بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


بارەگای بارزانی موچە و هاوکاری بۆ بەرپرسە ناڕازییەکانی یەکێتی دەبڕێتەوە

Monday, 19/08/2024, 18:21


دوای کارەساتی ڕیفڕاندۆمەکەی بارزانی، کە بە دوایدا مسعود بارزانی وازی لە سەرۆکایەتی هەرێم هێنا و بۆ ماوەیەکی کورت خۆی لە چالاکیی و گۆڕەپانی سیاسیی دوورخستەوە، چونکە فشاری وڵاتان و تەشەر و گاڵتەپێکردنی خەڵکی کوردستان، ناچاری کرد بۆ ماوەیەک خۆی کەنارگیر بکات،  تووشی تێکشکان و گرێی دەروونی بێت. ئەوەی کە بۆ مەسعود مایەوە وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەبوو، کە هەمان دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم لە بۆتەی دەسەلاتێکی دیکەدا وەک سەردەمی مال مستەفای باوکی بە هەمان ناوی (بارەگای بارزانی)  دەسەڵات بەدەست بهێنێتەوە. لە راستییدا ئەمڕۆ بارەگای بارزانی زۆر لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم گەورەترە، هیچ کات ئەو دوو سەرۆکایەتییە ناتوانن  کێبڕکێ لەگەڵ بارەگای بارزانییدا بکەن، چونکە بارەگای بارزانی وەکو مەرجەعی یەکەمی دەسەلاتی هەرێم چاوی لێدەکرێت، نە سەرۆکی حکومەت و نە سەرۆک وەزیرانی هەرێم ناتوانن لە ژێر فەرمایشتەکانی بارەگای بارزانیی دەربچن. 
مەسعود بارزانی کە مەرجەعی یەکەمی (بارەگای بارزانی)یە، سەدان ڕۆژنامەنوس بەناوی جۆراو جۆرەوە پەیجی سێبەر و یان وەک ڕاوێژکار لەم بارەگایە دامەزراون، هەموو چالاکییەکانیان گەورەکردنی مەسعود بارزانی و ناساندنێتی وەکو مەرجەعی کورد ، هەروەها وێناکردنێتی وەک فریاد ڕەسی کورد .
ئەگەر بە خێرایی سەیرێکی تەواوی سیاسەتی پارتی بکەیت لە ئێستادا سیاسەتی بارەگای بارزانی تەواو بچوک بۆتەوە بۆ دژایەتیکردنی سلێمانی و چاندنی هەستی شارچێتی و سوکایەتیکردن یەکێتی و نەیارەکانی پارتی و هاوکاری و نزیک بونەوەی ئەو کەسانەی بە شان و باڵی مەسعوددا هەڵدەدەن. بەو بۆنەیەوە کوردستانپۆست بۆ یەکەم جار ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات، کە هاوکاری مانگانە لە بارەگای بارزانی وەردەگرن:
1- مەلابەختیار کارگێڕی مەکتەب سیاسی پێشوی یەکێتی، یەکێکە لەو کەسانەی کە مانگانە لەلایەن بارەگای بارزانییەوە موچەی بۆ بڕاوەتەوە، مەلا بەختیار کە پێشتر خەزوری پاڤێل بوو، دوای جیابوونەوەی کچەکەی لە پاڤێل، ترسی ئەوەی هەیە، لە تۆڵەی ئەمەدا پاڤێل دەستی لێبوەشێنێت، ئیستا چۆتە پاڵ پارتیی و  مەسعود بارزانی لە خۆی نزیک کردۆتەوە، تەنانەت لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هاوکاریی و سپۆنەسەری پاراستن تەواوی بیرەوەرییەکان و کتێبەکانی بۆ چاپ کراوە، هەروەها لە کۆڕێکدا بۆ خۆی لە هەولێر باسی کرد.
2-  فەرەیدوون عبدلقادر ئەندامی مەکتەب سیاسی پێشوی یەکێتی، کە لە ڕابردوودا ئاگر خۆشکەری شەڕی ناوخۆ بوو، بە دەمپیسترین کەسی راگەیەندنەکانی یەکێتیی ناسرابوو، بەڵام ئێستا مانگی جارێک مسعود بارزانی بە بڕە پارەیەک دەهێنێتە سەر کەناڵەکانی پارتیی و بە شان و باڵی مەسعود و سیاسەتی پارتیدا هەڵدەدات و کردوویەتی بە بوکەڵەیەکی سیاسی و هێندەی دیکە سووکی کردووە.
3- سالار عەزیز، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا پارێزگاری سلێمانی بوو، خەڵکی سلێمانی بە بەدڕەوشترین پارێزگار ناوی دەبەن. ئەمیش بەوە ناسرابوو کە بە دەستی خۆی لە عەرەباچی و خەڵکی فەقیر و هەژاری دەدا، تێی هەڵدەدان، ئێستا مەسعود بارزانی بەکاری دەهێنیت  و موچەی تایبەتی لە بارەگای بارزانی بۆ بڕاوەتەوە.
4- ئازاد جوندیانی ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکێتى نیشتمانى کوردستان بوو،  چەند ساڵێکە وازی هێناوە و هەرچی زانیاریی و خاڵی لاوازی یەکێتیی و دامودەزگاکانی هەیە کە لە رابردوودا  لەسەر یەکێتیی زانیوێتی، لە راپۆرتێکدا هەمووی  داوە بە دەزگای پاراستن، ئیستا ئەمیش لە بارەگای بارزانی مووچەی تایبەتی بۆ بڕاوەتەوە، بە فەرمیش داوای کردووە، کە پارتیی شەرەفی ئەندامی پارتیی پێ بدات.
5- ئازاد تۆفیق پارێزگاری ئێستای هەڵەبجە، ئەمیش پەیوەندیی بە بارەگای بارزانییەوە هەیە و مووچەی تایبەتی بۆ بڕاوەتەوە.
6- کۆمەڵێک نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاکوانی وەک: (ناسیح عبدولڕەحیم) (مەشخەڵ کەوڵۆسی)، (حەمید گەوهەری)، (فەرهاد پیرباڵ) و (بەختیار سەعید)  (حەمکۆ)، (فاروق رەفیق) .... هتد..  ئێستا ئەمانە بونەتە زوڕناژەنی بارەگای بارزانی و ڕۆژانە لەسەر جموجوڵەکانی مەسعود بارزانی قسە دەکەن، لە زۆر بۆنەدا سوکایەتیی و جنێو بە خەڵکی سلێمانی دەدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە