KURDISTANPOST
کۆژین بەهادین
لابردني باج و شیرینی هەڵبژاردن
Saturday, 27/07/2024, 20:01
12542
بینراوە
باجی سەر کورتان و دەرزیی پەرەمێز
سەرۆکی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی هەرێم بڕیارێکی لەبارەی لابردنی چەند باجێک لەسەر هاوڵاتیان و کاسبکاران دا، میدیاکانی حزبەکەشی کە بە پارەی نەوت و قوتی ئەم میللەتە مانگانە بە ملیۆنان دۆلاریان تێدا خەرج دەکرێت، وەک بڵێی هەنگوینیان لە کلۆرە دارا دۆزیبێتەوە، وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی هەرێم ناویان دەهێنا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئاخۆ مەسرور بارزانی و میدیاکانی حزبەکەی ئاگاداری ئەو ٤٥٠ جۆرە باجەی دیکەن کە بەسەر هاوڵاتیاندا سەپێندراوە یان خۆیانیان لێ کردووە بە کەڕەی شەربەت؟
لە ماوەی پێنج ساڵی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا، سەرەڕای کێشەی مووچە، نەبوونی کارەبا، نەبوونی ئاو، دانەمەزراندن، بێبازاڕی، شکستی کەرتی تەندروستی، جێبەجێنەکردنی هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی و چەندان کێشەی تر، زیاتر لە ٤٥٠ جۆری باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیان و کاسبکاراندا سەپێندراون، هەندێک لەو باجانە هێندە سەیرن، لە تەواوی دونیادا وێنەیان نەبووە، کێ هەیە بیستبێتی باج بخرێتە سەر کورتانی گوێدرێژ و دەرزیی پەرەمێز و باجی تەوالێت!؟
هەرچەندە بە گوێرەی یاسا، بە هیچ جۆرێک لە دەسەڵاتی حکومەتدا نییە بە ویستی خۆی باج لەسەر هاوڵاتیان دابنێت و لایببات، بەڵام لەگەڵ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی ئەوەشمان بینی، کە بە ویستی خۆیان باج لەسەر هاوڵاتیان زیاد دەکەن و دواتریش خۆیان وەک رزگارکەرێک نیشان دەدەن و منەت بەسەر هاوڵاتیاندا دەکەن و دەڵێن،"بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت چەند جۆرێک باجمان لەسەر هاوڵاتیان لابردووە" بەبێ ئەوەی ماوەی لابردنی باجەکە دیاری بکەن، بەڵام وەک کورد دەڵێت، دەستەکەیان کەشفە، چونکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم کەمتر لە دوو مانگی ماوە، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆشیان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن، دەست دەکەن بە پینەوپەڕۆکردنی چەند ئیشێکی سەقەتی پێشووی خۆیان، لە دوای هەڵبژاردنیش دەچنەوە سەر دینەکەی خۆیان و دەست دەکەنەوە بە رووتاندنەوەی گیرفانی هاوڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە.
حکومەتەکەی مەسرور بارزانی زیانێکی وەهای لە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە داوە، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە هاوڵاتیانی هەرێم دۆخی بەو جۆرە خراپیان بە خۆیانەوە نەبینیوە، بەجۆرێک، لە رێگەی ٤٥٠ جۆر باجی جیاواز و کەمکردنەوەی دەستی کاری ناوخۆیی و دابەشنەکردنی مووچە و دروستکردنی قەیرانی جیاواز جیاواز، ئاستی هەڵئاوسانی لە ٢.١٢٪ـەوە بۆ ٥.٢٨٪ بەرز کردووەتەوە، کە ئەوەش بە گوێرەی پێوەرە جیهانییەکان، ئەو بەرزبوونەوەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا خەیاڵییە!
لە کابینەی نۆدا داهاتی باج بە رێژەی ٦٢١٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش وای کردووە کە نرخی کەرەستە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، بەجۆرێک، باج و نەبوونی دەستی کار بە رێژەی ٨.٥٧٪ نرخی گۆشتی سوور و مریشکی بەرز کردووەتەوە، نرخی شەکر و رۆن بە رێژەی ٦.٢٣٪ بەرز بووەتەوە، نرخی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان بە رێژەی ٢.٥١٪ بەرز بووەتەوە، نرخی کارەبا بەراورد بە عێراق بە رێژەی ٦٨.١٢٪ بەرز بووەتەوە، لەکاتێکدا، رۆژانە هاوڵاتیانی هەرێم لە باشترین حاڵەتدا شەش کاتژمێر کارەبایان پێ دەدرێت.
ئەمانە بەشێکن لە خەرمانی دەستکەوتەکانی مەسرور بارزانی و حکومەتە کاربەڕێکەرەکی لە ماوەی پێنج ساڵدا، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئاخۆ هاوڵاتیانی هەرێم قبوڵ دەکەن جارێکی دیکە ئەم دەموچاوە دووبارانە دەسەڵات وەربگرنەوە و هێندەی دیکە گیرفانیان تاڵان بکەن، یاخوود هێزێکی نوێ دەهێننە پێشەوە و ئەوان تاقی دەکەنەوە؟
کۆژین بەهادین
© 2019- Kurdistanpost