کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


دەمامکی ئاشتی و ڕووخساری شەڕ: سیاسەتی فاشیستەکانی تورکە

Friday, 01/11/2024, 0:18


 لە شیکردنەوەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی تورکیە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە، ئەوەی بە ڕوونی دیارە، درێژەدان بە سیاسەتی فێڵبازانە و شەڕانگێزانەی حکومەتی فاشیستی تورکیە و ئاکپارتیە.ئەم حکومەتە کە لە مێژە پشتی بە سەرکوتکردنی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد و سەپاندنی توندوتیژی بەستووە، ئێستا بە دروشمی ئاشتیخوازانە لە هەوڵی ئەوەدایە فەزایەک بۆ لاوازکردنی بەرخۆدانی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا دروست بکات.
دەوڵەت باغچەڵی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی فاشیستی(مەهەپە) لەگەڵ ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی هەرگیز دانیان بە مافەکانی نەتەوەی کورددا نەهێناوە و چەندین جار بە پلان و نەخشەی ئاشکرا پرۆسەی دانوستانیان بەرەو شکست بردووە.نموونەیەکی ڕوونی ئەم سیاسەتانە لە دانوستانە شکستخواردووەکانی ساڵی ٢٠١٣دا دەبینرێت؛کاتێک حکومەتی تورکیە لەبڕی پابەندبوون بە بەڵێنەکانی، بەردەوام بوو،لە هێرشە سەربازییەکان دژی تەڤگەری ئازادیخۆازی کوردستان.  ئێستاش بە دووبارە هێنانە ئارای پرسی ئاشتی، ئەوە ڕوونە کە تورکیە هەوڵی لاوازکردنی پەکەکە و سەرکوتکردنی زیاتری گەلی کورد دەدات، نەک بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی و چاڕەسەری دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
موراد قەرەیڵان، سەرکردەی باڵای پەکەکە، بە حەق هۆشداریدا لەوەی کە ئەم دانوستانانە دەکرێت بەشێک بن لە ستراتیژێکی ئاڵۆز بۆ شەڕێکی تایبەت دژی پەکەکە.ئامانجی حکوومەتی تورکیە تەنیا شکستپێهێنانی هێزەکانی خۆڕاگری کوردە و نیازی ڕێزگرتن لە داخوازی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد نییە.
ئەزمونی تاڵی ڕابردوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەرکات تورکیە باسی "ئاشتی"ی کردوە، شەڕێکی خوێناویتر بەڕێوە بوو.وەک نموونەی یۆنانی کە دەڵێ؛ "هەرکاتێک حکومەتی تورکیە باسی ئاشتی بکات، بەدڵنیاییەوە شەڕێک لەپێشەدایە" ئەم سیاسەتانە بەباشی دەردەخات.
هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر بنکەی فڕۆکەوانیی تورکیە نموونەیەکی دیکەی هەڵسوکەوتی دووڕوویی حکومەتی تورکیە و ئاکپارتی و مەهەپە دەردەخات.ئەم هێرشە کە لەلایەن دوو هێرشبەری نەناسراوەوە ئەنجامدرا و تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە،ئەوەش وەک بیانوو بۆ هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ڕۆژئاڤای کوردستان.لەو هێرشانەدا ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی کورد شەهید و بریندار بوون.ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە سەرکوتکەر و خوێناوییە نیشانەی سیاسەتی بەردەوامی حکومەتی تورکیەیە بۆ بەکارهێنانی قەیرانەکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و درێژەدان بە داگیرکاری لە ناوچەکانی کوردستاندا.حکومەتێک کە بە دزەکردنە ناو ئامێرە سەربازی و ئەمنییەکان، هەموو دەرفەتێک بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی هەر هەوڵێکی ئاشتیانەی ڕاستەقینە و ڕوخاندنی ستاتۆی کورد لە ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان.
لە کۆتاییدا ئەوە ڕوونە کە حکومەتی تورکیا تەنها بەدوای بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیدایە لە ڕێگەی شەڕ و توندوتیژیەوە، لەبری ئەوەی بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی.  هەروەها هەرێمی کوردستانیش قوربانیی سیاسەتەکانی شەڕنگێزی و فاشیستی ئەم حکوومەتەن بەهۆی هاوپەیمانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەتەک ئاکپارتی و هاوپەیمانەکانی وەک مەهەپە و هۆدا پارت و هەتا تورکیە کەرەستەی سەربازی بۆ سەرکوتکردنی کورد بەکاربهێنێت، ئاشتیی واقیعی و هەمیشەیی لەو ناوچانەدا نامێنێت.
لە ساڵی 2015 حکومەتی تورکیا کوشتنی دوو ئەفسەری پۆلیسی لە شاری جیلان پینار لە پارێزگای ئۆرفا کردە بیانوو بۆ ڕاگەیاندنی کۆتایی "پڕۆژەی ئاشتی" و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان دژی هێزەکانی گەریلا.سەرەتا پارتی ڕایگەیاند؛کە تیمێکی ئۆپەراسیۆنی ناوخۆیی سەر بەوان ئەو دوو پۆلیسەیان کوشتووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ڕایانگەیاند،کە ئۆپەراسیۆنەکە گوماناوییە و لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام نەدراوە.دواتر دەرکەوت ئەم دوو پۆلیسە لەلایەن کەسانێکەوە کوژراون کە سەر بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی تورکیا بوون، بەڵام خۆیان بە لایەنگری پەکەکە ناساندووە.
لەو ساڵەدا هەدەپە داوای پێکهێنانی تیمێکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی تورکیای کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی کوژرانی ئەو دوو پۆلیسە.  ئاکەپە دژی پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەو شێوەیە بوو.دواتر میدیاکانی تورکیاش نووسیویانە کە کوشتنی ئەو دوو پۆلیسە گوماناوییە.
لە ڕاستیدا ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن حکومەتی شاراوەی تورکیاوە ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی بیکاتە بیانوویەک بۆ کۆتاییهێنان بە "پرۆسەی ئاشتی" و دەستپێکردنەوەی شەڕێکی خوێناوی.ئەردۆغان تێگەیشتووە؛کە پێشکەوتنی پرۆسی ئاشتی و دانووستان پێگەی هەدەپە و پەکەکەی بەهێزتر کردووە.
پەیامەکەی(عەبدوڵڵا ئۆجەلان )لەو ساڵەدا لە مەراسیمی ملیۆنی نەورۆزی دیاربەکر خوێندرایەوە و لەو ماوەیەدا داوای لە پەکەکە کرد،بە پێکهێنانی کۆنگرەی حزبی کۆتایی شەڕی چەکداری ڕابگەیەنێت.سەرکردایەتی پەکەکە بە ئەرێنی وەڵامی ئەو بانگەوازەی (سەرۆک ئۆجەلانی) دایەوە، بەڵام ئەردۆغان ڕێگری لە پێشکەوتنی پرۆسەکە کرد.لە هەمان کاتدا ئەو دوو پۆلیسەی باسکراون، لەلایەن هێزە دەمامکدارەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری سەربازی تورکیە ژیتەم ـ میت کوژرابوون.
بەڵام ئەو جارە بەئاشکرا هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر پێگەی ئاسمانی ئەنقەرە لە لایەن تابۆری فیدایەکانی گەل کە دەبێتە باسکی گەریڵا و بەشێوەیەکی ئۆتۆنۆم لەناوخۆی تورکیە جمووجۆڵی سەربازی لە ناو شارەکانی تورکیە ئەنجامدەدەن.ئەمەش بە ڕێنمایی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی گەل له قەندیڵ و ئەمرۆش کەجەکە بەفەرمی ڕایگەیاندوە کە ئەو چاڵاکییە لەلایەن هێزە فیداییەکانی گەل لەناو شارەکانی تورکیەدا ئەنجامدراوە و پێشوەختە پێلانی بۆ دارێژراوە.بەڵام لێرەدا هەڵوێست و کردەوەی تورکیە جێگەی شەرمەزارییە لە هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەهیدکردن و بریندار بوونی ژن و منداڵی کورد و لێدانی کەرتی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو و سایلۆکانی دانەویڵە وخۆراک..
هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکەی شەوی ڕابردووی سوپای تورکیە بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی کۆبانی و شارەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان و کوشتنی خەڵکی سڤیل، ڕەنگە دووبارەبوونەوەی مێژوو و بەشێک بێت لە تاکتیکی شەڕی هێزە تایبەتەکانی حکومەتی تورکیە، هەروەک دوێنێ (موراد قەرەیلان) گوتی؛ ئەم جمووجۆڵە سیاسیانەی ئەم دواییەی تورکیە دەتوانێ تاکتیکێکی شەڕی تایبەتی حکومەتی تورکیە بێت.  ڕەنگە حکومەتی تورکیە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بەو تاکتیکە گورزێکی سەخت لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانان بدات. 
لە هەر حاڵەتێکدا هەموو ئەکتەرەکانی لایەنی کوردی ڕایانگەیاندووە، ئەگەر حکومەتی تورکیە دڵسۆز و ڕاستگۆیانە؛دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و دیموکراسییان دەوێت و ئەمەش تاکتیکی خاپاندن نییە، بۆ دانانی زەمینە بۆ سەرکوتی زیاتر.دیارە هێزە ڕەشەکان یانیش دەوڵەتی شاڕاوەی تورکیە یان هیچ نیازێکیان نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد یانیش دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە لە سەرەتاوە بخنکێنن..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە