لە یادی 18 ساڵەی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و رۆژی دادپەروەری كوردستاندا

Friday, 23/08/2024, 18:38

15 بینراوە


21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و پرسی جینۆساید و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵكی كوردستان رۆژێكی مێژوویی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێكردنی دادگاییكردنی تاوانبارانی تاوانی "ئەنفال" بوو لە عێراق، كە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی گەلانی كوردستان، كەسانێكی تاوانبار بە تاوانی گەورە "تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"، لەلایەن دادگایەكی وڵاتی بكەری تاوانەكەوە دادگایی بكرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی كۆمەڵكوژییەكانی تێیدا دەرچووە.
رێككەوتی (21-8-2006)، پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد،  خواستی قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاكوانانی ئەو بوارە، بریتی بوو لە دادگایكردنی تاوانباران لە دادگایەكی نێودەوڵەتی یاخود دادگایەكی هاوبەش، تاكو دادگاییەكە بەشێوەی باش بەڕێوە بچێت و  پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید گەلی كورد بە جیهانی بكرێت،  هەرچەندە داواكە نەهاتە دی, وەلێ دادگاكە بڕیاری زۆر گرنگیدا، لەوانە چوار كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند، كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا لە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرابوون، كە ئەمەش لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە دادگاییكردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال جێبەجێ نەكرا و رێزی لێنەگیرا، كە گرنگترین بڕیاریان بریتی بوو لە رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا، بەڵام پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراوجۆر، نەك تەنها داڵدەی تاوانبارانییاندا و ژیانیانیان پاراست و نەیان هێشت پرۆسەی دادپەروەری بەردەوام بێت، بەڵكو فشاریان خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری و رێگرییان كرد لە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال، كە زیاتر لە (61%)ـیان كورد بوون (258) و تا هەنووكەش تاوانبارانی داواكراو لەلایەن پارتەكانی دەسەڵاتدارەوە دەپارێزن و هەندێكشیان پۆست و پلەیان پێبەخشراوە. . . هەندێكی دیكەشیان لەلایەن پارتەكانەوە لەسەر پشكی گەلی كورد پۆستی سەربازییان لە بەغدا پێدرابوو.
ئەمە  وێڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری تۆمەتبارانی دیكە سكاڵایان لەسەر بوو, كەچی ناویان لە ریزبەندی تۆمەتباراندا نەبوو, لە هەمووشی سەیرتر نەبوونی ناوی نەزار خەزرەجی بوو, كە لە پرۆسەی ئەنفال لە دوای سەدام و عەدنان خێروڵاو عەلی حەسەن مەجید دەهات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەم رێگر بووە لە بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا، بەتایبەتیش سەركردەكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار, لە بەرامبەریشدا كەسوكاری قوربانیانیش نەك نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن كە تاوانباران دەپارێزن، بگرە زۆرجاران لێرەو لەوێ دەبینین لەگەڵ تۆمەتباران بەشێوەی ئاسایی لە مەراسیمەكان دەردەكەون و كۆنە بەعسیەكان لە یادەكان لە ریزی پێشەوە دادەنیشنن, تەنانەت پارتە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانیش مامەڵەی نا بەرپرسانە لە گەڵ ئەو كەیسە دەكەن.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستان (21-8)، كە بە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەها بۆ خەڵكی كوردستان و پرۆسەی دادپەروەری لە كوردستان دەزانین. . . داواكارین:
یەكەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال"423 تۆمەتبار" و كەیسەكانی دیكەدا هاتووە، بە زووترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردنیان و لە كوردستان وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت، نەك هاوڵاتی بە ئیمتیاز وەك ئێستا دەبینین.
دووەم: لیستی ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول، بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیربكرێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە ئاستی جیهانی.
سێیەم: لەلایەن پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ڕۆژی 21 / 8 بە فەرمی بە ڕۆژی دادپەروەری لە كوردستان بناسرێت و ئەو ڕۆژە بكرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا, بۆ بەرچاو روونی هەموو لایەك, لە ساڵانی رابردوو, بە پێشنیاری ئێمە و بە پشتیوانی وەزیری شەهیدان مامۆستا ئارام ئەم رۆژە لە كابینەی حەوت فەرمیەتی پێ دراوە.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی هەموو لایەك، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا هەنگاوی كرداری و فشاری مەدەنیمان بۆ دەستگیركردنی تاوانباران گرتەبەر. . . لەوانە:
1- سێ جار بە نامەی فەرمی داوامان لە داواكاری گشتی كردووە هەنگاو بنێن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و لە وەڵامدا رایانگەیاندووە؛ كە وەزارەتی ناوخۆیە بە ئەركی خۆی هەڵناسێت بۆ دەستگیركردنیان. . . هاوكات جگە لە فەرمانگەی داواكاری گەرمیان و هەڵەبجە ئەوانی دیكە وەڵامیان هەر نەداوەتەوە، لە كاتێكدا زۆرترین ژمارەی تۆمەتباران لە سنوركانی هەولێرو دهۆكن، ئەمەو دواتر بەبێی هیچ هۆكارێك 3 تۆمەتباری زیندانیكراوی گەرمیانیش پاش چەندین ساڵ لە مانەوەیان لە زیندان  ئازادكران یەكیان پۆستی سەربازیشی وەرگرت كە ژمارەیەك زۆر سكالای لە دادگای بالای تاوانەكان لەسەر بوو، لە كاتێكدا دەتوانرا بە ئاسانی ڕادەستی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بكرێن پرۆسەی دادپەروەری ئاراستەی ئاسایی خۆی وەربگرێت. 
2_ هاوكات دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە:
- ٲ - ناوی تۆمەتبارانی ئەنفال بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول.
- ب - پرسیار لە ئەنجومەنی دادوەری كراوە، كە ئایا تۆمەتبارانی ئەنفال لای ئەوان بە تۆمەتبارن دادەنرێن یاخود نا. . . بەڵام مخابن ئەنجومەنی دادوەری كە بە تۆماری ڤیدیۆیی لامانە، بەڵێنیاندا كار بۆ دەستگیركردنی ئەم تۆمەتبارانە بكەن، كەچی بە بەڵگە لامانە  تۆمەتباران لای ئەوان بە تۆمەتبار ئەژمار نەكراون و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان هیچ ئەهمیەتێكی یاسایی نییە لایان.
-ج - ئەنجومەنی دادووەری وەڵامی رێكخراوە بیانییەكان نادەنەوە كە كار بۆ بە دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال دەكەن لە دەرەوەی وڵات، لەو نێوەشدا گەورەترین هەلیان لە دەستدا بەجینۆساید ناسینی تاوانی ئەنفال لە ئاستی جیهانی دا، لە داهاتوودا بەڵگەنامەكان ئاشكرا بكرێن مێژوو شەرمەزاریان دەكات.
- ح - دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە كە فشار دروست بكەن بۆ ئەوەی لیستەكانی (شەهیدان، قوربانیانی جینۆساید و چەكی كیمیاویی و بریندارانی چەكی كیمیاویی، زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین) بڵاو بكرێنەوە، بۆ ئەوەی بۆ گەل شەفاف بێت و پاكبكرێنەوە لە ناوی تۆمەتباران، ئەمەشیان بەكاری خۆیان نەزانی.
- د - داوامان كرد موچەی شەهیدان و قوربانیان بكرێتە ستانداردێك بۆ دادپەروەری لە موچە، ئەوان داكۆكیان لەوەی ئێستا هەیە كرد، بەرەی نا دادپەروەرییان هەڵبژارد، گوایە یاساییە و بە یاسا رێكخراوە.
جیا لەوانەی سەرەوەش  ئەم چەند ساڵە چەندین تۆمەتباری ئەنفال و تۆمەتبارارانی دیكە بەهەر هۆكارێك بێت ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نییە مردن، دەسەڵاتداران بەڕێزەوە بەشداری پرسەكانیانیان كرد و بە ستایشكردنیان رێزیان بۆ قوربانیان و بڕیاری دادگا نەهێشتەوە، تاوانباران بە ئالای كوردستانەوە  نێژران, بەم هەنگاوەش گەورەترین سوكایەتیان بە دۆسیەكانی جینۆسایدی گەلی كوردستان كرد.
مخابن سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە 21ی تەموزی ساڵی 2019 نامەیەكی نا فەرمی بۆ رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید  لەلایەن داواكاری گشتییەوە نێردراوە، بێ مۆر و تیایدا دەڵێن"(ئاماژە بەو سكاڵایانەی ناردوتانە بۆ سەرۆكایەتیەكەمان. . . ئێمە وەك داواكاری گشتی تەنیا كێشەكانی گشتی دەجوڵێنین، ئەویش لە رێگای دەستەی مافی گشتییەوە كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵگا بێت. . بەڵام ناكرێت كێشەی تایبەت بجوڵێنین. . . دەكرێت خاوەن كێشە سكاڵا بجوڵێنێت و ئێمەش بە دوادا چونی بۆ بكەین لە دادگا تایبەتمەندەكان. . . لە گەڵ رێزماندا).
بەم نامەیەش بزمارێكیان لە نەعشی دادپەروەریدا و هەموو كێشەكانی نیو ملیۆن قوربانی و دادپەروەرییان بە كێشەی شەخسی لە قەڵەم دا و سەلماندیان دەزگایەكی لەوە لاوازترن وەك پێشبینیمان دەكرد.
بۆیە بۆ هەموو لایەكی ئاشكرا دەكەین، ئێمە نەك بۆ رزگارنەبوونی تۆمەتباران لە سزاو گەڕاندنەوەی دادپەروەری سارد نابینەوە، بەڵكو لامان روونە دوارۆژ هەر بۆ هەق و راستییە، بە مردوویش بێت تۆمەتباران لە سزا رزگاریان نابێت , دەركەوت دەزگا دادوەرییەكانی كوردستان زۆر لەوە بێهێزترن بتوانن ئەم كەیسە  گرنگە دادپەروەریانە بجوڵێنن.
هەروەها ئێمە ناشتنی تۆمەتبارانی ئەنفالی مردوو بەم مەراسیمانەی ئەنجام دەدرێن, بە گەورەترین سوكایەتی بە قوربانیان دەزانین, وە دەركەتنی تاوانباران بە هەیبەتەوە لە بۆنە گشتییەكان و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی بە شەرمەزارییەكی گەورە دەزانین .
لە كۆتاییدا دەڵێین دوای 18 ساڵ لە دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال  هێشتا  زۆرینەی تۆمەتباران نەك دادگایی نەكراون, بگرە بەهێزكراون, روفاتی قوربانیان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان, موچەی كەسوكاری قوربانیان هاوتای موچەی كەسوكاری قوربانیانی عێراق نەكراوە, حكومەتی عێراق داوای لێبوردنی نەكردووە, عێراق ویستی نییە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی, بەمەش دەیەوێت لە جوگرافیای جینۆساید بمێنێتەوە....
بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستاندا، سەركەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی حوكمی یاسا و دادگایەكی بەهێزی سازشنەكەری پیشەیی لە كوردستان.
دەربازبوونی تاوانبارانی جینۆساید لە سزا, گەورەترین پێشێلكاری یاسایی و تاوانە لە كوردستان, درێژەی تاوانەكانی بەعسە و بەردەوامی جینۆسایدە.

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی رێكخراوە كوردستانیەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی Koncicc
رێكخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ
ڕێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید (چاك) كوردستان
ڕێكخراوی ناوەند داكۆكی پشدەر  بۆقوربانیان وجینۆسایدكراوان
گروپی كار بۆ ئەنفال
هەڵمەتی دادپەروەری
رۆژنامەی نگرە سەلمان
گۆڤاری تۆبزاوە
هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە