کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


دوای دەساڵ لە کارەساتی جینۆسایدی یەزیدیەکان

Monday, 14/10/2024, 17:21


لەنێو یەزیدیەکاندا زۆرجار ئەو دەستەواژەیە دەبیستیت: "شەنگال دوا قەڵامانە؛ مانەوەمان بەم خاکەوە بەستراوەتەوە." ئەم خاڵە جوگرافیە، هەمیشە گرنگیەکی ستراتیژی هەبووە لە بوونیانەوە لە میزۆپۆتامیادا تا ئەمڕۆ. ئەم کەمینەیە لە یەزیدیەکان لە عێراقدا کە لە مێژوودا گۆشەگیریان بەسەردا سەپێنراوە، هەربۆیە خۆشیان گۆشەگیری و بێلایەنیان هەڵبژاردوە، بۆئەوەی خۆیان لەو کارەسات و پێشێلکاریانە بپارێزن کە بەدرێژایی سەدەکان ڕوبەڕویان بۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا تووشی جینۆساید بوون، جارێک بەهۆی بەرگریکردن لە ئەرمەنیەکان کە لە جینۆساید هەڵهاتبون لە تورکیا، زۆرجاریش بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی جیاوازیانەوە. دوای کۆتایی عوسمانیەکان و هاتنی بەریتانیا، بارودۆخیان زۆر باشتر نەبوو، چونکە لە هەندێک ناوچەدا گرژیەکان بەردەوام بوو و قوربانیەکی زیاتریان دا. 
لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری عێراق، پەراوێزخستنی یەزیدیەکان بەردەوام بوو. لە سەردەمی بەعس شەنگال گۆڕانی دیمۆگرافیای گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی دانیشتوانەکەی لە گوندەکانیان گواستراونەتەوە بۆ ئەو کەمپە زۆرەملێیانەی کە سەرەتایترین خزمەتگوزارییان تێدانەبوو. دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ بارودۆخەکەیانی بۆ باشتر نەگۆڕی، دواتر جگە لە ئاستی هەژارییان تا ساڵی ٢٠١٤، داعش شەنگالی داگیرکرد برینێکی قووڵتری لەدڵی یەزیدیەکاندا هەڵکەند.
٣ی ئاب ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی یەزیدیەکانە، کە لە ساڵی٢٠١٤دا دەستی پێکرد، بەڕاستی زۆر ئەستەمە وەسفی ئەو ئازارە گەورەیە بکرێت کەیەزیدیەکان تووشیان بوو. گەورەیی ئەو جینۆسایدە، نەک تەنیا لە ژمارەکانیدا، بەڵکو لە ڕەهەندە فرەییەکانیشدا دیارە. تاوانەکانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان زۆرن و سەختن.
بەپێی ڕێکەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید، کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، جینۆساید واتە هەر یەکێک لەو پێنج کردەوەیەی کە بە مەبەستی "لەناوبردنی بە تەواوی یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی،ڕەگەزی، ئایینی ئەنجامدراون، جا بەکوشتنی ئەندامانی گروپەکە بێت، یان بەدروستکردنی مەترسی جەستەیی یان گیانی بێت بۆیان، یان بەئەنقەست خستنەڕووی گروپەکە بۆ بارودۆخی ژیانێک کە مەبەست لێی لەناوبردنی جەستەیی بەتەواوی یان بەشێکی بێت، یان سەپاندنی ڕێوشوێن بەئامانجی ڕێگریکردن لە لەدایکبونی منداڵ لە ناو گروپەکەدا، یان گواستنەوەی منداڵان بەزۆر لە گروپەکەوە بۆ گروپێکی تر". ئەوەی جێگای داخە لە دۆسیەی یەزیدیەکاندا، ئەو پێنج کردەوەیەیان لەسەر جێبەجێکراوەو وەک بەڵگەی جینۆسایدکردنیان خراوەتەڕوو.
ژمارەی یەزیدیەکان پێش جینۆساید بە نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت کە زۆربەیان لە قەزای شەنگال لە عێراق نیشتەجێ بوون. کۆمەڵگا و ڕێکخراوە ناحکومی و ناوخۆییەکان کۆی ژمارەی قوربانیان بە زیاتر لە پێنج هەزار کەس خەمڵاندووە. هێشتا لانی کەم٢٠٠ هەزار یەزیدی لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان دەژین، لەسەدا ٢٥ی کۆی گشتی یەزیدیەکان واتە ١٢٠ هەزار یەزیدی بەشێوەیەکی هەمیشەیی کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی وەک ئوسترالیا، ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتان لەیەکێتی ئەوروپا. شایانی باسە لەڕۆژی ٣ی ئابی٢٠١٤ کە یەکەم ڕۆژی هێرشی داعش بوو بۆ سەر شەنگال،١٢٦٨ یەزیدی کوژران. بەڵام تائێستا ئاماری کۆتایی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەکاتی کەوتنی شەنگالدا کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوەوە، سەرژمێری کۆتایی بۆ نەکراوە، بەوپێیەی هێشتا گۆڕی بەکۆمەڵ دەبینین کە ژمارەیەکی زۆریان تائێستا نەکراونەتەوە و هەڵنەدراونەتەوە.
داعش زیانی جەستەیی توندی بەسەر ٣٥٤٨ ژن و کچی ئێزیدی گەیاندووە، ئەوان تووشی ڕفاندن و کۆیلەیی سێکسی لەڕادەبەدەری توندوتیژی و کارکردنی زۆرەملێ کراون. تائێستاش٢٦٠٠ ژن و منداڵ بە دیل گیراون لەوێشدا ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجە دەبنەوە. هەروەها کۆنترۆڵی لەدایکبوونیان دەکردن. جگە لە ٢٨٦٩ پیاوی یەزیدی ڕفێنران و بەزۆر لە کۆمەڵگاکەیان دوورخرانەوە بۆ ئۆردوگا ئایدیۆلۆژیەکانی ڕێکخراوی داعش، هەروەها داعش ٦٨ شوێنی ئایینی یەزیدی وێرانکردووە.
بەگشتی مەزەندەی ئەوە دەکرێت کە زیاتر لە ١٠ هەزار یەزیدی کوژرابن، هەروەها جینۆسایدەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە شەنگالەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانی عێراق. 
یەزیدیەکانی شەنگال هەست دەکەن شکستی گەورەیان هێناوە، جگە لەو جینۆسایدەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە بەرامبەریان ئەنجامدرا، ئەم ئەزموونە ترسناکە کاریگەری قوڵی لەسەر حاڵەتی دەرونی یەزیدیەکان بەجێهێشت، بەوپێیەی ئەوان شاهیدی فەرامۆشی پشتگوێخستنی گەورە بوون لەلایەن هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراقیەوە، کاتێک ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان بونەتەوە لە ناوچەیەکدا کە دوژمن لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان دەدا، لایەنێک نەبوو بەر بەو کارەساتە بگرێت...!
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ یەکەم دادگایکردن بۆ ئەندامانی داعش لە وڵاتانی وەک هۆڵەندا و سوید دەستپێدەکات، فەڕەنساش لە ساڵی٢٠٢٥ دا بەدواداچوونی بۆ دەکات، ئەمەش دەرفەت دەدات بەڕزگاربوانی یەزیدی کە لەبەردەم دادگا ئامادەبن بۆئەوەی شایەتحاڵی بدەن و باس لەوەبکەن کە چۆن ژیاون، لەکاتێکدا لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دەستبەسەرکراون. تائێستا لە ئەڵمانیا  نۆ حوکم بەسەر ئەندامانی داعش و هاوسەرەکانیاندا دەرچووە، هەروەها سێ کەسیش بە تاوانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان سزادراون.
بەڵام تائێستا عێراق بە حکومەتی بەغدا و بە حکومەتی هەرێمەوە چوارچێوەیەکی یاساییان نییە بۆ دادگایکردنی ئەندامانی داعش بەتۆمەتی جینۆساید. لەو چوارچێوەیەشدا نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕەشنووسی یاسای سزادانی جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی خستۆتەڕوو، بەڵام هێشتا نەبووەتە یاسایەکی نیشتمانی. تائێستا تەنیا چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە تاوانەکانی تیرۆر گەیشتوونەتە دادگا، کە ڕزگاربوانی یەزیدی بەشداریان لەو دادگایکرنەدا نەکردوە و شایەتیان نەداوە. ڕاستە یاسای ژنانی ڕزگاربوانی یەزیدی دانی بە ئازارەکانی ئەو ڕزگاربوانەدا ناو میکانیزمی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەڕووی دارایی و ئەخلاقیەوە دانا، بەڵام هێشتا ئەو بڕگانە جێبەجێ نەکراون و پێموانیە جێبەجێش بکرێن!.
ماوەی حەوت ساڵە تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکانی یەزیدی وەک"یەزدا"، هەوڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و بەڵگەنامەکردنی ئیفادەی ڕزگاربوان و شایەتحاڵەکانیان داوە. جێگای سەرنجە کە بڕی ئەو بەڵگانەی کە کۆدەکرێنەوە زۆر گەورەیە، بەمجۆرە توانایەکی گەورە بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردن و دادگایکردنی چەکدارانی ڕێکخراوەکە دەڕەخسێنێت، بەهۆی بەشداریکردنیان لە کوشتن و ڕفاندن و کۆیلەکردنی یەزیدیەکان.
بەداخەوە لەدوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی یونیتاد نوێ ناکرێتەوە، لە غیابی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەرشیفێکی کارگێڕی کە بە ئاسانی لەبەردەستی داواکاری گشتی و حکومەتەکاندا بێت. ئەمەش هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری خاو دەکاتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتگیری لە هەوڵەکانی داکۆکیکردن لەڕێکخراوە ناحکومیەکان و ڕزگاربوانی یەزیدی بکات، بۆ پاراستنی تۆمارێکی سەربەخۆ و بەردەست کە بەڵگەی کوالیتی بەرز و پشتڕاستکراوە لەخۆبگرێت.
ئەوەی کە ئەو ڕووداوانەی لە عێراق و سوریا شاهیدیان بۆ دراوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە سوریا و تا ڕادەیەکی کەمتر لە عێراق، گرنگیدانیان بەم جینۆسایدە تەمومژاوی کردووە.!
ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و چەسپاندنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی تێیدا کارێکی نزیک لە مەحاڵ دەبێت، گەر دانیشتوانەکەی نوێنەرایەتی سیاسی و دەسەڵاتی بڕیاردانیان نەبێت، بۆیە داوای هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئازاد و نوێنەرایەتی پێویستیەکی بەپەلەیە.
ڕێکەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایکردنەوەی دۆخی قەزای شەنگال کە بڕیاربوو ئیدارەی کاریگەرانەی ئەم هەرێمە کێشە لەسەرە، لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئاستی پلاندانان و جێبەجێکردندا شکستی هێناوە.
ئەم دۆخە بووە هۆی بۆشایی دەسەڵات و هاتنی کۆمەڵێک گروپی چەکداری بەرفراوان بۆ درێژکردنەوەی نفوزی ئەمنی و ئیداری خۆیان لە شەنگال. هاوکات تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی گوندەکانی یەزیدی بە بیانووی ئەوەی شوێنەکانی سەر بە پەکەکە دەکاتە ئامانج، هاوکات ئێرانیش بە پشتیوانیکردنی هەندێک لە گروپی چەکداری حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەر شەنگالدا توندتر دەکاتەوە.
کەواتە ئەگەر حکومەتی عێراق بودجەیەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئەمنیەتی تەرخان نەکات، شەنگال بە کەمی ژێرخان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی دەمێنێتەوە. لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی٣١ی تەمموزی ڕابردووکە وەک وادەی داخستنی کەمپەکانە بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ، ئەوەی پێشبینی دەکرێت هیچ ماڵێک نایەوێت بگەرێتەوە، چونکە هیچ سەلامەتیەکیان بۆ دابین نەکراوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە نالەبار و بڕیارانەدا، ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت کە یەزیدیەکان ناچاربن بۆ هەمیشە شەنگال و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن.
یەزیدیەکان لە شەنگال بوونە گەورەترین قوربانی ململانێی سیاسی، لەبەرامبەریشدا هیچ قەدرزانینێک نیە و هەنگاوێکی جدیش نیە بۆ قەرەبوکردنەوە، جگە لەوەش هیچ گەرەنتیەک نیە کە کارەساتی لەوجۆرە دوبارە نەبێتەوە. گومانی تێدا نیە کە ئەم دۆخە درێژکراوەی ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەییە، ململانێیەک کە دوای ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی کە داعش لە عێراق و سووریادا هێنایە ئاراوە، چڕیەکەی زیاتر بوو.
یەزدیەکان پێویستیان بە پشتیوانی بەردەوام و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئەم جۆرە کارەساتە نامرۆییانە لە داهاتوودا دووبارە نابنەوە. لەئێستاشدا بەرپرسیارێتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەوەی لە بەرچاوە پێکهاتەی حکومەتی عێراق لە لایەنە تائیفیەکانی شیعە و سونە و هێزە میلیشیاکانیان و حەشدی شەعبی،  نەک لەو باخەدانین پاریزگاری لە خەڵکی غەیری موسڵمان بکەن، بەڵکو لە ململانێی سیاسیدا دەبنە قوربانی، هەربۆیە هیچ گەرەنتیەک نیە کە بۆ جارێکی تر یەزیدیەکان لەسایەی حکومەتی ئێستای عێراقدا توشی کارەساتی تر نەبنەوە، ئەزمونی لایەنەکانی حزبەکانی کوردایەتی و پێکهاتەی حکومەتی هەرێمیش شاراوە نیە، کە دیمان چەند قارەمانانە لە شەنگال یەزیدیەکانیان بەجێهێشت، لە هەمانکاتدا لە هەر سەودا و مامەڵەیەکی سیاسیدا شەرم نیە بۆیان کە بەهەرزان بیانفرۆشن. 
ئەوەی جێگای داخە دوای دەساڵ لەو کارەساتە، دۆخێکی وەهایان بۆ یەزیدیەکان فەراهەم نەهێناوە کە بەئارامی دانیشن و  دڵنیابن ئەو کارەساتە دوبارە نابێتەوە.
------------------------------------------------
بۆ ئەم وتارە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
- الإيزيديون في سنجار: حين تتحكم السياسة في مصير الأقليات/ عزت نوح
- إبادة جماعية متعددة الأبعاد/ لين زوفيكيان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە