نا ئەوان لەهەموو سەردەمێک و کاتێکدا برای گەورەی ئەم دەسەڵاتدارانەبوون.
ئایا بەدێڕێک چاودێر و دەزگای گەلاوێژ جارێک لەجاران باسی لەشکرکێشی تورک و ئێرانییەکانی کردووە؟ باسی ئەو هەموو سوکایەتیەیان کردووە کە لەمزگەوتەکاندا بەمێژووی گەلێک و نەورۆزو زمان و ژن و کچی کورد دەکرێت؟
دوایی ئەم تاڵانییە هەرچی بنەما ئەخلاقییەکان بوو هەرەسی هێنا و دار و بەرد ئاودیووی ئێران کرا، هەر لەکێلی گۆڕستانەوە تا ستونی کارەبا و تەلی مس و فافۆن و شەقامی قیرو شۆفڵ و گرێدەو بەوەشەوە نەوەستان خەستەخانە و جێگەکانیان هەموو ئاودیوو کرد و ڕێگەدرا کۆمەڵێک باندی ساختەچی و بکوژ گەورەبێت.
بەرپرسە پیرەکان بۆ تۆڵەکردنەوە دەستیانکردە ژن هێنان و وازهێنان لەژنە کۆنەکانیان، گەر ژنیشیان نەهێنایە ئەوە دۆستی سوکیان هەبوو، ئیتر چاوپۆشی لەم هەموو هەرەسی ڕەوشتە کۆتایی نەهات، دەستیان کردە داگیرکردنی باخ و گوند و شاخەکان و پەرژینکردنی زەوییەکان و داگیرکردنی سەیرانگا و زەویە بەراوەکان و وەک مڵڵە هەزاران بیریان لێدا و نیشتمانیان کردە زبڵخانەیەکی ترسناک و ژینگەیەکی پیسیان بەرهەم هێنا، ملوێنان ئۆتۆمۆبیلیان هێنایە ئەوشەقامە تەسک وتورسکانەوە. ئەوانەی دەمردن گردێکیان داگیر دەکرد بۆیان و دەیانکردە نزرگایەک. بەرلەوەش ئەم کەڵتە کۆنانە زانکۆکانیان داگیرکردو هەموویان دەستیان کردە خوێندن و هێنانی دکتۆرا و ناوی دکتۆر و پڕۆفیسۆر کڕین لەزانکۆکاندا. نوسینەوەی بیرەوەری بوو بە مۆدێلێک کە هی وایان هەبوو تەنها لەبەردەم کونەتەیارەدا بوو، کە چی بیرەوەری شەڕیان بۆ نووسینەوە و خۆیان بەمێژوودا هەڵواسی.
ئەمانە وایان کرد، کە سیاسەتکردن ببێتە دیاردەیەکی ناشرین و قێزەون نەوە دوای نەوە وەک شێخایەتی بۆیەکی جێدەهێڵن، کوڕ و براو ئامۆزا هەموویان لەسەر سیاسەت دەلەوەڕن، هیچ بنەمایەکی زانستی لەسیاسەتکردندا نەماوە. کەسایەتی پێشمەرگە و خەڵک شکۆ شکاو بووە..
ئێوە کارێکتان کرد جوتیارە سەربەرزەکانتان هێنایە سەر ئەژنۆ و هەموویانتان کرد بە دەرۆزەکەر و تەزبێحفرۆش لەشارەکانداو دێهاتەکانتان پێ چۆڵکردن، گەنجەکانیشتان کرد بەباخەوان و پۆلیس و دەرگاوان و ناوتان نان (پیشمەرگە).