەینەتیی فەلەستینییەكان كردووە و سەركۆنەی ئیسرائیلی كردووە، كە فەلەستینییەكانی چەوساندووەتەوە.
سەیری كتێبەكەی ماندێلا بكەن و بیخوێننەوە، زیاتر لە ٦٠٠ لاپەڕەیە، لە یەك شوێن باسی نەتەوەی كورد ناكات، لە یەك شوێن ناڵێت كورد بە دەستی ئەتاتورك، یان حكوومەتی توركیا زوڵمی لێ كراوە و باس لە هیچ پارچەیەكی كوردستان ناكات، كە عێڕاق و ئێران و توركیا و سووریا، دەیان زوڵم و كۆمەڵكوژییان بەرامبەر بە كورد كردووە.
باشە رێی تێدەچێت، ماندێلا خەڵاتی ئەتاتورك بەهۆی ئەوەی زوڵمیان لە كورد كردووە، رەت بكاتەوە؟
بەڵام ئەو پروپاگەندەیەی پەكەكە و ئەو وڵاتانەی دژی توركیان لەوڕووەوە كردوویانە، توانیویانە بڕوا بە خەڵكێك بهێنن، كە ماندێلا لەبەر كورد خەڵاتی ئەتاتوركی رەت كردووەتەوە.
حەلیم، لە لێكۆڵینەوەكەیدا، دان بەوەدا دەنێت، كە پروپاگەندەی پەكەكە لەوسەردەمەدا، لە ئەفریقیا زۆر لە دیبلۆماسییەتی توركیا باشتر بووە، چونكە توانییان بڕوا بە چەند میدیایەكی ئەورووپاش بهێنن، كە ماندێلا لەبەر كورد خەڵاتەكەی رەت كردووەتەوە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی ورد، بۆی دەركەوتووە، كە بەهۆی ئەو پشتگوێخستنەی توركیا لە ئازادیخوازانی باشووری ئەفریقیا، ماندێلا خەڵاتەكەی رەت كردووەتەوە، تەنانەت كاتێك ئازاد كرا، توركیا نامەیەكیشی بۆی نەنارد، ئیتر چۆن بە شیاوی دەزانێت خەڵاتی ئەتاتوركی پێ بدات و ماندێلاش بڵێت بەڵێ؟
راستە خەڵاتەكەی وەرنەگرت، بەڵام لە ١٩٩٩ پەشیمان بووەوە
لە ١٩٩٢، خەڵاتی ئاشتیی نێودەوڵەتی درایە ماندێلا، بەڵام ئەو لە رێگەی پارتەكەی كۆنسەی نێونەتەوەیی ئەفریقیا (ANC)، گوتیان ماندێلا هەموو تەمەنی خۆی لە رێگەی دیموكراتی و ئازادی پێشكەش كردووە، بۆیە خەڵاتی ئەتاتورك رەت دەكاتەوە.
كورد دڵی خۆش بوو، كە لەبەر ئەو زوڵمەی لە كورد دەكرێت، بۆیە ماندێلا رەتی كردەوە، بەڵام راستییەكەی شتێكی دیكەیە، چونكە هەر ئەو ماندێلایەی خەڵاتی ئەتاتوركی رەتكردەوە، لە ١٩٩٩، لەرێگەی چەند كەناڵێكی دیبلۆماسییەوە خەڵاتەكەی وەرگرت و پەشیمان بووەوە لەوەی لە ١٩٩٢ خەڵاتەكەی رەت كردووەتەوە.
گۆڤاری (ماركسیست)ی توركی، ئەوكات بڵاوی كردەوە، كە بەهۆی ئەوەی لە نەوەدەكاندا كورد دووچاری زوڵمی زۆر بووەوە، ماندێلا خەڵاتی وڵاتێك وەرناگرێت، كە میللەتێك بچەسێنێتەوە، هەر ئەوكاتیش ١٤ پەرلەمانتاری كوردی سەر بە پارتی (HEP) نامەیەكی دەستخۆشییان بۆ ماندێلا نارد و گوتیان سوپاست دەكەین، كە ئەو خەڵاتەت رەت كردووەتەوە. بەڵام یەك لێدوان، یان گوتەیەكی گوتەبێژی پارتەكەی ماندێلا نییە، كە بڵێت ماندێلا لەبەر ئەو زوڵمەی لە كورد دەكرێت، خەڵاتەكەی رەت كردووەتەوە، ئەوەی هەیە تەنیا پروپاگەندەیە.
خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورك، توركیا بۆ خۆی بێ بایەخی كرد و بەهای ئەو خەڵاتەی نەهێشت، چونكە لە ١٩٩٠، دیكتاتۆرێك ئەو خەڵاتەی وەرگرت، ئەویش كەنان ئێڤرەن بوو، كە دامەزرێنەری خەڵاتەكە بوو و ئەندازیاری كودەتای ١٩٨٠ بوو و وەكوو كەسێكی فاشیست و خوێنڕێژ و دكتاتۆر ناوی دەهێنرێت، تەنانەت توركیا بۆ خۆی ئێڤرەنی پێ دكتاتۆرە.
هەروەها هەموو ئەو كەسانەی دیكە، كە خەڵاتەكەیان وەرگرتووە و ١١ كەسن، هیچیان لەپێناو ئاشتی و ئازادیدا خەباتیان نەكردووە.
بۆیە ماندێلا، كاتێك بینیویەتی ئێڤرەن بووەتە خاوەنی ئەو خەڵاتە، كە دكتاتۆرە و توركیاش بێ هەڵوێست بووە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە ماندێلا و خەڵكە رەسەنەكەی باشووری ئەفریقیا كراوە، خەڵاتەكەی رەت كردووەتەوە، ئەوەی مایەی رەخنەشە لە ماندێلا، لە ١٩٩٩ پەشیمانیی دەربڕی و خەڵاتەكەی وەرگرت.
لە ٢٠٠٢، خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورك لە توركیا كۆتایی پێهات و ئیدی ئەو خەڵاتە نەدرایە هیچ كەسێك، دەكرێت بڵێین شكستی هێنا، بۆیە لە ٢٠١٣، بەفەرمی و لەناو پەرلەمانی توركیا، بە بڕیاری پەرلەمانتاران ئەو خەڵاتە دەرهێنرا و لە رۆژنامەی فەرمیی دەوڵەتیش بڵاو كرایەوە.
دەبێت خوێنەر بۆ خۆی بیر بكاتەوە و شڕۆڤەی زیاتر بكات، ئایە ماندێلا لەبەر كورد خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتوركی رەت كردووەتەوە؟ یان ئەو هۆكارە بووە، كە باسمان كرد؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست