پارتی مامۆستای قوتابخانەی جاشایەتیە
Saturday, 18/01/2025, 21:35
توركیا هەوڵدەدات سیستەمی جاشایەتی و بەکرێگیراویی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی ببیندێت.
ڕاکێشانی مەسرور و سلاحەدین و شاسوار بۆ بەر دەرگای بابولعالی ئۆسمانلییە نوێکان لە کاتێکی ئاوا هەستیاری مێژوویی کە گەلی کورد و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، زەلیلترکردنی دەسەڵاتە بۆگەنەکەی پارتی و ئیسلامەتیە سیاسیەکەی یەکگرتوو و بازرگانە لە ناکاو هەڵتۆقیوەکەی دوکانەکەی شاسوارە.
نزیکەی هەموو جیهان شەپۆلێکی پشتگیری کوردیان دەستپێکردووە لە بەرامبەر تورکیا، تورکیاش دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو دۆڕاو و خۆفرۆشانە بە جیهان بڵێت کە کورد لایەنگری دەوڵەتی تورکن، بەڵام کام کورد، بەڵێ کوردی دۆڕاو نەک کوردی بەرخودێر.
دەسەڵاتی پارتی نیو ئەوەندەی گوێڕایەڵی تورکیایە، ئەگەر لەگەڵ ناوخۆ و بەغدا دروست بوا، ئەوا ئێستا هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی زۆر زۆر باشتر دەبوو لە ئێستا.
سەرانی دەسەڵاتی خۆسپێن و ماوە بەسەرچووی هەولێر، کاتێ بەغدا تێر پارەیان دەکات فزەیان لێوە نایەت، بەڵام ئەگەر هەق و حسابی پارەیان لەگەڵدا بکات، ئەوا دەستدەکەن بە قەوانە سواوە کۆنەکەی درۆی کوردایەتیان، ماددەی سەدوچلیان بیردەکەوێتەوە و داوای قەرەبووکردنەوەی ئەنفال و هەڵەبجە لە بەغدا نوێدەکەنەوە.
دەسەڵاتی پارتی بە چاوپۆشی بە ناو حیزبی ئۆپۆزیسیۆنیش لەدوای هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانەوە مردوێک چەندە داوای مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کردووە، ئەوانیش هەر ئەوەندە.
لای پارتی پەرلەمان هەبێت یان نا، حکومەتی شەرعی تەشکیل بکرێت یان نا، هیچ جیاوازیەکی نییە، چونکە ئەوە پەرلەمان نییە یاسا دەردەکات بەڵکو حزبە دەیهاژوا، ئەوە وەزارەتەکان نیین وەک دەزگای حکومی کار بەڕێکەن، بەڵکو حزبە بڕیار و فەرمانیان بۆ دەردەکا.
تا ئێستا حکومەتێکی فاشیل و هیچ لە بارانەبوو لە هەرێمی کوردستان هەبووە و هەیە، بۆیە تا حزب کەڵەگای مەیدانەکە بێت، ئەوا حکومەت و پەرلەمان و دادوەریش لە هەرێمی کوردستان (سفر یەک بەدەستەوە).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست