KURDISTANPOST
د. هەژار عوسمان مەعروف
بیرمان بچێتەوە؟ بەڕاستانە ئاشتی؟
Friday, 25/10/2024, 10:23
91
بینراوە
دراوسێکانمان (عەرەب و تورک و ئێران) هێشتا بڕوایان وایە بە توندوتیژی شکستمان پێدێنن و وازمان پێدێن لەوەی کوردی ئازاد بین و کوردستانێکی بڕێک یا تەواو سەربەخۆمان هەبێت. بۆیە ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بەڵام کۆڵنەدەر ناچارین هەر کات کە ئەو سێ لایەنە دەستی ئاشتیان بۆ درێژکردین ئێمەش بە سوپاس و پێزانینەوە نەک هەر بە دەست بە ڵکو بیانگرینە ئامێزمانەوە و ڕاستگۆیانە بکەوینە وتووێژەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشە نەتەوەییەکەمان .
بەڵام ئایا دراوسێکانمان بەڕاستیانە یا ڕێک بە پێچەوانەوە دەیانەوێ ئەوەی پتر لە سەدان ساڵە بە خوێن ڕشتنمان نەیانتوانیوە چۆکمان پێدادەن و کوڕنوشمان پێبەرن ئێستا دەیانەوێ لە سەر مێزی گفتوگۆ بێ ئارەقڕشتن پێی بگەن؟ سمکۆی شوکاک و باوکی ئاوا شەهیدیان کرد، مەلا مستەفای بارزانی ساڵ و نیوێک تێپەڕیبو بە ڕێکەوتنی ئاشتی لە گەڵ سەدام کە هەوڵیدا لە ناوپردان بیکوژێ، ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران لە ڤییەنا لە ١٣ ی ٧ ی ١٩٨٩ خوێنی عەبدولرەحمان قاسملۆ و دو هاوڕییان ڕژانە سەر مێزی گفتوگۆی ئاشتی.
بێگومان قەرەیڵان باش ئاگاداری ئەم ڕوداوانە و ڕوداوی تریشە لە مێژوی کورد دا بۆیە بە گومانەوە سەیری ئەم هەنگاوە نوێیەی تورکیا بۆ وتووێژ لەگەڵ پەکەکە دەکات و لە عەبدوڵا ئۆجەلان دەپرسێت: تۆی دیل و دابڕێنراو لە دنیا چۆن لە ژێر مەرحەمەتی شمشێری دوژمنەکەتدا دەتوانی وتوێژی ئازاد و ڕاستەقینەیان لەگەڵ بکەیت؟
باشە تورکیا وەک نیازپاکی:
۱ . بۆچی هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان ناوەستێنێ؟ ئەوەتا بینیمان ڕێک بە پێچەوانەوە لە تۆڵەی ڕوداوەکەی ئەنقەرەدا کە هیچ پەیوەندیەکی بە (هەسەدە) وە نەبو هێرشێکی ئاسمانیی گەورەی کردە سەریان و بوە هۆی کوژران و بریندار بونی دەیان کەس؟
۲. بۆچی سەلاحەدین دەمیرتاش ، کە بە نایاسایی لە زینداندا هێشتویانەتەوە، ئازاد ناکات کە لەگەڵ (دەم پارتی) وەک حیزبێکی قانونی و پەرلەمانی بکەونە وتوێژی ڕەسمی و ئاشکرا و ڕاستگۆیانە لە ژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتوەکاندا؟
۳. بۆچی ئۆجەلان لە دابڕانی ئیمرالی یەوە ناگوێزێتەوە بۆ زیندانێکی ئەستەنبوڵ یا ئەنکەرە و ڕێگەی پێبدات ئازادانە وەک ڕاوێژ کاری دەم پارتی لە وتووێژەکاندا ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی خۆی ببینێ؟
هێرشەکەی سەر کۆمپانیای (توساش) لە ئەنکەرە ، هەر لایەنێ کردبێتی، دژی هەوڵەکانی چارەسەرێکی ئاشتیانەیە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا.
بە هۆی هەمو گومان و نیگەرانیی دڵسۆزانی کورد دەربارەی نیازی ڕاستەقینەی تورکیا لە وتووێژ لەگەڵ پەکەکە، من پێشنیازدەکەم (پەکەکە) بە ڕەسمی بە تورکیا بڵێت خۆتان لەگەڵ (دەم پارتی) و سەلاحەدین دەمیرتاش بە ڕاوێژ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و لە ژێر ناوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتوەکان وتووێژی ئاشتی بکەن و هەر کاتێ ئەنجامەکەی بە دڵی زۆرینەی خەڵکی باکوری کوردستان بو، ئەوا ئێمەش ڕازین پێی و چەکەکانمان دادەنێین.
د. هەژار عوسمان مەعروف
© 2019- Kurdistanpost