بە دەسەڵات مەڵێ بۆ زوڵم دەکەیت؟ بە کۆیلە بڵێ بۆ قبوڵی دەکەیت!؟


تۆ کە ناچارنەکرابیت قەمسەڵەی دڕاو ئەکڕیت

Saturday, 18/01/2025, 22:27


لە سۆشیال مێدیا ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆییم بینی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ فرۆشیارێکی فرۆشتنی قەمسەڵە و جل و بەرگی زستانەدا کردبوو و ئەیووت ( کڕیارمان هەیە پارەی نییە داوای قەمسەڵەی دڕاو دەکات بۆ ئەوەی بەهەرزان بیکڕێت).
لەمەوە کەوتمە خەیاڵێکی قوڵی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوو کە خەڵک چۆن جل و بەرگ و پێڵاوی پینە ئەکرد، گوڵە گەنمی ئەچنیەوە لەپشتی دەڕڕاسەکانەوە و خواردەمەنی زۆر ناجۆر و ناتەندروستی بەکارئەهێنا بەهۆکاری ئەو ئابڵوقە ئابوریە قورسەی خرابووە سەر عێراق لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەهۆی کارە زیادەڕەو و چەپەڵەکانی ئەوکاتی سەددام کە کوردستانیشی گرتبۆوە . ئەمە جگە لەئەو هەموو شەڕ و ململانێ و گەندەڵی و تاڵانی یە بەردەوامانەی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تری نزیک لەو دوو لایەنە کە لە ساڵی ١٩٦٣ ەوە بەردەوامی هەبوو ئێستاشی لەگەڵ بێت ژیانی خەڵکی هێندەیتر هاڕی بوو. ئەم جۆرە لە سیستمی حوکم و بەبنەماڵەکردن و خۆ بە هەموو شت زانین و بەبرسیکردنە بەردەوامانە وەک خویەکی قێزەونی لێهاتووە کە نەک ناتوانن دەستبەرداری بن بەڵکو ڕۆژ دوای ڕۆژ بێباکترئەبن دەرحەق بە ژیان و ژینگە و ئەمنیەتی خەڵک.
کێ حەزی لە شیکپۆشی و خۆشخۆری و خۆشگەڕان نیە وەک نەوەی بەرپرسەکان ئەگەر زوڵم بهێڵێ ؟! بێگومان بە لەهەر شوێنێک برسی و بێ جلێک هەبێت ئەوا ڕوونبێت لات لە شوێنێکی تر زوڵمێک کراوە . برسیکردن و ڕووتکردنەوەی گیرفانی خەڵک و دەست بەسەرداگرتنی قوتی خەڵکیش جۆرە هەرە خراپەکەی زوڵمە و هاوشانی تێکدانی ئاسایشی خەڵکە، خوا هەڵناگرێت لەمەش دا دەسەڵاتداران کەمتەرخەمیان نەکردووە و دەستیان لێ نەپاراستووە .
زوڵم لەهەر کات و سات و شوێنێک بکرێت هەر زوڵمە. بەڵام ئەوەی پلەی زوڵمەکە بەسوێتر و بەئازارتر و سەختتر ئەکات ئەوەیە کە باری ئابوری وڵات و ئەوشوێنە توشی قەیران نەبووبێت، بەڵکو لە ئەنجامی خراپی حوکم و بەهەدەردانی داهات و سەروەتەکەیەوە بێت لەلایەن ئەو حیزب و بنەماڵە سیاسی و بەرەبابانەوە کە هاوزمانتن و خۆیان بە نیشتیمانپەروەری بێڕکابەر و نوێنەری پاکی و ڕاستگۆیی و زیرەکی ئەزانن .
خاڵێکی تر، ئەو زوڵم و برسیکردنە لەسەر خاکێک ئەنجام بدرێت کە داهات و سامان و بەرەکەتەکەی بەشی نەک ٦ ملیۆن هاوڵاتی بەڵکو بەشی دەیان ملیۆن کەس ئەکات بەم ژیانە کولە مەرگی و مەمرە و مەژیەش نا ، بەڵکو بە خۆشگوزەرانترین شێوە کە هاوتای ژیانە شاهەنشاییەکەی خۆیان بێت .
ئەمە جگە لە هەندێک فاکتەری دی کە پەیوەستە بە خودی هاوڵاتی خۆیەوە ، لەوانە هەڵبژاردنەوە و کردنەوەی ئەم دەم و چاوە دوبارە و بێخێرانە بە بەرپرسی یەکەمی ووڵات !
گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی دەمێکە ئەو دەسەڵاتدارانەی لای خۆمان دەستیان لەخۆیان شۆردوە و نیازی ڕۆیشتنیان هەیە وەگەرنا چۆن ئاوا زۆر خەمساردانە قوت و مووچە و گوزەرانی ئەو خەڵکە زەوتئەکەن لەبەرامبەردا گیرفان و بانکەکانی خۆیانیان قەبەتر؟! باشە گریمان واشبێت و بەنیازی ڕۆیشتنن ، ئەی نابێت پەڕۆیەک لە ڕژێمە دیکتاتۆر و برسیکەرەکان دادڕن و بپرسن خۆ ئەو هەموو داهات و کۆیلە و ڕاگەیاندن و سوپا زەبەلاحەشیان هەبوو کەچی نەبووە فریادڕسیان و هەر هەرەسیان هێنا !
بەڕاستی دەسەڵاتێک ئەگەر عیبرەت لە ئەو هەموو ڕووداوە زۆرەی کەوتن و هەرەسانەی چوار دەور وەرنەگرێ و هێشتاوەکو چێژ لە برسیکردنی گەلەکەی ببینێ کەواتە لەڕووی فیزیکی و دەرونیەوە نەخۆش و لاواز و مێشک بەتاڵە !
بەڕاستی دەسەڵاتێکی لەم جۆرە هەر بۆ ئەوە باشە بیردۆزەکەی مامە فەرخەی بەسەردا جێبەجێبکرێت !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە