کورتە مێژووییەکی ناوچەکە و لە ناوچوونی ڕژێمی سوریا
Saturday, 18/01/2025, 22:18
لەسەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانلی دا تەواویی شام و یەمەن و لوبنان، و هەندێک سەردەم تەواویی عێراق و هەندێک قۆناغیش زۆربەی خاکی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانلی دا بوو (ململانێ و جەنگی عوسمانلی و سەفەویی لە سەر شوێنە پیرۆزەکانی عێراق). تەنانەت دوای کەوتنی عوسمانلی لە جەنگی یەکەمی جیهان دا و دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانلی ئەو ووڵاتانە شیعە تێیدا باڵا دەست نەبوو، بەڵکو دەسەڵات لای سوننە بوو. تەنانەت ڕژێمی پەهلەویی ئێرانیش کە بە کودەتایەکی ڕەزا شاه دژی قاجارییەکان دروست بوو، ڕاستە شیعە مەزهەب بوو، بەڵام ڕژێمی پەهلەویی زیاتر هەوڵی بەخۆرئاواییکردنی ئێرانی دەدا نەک بە مەزهەبیکردنی ئێران.
کوردستانیش کە دابەش کرا لە لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ دا، کورد لە ووڵاتی خۆیی و لەو پارچانەی کە کرا بووە کەمینە و ژێر دەستە، ئیمپریالیزم دابەشیکرد، بەڵام چوار ووڵاتی سەردەستە جینۆساید و ئیتنۆسایدیان کرد بە درێژایی زیاتر لە سەدەیەک. ئەمە بۆ ئەوە ئاماژە پێدەدەین تا دواتر کە دێینە سەر دۆخی کورد بەرچاو ڕوونییەک هەبێت.
کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و کۆتایی بە ڕژێمی پەهلەویی هێنا، و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیەندرا. سەرانی شیعەی ئێران کاریان لەسەر هەناردەکردنی فکرەی شۆڕشەکە دەکرد بۆ دەرەوەی ئێران، بەتایبەت لەو ووڵاتانەی شیعەی تێدایە، یان تێدا زۆرینەیە (عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن)، یەکێک لەو ووڵاتانەی فکرەکەی تێدابڵاودەکرایەوە عێراق بوو. هەر ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران - عێراق. ئێران ئەنجومەنی باڵایی ئیسلامی و فەیلەقی بەدر و حیزبی دەعواو و چەندان هێز و پارتی دیکەی بۆ شیعەی عێراق دروست کرد، چەندان پیلانگێڕی و کۆنگرەی پارتە شیعییەکان لە ئێران دژی ڕژێمی سونی بەعسی سەددام حسێن ئەنجام دا. چەندین پارتی کوردیش یان لە ئێران دروست بوون، یان هاوکاری ماددیی و سەربازییان لە ئێرانەوە وەردەگرت دژی عێراق، تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەش ئەوە بوو کە پارتە کوردییەکان گرێدراویی ئێران بوون، شەڕیان بۆ شیعەی ئێران دەکرد دژی بەعسی سوننی.
ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ڕژێمی بەعسی خوێنڕێژ لەلایەن هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕوخێنرا، ئەم ڕووداوه مێژووییە گەورەیە بە قازانجی نفوزی ئێران شکایەوە کە لە مێژە کاری لەسەر دەکرد. شیعە بووە خاوەن دەسەڵات و ئابوری و تەنانەت حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئێران وەکو پاسداران بۆ قایمکردن و زاڵکردنی دەسەڵاتی شیعە بە سەر حکومەت و سوپا دا دروستکرا، تا ئەوەی میلیشیاکانی حەشد شەعبی بوونە خاوەن پێگە و نفوزێکی گەورە لە نێو عێراق دا و پەلاماری هەرێمی کوردستانیشیان دا و ڕیفراندۆمیان هەڵوەشاندەوە.
ئێران دوای دروست بوونی کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە شەڕەکانی لە دەرەوەی سنورەکانی ئەنجام بدات، کێشەکانی هەڵداوەتە دەرەوەی خۆی، لەم پێناوە دا چەندین میلیشیایی توندڕەوی خوێڕێژی تینوو بە خوێنی سوننەی دروستکردوە و هاوکاری گەورەی ماددی و سەربازی کردون.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دوای بەهاری عارەبی بەشێکی گەورەی ڕووداوەکانی ناوچەکە ئێران بە تەواویی ئامادەگییەوە هەوڵیداوە لە قازانجی نفوزی خۆیی و شیعەدا بیشکێنێتەوە. لە یەمەن میلیشیایی حوسییەکانی دروستکرد و بوونە خاوەن هێز و خاک، تەنانەت بوونە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی سعودیا و ئیسڕائیل. لە لوبنان هاوکارییەکی گەورەی حیزب الله دەکرد، تا ئەوەی لە لوبنان دا بوونە دەوڵەت لە ناو دەوڵەت دا، بوونە مەترسی لەسەر ئیسڕائیل. دوای سەرهەڵدانی جەنگی سوریا، ئێران چەندین میلیشیایی تێدا دروستکرد یان هێزی بۆ پاڵپشتی ڕژێمە ستەمکارە شیعییەکەی بەشار ئەسەد نارد و لەگەڵ ڕوسیا و حیزب الله دا تا ئەم کۆتاییە پاراستین لە کەوتن. ئەو (یەمەن و عێراق و سوریا و لوبنان)انەی جێ نفوزی عوسمانلی بوون و دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش بوونە دەوڵەت - نەتەوە دەست و هەژموونی ئێرانی پێگەیشت و سوننەی تێیان دا کوشت و بڕ دەکرد، ماڵ و مزگەوت و شار و گوندی سوننەی وێران دەکرد، سوکایەتیی بە پیرۆزییەکانی سوننە دەکرد و ژن و کچی سوننەی ئەتک دەکرد. ئیسڕائیل چەندە ستەمکاری و منداڵکوژی و ژنکوژی و وەحشیگەرایەتی بەرامبەر خەڵکی مەدەنیی فەلەستین و غەززە کردوە، ئێران چەندان قاتی ئیسڕائیل سوکایەتی و وێرانکاری و جینۆسایدی سوننەی لەو ووڵاتانە کردوە.
دژایەتی و جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ عێراق و ئێران جیاوازییەکی گەورەیی هەیە. عێراق هیچ کلک و باڵێکی لە دەرەوەی سنورەکەی نەبوو، لەبەرئەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ پەلاماریان دا. بەڵام شەڕ لەگەڵ ئێران دا جیاوازە، دەبوو سەرەتا لە دەرەوەی ئێران شەڕی بکەن، چونکە خاوەنی چەندین میلیشیا و کلک بوو، بێ لەناوبردن و لاوازکردنی ئەوانە ئەستەم بوو ئێران لە قاڵب بدرێت. واتە بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوخۆ دا دەبوو لە دەرەوەی ئێران لێبدرێت و مەترسییەکانی لەسەر ئیسڕائیل و ناوچەکە بنەبڕ بکرێت، بەڵام عێراق دەبوو ڕاستەوخۆ پەلامار بدرێت تاکو هەڕەشەکانی لەسەر دەرەوە کۆتایی پێ بێنرێت.
جەنگی حەماس و ئیسڕائیل خەون و پلانگێڕی ئیسڕائیل بوو بۆ باڵادەست بوونی لە ناوچەکە دا، بەڵام ئێران بۆی فەراهەمکرد. نەک وەکو ئەوەی بەشێک لە خەڵکە بێ لۆژیکەکە بانگەشەی سەرکەوتنی ئیسلام و کۆتایی ئیسڕائیل وێنەیان دەکرد. ئاخر لەو جەنگە دا نە حەماس و نە ئێران بستێک خاکیان ئازاد نەک، دیلێکی فەلەستینیان لای ئیسڕائیلی ئازاد نەکرد! زەڕبەیان لە پێگەیەکی گرنگی ئیسڕائیل نەدا. بەڵام تەواوی غەززە وێران و داگیرکرا، سەدان ژن و منداڵ گورگانخوارد کرا، ناتانیاهۆی منداڵکوژی نەفرەتی ژێرخانی شارەکەی تەخت کرد، بەشێکی گەورەی سەرکردایەتی حەماس تیرۆرکران. حیزب اللەی کرێگرتەی ئێران ویستی نمایش بکات و وەکو بەرگریکار لە غەززە دەرکەوێت، ئەویش بەر هێرش و پەلاماری سوپایی ئیسڕائیل کەوت و بەشێکی گەورەی سەرکردایەتیان کوژران، لوبنان نزیک بوو لە وێرانەیی، بەڵام هەر زوو حیزب الله ملکەچ بوو بۆ خواست و مەرجەکانی ئیسڕائیل. بەشێکی گەورەی سەرکردایەتی سەربازی ئێران لە سوریا کوژران. دەبێت ئەوەش بڵێین کە پەل بڕینی ئێران لە دەرەوە سەرەتا لە کوشتنی (قاسم سلێمان)ەوە دەستی پێکرد.
کورد لە خۆرئاوای کوردستان
لە پاش کودەتا سامناکە سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ی تورکیا، ئەندامانی پەکەکە پەنایان بردە بە خۆرئاوای کوردستان، لەوێوە چوونە دۆڵی بیقاعی لوبنان، ئەوێ لە ژێر قەڵەمڕەوی پارتە لوبنانییەکان دا بوو، پەناگەیەکیش بوو بۆ بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانی فەلەستین. لە بیقاعی لوبنان ئەندامانی پەکەکە زەمینەیان بۆ ڕەخسا لەوێدا کەمپی ڕاهێنانی تایبەت بە خۆیان دروستکرد، واتە حافز ئەسەد دۆڵی بیقاعی بۆ فەرهەمکردن لە دژی تورکیا.
پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٠ جگە لە لوبنان چەند بنکەیەکی لە ناوچەکانی شام لە سووریا کردەوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامی سەردانی ناوچەکانی خۆرئاوای کوردستانی دەکرد. ڕژێمی سوریا، حافز ئەسەد و دواتر بەشار ئەسەد هاوکاری بەردەوامی پەکەکە- یان دەکرد دژی تورکیا.
تا ساڵی ١٩٩٨ ئۆجەلان لە وڵاتی سووریا بوو، دواتر کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو، تورکیا ھەڕەشەی هێرش و پەلاماری سەربازی لە سووریا کرد بە وەی کە پشتگیری لە پەکەکە دەکەن. دەوڵەتی تورکیا بە هەزاران سەربازی ڕەوانەی سنورەکانی لەگەڵ سوریا دا کرد بە هەموو کەلوپەلێکی سەربازی پێشکەوتوویی سەردەمەوە. لە ١٦ئەیلولی ١٩٩٨ دا جەنەڕاڵ (ئەتیلا ئاتەش) سەردانی بەرەکانی جەنگی کرد و وتی: 〞ئارامیمان بەسەرچوو“. ئۆجەلان نزیکەی دوو دەیە بوو لە سوریا بوو، بەڵام بۆ یەکەمجار حکومەتی سوریا نیگەران بوو لە هەر کاردانەوەیەکی نەخوازرا و بە هۆی داڵدەدانی ئۆجەلانەوە.
ئەو کاتەی پەکەکە لە دۆڵی بیقاعی لوبنان بوو، لە جەنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی فەلەستین و ئیسڕائیل دا بەشدار بووە و لە پێناو فەلەستین دا شەهید داوە، هەر ئەم هاوکاریەی پەکەکە بۆ بزووتنەوە فەلەستینییەکان بووە هۆی تۆڵەکردنەوەی ئیسڕائیل لە پەکەکە بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بۆ داستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا.
بەڵام باشی پەیوەندی پەکەکە و ڕژێمی سوریا لەوەدایە کە پەکەکە ئەو پەیوەندیی و هاوکارییەی حافز ئەسەد و بەشاری کوڕی، لە دژی کوردی خۆرئاوا بەکارنەهێناوە، واتە کە هاوکارییان لە سوریا وەرگرتووە بۆ شۆڕش لە باکوری کوردستان، لە بەرامبەر دا دژایەتی کوردی خۆرئاوایان نەکردوە و کوردکوژی و سەرکوتکارییان نەکردوە بۆ ڕژێمی سوریا، هەروەکو ئەوەی پارتەکانی باشور گرێدراویی ئێران بوون و پێشمەرگە و سەرانی کۆمەڵە و دیموکراتیان دەکوش بۆ ئێران، کۆمەڵە و دیموکراتیان بۆ خاتری ئێران لە باشور کەمپنشین کرد. بەڵکو پەکەکە لە خۆرئاوا خەریکی ڕێکخستن و پەروەردەکردنی خەڵک بووە، ئەو ئەزمونەی ئێستا لە خۆرئاواش هەیە بەر مەبنای ئەو مێژوو و ڕۆژگارەیە، دەنا چۆن لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سوریا دا دەتوانرا خۆرئاوا ڕزگار بکرێت و خۆسەری بنیادبنرێت و ئەو هەموو جەنگەی دژی پەلامارەکانی تورکیا و بەرەی نوسرە و داعش و سوپایی نیشتیمانی و ڕژێمی سوریا بکرایە؟ لە ڕاستیدا ئەو خۆسەرییە ڕیشەکەی بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە.
لە پشتی ئەو جەنگەی سوریاوە چەند ئامانجێک هەبوو:
جەنگی سوریا درێژکراوەی جەنگی ڕوسیا + ئۆکرانیا، ئیسڕائیل + بەرەی مقاومە (حەماس+ حیزب الله+ حوسییەکان، حەشدی شەعبی+ سوریا+ ئێران)ە. ململانێ یان ڕێککەوتنێکی ڕوسیا - ئەمریکا هەیە لەلایەک بۆ پاراستنی ئیسڕائیل و دوورخستنەوەی ئێران و هەڕەشەکانی ئێران لە سوریا و لوبنانەوە بۆ سەر ئیسڕائیل. لەلایەکی دیکە چۆڵنەکردن و نەکشانەوەی ڕوسیایە لەو ناوچە و هەرێمانەی ئۆکرانیا کە ڕوسیا داگیرکردوە.
یەکەم. ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەدی ستەمکار لەلایەن هەتەشە و بە ئۆکەی ئیسڕائیل. کە لە (٢٠١١)ەوە گروپە سوننەکان بە هاوکاری تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی نەکرا، ئیسڕائیل بە کەمتر لە دوو هەفتە ئەنجامیدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئیسڕائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە تەواویی بنکە سەربازییە گرنگەکانی سوریایی خاپورکرد، تاکو ئەو کەلوپەلە سەربازییە مەترسیدارانە نەکەوێتە دەست گروپەکان و ببنەوە هەڕەشە له سەر ئیسڕائیل.
دووەم. دوورخستنەوەی هەڕەشەی ئێران و گرێدراوەکانی لە سەر ئاسایشی ئیسڕائیل، بە ڕێککەوتنی ئیسڕائیل، تورکیا، ئەمریکا و ووڵاتانی کەنداو.
سێیەم. کۆتایهێنان بە پێگە و ڕۆڵی ڕوسیا لە ناوچەکەدا لە لایەک و تۆڵەکردنەوەی ئۆکرانیا لە ڕوسیا لە سوریادا.
چوارەم. ئامانجی تورکیا لەم جەنگە دا بێ دوو دڵی دژایەتیکردن کورد و لەناوبردنی ئەزمونی بارۆسە. تەنها لەو پێناوەش دا ئەم هەنگاوەی ناوە بەو شپرزەییە ناوخۆیی و ئابورییە داتەپیوییەوە. ئیسڕائیل تەواوی منداڵی سوننە بکوژێت دۆستی ئەردۆغانە گەر هاوکاری تورکیا بکات لە دژی کورد و بە تایبەت خۆرئاوای کوردستان. لە یەکەم ڕۆژی پەلاماری هەتەشە بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد، تورکیا ئاڕاستەی پەلامارەکانی لە خۆرئاوایە لە ڕێگەی چەتەکانی سوپایی نیشتمان و فڕۆکەوە، ئەمەش بەشی دووەمی پیلانگێڕییەکەی ئیسڕائیل و ئەمریکا و تورکیایە. تەنانەت کاتێک ئیسڕائیل و ئەمریکا باسی پاراستنی بارۆس دەکەن، ئاماژە بە هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنەکانی تورکیا ناکەن، لە منبج. بەڵکو دەڵێن: دەبێت کورد لە هێرشی گروپە تیرۆرستییەکان بپارێزرێت. وەکو بڵیت تورکیا کاولکاری و قڕکردن ئەنجامنادات، بەڵکو کورد گوڵباران دەکات. لە کاتێکدا تورکیا خۆی بە براوە نازانێت تاکو کۆتایی بە دەسەڵاتی کورد لە خۆرئاوا نەهێنێت. ئەمە لە کاتێک دا سوریا بە هی خۆی دەزانێت هەروەکو چۆن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە وتی: تا کڕۆک حەڵەب هی تورکە.
کێ لە کەوتنی ڕژێمی سوریا زەرەدمەندە؟
گەلانی سوریا ستەمکارێکیان لە کۆڵەوە بوو، بەڵام سەرەمێکی تاریک چاوەڕێیانە، چونکە ئازادی سەتڵێک ئاو نییە لە ئاسمانەوە ببارێت! پەرەوەردەیی نەریتێکی ستەمکارین و گروپە مەزهەبییە سوننیە توندئاژۆ دەمارگیرە کرێگرتەکان تێیدا باڵادەست دەبن! سوریا بە عێراق بوونی دوای سەددام حسێن-ی لێ دێت.
لەم جەنگە دا زەرەمەندیی یەکەم، بنەماڵەی ئەسەد بوو کە دوایی زیاتر لە پەنجا ساڵ ستەمکاری تاروماربوون. زەرەمەندیی دووەم، گەلی فەلەستین بە تایبەت غەززەیە، کە کەیسەکەیان بۆ ماوەیەکی درێژ داخرا و ووڵاتانی بەشدار لە پیلانگێڕییەکەدا خەڵکی غەززەیان کردە قوربانی دەستکەوتە سیاسییەکانیان ئەمەش گۆبەنی ئێران بوو. زەرەدمەندی سێیەم ئێرانە کە هیلالی شیعی کەوت و کۆتایی بە هەژمونی هات لە سوریادا و گەر مەحاڵ نەبێت زۆر قورسە بتوانێت دەستی بگاتەوە سوریا و حزب الله. زەرەدمەندی چوارەم حیزب الله-یە کە کۆتایی بە هەژمونی هات وەکو دەوڵەت لە ناو دەوڵەت دا، بەڵکو دەبێت وەکو میلیشیایەکی ملکەچی خواستەکانی ئیسڕائیل مامەڵە بکات. بۆ کورد هەم مەترسی گەورەی تورکیا و گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی لەسەرە، هەم ستەمکارێکی لەکۆڵ بوویەوە و ستەمکارێکی دیکەش لاواز بووە.
لە جەنگی حەماس - ئیسڕائیل دا تەواویی مسوڵمانی سوونەی ناوچەکە هیوایان لە سەر ئێران هەڵچنیی بوو تا ئیسڕائیل تەمبێ و موشەکباران بکات، ئێرانیان بە فریادڕەس و ڕزگارکەر دەبینی! هێرش و وەڵامەکانی ئێرانیان وەکو هەواڵی بەپەلە دەبینی! لەکاتێک دا حەماس نەزانانە کەوتە ناو پیلانگێڕی ئێرانەوە و ئێران خەڵکی غەززەی بۆ سوپایی ئیسڕائیل و ناتانیاهۆی منداڵکوژ بەجێهێشت! ئێستاش کە (هەیئەی تحریر شام - هەتەشە) بە پیلانگێڕی (ئەمریکا، ئیسڕائیل، تورکیا و ووڵاتانی کەنداو، ڕوسیا) بەقارانجی پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل دژی بەشار ئەسەدی ستەمکار جەنگان و میلیشیا تیرۆرستییەکانی ئێران و سوپایی ئەسەدی ستەمکاری شیعی گرێدراویی ئێران تیاچوون، بەشێک لە کورد لە ژێرکاریگەری ئایدیایی سوننیی دا شاگەشکە بوونە بە لاوازی ئێران و پێ بزانن یان نا ستایشی ڕۆڵی ئیسڕائیل دەکەن.
لە ڕاستیدا کەوتنی هەر ستەمکارێک بۆ خۆیی ڕووداوێکی مێژوویی گەورەیە و مایەیی دڵخۆشییە، بەڵام دەبێت خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ ڕووداوەکان بکرێت و کۆدەکانی پشت ڕووداوەکانیش شرۆڤە بکرێت و هەڵبسەنگێندرێت تا ئەوەی توڕەیی جەماوەر کە ستەمکارێک ڕادەماڵێت، دواتر پیلانگێڕییەکان دەرگا لە سەر چەند ستەمکارێکی دیکە نەکەوە، لە هەناوی شۆڕش و ڕاپەڕینەکە دا چەند ستەمکارێک دروست نەبێت، ووڵات نەبێتە ئاگر و نەکوڵێت و نەبێتە جەنگەڵی تیرۆرستان و هەمیشە لە بە (عێراق بوون) دوایی سەددام نەترسین!
بارودۆخی ڕۆژاڤا دوای کەوتنی ڕژێم
قۆناغی داهاتووی سوریا لەهەموو لایەک زیاتر مایەی مەترسییە بۆ هەسەدە و ڕۆژاڤا، چونکە ئەو هێزانەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەن گرێدراویی تورکیا و جێبەجێکاری ئەجێندای تورکیان و بێگومان لە قۆناغی داهاتوودا پەلاماری کورد دەدەن. ڕاستە کورد پێشڕەوی کردووەو ٤٠٪ ی سوریای کۆنترۆڵکردووە، بەڵام گروپە توندڕەوە سورییەکان و تورکیاش کە یاریکەری سەرەکی سوریایە ڕێگە نادات ئەو دۆخە هەروا بمێنێتەوە. بەتایبەت بە هاوکارینەکردن ئەمریکا بۆ هەسەدە یان بە پیلانگێڕییەکی تورکیا و ووڵاتانی کەنداو و ئیسڕائیل و هاوپەیمانان.
بەڵام، لایەنێکی دیکە ئەو جەنگ و ململانێیەیی سوننە و شیعە ئەوەیە: شیعە لاواز بووە لە ناوچەکەدا، شیعە و ئێرانیش نایانەوێت شەڕی کورد بکەن. کورد دووجار لە مێژوو دا زەبری کوشندەی لە شیعە داوە. جاری یەکەم لە سەردەمی عەباسییەکان دا و لە سەردەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی کۆتایی بە دەسەڵاتی فاتمییەکان هێنرا لە میسڕ. جاری دووەم کورد بووە هاوپەیمانی عوسمانییەکان دژی سەفەوییەکان بە سەرکردایەتی مەولانا ئیدریسی بەدلیسی لە جەنگی چاڵدێرانی ساڵی (١٥١٤ ی عیسایی) دا ، هاوکاری کورد بووە هۆی سەرکەوتنی عوسمانییەکان لە جەنگەکەدا. لەبەرئەوە شیعە بۆ گەڕانەوەی باڵانسی هێزی شەڕی کورد ناکات، پێویستە کورد لاوازی شیعە نەکاتە دەرفەتی جەنگ دژی شیعە! بەڵکو بیکاتە دەرفەتی سیاسەتێکی ژیرانە و سەرکەوتوانە لە ململانێ سوننە و شیعە دا. چونکە گەر ئێرانی و شیعەش بۆ ماوەیەک بکەون، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئیسڕائیل ناهێڵن شیعە بکەوێت! بۆ ئەوەی هەمیشە باڵانسی هێز لە نێوان سوننە و شیعە دا پارێزراو بێت، ڕێگە نادەن سونە ببێتە جەمسەرێکی مەزن لە ناوچەکە دا و ببێتە هەڕەشە و مەترسی لە سەر بەرژەوەندییەکانیان! لە پیلانگێڕی ئەوان دا دەبێت ئەم دوو بەرەیە هەبن، تاکو بەردەوام بن لە پێکدادان و ناوچەکەش جەنگی خوێناوی لێنەبڕێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست