KURDISTANPOST
رەوا حەمە جان
پاوانخوازی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، حەشدی شەعبی نموونە
Tuesday, 29/10/2024, 18:25
24
بینراوە
لە دوای بە سەركەوتن گەشتنی شۆرشی گەلانی ئێران گروپێكی ئاینی تووندرەو سواری شەپۆلی شورشەكە بوون و لە رێرەوە شۆرشگێریكەیان لادا، بەگەرانەوەی خومەینی بۆ تەهران هیواش هیواش هەرچى گروپ و دەستەی ئیسلامی توندرەوەی ئیران هەیە لە دەوری خۆی كۆكردەوە، كاتێك هەستی كرد تەواو بەهێز بووە بەتەواوەتی دەستی گرت بە سەر شۆرشەكەدا و كۆنتروڵی تەواوی ئێرانی كرد، هەر بەمەشەوە نەوەستا بەڵكوكۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و تەواوى وڵاتی خستەژێر حوكمی ئیسلامیەوە.
یەكێك لە بەرنامەكانی خومەینی سیاسەتی ناردنەدەرەوەی شۆرش بوو ، بۆ وڵاتانی دراوسێى، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە شیعەی تێدا دەژێت، یەكەم وڵاتیش عیراق بوو كە بەر ناردنەدەرەوەی شۆرشی ئیسلامی كەوت.
كۆماری ئیسلامی بە شێوەیەك رەگ و ریشەیان لە عێراق داكوتیوە لە پاش رووخانی رژێمی سەدام شیعەی عێراق بە تەواوەتی دەستیانگرت بە سەر حوكمدا.
دوابەدوای هاتنی داعش و داگیركردنی چەندین گەوەرشاری عێراق، ئێران هەستا بەچەكداركردنی شیعەكانی عێراق لە شێوەی میلشیادا لەژێر ناوی (حەشدی شەعبی) ، ئەم گروپە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراق هەڵسوكەوت دەكەن و راستەوخۆ لە ئێرانەوە ڕێنمایان بۆ دێت.
پاش تێكشكاندنی داعش بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی بە داعش، حەشدی شەعبی وەك هێزیكی میلیشیایی بە تەواوەتی دەستی گرت بە سەر ئەو ناوچە سوونە نشینانەی عێراقداكە تازە لە دەستی داعش رزگاركرابوون، پاش ئەوە حەشد دەرۆشتە ناو هەرشارێكی رزگاربوو لە دەست داعش، عەشدی شەعبی هەڵدەستا بە رەشبگێری و ئازاردان و وێرانكردن و تەنانەت كوشتنی سەدان كەس ، خەلك دڵخۆش بوون بەوەی گوایە رزگاریان بووە لە دەستی تیرۆرستانی داعش بێ ئاگابوون لەوەی كە دووبارە كەتوونەتە ژێر دەستی گروپێكی تری لە یاسا دەرچوو كە كەمێك لە داعش جیاوازترە، سەدان نموونەی كردەوەی كوشتن و گرتن و راودوونان هەیە لەم باریەوە بۆ نموونە: تەنها لە ناو موسڵدا حەشدی شەعبی (2500 )خەلكی مەدەنی گولەبارانكردووە لە (3)رۆژی یەكەمی
دەرپراندنی داعشدا، هاوڵاتی (فوزیە جواد حامد) لە چاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت: لە دوای دەستبەسەركردنی هاوسەرم(حەسەن فەتاح موحەمەد) و (3) كوڕم لە لاین حەشدی شەعبیەوە هەتا ئێستا چارەنووسی هاوسەر و كورەكانم دیار نیە و نازانم ، بۆ هەر كوێ دەرۆم دەڵێن لای ئێمە نیە.
لە شاری تكریت سەدان كەس هەتا ئیستا لە زیندانە نهێنیەكانی حەشدی شەعبیدان ئەمە جگەلەوەی چارەنووسی سەدان كەس تا ئێستا كەس نادیارە و كەس نازانێت لە ژیان ماون یان كوژراون ، هاوڵاتی (رزوان خلف) دەڵێت: لە پێش چاوی خۆم براكەم گولەباران كرا لە تكریت لە لایەن میلیشیاكانی حەشدەوە.
تەنها لە شاری دووزخورماتوو زیاتر لە (10) هەزار كوردی شارەكە ئاوارەبوونە لە دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستیانگرد بە سەر شارەكەیاندا و ناتوانن بگەرێنەوە بۆ شارەكەیان، رۆژانە هەرەشە لە خەڵك دەكرێت، هاوڵاتێكى خەڵكی دووز بەناوی (هاوبەش موحەمەد ئەحمەد) پاش ئەوەی باوك و دایكی لە لایەن حەشدی شەعبیەوە دەگیرێن دوای ماوەیەكیش برایەكی بە ناوی (هاوكار موحەمەد ئەحمەد) لە لایەن حەشدەوە دەكوژرێت، ئەم كارەساتە ماڵوێرانیەی كە بەسەر باوك و دایك و براكەی (هاوكار موحەمەد ئەحمەد)دا هات وا دەكات كە پەیوەست بێت بە هێزەكانی خۆبەخش لە شارەكەی كە هێزێكن رووبەرووی حەشد دەوەستنەوە پاش ماوەیەك (هاوكار موحەمەد ئەحمەد) بریندار دەبێت، دواتر بەناچاری دووزخورماتوو بەجێدەڵێت و روودەكاتە وڵاتانی ئەورووپا.
حەشدی شەعبی بەتەواوەتی حاكمی فەرمیە لە عێراقدا وەك حكومەت لە ناو حكومەت كار دەكات هاوشێوەی حیزب اللە لوبنان. هەر بۆیە زۆر گرنگە بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان و دامودەزگاكانی مافی مرۆڤ بێ دەنگ نەبن لە ئاست ئەو ماڵوێرانیەی حەشد هێناویەتی بە سەر گەلانی عێراقدا.
رەوا حەمە جان
© 2019- Kurdistanpost