کورد بە بەردانی ئۆجەلان نابێت بە برای تورک
Saturday, 18/01/2025, 22:59
برایەتیی کورد و داگیرکەرانی بەنجی ژێردەستییە
ئاوڕدانەوەی ئۆردوگان لە ئۆجەلان چەکی نەرمە نەک ئاشتیی
گرنگ رۆژئاوایە نەیەڵین بکەوێت!
کورد لە فۆرمی جیاوازدا تەسلیمی کوردنەبوونی خۆی دەبێت
(بۆ ئەوەی تورەکەی برایەتیی نەکەنە سەرمان، پێویستە لە روی زانستییەوە لە بابەتی برایەتیی کورد و گەلانی داگیرکەریەوە بدوێین. بۆ زانستییبوونیش پێویستە لە تاقیکردنەوە و ئەنجامەکانییەوە تێگەشتنەکانمان هەڵ بهێنجین نەک لە حەز و هزرەوە. بۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی برایەتیی کورد و تورک تاقیکردنەوەی مێژووییم کرد بە کەرەسەی تێگەشتن. بابزانین مێژوو نەک ئاوەزی (زهن) ئەم و ئەو چیمان پیشان دەدات.)
خەباتی مەلیک مەحمود بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی شانبەشانی دەوڵەتی عێراق لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، سەری نە گرت. ئینگلیزەکان بە "چەکی رەق" و بە "چەکی نەرم" دژی کورد وەستانەوە. ئەوان ویستیان باشوری کوردستان بەشێک بێت لەو وڵاتەی کە دروستیان دەکرد: عێراق. عێراقیش دەبوو بە وڵاتێکی عەرەبیی بە کوردی کۆیلەوە.
عێراق لە سەر بناغەی بەرژەوەندیی قەڵەمڕەوی بەریتانیی دروست کرا و مافی گەلان و بەرژەوەندیی گەلانی وڵاتەکەی تیادا بەرچاو نە گیرا. چونکە لە بەرژەوەندیی گەلی عەرەبیش نیە کە گەلی کورد بدات بە زەویدا کە خۆشی ئەو کات بە پێوە نابێت. ئینگلیزەکان عێراقیان بە عەرەبی خراپ و کوردی ناپاک پێک هێنا. ئینگلیزەکان ئەو پەتەی کە کردبوویانە ملی کورد سەرەکەیان سپارد بە دەستەڵاتی عەرەبیی بۆ ئەوەی دەستی ئەوان خوێناویی بێت. کۆیلەکردنی کورد لە عێراقدا بو بە یەکێک لە هەلومەرجەکانی شەڕ و ناهەمواریی بۆ ئەوسا و ئێستای عێراق.
شێخ قادری برای مەلیک مەحمود لە یاداشتە چاپنەکراوەکەیدا باس دەکات کە "ئینگلیزەکان هەرگیز چەنگیان تەنها بە زەبری چەک نە بردۆتەوە. بەڵکو بە جاسوسیی و سیاسەتی حیلەبازییش کە ئەم دوانە ئینگلیزەکانی لە زلهێزەکانی دی جودا کردۆتەوە." ئەم چەکە نەرمە بە جۆرەها شێوە بە کار هات. مەبەستم لە چەکی نەرم سیاسەت و لقەکانێتی.
گفتی درۆ
لە سەرەتای داگیرکردنی ناوچەکەدا ئینگلیزەکان کەوتنە بڵاوکردنەوەی بەیان و گفتی درۆ بە گەلان کە فریای خۆیان بکەوون بێ بەش نەبن لە رزگاریی و مافی خۆیان کاتێک جەنگ بڕایەوە. ئەوان بڵاویان دەکردەوە کە بۆ رزگاریی و سەربەخۆیی گەلانی ژێردەستی عوسمانیی هاتوون نەک بۆ داگیرکردنیان.
لە بەر رۆشنایی ئەو گفت و بەندانەدا کە بەریتانیا و زلهیزەکان دابوویان بە گەلانی ژێردەستەی تورک، کورد دەبوو ئەم هەلە تاقی بکاتەوە و هیوای بە سەربەخۆیی هەبێت. مەلیک مەحمود کە هەمیشە لە ناکۆکیی و هەوڵی رزگاربووندا بوو لە ژێردەستیی تورک، ئەم رەوشەی بە هەل زانی.
ساڵی ١٩١٨ مەلیک مەحمود پەیوەندیی کرد بە ئینگلیزەکانەوە کە گەشتبوونە ناوچەی کەرکوک. ئەم پەیوەندییە بو بە مایەی گرتنی و بڕیاری لەناوبردنی لە لایەن تورکەکانەوە. دواتر کە تورکەکان بەریان دا و دەستەڵاتی سلێمانیان دایە دەست، کۆدەتای کرد بە سەر تورکەکاندا و لە ناوچەکە دەری کردن. جارێکی دی پەیوەندیی بە ئینگلیزەکانەوە کردەوە لە کفری. مێجەڕ نۆیێل هات بۆ سلێمانی و لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩١٨دا ئیدارەیەکی کوردیی را گەیاند کە مەلیک مەحمود بو بە "حوکمدار". بەڵام ئەم بەڕێوبەرەیە تەنها نزیکەی شەش مانگی خایاندا کە دو ویستی جیاواز بەرانبەر بە یەک وەستانەوە، ویستی مافەکانی کورد و ویستی کۆلۆنیالیستانەی ئینگلیز. لە ئاکامدا رۆژی ٢١/٠٥/١٩١٩ راپەڕینی کورد دەستەڵاتی ئینگلیزی لا برد(١)، ئاڵای قەڵەمڕەوی بەریتانیی دا گیرا و ئاڵای دەوڵەتی کوردیی لە جێگایدا هەڵ کرا. لەوە بە دوا وڵاتپارێزانی کورد بەرانبەر بە بەریتانیا و عێراقی داگیرکەر کەوتنە جەنگ و ناکۆکییەوە. ئینگلیزەکان بێ رەوشتانە کەوتنە بەکارهێنانی چەکی فڕۆکەوانیی و بەکارهێنانی ناپاڵم و کیمیاویی دژی کورد و وڵاتپارێزانی عەرەب لە عێراقدا. تەنانەت مریشک و ئاژەڵیشیان لە کوردستان کرد بە نیشان(٢). جگە لە چەکی "گفتی درۆ" چەکی نەرمی وەکو رۆژنامە، جاسوسیی، دوبەرەکیی و سودمەندیی کەسانی زێدفرۆش شانبەشانی چەکی رەقی تەقەمەنیی و تەیارە لە کاردا بوون. ژمارەیەک لە روناکبیران و عەشایەری کوردیان بە پارە و پۆست خستە بەرەی خۆیان و عێراقی عەرەبییەوە.
تێگەشتنی راستیی
ئینگلیزەکان هەر کە بەغدادیان داگیر کرد، ساڵی ١٩١٨ رۆژنامەی "تێگەشتنی راستیی"یان بە کوردیی بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی سیاسیی و سەربازیی دەر کرد. ئەم رۆژنامەیە منەکەری سەربازیی مێجەڕ سۆن دەری دەکرد. شوکری فەزڵی کە بە حساب هۆنراوەی نەسیحەتی نوسیووە بۆ کورد خۆی لە ناو ئەم کونە درۆیەدا ئیشی کردووە. حەمدی وڵاتپارێز بە هۆنراوەیەک وەڵامی شوکری فەزڵیی داوەتەوە. بەڵام هۆنراوەکەی فەزڵی چونکە هێزی ئینگلیزی لە پشت بووە زیاتر چەسپیووە.
رۆژنامەی ژیانەوە
(پێستە رێوی لە کوێ دەفرۆشن؟)
پاش بۆمبارانکردنی شاری سلێمانی و ناچارکردنی مەلیک مەحمود بۆ چۆڵکردنی، رۆژی ١٨/٠٧/١٩٢٤هێزی عێراق و ئینگلیزهکان هاتنهوه سلێمانی. دوای مانگێک رۆژی ١٨/٠٨/١٩٢٤رۆژنامهی "ژیانهوه"یان دهر کرد. مەبەستیان لەم ناوە سەرهەڵدانەوەیان بوو دوای دەرکردنیان. نهوشیروان مستهفا دهربارهی ئهم رۆژنامهیه دهنوسێت:
"ئهرکی سیاسیی ژیانهوه ئهوه بو که کورد حاڵی بکا، هیچ قهوارهیهکی سیاسیی، بهڕێوهبهرایهتی یا قانونیی تایبهتییان پێ رهوا نابینرێت، بهڵکو بهشێک دهبن له عێراق و دهبێت ببن به هاووڵاتی عێراقیی.(٢)"
چەکی نەرمی ئینگلیزەکان لە رێگای رۆژنامە و دەستیاوی ترەوە، ئیشیان کردووە بۆ ناوزڕاندنی مەلیک مەحمود. بە زاڵم، موڵک داگیرکەر، ئاژاوەچیی و هۆکاری شەڕ و ناڕەحەتیی خەڵک لە قەڵەمیان داوە و هەوڵیان داوە جەماوری لێ دور بخەنەوە و تەنهای بکەنەوە. کاریگەرترین قەڵەمیش قەڵەمی زێدفرۆشەکانی کورد خۆی بووە. درۆ و پڕوپاگەندەکانی مێجەڕ سۆن بە دەمی روناکبیری کوردی ئهوسا که پێیان وتووه منهوهر، دژی مەلیک مەحمود و دهوڵهتی کوردیی دواوە و گاڵتەی بە سەربەخۆیی کورد کردووە. دژی بڕوا بە خۆبوونی کورد وتوویانە شێتینه ئهگهر نەبن بە بەشێک لە عێراق و جیا ببنهوه ئەوسا توتنهکانتان له کوێ فهحس دهکهن و پێستە رێوی لە کام بازاڕدا دەفرۆشن؟ بۆ نمونە لە ژێر ناوی "سهعید فهوزی"دا منەوەرێک له ژمارهی (١٩)ی "ژیانهوه"دا دهنوسێت:
بۆ ژین ئهگهڕێم، خهڵقه ژیانم له عێراقه
بێ پهرده ئهڵێم ئهمن و ئهمانم له عێراقه
بهغدایه له بۆ ئهم وهتهنه بابی موراده
جێی سهرفی خوری و توتنهکانم له عێراقه
چی لێ ئهکهی ئهم سهعلهبه، ئهم ماز و کهتیره
ئهینێرییه کوێ شێتهکه نانم له عێراقه .
فەرهادی کورد کە ناوی شیعریی مەلیک مەحمودە، لە بەرانبەر بەم هەڵمەتە ژەهراوییەدا کە ویستوویەتی بڕوابەخۆبوون نەهێڵێت و کورد بکات بە کلک، لە هۆنراوەیەکدا نوسیوویەتی:
شیری وشتر بۆ ئەخۆم، چیمە لە گۆشتی سوسەمار
شیری مەڕ بێ خواردنم، دابەستە بۆ زستان ئەکەم
رانکوچۆغەی لای رەواندز پەستەکی بانەم هەیە
بۆ کڵاشی تیرە قایم رو لە هەورامان ئەکەم
من لە جێی عەگالی ئەسڵت یا سدارەی موستەعار
تەپلەی کورکی لەتیفی کەڵهوڕ و ئەیوان ئەکەم.
ئەم هۆنراوەیەی فەرهادی کورد شێخ سەڵامیش تەخمیسی کردووە و لە دێڕێکدا دەڵێت:
روپیە و پارەی جیهان بۆ تۆ بێ سەرجەم نامەوێ
خێری دنیام پێ بدەی تۆ ببیتە حاتەم نامەوێ.
لایەکتان دەریا نیە
قسەیەکی دی کە ئینگلیزەکان کوردیان پێ گەوج کردووە ئەوە بووە کە وتوویانە ئاخر لەبەر ئەوەی ئێوە لەسەر دەریا نین ناتوانن ببن بە دەوڵەت. لە وەڵامی ئەم کەراندنەدا فەرهادی کورد بە تەوسەوە وەڵامی داونەتەوە: "کەواتە دەوڵەتێکی وەکو سویسرامان بۆ دروست بکەن!" چونکە سویسرا لەسەر دەریا نیە.
پڕوپاگەندەکانی ئینگلیزەکان دژی مەلیک مەحمود و سەربەخۆیی هەتا ئێستاش ئەمە زیاد لە سەد ساڵە ژمارەیەکی زۆری روناکبیرانی پێ کەر بووە، لە پشت چاوێکی شکاوەوە مێژووی ئەو سەردەمە شێواو دەبینن و شێواو تێی دەگەن. قسەڵۆکەکانی ئینگلیزەکان و جاش کوردەکانیان لە دەرزی گەوجاندن دەچن کە هەتا ئەمڕۆش ئەم ئەقڵە شکاوە بڕی کردووە.
هەقەکەمان دا وەری نە گرت
قسەڵۆکێکی دی ئەوە بوو کە دەیان وت کورد بۆیە نە بوو بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی چونکە شێخ مەحمود لەبەر ئایین ئامادە نە بوو دەست بخاتە دەستی ئینگلیزەکانەوە. هەوڵدان بۆ رونکردنەوەی ئەوەی کە ئەم قسەڵۆکە کەرکردن و ئیهانەیە، بریتیی دەبێت لە رونکردنەوەی کەربوونی ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئەم بڕوایەن. پاش ئەم هەموو رێکەوتن، شەڕ، سیاسەت و هەوڵە کەسانێک ئەقڵی ئاوا بچوک ببێتەوە بۆ ئاستێکی ئاوا نزم، گەلێک ئەمە کەسەکانی بێت چۆن بۆ دەوڵەت دەبێت؟
بەکارهێنانی ئیسلام
هەروەها ئینگلیزەکان هەوڵیان دەدا کە کۆدی ئیسلامیی کورد بە کار بهێنن بۆ گوێڕایەڵیی کورد، لەو رێگایەوە کە مەلیک فەیسەڵ نەوەی پێغەمبەرە و پێویستە سەری بۆ دا بنەوێنن. بۆ نمونە لە کۆبونەوەی رۆژی ١٠/٠٨/١٩٣٠ دا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەعفەر عەسکەریی لە سلێمانی دەڵێت مەلیک فەیسەڵ نەوەی پێغەمبەرە. میرزا تۆفیق قەزاز کە بازرگانێکی وڵاتپارێزی سلێمانی بووە یەکسەر لە لوتی دەدات و بە سەرۆکوەزیران دەڵێت "ئەمە کێشەی میللەتە، باسی دین نیە." هەروەها میرزا تۆفیق وتوویەتی: "ئەگەر لەبەر دین ئێمە پێویست بێت سەر بە ئێوە بین، لە ھەموو دنیادا دیارە کە کورد زۆر دیندارە لەبەر ئەوە پێویستە عەرەب لە ژێر بەڕێوبەریی ئێمەدا بێت."
ئەم سۆزە بۆ مەلیکی عێراق دوای کۆدەتای ساڵی (١٩٥٨)یش کە دەستەڵاتی پاشایی عێراق روخا، تینی هەر مابوو لە ناو خەڵکدا.
برایەتیی کورد و عەرەب
دوای شەڕی بەردەرکی سەرا رۆژی ٠٦/٠٩/١٩٣٠ و لە دوای دوا هەوڵی بێ ئەنجامی مەلیک مەحمود بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان، ئیتر ژێردەستیی کورد گەیشتە قۆناغێکی تر.
ئەو روناکبیرانەی کە پرسی کوردیان کرد بە کاڵا بۆ بەرژوەندیی خۆیان، ئەرکی تازەیان بو بەوەی کە تەقەڵ لە باشوری کوردستان بدەن بینێن بە عێراقەوە. لە پلەی دووەمدا دەبوو فۆرمێک بدۆزنەوە بۆ ئەم ناچارییەی کورد. ئەو فۆرمەش "بڕایەتیی کورد و عەرەب" بوو. ئایا برایەتیی بۆ کورد چیە؟
لە کاتی خۆیدا مەلیک مەحمود وەڵامی ئەم سیاسەتەی داوەتەوە بەوەی کە کورد و عەرەب دەتوانن بە دراوسێتیی برا بن نەک بە ژێردەستیی کورد. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە برایەتیی لە سەر بناغەی یەکسانیی بونیاد دەنرێت نەک لەسەر پلە دویی و ژێردەستیی کورد. تەنانەت کورد دەڵێت برامان برایی کیسەمان جیایی. مام جەلال دوای ئەوەی بو بە سەرۆکۆماری عێراق لە بەرنامەیەکدا لە تەلەفیزیۆنێکی عەرەبییدا باسی برایەتیی کورد و عەرەبی کرد و وتی کە ١٩٣٧ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد نامیلکەیەکی بە زمانی عەرەبیی دەر کردووە بە ناوی "کورد و عەرەب" کە بۆ ئەوسا رکەشکێن بووە چونکە ئەو کات دروشمی برایەتیی کورد و عەرەب لە لایەن زۆرینەیەکەوە بە خیانەت لە قەڵەم دراوە.
لێرەدا دەر دەکەوێت کە برایەتیی کورد و گەلان وەکو مەلیک مەحمود دەستنیشانی کردووە دەبێت لەسەر بناغەی یەکسانیی بێت. بۆیە ئەو برایەتییەی کە بە ناچاریی بە کوردیان بڕی هیچ نە بوو جگە لە بەنجی کۆیلەیەتیی نەبێت.
بە تەماشاکردنی مێژووی عێراق بە ئاسانیی دەر دەکەوێت کە برایەتیی کورد و عەرەب بریتی بووە لە پەتخستنە ملی کورد. بێجگە لەوەی کە گەلی کورد لە ژێر سایەی دەستەڵاتی عەرەبدا رێگای بوون و پێشکەوتنی سروشتیی خۆی لێ گیراوە، مێژووی ئەم برایەتییە بریتی بووە لە زنجیرەیەک لەداردان، گوند و دارستان سوتاندن، کیمیاباران و ئەنفال.
برایەتیی کورد و گەلی داگیرکەر هیچ واتایەک نابەخشێت جگە لە پلەدویی و ژێردەستی. فەرهادی کورد کە ئامادە نە بوو گەلەکەی کەمتر رابگرێت لە گەلێکی دی لەم بارەیەوە وتوویەتی:
"بۆچی دەبێت لە خاکی خۆماندا ملکەچی بریاری گەلێکی تر بین؟"
بێگومان هیچ هۆیەکی سروشتیی نیە جگە لە داگیرکاریی و کۆیلەکردن نەبێت. بۆیە قبوڵکردنی ئەم هاوکێشەیە لە هەر بەرگێکدا بێت هیچ نیە جگە لە قبوڵکردنی سوکایەتیی و پلەنزمیی. کوردان لەم رەوشی ژێردەستییەدا لە دایک بوون و گەورە بوون. هەرچەندە لە روی دەرونییەوە هەست بەم بۆگەنە نەکەین، بەڵام دەبێت لە روی هوشیارییەوە ئەم هاوکێشەی بەندییە قبوڵ نەکەن و بیشکێنن. برایەتیی بەنجێکە لە گەلی ژێردەست دەدرێت هەست بە رسوایی نەکات. دوای تەقەڵلێدانی باشوری کوردستان بە عێراقەوە بە کشتەکی برایەتیی ئیتر ئەم هاوکێشە بەندییەی کورد بە بێگانەوە بەردەوامە، تەنها هەر فۆرم دەگۆڕێت. کورد جگە لە بۆیاخی برایەتیی لە بەرگی ئیسلامیی، کۆمۆنیزم، دیموکراتیبوون و قسەی هزریی تردا بەندێتیی و پلەدویی خۆی تازە کردۆتەوە. بەندبوونی کورد بە گەلانەوە لە رێگای هەر ئایدۆلۆجییەکەوە بێت ئیسلام یان مۆدێرنیتە هەرگیز خودی ئایدۆلۆجییەکە ناگەیەنێت بەڵکو ژێردەستیی و سوکایەتییەکە. بۆیە خەباتی رزگاریی کورد لە بنەڕەتدا هەڵوەشاندنەوەی ئەم هاوکێشەیەیە، هەواڵدانە بۆ شکاندنی ئەم تەوقی بەندبوونە بە گەلی بڕیاردەرەوە.
برایەتیی لای گەلان دروشمێک بووە بۆ نەهێشتنی پەیوەندیی چەوسانەوە و داگیرکاریی کە مرۆڤەکان لە گۆڕانکارییەکەدا هاوبەش و یەکسان بن. بەڵام برایەتیی کورد و گەلانی داگیرکەری بە پێچەوانەوە تەوق و رەواییدان بووە بە ژێردەستیی و نایەکسانیی. زەمینەی برایەتیی کورد و عەرەب پێش روخانی قەڵەمڕەوی عوسمانیی بوو کە بە روخانی ئەو دەستەڵاتە هەردوو گەل هەر یەکە بە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی بگەشتایە. بەڵام ئەوساش کە عەرەب هێشتا خۆی ژێردەستە بوو ئەو مافەی کە بۆ خۆی رەوا بوو بە کوردی رەوا نە دەبینی. داوای وڵاتی عێراقی عەرەبییان دەکرد لە زاخۆوە هەتا بەسرە.
هاوکێشەی تەوقی بەندیی
(ئەوان بۆ خۆیانن و ئێمەش بۆ ئەوان.)
فەرهادی کورد منداڵ بووە کە لەگەڵ باوکیدا چووە بۆ لای سوڵتانی عوسمانیی عەبدولحەمید. لەوێ کە چاوی بە شارستانیی ئەستنەبوڵ دەکەوێت لە چاو وڵاتە وێرانەکەی کوردستاندا، لە باوکی دەپرسێت: "بۆچی ئەوان ئاوا دەژین و ئێمەش ئاوا؟" شێخ سەعیدی باوکی وەڵامێکی قووڵی لە رستەیەکی ساکاردا دەداتەوە: "چونکە ئەوان بۆ خۆیان دەژین و ئێمەش بۆ ئەوان."
دواتر دەتوانرێت بوترێت کە هەموو مێژووی فەرهادی کورد بریتی بوو لە شکاندنی ئەم تەوقی بەندییە و رزگاربوون لە بەندبوونی کورد بە تورک و دواتر بە ئینگلیز و عەرەبەوە. فەرهاد هەر زو بەرانبەر بە تورکەکان وتی:
"بە ناوی ئایینەوە وڵاتەکەیان داگیر کردووین."
ئەمەش ئەوەی دەگەیاند کە "ئایینمان بە ئایینتان و وڵاتیش وڵاتمان." بۆیە ئاڵای دەوڵەتی خۆی هەڵ کرد و وێنەی مانگێکی ئیسلامیی تیادا دروست کرا کە کوردیش دەتوانێت لە خۆی و بە گوێرەی کولتوریی خۆی ئیسلام بێت نەک لە رێگای بەندبوونی ئیسلامییەوە دەستەڵات و کولتوری بێگانەی بە سەردا زاڵ ببێت. فەرهاد لە وتاری دامەزراندنی یەکەم کابینەی وەزیراندا وتی کە کوردیش دەبێت بە زمانی خۆی بخوێنێت و بنوسێت، نوێژەکانیشی بە کوردیی بکات!
چارەنوس و داهاتوو
گەلێک بەندبێت بە گەلێکی ترەوە داهاتووی نابێت، چارەنوسی دەبێت. داهاتوو و چارەنوسیش دو بابەتی جیاوازن لە یەکتریی. داهاتوو ئەوەیە کە گەلێک یان کەسێک لە خۆی و بە گوێرەی توانای خۆی بۆ خۆی دابین دەکات. بەڵام چارەنوس بەندە بە داهاتووی پێبەندەوە. کورد بە گشتیی داهاتووی نیە، بەڵكو چارەنوسی هەیە. لە عێراقی عەرەبدا سەددام حوسەین هاتە سەر دەستەڵات. کورد نەیتوانی داهاتوویەک بۆ خۆی دابین بکات جگە لەو چارەنوسەی بەند بوو بە داهاتووی عێراقەوە. تەنانەت لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا دروشمی ئەوەم بەرز کردەوە کە کورد دەبێت لەسەر قاچی خۆی بووەستێت و هەوڵی ئەوەم دا کە کورد خۆی نەکات بە بەشێک لە جەنگی ئێران و عێراق. بەڵام ئەمە ئەرزشی نە بوو، ئێستاش نیەتی. چونکە بەندبوونەکە رەگی قووڵی مێژوویی هەیە بە رای کەسێکی بێ دەستەڵات هەڵ ناکێشرێت. ئێستاش بە روونیی دەبینرێت کە پارتەکان پارتی بێ داهاتوون، پارتی چارەنوسن. چارەنوسی خۆیان و کوردیان بەستووە بە داهاتووی ئەو دەستەڵاتانەوە کە خۆیانیان لێ بەند کردوون. ئیتر ئەگەر عێراق نە بوو ئەوا تورکیا یان ئێران هەیە. ئەمە تا رادەیەک ئەوە روون دەکاتەوە کە ساڵی ١٩٩٥ لە کۆڕێکدا وتم:
"ئێمە میللەتێک نین بۆ سەربەخۆیی، ئێمە میللەتێکین بۆ ژێردەستیی و سەرکردەشمان بۆ شکست دەوێت. ئەوانیش لە ئەرکەکەی خۆیاندا سەرکەوتوون."
ئاوڕدانەوە لە ئۆجەلان چەکی نەرمە نەک ئاشتی
لە دوای زیاد لە ١٠٠ ساڵ هەوڵی بچڕاندنی تەوقی بەندییەوە ساڵی ١٩١٨، بڵاو دەکرێتەوە کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە بەندیخانەی تورکەوە ڕای گەیاندووە کە “پتەوکردنەوەی برایەتی تورک-کورد بووەتە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و گرنگییەکی چارەنووسساز و بەپەلەی هەیە."
ئایا ئەم قسەیە لەسەر چ بنەمایەک کراوە؟ برایەتیی لە دوای یەکسانییەوە دێت. کوا ئەو یەکسانییەی کە ئەم برایەتییەی پێ نرخاوە؟ لە هەمان کاتدا لە ئەندامانی پەکەکە هەن کە کەوتوونەتە هزراندنی جیهان و روداوەکان، وای پیشان دەدەن کە تورکیا و دەوڵەت/نەتەوە خەریکە دەڕوخێن و ئۆردوگان هانای بۆ رێبەر ئاپۆ هێناوە وەکو رێگاچارەیەک کە تورکیا مۆدێرن و دیموکراتیی بکات. وەکو ئەوەی کە ئۆردوگان لەسەر رێگەیەکی داخراو بە دو چاوی کوێرەوە پەکی کەوتبێت و ئەمان رێگای سێیەمی رێبەر ئاپۆی وەکو گۆچان بدەنە دەست!
ئەمە تەماشاکردنی دنیایە لە پشت چاویلکەیەکی هزرییەوە کە رەنگی راستەقینەی دنیا ون دەکات. بەدەر لە ئەم چاویلکە هزرییە راستییەکان ئاوا دەر دەکەوون:
ئۆردوگان بە دوای چارەسەریی دیموکراتیی و مۆدێرنیتییدا ناگەڕێت وەکو ئێمەی کورد دەیانهزرێنین. ئێمە خۆمان، زۆرە ملیی لێ دەر بکەیت، فڕمان بە دیموکراتییەوە نیە. دیموکراتیی بە بزمار دا ناکوترێت بە زمانەوە.
راستییەکە ئەوەیە کە ئۆردوگان دەیەوێت عەبدوڵا ئۆجەلان بەر بدات لە بەرانبەر بەوەدا کە دڵی ئۆردوگان رازی بکات. عەبدوڵا ئۆجەلان زیندانیی خۆیەتی. ئەگەر سیاسەتی پەکەکە لە بنەڕەتدا بەو شێوەیە بووایە کە هەر قەندیل هەبووایە قسەی لەگەڵ بکرێت، روداوەکان فۆرمێکی دییان دەگرت.
ئەم ئاوڕدانەوەیەش لە عەبدوڵا ئۆجەلان ئاکامی ئەوەیە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی هەتا ئێستا رێگرن لە بەردەم ئۆردوگاندا کە هەسەدە خاپور بکات. ئۆردوگان دەیەوێت عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە وەکو چەکێکی سیاسیی لەم پرۆسەیەدا بە کار بهێنێت. رێی تێ ناچێت ئۆردوگان بیەوێت گوێی لە مەرجی کورد بێت، دەیەوێت گوێی لە بەڵێ گەورەم بێت. ئەو دەڵێت هەسەدە لە سوریا دەبێت خاپور بکرێن لەبەر ئەوەی کە ئەوان سەر بە پەکەکەن. ئنجا کە هەسەدە بە هۆی پەکەکەوە ئارداویی بووبێت ئیتر ئەمە چ هیوایەکە کە خودی ئاردەکە برا بێت؟
دوا قسە
رەنگە بۆ پەکەکە بەربوونی رێبەرەکەیان هەموو شتێک بێت. بەڵام هەموو شت بەربوونی عەبدوڵا ئۆجەلان نیە. تورەکەی برایەتیی مەکەنە سەرمان! کورد بە بەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان نابێت بە برای تورک. گرنگ ئەوەیە هەر رێکەوتنێک کرا کاریگەریی خراپی نەبێت لەسەر رۆژئاوا. کوردانی رۆژئاوا رێگای بەرژەوەندیی خۆیان بگرن و پێویستە هەموومان وڵاتپارێزانی کورد بە هەموو توانامانەوە پشتیان بگرین نەیەڵین بکەوون. نا لەبەر ئایدۆلۆجییەکەیان بەڵکو لەبەر هۆکاری لەناوبردنیان کە خاک و بوون بە نەتەوە و دەوڵەتە.
سەرچاوە:
١. ل٥٠٥، م.ر. هاوار، شێخ مهحمودی قارهمان و دهوڵهتهکهی خوارووی کوردستان، بهرفگی یهکهم، لهندهن، 1990.
٢. ل: ١٢٩، Ingmar Karlsson, Inga vänner Utom bergen, Kurdernas Historia
٣. نەوشیروان مستەفا ئەمین، سەردەمی قەڵەم و موراجەعات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست