KURDISTANPOST
یاسین حەمە غەریب
بۆچی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا بێدەنگن بەرامبەر بە دەستدرێژیەکانی ئەردۆغان ؟
Tuesday, 29/10/2024, 18:05
157
بینراوە
- بۆچی ووڵاتانی ئەوروپی لە ئەردۆغان دەترسن؟
- بۆچی ووڵاتانی ڕۆژئاوا کاردانەوەیان هەیە بەرامبەر بە دەستدرێژی توندڕەوەکانی حەماس و سوریا و ئێران و یەمەن، دژی ئیسرائیل؟
- تۆ بڵێی کاردانەوەی دینبازەکانی کوردستان چی بێت، بەرامبەر بە ھێرشە دڕندانەکانی خەلیفەی موسڵمانان ئەردۆغان؟ ئەی کاردانەوەیان چییە بۆ شەڕی غەززە؟
- ئاخۆ کاردانەوەی دەستەڵاتدارانی کوردستان بۆ ئەو ھێرشانەی ئەردۆغان و عەمامەبەسەرەکانی ئێران چی ببت؟
- بێدەنگی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەرامبەر بە کردەوە سەربازییەکانی تورکیا دژ بە کوردانی تورکیا و ڕۆژئاڤا و باشور ، بە بەراورد لەگەڵ وەڵامە توندەکانیان بۆ کردەوەکانی ئیسرائیل و مافی خۆپاراستنی ئیسرائیل، دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵبوونی بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیک و ڕەچاوکردنی دیپلۆماسی و پابەندبوو بە پەیمانی ناتۆ و هۆکارە ئابوورییەکان.
- وەزۆرجاریش وڵاتانی ئیسلامی کاردانەوەیان نییە لەسەر هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر کوردەکان! هەرچەندە خەڵکی کوردستان موسڵمانیشن! ئەمەش ھەر بەهۆی تێکەڵبوونی فاکتەرە سیاسی و ستراتیژی و نەتەوەییەکانەوەیە! ئەم بەرژەوەندی و هۆکارانە بە گشتی بەهێزترن لە ئایینی و موسڵمان بوون!
- لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمەڕوو کە لەوانەیە هۆکاربن لەم هەڵوێستە بێدەنگەیەی ووڵاتانی ناتۆ :
١ - پابەندبوون بە هاوپەیمانی ناتۆ : تورکیا ئەندامی ناتۆیە، واتە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هاوپەیمانی سەربازی فەرمی تورکیان ! ئەمەش کاردانەوەی ووڵاتانی ناتۆ و ڕەخنەکانیانی ئاڵۆزتر کردووە، کە ئەوان نەتوانن ڕەخنە توند بگرن ڵە هاوپەیمانێکی خۆیان، کە ڕۆڵێکی ستراتیژی لە ناتۆدا دەگێڕێت! بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جوگرافیای تورکیا و گرنگییەکەی بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا !
٢ - پێگەی ستراتیجی تورکیا : تورکیا پێگەیەکی چارەنووس سازی لە نێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست هەیە. تورکیا ڕۆڵی هەیە لە بەڕێوەبردنی ڕەوتی کۆچبەران و ئەردوغانیش زۆر بەزیرەکانە ئەم بابەتە بەکاردەھێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی ووڵاتەکەی! ھەر کاتێک ئەردوغان دواکاریەکی ھەبێت لە ووڵاتانی ناتۆ و بیەوێت بیانوو بگرێت و توڕە بێت ! ئەوا بەلوعەی کۆچبەران دەکاتەوە بە ڕووی ئەوروپادا ! ھەر ئەمەشە کە تورکیا پەیمانی ڕێککەوتنی پەنابەرانی ھەیە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا ! لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٦ دا ، بیست و حەوت ووڵاتی ئەوروپی ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا واژۆکرد بۆ ڕێگری لە لێشاوی کۆچبەران! بەگوێرەی ئەو ڕێگەوتنە، تورکیا بڕی ٦ ملیار یۆرۆ لە ووڵاتانی ئەوروپی وەردەگرێت، بۆ باشترکردنی دۆخی پەنابەران لە تورکیا و وە هاوڵاتیانی تورکیاش ڕێگەیان پێدەدرێت کە بەبێ ڤیزە گەشت بکەن بۆ ئەوروپا !
- هەروەها تورکیا کاریگەرشی لەسەر بابەتەکانی وەک شەڕی داعش و پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە، وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەندێک جار چاو دادەخەن و وریاترن لە ڕەخنەگرتن لە تورکیا لە ترسی ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی ئەردۆغان کە زیان بە بەرژەوەندییەکانیان بگەیەنێت!
٣ - بەرژەوەندی ئابوری و سەربازی: زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی، لەوانەش ئەڵمانیا و فەرەنسا، پەیوەندی ئابوریی نزیکیان لەگەڵ تورکیا هەیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا. جگە لەوەش تورکیا گرێبەستی چەکی لەگەڵ چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوایی هەیە. ئەمەش دڵنیایی دەدات لەوەی کە زۆرجار پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە تەکتیکی زیاتر و وورتر و بەچاوێکی تر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێن!
٤ - هەستیاری پرسی کورد : پرسی کورد ئاڵۆزە، چونکە چەند گروپ و حیزبی سیاسی کوردی لەووڵاتانی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران هەیە. تورکیا زۆرێک لەو گرووپانە بە تیرۆریست دەزانێت، بەتایبەتی پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان). وە ووڵاتانی ڕۆژئاواش نایانەوێت ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و ئەو ووڵاتانەدا بکەن، چونکە پاڵشتکردنی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ هەندێک مافی کورد یان گروپی کوردی لە تورکیا! بەدڵنیاییەوە ئەو پاڵپشتکردنە لەلایەن تورکیاوە وەک پشتیوانی لە تیرۆر سەیر دەکرێت!
٥ - دوو پێوەری جیاواز بۆ گوشاری نێودەوڵەتی : کاتێک باس لە ململانێکانی وەک ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەکرێت، فشاری نێودەوڵەتی لەلایەن گروپ و وڵاتانی بەرژەوەندخوازی جۆراوجۆرەوە هەیە بۆ ئەوەی هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت ! ئەمەش فشاری سیاسی زیاتر دەکات. بەڵام لە بارەی پرسی کورد یان کردەوەکانی تورکیا لە ڕۆژئاڤا ( سوریا) و باشور(عێراق)دا، زۆرجار ئەم فشارە کەمتر ئامادەیە، ئەوەش وەک پێوانی شتێک وایە بە دوو پێوەری جیاواز بەڵام!
٦ - ستراتیجی میدیا و ڕای گشتی: میدیای ڕۆژئاوا زیاتر گرنگی بە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەدات، کە بۆچوونی بەهێز و پەیوەندی مێژوویی تێدایە! پرسی کورد کەمتر بایەخی پێدەدرێت ھەتا لەناو خۆی کوردستان خۆشی دا ! بۆ نمونە زۆرجار دەبینین کە دینبازەکان کۆمەک و یارمەتی بۆ غەززە کۆدەکەنەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن دژی ئیسرائیل! کەچی بۆ ئەو ھەموو تاوانەی کە ڕۆژانە دەیانبینن کە لەلایەن خەلیفەکانی موسڵمانانەوە کە ئەردوغانە و عەمامەبەسەرەکانی ئێرانەوە، دینبازەکان یەک وورتەیان لێوە نایەت! ھەتا ئەگەر بۆردومانەکان لەسەر مزگەوتەکانیش بێت و پەڕەی قورئانەکانیش بە سوتاوی بکەن بە ئاسماندا و بینێرنەوە بۆ خوداکەیان ! ئەوەش دوو ڕوویی و بیرکردنەوەی دینبازەکانە! وە ئەوەی زیاتر کە جێگەی سەرنجیشە، ئەوەیە کە دەستەڵاتی کوردی و زۆربەی حیزبە کوردێکانی باشوریش وورتەیان لێوە نایەت بۆ ئەو ھێرشانەی تورکیا!
زۆرجاریش لە میدیاکانی ڕۆژئاوا کەمتر تاوانەکانی ئەردوغان پیشان دەدرێت و ئەو پیشاندانەش ئەگەر ببێت ، ئەوا زۆر ڕوون و بەردەوام نییە ، ئەمەش وا دەکات کەفشاری گشتی لەسەر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کەم ببێتەوە بۆ دەستوەردان و کاردانەوەیان لەو ھێرشە دڕندانانەی تورکیا!
٧ - پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد : نەبونی پلانێکی تۆکمەی نەتەوایەتی، بەھۆی پەرتەوازەیی لایەنە کوردیەکان، بەتایبەتیش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ! ئەم دابەشبوونانەش وادەکات کە وەڵامدانەوەیەکی یەکگرتوو و بەهێز و کاریگەر نەبێت( یان ھەر نییە!). بۆ نمونە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە و پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان) وەک هەڕەشە دەبینێت! کەواتە ناتوانێت ڕخنە بگرێت لەتورکیا و ھەڵوێستی نەتەوەیی لە ھێرشەکانی تورکیا ھەبێت! لەھەمان کاتدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆرجار هەڵوێستێکی بێلایەن و بێدەنگی ھەیە لەگەڵ تورکیادا واتە ئەمیش ناڕەزایی پیشان نادات! وە لەلایەکی تریشەوە یەکێتی پەیوەندیەکی باشی ھەیە لەگەڵ عەمامەبەسەرەکانی ئێراندا! بۆیە یەکێتی چاوی دەپۆشی لە دەست درێژیەکانی ئێران بەتایبەت بۆ زۆنی سەوز و ھەڵوێستێکی نەتەوەیی نابێت!
- دینبازە خۆماڵیەکانیش وەکو باڵندەی تووتی ، کەلتور و تێکسی بیابانی ھەزار و چوارسەدساڵەی لەمەوبەر دەڵێن و دەڵێنەوە! بەوەش دەیانەوێت کۆمەڵگا بکەنە جاشی خەلیفەکانیان و کۆمەڵگاش وەک ئاوی وەستاو بھێڵنەوە ھەتاکو وەک مێشکی خۆیان بۆگەن بکات!
- وە حوکومەت و دەستەڵاتی کوردیش ئەو بۆشاییەی کە عەقڵی سیاسی ئەوان دروستی کردووە، نەک ھەر خەریکە ھەرێم ووێران دەکات و لەناوی دەبات ! بەڵکو کەلتوری ڕەسەنی کوردیش و ھەستی نەتەوایەتیش تێک دەدات و ترۆری دەکات!
- ئای عەقڵی سیاسی و پلان و ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ دواڕۆژێکی ڕوون و ئاسودە و گەش و دادپەروەر ، ئێوە لەکوێن؟
یاسین حەمە غەریب
© 2019- Kurdistanpost