ئەگەر بە دۆعا دەبوو، پشقل بە خورما دەبوو
Saturday, 18/01/2025, 21:39
ئەگەر بە دۆعا دەبوو ، پشقل بە خورما دەبوو !
ئەگەر بە زانست دەبوو ، ژیان بە (بەھا) دەبوو!
- ئایا ژیان بەبێ زانست، بێ مانایە؟ یان ژیان تەنھا بە ئایینەوە بە مانایە؟
- ئایا ھەموان بەرھەمی زانستی دەبینین و بەکاری دەھێنین؟
- ئەی تۆ بڵێی بەرھەمە ئاینیەکان چی بن؟ تۆ بڵێی بتوانین ئەو بەرھەمانە ببینین و بەکای بھێنین؟
- ئاخۆ بەبێ بەرھەمی زانستی، ژیان و باری تەندروستی چی لێ بێت؟ ئەی ئاخۆ بە دۆعای موسڵمانان، باری تەندروستی کۆمەڵگە چی لێ دێت؟
- تۆ بڵێی خودا گوێ لە (نوێژە بارانە) بگرێت؟ یان باران گوێ لە زانستی ژینگە و ڕەیژی زۆری سەوزایی دەگرێت؟
- ژیان بەردەوام دەبێت و گەشە دەکات بەبێ ئایین و کتێبی ئایینی ! چونکە جەوهەری ژیان و پێشکەوتنی مرۆڤ بە تەواوی پشت نابەستێت بە دیاردەی ڕۆحانیەت و بیروباوەڕی ئایینی ! لێرەدا چەند خاڵێک ڕوون دەکەمەوە :
بۆچی ژیان بەبێ ئایین ھەر گەشە دەکات؟
١ - پەرەسەندنی ژیان کارێکی بایۆلۆژییە : ژیان گەشە دەکات و دروست دەبێت لەسەر بنەمای پرۆسەی بایۆلۆژی وەکو زاوزێ و خۆگونجاندن لەگەڵ باری دەوروبەردا و وەهەڵبژاردنی سروشتی گونجاو ! ئەم پرۆسانە سەربەخۆن و پەیوەندیان بە ئایینیەکانەوە نییە ! بەڵکو ئەو پرۆسانە بەشێکن لە کاری سروشتی !
- بەڵام ئایین کاتێک گرنگە تۆ : کە تۆ بە پلەی یەکەم بەدوای مانای ژیاندا بگەڕێیت لە ئەزموونە ڕۆحییەکانی خۆتەوە یان تۆ زیاتر گرنگی دەدەیت بە نرخ و بەهای کۆمەڵایەتی و ڕێوڕەسمە ئاینیەکان کە مێشکیان لە قاڵب داویت ! نەک گەڕان بەدوای ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی ھارمۆنی گونجاو بۆ ھەموان!
- لەم حاڵەتەشدا زیرەکی دەستکردیش (AI ) کەبەرھەمی زانستیە، دەتوانێت زانیاری و شیکردنەوەی وودتر و ڕاستر لەسەر کتێب و یاسا و نەریتە ئاینییەکان بدات ! کەواتە بەرھەمە زانستیەکان دەتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان جێگەی ئیمام و مامۆستایانی ئایینیش بگرێتەوە و ڕێگری لە دینبازەکان بکات لە درۆکردن و ھەڵخەڵەتاندن و گێلکردنی مرۆڤەکان بۆ بەرژەوەندی و دەستەڵاتی خۆیان!
- کەواتە بەبێ ئایین و دینبازی ژیان باشتر و ئاسودەتر و بێ فڕوفێڵ تر و ڕاستگۆتر و دادپەروەرتر دەڕوات بەڕێوە!.
٢ - ھێزی پاڵنەری پەرۆشی مرۆڤایەتیەکان بۆ زانین :
مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە ئایین، دەیانەوێت کۆمەڵگادا بەروە پێشەوە ببەن! ئەویش بەوەی کە دەیانەوێت بگەڕێن بەدوای زانست و خۆشگوزەرانی و پێکەوەکارکردن و پاڵنەرەکانی وەک زانینخوازی ( فضولی) و هاوسۆزی و ئیرادەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیان و ژینگە، وە پێشکەوتنیش لە زانست و تەکنەلۆژیادا !
- کەواتە زانست گرنگترە کاتێک :
تۆ بایەخ بە پێشکەوتنی پراکتیکی و بەرجەستە دەدەیت!
وە دەتەوێت جیهانبینی خۆت لەسەر بەڵگە و لۆژیک بنیات بنێیت! وە متمانەشت بە داهێنان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاسانکردنی ژیان بەشێوەیەکی گشتی!
- بەڵام ئایین دەیەوێت تۆ بگێڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ ڕابردوو وە نەھێڵێت مێشکت بکرێتەوە یان بۆخۆت بیر بکەیتەوە و بەدوای ڕاستیەکاندا بگەڕێیت ! وە بنچینەی بۆچونەکانی ئایینیش وەستاوە لەسەر (فڵان ووتی و فیسار ووتی و ئەگێڕنەوە ڕۆژێک ) یان ڕوداوی خەیاڵی کە ناچێتە عەقڵی مرۆڤەوە وەک بۆڕاق (کەری فڕیو ! چونکە لە زانستدا ساروخ چەندەھا بزوێنەری ھەیە، ھەتا بەرزدەبێتەوە و وە ھەموانیش بەرزبونەوەکە دەبینین) یان ئاو خوادنەوە سەدەھاکەسی موجاھید لەسەری پەنجەکانی پێغەمبەرەوە ! یان وە یان و ھەزارەھا شتی خەیاڵی تر!
- پرسیارەکەی من و ملیۆنانی وەک من ئەوەیە، ئایا ئەو مرۆڤانە یان (دینبازانە) بەبێ بەرھەمی زانستی خۆیان دەتوانن ژیان ببەنەسەر؟ وە ئایا بەرھەمەکانی ئایین چییە؟ کە ئێستا خۆیان بەکاری دەھێنن و شانازی پێوە دەکەن؟
٣ - ڕەوشت لەگەڵ ئایندایە یان بێ ئایین ھەر ھەیە :
بنچینەی ڕەوشت تەنها لەسەر ئایین نییە (وەک دەڵێن) ! زۆرێک لە بەهاکانی ژیان سەرچاوەیان گرتووە لە ئەزموونی مرۆڤایەتی و کولتوور و یاسا و پێکەوەکارکردنی مرۆڤەکان! وەک ڕێزگرتن لە یەکتری و دادپەروەری و بەزەیی و ڕێزگرتن لە گیانەوەران و ژینگەش.
- بەڵام ئایین مرۆڤەکان لە قاڵبی گروپێکی تایبەت بە خۆیان دەدەن ! ھەتا مرۆڤەکان سەر بە ھەمان بیرو بۆچونی ھەمان گروپ قبوڵ بکەن! وە گروپەکانی تر بە کافر بزانن! بۆ نمونە، ئەگەر بەراورد بکەیت لە نێوان ئەم دوو ووڵاتە ئیسلامیە کە بەردەوام یەکتر بەکافر دەکەن و یەکتر دەکوژن ( ئەفغانستانی سونە و ئێرانی شیعە) و ووڵاتە عەلمانیە کافرە زانست خوازەکانی ئەوروپادا، ئەوا بۆت دەردەکەوێت لەکام ووڵاتدا نرخی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ھەیە ! وە کێ ڕادەکات ؟ وەک پەنابەر ، وە بۆ کام ووڵات؟ ئەوە موسڵمانانن کە بەدەریادا و بە چوپی ئۆتۆمبیل و بە قاچاغ ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ڕادەکەن بۆ ووڵاتە عەلمانیەکان ! نەک بە پێچەوانەوە ! بۆ ؟ چونکە لە ووڵاتە عەلمانیەکاندا نرخی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ئازادی تاکەکان ھەیە، وە پێویست ناکات مرۆڤەکان لەبەردەم پەرستگاکاندا سواڵ بکەن ، یان سەر ببڕدرێن یان ئیھانەیان بکەن !
٤ - زانست و تەکنەلۆژیا وەک هێزی بزوێنەر :
داهێنانەکان لە بواری زانست و تەکنەلۆژیادا ، پێشکەوتنێکی بێشوماریان ھەیە! وەک لەبواری پزیشکی و ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و سەرچاوە جیاوازەکانی وزە! ئەمانەش بە ھیچ جۆرێک پەیوەندیان بە ئایینەوە نییە !
- ئاخۆ ژیان بەبێ زانست و بەرهەمی زانستی چۆ دەبێت؟
- نەبوونی چاودێری تەندروستی : نەبوونی دەرمان و کوتان و زانیاری پزیشکی ، بە واتای کەمبوونەوەی تەمەنی چاوەڕوان کراوی مرۆڤ و گیانەوەران دێت ! وە زیاتریش تووش بوون بە نەخۆشی جۆراوجۆر و خراپ بونی کوالیتی ژیان بۆ پیر و نەخۆشەکان!
- بەڵام ئایا میزی حوشتر تاکە دەرمانە بۆ نەخۆشیەکان؟ یان دۆعاکانیان؟ ئەگەر بە دۆعا بوایە ، دەبوایە ئێستا ووڵاتە ئیسلامییەکان بەھەشت بوایە و ووڵاتە عەلمانیەکانیش دۆزەخ بونایە! کەواتە بەبێ بەرھەمی زانستی مرۆڤ و گیانەوەران دەگەڕێتەوە بۆ چەرخەکانی بەردین! وە ھەتا پەرستگاکانیش دەبێتە تاریکستان! چونکە ھەموو پەرتوکە پیرۆزەکان ناتوانن، تەنھا یەک مزگەوتی تاریک یان پەرستگا ڕوناک بکەتەوە!
- نادڵنیایی لەبارەی سروشتەوە : بەبێ زانست و بەرھەمەکانی، مرۆڤ زۆر کەمتر تێدەگەین لە دیاردەکانی کەشوهەوا و لافاو و بومەلەرزە و گڕکان و دیاردە گەردوونیەکانی تر و تەنانەت لە گۆڕانکاری لەشی خۆماشمان! کەواتە (نوێژە بارانە) چارەسەری باران بارین و کەش و ھەوا ناکات! بەڵکو زانستی ژینگەو ڕێژەی سەوزایی و دروستکردنی بەنداو و پەرپێدانی ئاودێری، چارەسەری ووشکە ساڵی و باران و لافاو دەکات نەک دۆعا !
- نەبونی تەکنەلۆژیا : واتە نەبونی کارەبا و ئینتەرنێت و ئامرازەکانی گواستنەوە! بە کورتی گەڕانەوە بۆ بوونێکی سادە وەک مرۆڤە سەرەتاییەکانی ناو ئەشکەوتەکان!
- خاوبوونەوە یان وەستاندی پێشکەوتن : ژیان بەبێ داهێنان و ڕێباز و بەرنامە و گۆڕانی بەردەوامی زانستی، بە وەستاوی دەمێنێتەوە و بێ نرخ و بەھا دەبێت و زۆر قورسیش دەبێت! وەک کورد دەڵێت (ئاوی وەستاو بۆگەن دەکات! ) منیش دەڵێم (ئاوە بۆگەنەکەش دەبێتە شوێنی کۆبونەوەی میکرۆبەکان ! )
- کەواتە کامیان وەستاوە ! ئایین یان زانست؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست