دەنگدان وەک نیشانەی ژیان!
Friday, 18/10/2024, 20:16
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەری ڕەنجی خەباتی نوێی پتر لە شەست ساڵی گەلەکەمانە . ئەم حکومەتە ئەو جەستە شەکەت و پڕ لە نەخۆشی و کەم وکورتیەیە کە زۆرینەی گەلەکەمانی بێزار و نائومێد کردوە ، بەڵام هەر ئەو جەستەیەشە کە نەمامی ڕۆحێک تێیدا دەژی و پارێزراوە پتر لە چوارسەد ساڵە لە خاک و خۆڵی کوردستان دا سەری دەرهێناوە و سەدان باهۆز و گەردەلول و بومەلەرزە نەیانتوانیوە لەگەشەکردنی بوەستێنن و لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵیکەنن، ئەوە نەمامی داربەڕوی ڕۆحی ئەو کوردبون و کوردایەتیەیە لە مێژوی نوسراوی نوێدا پێش چوار سەد ساڵ شەرەفخانی بەدلیسی و ئینجا ئەحمەدی خانێ و حاجی قادری کۆیی وفایق بکەس و قانیع و شێرکۆ بێکەس و پەشێو و لەتیف هەڵمەت و ....... بانگیان بۆدا و وردە وردە پەیامەکەیان گەیشتە گوێی ملیۆنەها ئینسانی کورد لە هەمو دنیادا.
ئێستا کە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەت دەنگدان دەستیپێکردوە، وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی چی بکەین ؟
ڕەخنە ڕەوا و ڕاست و توند و تیژەکانمان لەم حکومەتە ، کە لە ناخی زۆرمان دا بوەتە زوخاو و خەفەت و جنێو و سوکایەتی پێکردن ، ئەم ڕەخنانە بخۆینەوە و بیگۆڕین بۆ تۆڵەی ئەوەی هەر نەچین بۆ دەنگدان؟ دەست بە کڵاوی خۆمانەوە بگرین با نەیبات؟ وەک بەکاربەرێک هەر خەریکی تێرکردنی پێویستیە مادیەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بین؟ شەوان پاڵی لێبدەینەوە و خەریکی تەماشاکردنی زنجیرە تورکی و ئێرانی و عەرەبیەکان یا تەماشاکردنی پاڵەوانێتیی فتبۆڵینی بەرشە و ڕۆیاڵ بین؟ یا تەرکی دنیا بکەین و هەمو وزەی ڕۆحی و جەستەیی ژیانمان لە خواپەرستی خەرجبکەین؟
باشە ئەگەر وەک ئەوانەی سەرەوەمان کرد دۆخی ژیانمان باشتر دەبێت؟ پەرلەمان و حکومەتی ئایندەی هەرێم باشتر و دادپەروەرتر و کاراتر و پێشکەوتوتر دەبێت؟
ئەم جارە چاکسازی و گۆڕینی گرنگ کراون لە شیوە و ناوەڕۆکی هەڵبژاردن دا، بە جۆرێک کە دادپەروەریی زۆرتری تێدایە و ئەگەری فڕوفێڵ و گزی و دزیی دەنگ کەمترە لەوانی پێشو.
لە هەمو دنیای پێشکەوتودا بە هەڵبژاردنی ئازاد ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ و ئەمیش حکومەت دروستدەکەت، ئەوانەی دەنگ نادەن باشە ئەی چۆن حکومەت دروستبکەین؟ لێگەڕێین حکومەتە شکستخواردوەکەی ئێستا درێژە بە مانەوەی خۆی بدات؟ ناڵێم ژیان چونکە ئەوە ژیان نیە! ئەی لێگەڕێین سەرۆکی حیزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لە پشتی دەرگای داخراوەوە بە کەیفی خۆیان حکومەتێکی خراپتر لەوەی ئێستا دروستبکەن؟ حکومەت بە یاسا دەڕوات بە ڕێوە، یاساش لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێ، پەرلەمان چاودێریی کارەکانی حکومەت و پیادەکردنی یاساکان دەکات، لێگەڕێین خەڵکی نا-خۆپەرست و نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیر و ئەزموندار بچنە پەرلەمان یا خەڵکی پۆست و پارە و خۆپەرست و ناڕۆشنبیر و نا - نیشتمانپەروەر بچنە پەرلەمانەوە؟
کە کەسیان بە باش نازانی، ئایا لەم سەدان کەس و دەیان لیستی هەڵبژاردنەدا تۆی هاوڵاتی ناتوانی یەکێکیان هەڵبژێری کە خراپی و ناشیرینیەکانی لەوانی تر کەمتر بێت؟
من دەتوانم ! بۆیە بە دڵ و دەرونێکی گەشبینەوە و بە جلی کوردیەوە دەنگی خۆم دەدەم و هیوادارم تۆش وابکەیت، دڵنیابە نەخۆت و خۆشەویستانت، نە کورد و کوردستانەکەت بەمە زیانتان پێناگات و دۆخەکەش خراپتر نابێت لە پێش هەڵبژاردن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست