بە دەسەڵات مەڵێ بۆ زوڵم دەکەیت؟ بە کۆیلە بڵێ بۆ قبوڵی دەکەیت!؟


لە حەمامەکەی بەرزنجەوە بۆ بورجەکەی پاریس

Wednesday, 29/01/2025, 16:48


بەشی یەکەم

پێشکەش بە شەهید، ئەکرەمی حەپسە و دڵشاد مەریوانی بێت

نوسراوەکەی بەردەستان، 
بەشێکە لە چیرۆکی سەردەمێکی کورتی ژیانم، بیخوێنیتەوە دەبینی میللەتی کوردی باشور وەک بەشەکانی تری کوردستان، لەدوای ساڵەکانی حەفتاوە تا نزیکی ساڵەکانی نەوتەکانی سەدەی پێشوو، لە چ دەردی سەری وچەرمە سەرییەکدا ژیاون. 
لەبەرزنجە کاتێک مامۆستا بووم، سەرەتای ساڵەکانی خوێندنی ١٩٧٨ بۆ ١٩٧٩ بوو. بەرزنجە ئەوسەردەمە شارۆچکەیەکی جوانی بچوک بوو. دڵم پێی خۆشبوو، ئاوهەواو دیمەنی، چواردەوری دەشت ودەری، رەنگاو رەنگی، سەوزی دار ودرەختی، شاخ وداخی چواردەوری، لەگەڵ سروشتی جوانیدا، خەڵکەکەی وهەمووی هەروەها دڵگیر ودڵخۆشکەر بوون. 
لەبەرزنجە ژیانم ئاسودە نەبووم، نەمدەزانی ئەشکەنجەیەکی زۆر دەکێشم، موچەکەم بەشی چ نەدەکرد، مانگی ٢٤ دیناری ئەو کاتە وەرمدەگرت. مانگانە بۆ هاتووچۆی رێگای سلێمانی وبەرزنجە، چوونی حەفتانە بۆ بەرزنجە، هەروەها هاتنەوەم بۆ سلێمانی هەشت دینار مانگانە سەرف دەمکردن. مانگی هەشت دینار لەسەر بیست چواردیناری موچەی مانگانەکەم ئەکەوتم، مانگی ١٦ دینار بۆم دەمایەوە. 
لاوێک ژیانی بە شانزە دینار مانگی بژی، پاش ئەو هەموو خوێندنە، لەبغداد وغەریبی، بەراستی کەم بوو. ئەوکاتانە نەم ئەزانی پارەی ئەو میللەتە، ئەدرێ بەچەک وتەقەمەنی وکیمیای وبەسەر خۆماندا دەکرێنەوە،. میللەت بەخۆی نەدەزانی، هەموو بابەتەکان شارابوونەوە. 
خەڵکی بەرزنجە لەش ساخبن، کەمێک لەوقورسای ئەو ژیانەی کەمکردبوومەوە، بێ ماست وپەنیری دیاری نەیان ئەکردین. بەسوپاس گوزارییەوە بیخۆین، کەمێک یارمەتی بوو. 
هێلکەی مەسڵەحە، قوتووی سەردین، تەماتە وباینجانی سورەوەکراوە ونۆکاو، هەروەها هەرزان بوون دەمخواردن. گۆشت تەنیا بەزیندووی لەو دەشت ودەرە دەمبینین 
مامۆستایە لەقووتابخانە هاوکارم لەقووتبخانە هەمبوو، مامۆستایەک بوو بەناوی"س"، وانەی "م" ی دەوتەوە.
لەژیانی ئەوسەردەمەدا چ نەبوو دڵخۆشم بکات، تەنیا رق وکینە لەخۆفرۆشان وگەمژە هاوردەکانی وپارێزەرانی دەسەڵات ویاسا، بۆ رەزیل لکردنی مرۆڤ نەبێت.
لەقووتابخانە لەژووری مامۆستایان دەنووستین. مامۆستا "س" بەستەزمانە. فرە بەدبەخت دیاربوو، چ لەسیمایدا بەدی نەدەکرا، مردن نەبێت، باوەژن بەخێوی کردبوو. رۆژێکی بۆی گێرامەوە پاش مردنی دایکی، کەوتبووە ژێر چنگی باوە ژنەوە. باوەژن بەماوەیەکی کورت لەماڵ وەدەری نابوو، نەنکی بردبویە لای خۆی، پاشان نەنکی بەهەژاری وناسۆری بەخێوی کردبوو. لای کەس ویستوو نەبوو، نەمامۆستاکان، نەقوتابێکان کەیفیان پێی نەدەهات. کابرایەکی بەشان وشەوکەت نەبوو، بەخۆداچووە، فەقیرۆکە دیاربوو، کەم دوو هەروەها بەستەزمان هەستی پێدەکرا.
رۆژێکی کاتی چێشت لێنان، چەقۆیەک بەدەستمەوە بوو، خواردنی ناومەنجەڵی سەر عەلادینەکەم پێ تێکەڵ دەکرد.
پێی گووتم: 
چەقۆکە مەکە بەناو ئاوەگەرمی چێشتەکەدا، چەقۆکە کول دەبێ.
زۆر بەلامەوە سەیر بوو. دیاردەیەکی فیزیای ئاڵۆز بوو، چۆن دەزانێ بەمەرجێ من مامۆستای فیزیام، راست بوو، هۆکەیم دەزانی.
لێم پرسی:
دەزانی بۆ چەقۆکە کول دەبێ.
وەڵامی دامەوە. گووتی نازانم بۆ.
باسی مامۆستا " س" کەرەتێکی بۆ دایکم گێرامەوە، هەروەها باسی چەقۆ کول بوونەکەی، بۆم گێرایەوە.
دایکم گووتی:
بەدبەختە! باوەژن بەخێوی کردووە. من بێ ئەوەی بە دایکم بڵێم، دایکم یەکسەر هەستی کرد، باوەژن بە خێوی کردووە.
تاریفەکەی دایکم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، چۆن کت وپڕ زانی باوەژن بەخێوی کردووە. 
دایکم چەند ساڵێک بوو بۆ هەتاهەتایە بۆ خاک گەرابۆوە. دوای ماوەیەک لە تاریف وزانینەکەی دایکم کۆڵامەوە ! تێگەیشتم، مناڵ بەگشتی چونکە خۆشەویستی دایکانە ومناڵان لای دایکیان فیری ژیانی راستەقینە دەبن. دایکان هەرکات مناڵانی بەدبەختییان دی کتوپڕ هێژن دایکتان بمرێ، چونکە وادەزانن بەبێ دایکی بەخێوکراون وچونەتە تەمەنەوە.
من ومامۆستا "س" لەئێوارێ بەدواوە لەبێ شوێنیدا، لە ژوری مامۆستاکان دەژییاین، نەمن نە ئەو چ مان نەبوو بۆ یەکدی باسکەین. بەدیار یەکەوە بەبێ رادێو وتیڤی قورووقەپ دادەنیشتین. من خۆم کەمێک بەخوێندنە وە وئامادەکردنی وانەکانی بەیانێووە خەریک دەکرد.
بەداخەوە!! لەماوەئ دەساڵەی پێشودا بیستم مامۆس "س"،بێ شانسە بەلاوی بە نەخۆشی کوشەندە، هەر زوو بۆ ژێر خاک گەرا بۆوە. نەخۆشی کوشندە، بوکەسانە ئازایە کە خەفەتی ژییانیان لە کەسی ئاسای زۆرترە وهەمیشە خەفەت بارن.
پاش ماوەیەکی کورتی ژیانم لە بەرزنجە، دەرفەتم بۆهەڵکەوت، مامۆستاکانی دێکانی دەورووبەری بەرزنجە بناسم، جار جارە دیداریان بکەم. هەندێ کەرەت رێدەکەوت شەوانە لای وان بمێنمەوە. یان ئەگەر دوونیا خۆش بووایە وبێ بارانی بووایە، یەک دوو برادەرم لەبەرزنجە پەیداکردبوون، بۆ بای باڵی خۆمان ئێواران دەچووینە ئەو دەشت وکێوانە کەرەت هەبوو لەماڵی هەندێکیان داوەت دەکرام، رێککەوت، یەک دووکەرەت لەوماڵانەی دەنوستم.
مامۆستای ماتماتیک، زانیاری، فیزیا ووەرزش بووم. مامۆستای وەرزشمان نەبوو، بۆ مامۆستایەتی وەرزش منیان هەڵبژارد. لە کارەکەمدا بێ پێداگرتن بەتوانا بووم، قوتابییەکان بە هەستی خۆم بەدڵیان بووم. نیوەروان دوای دەوام بۆ گەشت وگوزار، هەندێ کەرەت بۆکێوەکانی چواردەوری بەرزنجە، لەگەڵ قووتابیەکاندا بۆ پیاسەکردن دەچووین. 
بەرزنجە مودیر ناحیە، خەستەخانەیەک، حەمامێک، چایخانەیەک وێستگەیەکی یەک ماشینی بۆهاتووچۆی سلێمانی لێ بوو، ماشێنێکی جێب بوو، بۆسلێمانی هاتووچۆی دەکرد. معاون پۆلیسێکی بەعسی عەرەب، لەورا سەرۆک موونەزەمەی بەعسی بوو. کەسێکی رەزاگران، لەبەر چاوم زۆر کەلە زلەیەکی خوار وخێچ بوو. تا سەرئێسک رقم لە چارەی دەبۆوە، هەرگیز نەم هێشت رووم بە روویدا بتەقێتەوە. سەردەمێک بوو دەسەڵاتی عەرەبی فاشی وەک گورگی برسی بوون، هەر بەدوای نێچیردا دەگەران. بەتایبەتی لەدوای ساڵی ١٩٧٥ وە بوو. 
مدیرە ئەمنە کەلە زلەکەی بەرزنجە، پاش چەند مانگێ بۆم دەرکەوت هەڵسوکەوتم سەرنجی بۆ لای خۆی راکێشاوە، چومەتە ژێر دیقەتییەوە. نازانم ئیتر بەهۆی رەفتارمەوە بووە، یان خۆفرۆشان باسی منیان بۆکردو بوو، یان هەردوو هۆکە تێکەڵ بوون.
بەعس ئەوسەردەمە حەزی نەدەکرد تەنیا کوردێکی شارستانی لە چ شوێنێکی دنیا بوونی هەبێ، هەروەها کوەدێک هەبێ، لای گەلەکەی کەسێکی خۆشەویست وبەتوانابێ، بەهەر بیانویەک بوایە دووریان دەخستەوە، یان پاکیان دەکرد. چاویان بەرای نەدەهات کەسێکی کورد توانای عەقڵی هەبێ. 
ئێمەی میللەتی کورد ئەوسەردەمانە هەست وپێزانینمان بۆ ئەم سەرنجە ورەفتارەی دوژمن نەبوو. دوژمنی کورد لە ژێر دەسەڵاتی سەنتراڵ وئایندا شارا بۆوە. 
عەربە بەعسێکان وعەرەب بەگشتی، نایانەوێ وشەی کورد وکورد هەر هەبن. ئێمەی کورد ئەم راستیەمان نەدەبینی ولێمان شارا بۆوە. وامان دەزانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی داوای جیابوونەوە دەکەین، بۆ خۆمان هەر راستیەکی ئازادی جیابونەوەی دەوڵەتی کوردیمان بەکفر دەزانی، چونکە عەرەب فێرکرابوون کە میللەتی کورد لەچاو نەتەوەی عەرەبدا لەپلەی دووهەمداین. نەمان دەزانی بۆ کفرە لەعەرەب جودابینە وکورد دەوڵەت ودەسەڵاتی خۆی هەبێ. روسەکان ئەم بەزم وبالۆرەیەیان، بەهۆی (ئەسپە تەروادەکان) یانەوە، فێری کورد وداگیرکەرەکانیان کردبوو، روسەکان لەداگیرکردنی ئەوروپای رۆژهەڵات وباشوری ئاسیادا، تا دەست واڵابن.
لەندانشگا کاتێ قووتابی بووم. بەعسیەکان وزۆربەی عەرەبەکان، بەچاوی خێسەوە سەیریان دەکردم، کاتی خۆی تێنەدەگەیشتم هۆکارەکەی چییە، تاچوومە تەمەنەوە. بێویژدانی وغدرەکانیان دەرهەق بەگەلی کورد خوێندنەوە وبەدواچۆن بۆم کردن، ئەوسا تێگەیشتم، پەروەردە یەکی دێرینی نیشتمانی فاشییان هەیە، بەنیشتمان پەروەری بۆعەرەبی داگیرکەر و بەئاین ئیسلامی عەرەبی تێکەڵیان کردوون. 
کەسە بەتواناکانمان وەک: ئەحمەد موختار بەگ، شاکیر فەتاح، مارف بەرزنجی، دڵشاد مەریوانی وبەهەزارەهای تر بەهەر بیانویەک بوو، لەناویان دەبردن. خوێنەوارە بەرزەکان وکەسە شارستانیەکانی کوردیان درندانە لەناو دەبردن.
کورد بەگشتی لەمێژووی ژیانیدا، هەستی بەنامرۆڤی دەسەڵاتی داگیرکەرانی نەکردوە، جونکە داگیرکەران وەک هەمیشە بەناوی ئاین، رزگارکەر وشۆرشەوە، داگیرکارییەکانیان ئەنجام داون. دوژمنی کورد چونکە هەزار وچوار سەد ساڵە نییە، بگرە هەزاران ساڵە هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد ناهێڵن. هەندێ کەس بەبیانووی هەندێ ئایدۆلۆجی، کەدەڵێن کێشەی نەتەوەی لە دووسەد ساڵی رابردوودا مانای نەبووە. من مرۆڤ برواناکەم لەشوێنێک لەدایک ببێ چاوی بەسروشتەکەی هەڵهاتبێ، لەیەکەم رۆژی مێژووی ژیانیدا هۆگری خاک وسروشت وهاودەمەکانی لەگەڵی دەژین نەبووبێ. پاساوێکی بیری نادروستی سوکی داگیرکەرانە، ئەدی چ ترپێویست ناکات بژی. 
ژیانی مامۆستایەتیم لە شارۆچکەی بەرزنجە، بەبەردەوامی سەر قاڵی وانەئامادەکردن وتنەوەی بووم. لە ساڵەکانی دوای ١٩٧٥ دۆخێکی سیاسی ترسناک ژیانی خەڵکی داگیرکردبوو. رۆژانە گوێمان لەگرتنی لاوانی ناسراوهاورێیانمان دەبووین. بەعسییەکان لەلایەکیتر باردۆخێکیان هاوردبووە کایەوە، ئاسودە نەبووین. 
وانە ئامادەکردن وتنەوەی بەراستی سەرقاڵی بووم، لەدڵەوە ئەمویست قووتابی کورد هۆگری زانست وبیرکردنەوەی زانستیانەبن. قووتابخانە بەشێکی ژیانمی داگیر کردبوو. بەشەکەی تری ژیانم، سەرقاڵی چاوم لەسەر کەسانی خۆفرۆش وبێ رەوشتی دەسەڵاتی عەرەبی بەعسی بوون. من پێنج شەش ساڵ لەبغداد ژیابووم، هەروەها لەدانشگای بەغداد قووتابی بووم. قووتابی بەعثی لە دانشگا ئەودەمە زۆر هەبوون، بە چ جۆرێک نەسەیرم دەکردن، نەسڵاو ڵێیان دەمکردن. هەڵوێستەکانم لەگەڵیاندا چەند جار تووشی شەری دەکردم و شەریان پێدەفرۆشتم.
من کەسێک بووم، نەیان دەزانی لە ناخی سیاسەتێکی دیاری کراودا، رەفتارم دروست بووە، بگرە هەستیان دەکرد، رەوشتم سروشتی بۆ خۆم، لەناخمدا کەیفم بەچارەیان نایە. رق وکینەو بیر ورایان بەرامبەرم نەمدەزانی، تا دام ودەزگای خۆفرۆشانی ناوچەی سلێمانی لەسەرم بەردەوام دەبێت. قین وداخی دڵیان تا ناوچەی سلێمانی بڕدەکات. وەک دوژمنێکی سەرسەختیان لەسەرم راپۆرت بنوسن. دوژمن ئەوەندەی داخ لە دڵن لێمان، ئێمە بەبراوردی ئەوان، چ داخ لەدڵ لێیان نیین. گیانێکم بەوە بوو، چ کەس نەیدەزانی چۆن بیردەکەمەوە، چونکە لەپێش ساڵی حەفتاو چوارەوە، هەموو پارتە سیاسییەکی عێراق وکوردستان، وەک گوێزی پوچەڵ رەتمکردبونەوە. بیرم ئەودەمە دەکردەوە، پارتێکی کۆمۆنیستی، لەگەڵ کۆمەڵێ هاورێدا دامەزرێنین، بەشێوەیەی جودا لەپارتە کۆمۆنیستەکانی تا ئەورۆژە لەعێراق وناوچەکەدا هەبوون. نە لینینی نەمارکسی بێ، بگرە بیرکردنەوەی فەلسەفی وهەمیشە لەبیرکردنەوەدابێ. 
ژیان هەرچۆنێک بوو، بەردەوام بوو. سالی نوێی قووتابخانە، بە ئاسای پێشوازیمان لێکرد، پاش چەند مانگێک کەوتینە زستانێکی ساردەووە، گیانێکمان بە زۆڵپای قوتابخانەکە بوو، توانیمان سەرمای زستان بەبێ نەخۆشکەوتن بەرێ بکەین.

بەشی دووهەم

بەهار بەهەوری رەنگاورەنگ، بەشمشێری بروسکە، بەنمە نمی فرمێسکی بارانی کەم تەمەن. بە تیشکی خۆری جوانتر لەتیشکی مانگی نێوگۆمێکی مەنگ، وەک ساوایەکی هەر ئێستا لەدایک بوو، بە موسیقایەکی گروگاڵ خۆی لەنێو لق پۆپی درەختەکاندا دەنوێنێ. 
تیشکی رۆژ بەتینی چاومان بە رەنگی تیشکی ئاڵتونی کل بکات وجوانتر چاومان نمایش بکات. بەتیشکی رۆژ بەلەنجەولار، وەک بووکی نوێی یەک شەوە چاومان پڕ لە ئاوی بکات.
لەبەهاری ئەوساڵەدا تیشکی رۆژ لە نێوان چرۆی درەخت ولقی گەڵای نوێ سەوز وسەوزی کاڵەوە، سەرە تاتکێی لێ دەکردن. رۆژ وەک پێمان بڵێ: 
گوێ مەدەنێ چۆن بڵێن وچی بڵێن، من لێرە لەگەڵتانم. 
بەهاری ١٩٧٩ لەگەڵ خۆیدا، بانگی شۆرشی میللی نەتەوەکانی ئێرانی بەگوێچکەی جیهاندا ئەدا. لاوانی ئازادی خوازانی سەرجەم گەلانی ئێران لەگەڵ گوڵاڵە سوورەی بەهار، بۆ نەخشاندنی دەشت وکێوی، بەرەبگی سور کەوتبوونە رکەبەرایەتییەوە.
وڵاتی ئێران بەتایبەتی تاران وشارەگەورەکانی بە بڵێسەی ئاگری شۆرش، رۆژی حەشر چۆنە ئاوای لێهات بوو، لە جادەکانی زۆربەی شارەکانی ئێراندا میللەت شەری لەگەڵ دەبابەو تانکی دەوڵەتیدا دەکرد. 
هاورێیان ومن بەتایبەتی بەلامانەوە، رووداوێکی نێودەوڵەتی فرە گرنگ بوو. لەرووداوەکانی ناو شارەکانی ئێران، بەتەپەی دڵ وبەهەناسە ئاگاداربووین.
لە پشووی نیووەی ساڵدا لەگەڵ دوو هاورێی خۆشەویستمدا بریارماندا، بچینە کوردستانی رۆژ هەلات، لەنزیکەوە شۆرشی سەرجەم گەلانی ئێران ببینین. 
بەپیادە پاش یەک دوو رۆژ بەرەو کوردستانی رۆژ هەڵات بەرێ کەوتین. لەگە شۆرشی کوردستانی رۆژ هەڵاتدا، بەگوێرەی بیر ونیازی ئەوکاتەمان بەنیاز بووین پڕدی پەیوەندی دروست کەین. بیرمان دەکردەوە، شاهەنشای ئێران ودەسەڵاتەکەی بروخێ، وڵاتێکی دیموکراتی ئازاد لەئێراندا دامەزرێنرێ. شۆرشی کوردستانی رۆژهەڵات بەردەوام دەبێت، بەردەوامی شۆرشەکە هەرێمێکی کوردستانی ئازاد پێک دێت، ئەوکات پشت وپەنامان لە کوردستانی باشور وکوردستانی رۆژ هەڵات دەبن. خەوە سورە دێرینەکەمان، خەومان پێوە دەبینی. دێتە دی. 
هەندێ نوسرا وبەیانی هاورێیانمان لە سلێمانی کۆکردەوە وئامادەمان کردن. بەرەو پێنجون کەوتینەرێ. هەر ئەو رۆژە سنورمان بەزاند، بۆشەوەکەی لەشارە جوانەکەی مەریوانی باپیرانم نوستین. لەکوردستانی رۆژهەڵاتدا شەوانە لەبارەگاکانی کۆمەڵە وپارتی دیموکراتی کوردستان وفیدای خەڵقدا رۆژمان دەکردەووە. پارەمان فرەکەم کەم پێ بوو. بیرمە لەمەریوان، یەکێ لە لێپرسراوەکانی کۆمەڵە، قیمەتی پێنج دیناری عێراقی ئەوسا بۆ خەرجیمان بەتمەن پێبەخشین. 
سەفەرێکی سەیر وسەمەرە بوو، لە رووی بیروباوەری شۆرشگێرێووە دەوڵەمەندی کردین.  بیر لەو رۆژانە هەنووکە دەکەمەووە، ئەو هاورێیانەی ئەورۆ ماوین هەست ئەکەم لەسەر قازانج ماوین. بە رێکەوت شەهید نەبووین. فرە کات بیر لە رۆژی گەرانەوەمان دەکەمەووە، کاتێک سنوری نێوان ئێران وێراق لەپێش رۆژهەڵهاتندا بەزاند، بەجیاوازی پێنج خولەک لەکەمینی جاش وسوپای بەعس رزگارمان بوو.
پشوی نیووەی ساڵ تەواو بوو.
ساڵەکانی دوای ١٩٧٥لەکوردستان بەهۆی حیزبی بەعس وجاشەکوردەکان(خۆفرۆشانی کورد) کەشی کۆمەڵایەتی وژیان زۆر ئەستەم ومەترسی دار بوو. رۆژ نەبوو گوێ بیستی گرتن، لەسێدارەدان وئەنفال نەبین، زەمانێکی فرە ناخۆش بوو.
قوتابخانە سێ مانگێکی بۆ پشوی سەری ساڵ مابوو. لە ماوەی ژیانی ئەو چەند مانگەی مامۆستا بووم، هەوڵمدا بەدڵی زۆربەی قوتابیان وباوکانیان رێ و رەسمی بەرزی مامۆستایەتی بەجێ بهێنم، هەروەها بەتەنگ گرفتە زانستییەکانیانەوە دەهاتم، وەک کەسێکی خەمخۆریان بۆفێرکردنیان لەتەکیاندا بووم. گەرەکم بوو هەمیشە، پەیوەندیم لەتەکییاندا بەرز وپتەوبینا بکەم. هاوکات هەوڵم ئەدا، شیرازەی رێزگرتن وخۆشەویستی نێوان مامۆستا وقوتابیان هەمیشە مەحکەم راگرم.
قووتابی کورد ومیللەتی کورد، واهەست دەکەم تا ئەمرۆ پێویستییان بەزانست وزمانی کوردی فێربوونە، هەروەها پێویستیان بەرێگایەکی زانستی بیرکردنەوە هەیە. 
رۆژ ومانگەکانی ساڵ تێپەر دەبوون، کەوتینە دوای ناوەراستی وەرزی بەهارەوە، کە بەهەموو جوانییەکانییەوە دەیویست بەجێمان بهێڵێ. وانە وتنەوە وئامادەکاری قوتابخانە هیلاکییان نەدەکردم، بەپێچەوانەوە سروشتی جوانی شوێنی کارەکەم سەرمەستیان دەکردم.
ساڵی قوتابخانە کۆتای نزیک دەبۆووە، بەهارێکی سەوزی جوانی بەرزنجەی بەرەو زەردی هاوینی دەبرد. ماست، دۆ وپەنیروکەڕە، فرە هەستییان لەخەیاڵ ودڵ ودەرونمدا دەهروژان و دەتوانەووە.
هەندێ نیووەرۆ لەحەفتەکەدا، دوای دەوامی قوتابخانە، لەگەڵ هەندێ لە قوتابییەکاندا، دەشت ودەر وکێوی چواردەوری بەرزنجەمان دەپێوا.
دکتۆرێکی لاوی گەلێک رێزدار لەبەرزنجە بوو، کوردی نەدەزانی، بەعەرەبی گووفتاری دەکرد. لە موسلمان نەدەچوو، خەڵکانی دێ ئەیانگووت نەفی کراوە. دیار بوو دەسەڵاتی بەعس لەبەرێزیان دوودڵ ببوون، لە بەرزنجە بۆیە گیرساند بوویانەوە. دڵی بە من زۆر ئەکرایەو جارجار پێکەوە پیاسەمان دەکرد، حەزی بە سروشت بوو، کەیفی فرە بە بەهاری کوردستان ئەهات. 
بەرێوەبەری قوتابخانەکەمان،کەسێکی زۆر رێزدار وخۆشەویست بوو، بەهیمەتی خۆی وشارەزایی بەرێوەبەر بوو، بگرە یەکەم موچەخۆری قوتابخانەکە بوو، لەسەرەتاوە بە بەرێوەر دانرا بوو. 
بە دکتۆری زۆرکەرەت ئەووت:
میتافیزییاییە، وشەی میتافیزیا بۆ بەرێوەبەر چ مانایەکی فەلسەفی نەبوو. ئەوکەسانەن بە رەنگاو رەنگی سوروشت خەیاڵیان دەفرێن میتافیزییاین. مادیش ئەوانەن! هەموودیاردەیەک بەحیسابی پارە شیدەکەنەووە. 
بەرێوەبەری قووتابخا زۆرجار ئێواران دەیگووت: 
بابچین دکتۆری میتافیزیک ببینین.
دکتۆر تا قووڵای هەست دڵگیر بوو، لەهەناسەدانیدا دەری دەکەخست، کەیفی بەهەموو دیاردەیەکی سەوزی بەهاری کوردستان دێت. لە باسی قوتابخانەی بەرزنجە، نەخۆشی وخەستەخانە چ قورەت بوو لەباس لابدەین. وشە درکاندنی لەترسی یاساخ ودەسەڵاتی حوکمرانی بەعسی عەرەبی، هەستم ئەکرد لە شوشەیەکی سەرداخراودا دەژین، لە چ جیهانێکی راستیدا ناژین. سیاسەت، مێژوو وجوگرافیا بۆ ئێمە بڤەبوو باسیکەین. ژیانمان کەم بینین وکەم بایەخ بوو، وەلێ !!
رووداوەکان وەک مار ومێرووی سەوزی بەهار تیژتێپەر بوون. لە رووداوێکی لابەلایدا، هەستم کرد، مدیر ناحییە وسەرۆکی مونەزەمەی بەعسی، لەرەفتارەکانم نارازین. بەرزنجە لادێیەکی گەورە بوو، خەڵکەکەی رۆژی دووجار یەکدیمان نەدیبایە، ئەوە حەتمی بوو جارێکی روبەروی یەکدی دەبووی نەوە.
زۆربەی خەڵکی ناحێە رۆژ لەدوای رۆژ، فرەتر وفرەتر منیان بەدڵ وگەرەک بوو.من هەروەها رێزم لە هەموو جوڵەیەکیان دەگرت، بۆ قووتابیەکان باسی دنیاو زانست بۆمدەکردن وگرنگی زۆر بە مناڵەکانیان ئەمدا، هاوکات بەهیچ جۆرێک ئەوەی بەموو پەیوەندی بە جاش وبەعسەوە بوو، نەسەلام نە چ حیسابێکم بۆ نەدەکردن. نەفس نزمەکان بەزەبری دەسەڵاتی ئاغاکانییان رۆژ لە دوای رۆژ قینیان لێم دەبۆوە، لە ژێر زمانی خەڵکەوە، ئەم بیست رەفتارەم مدیر ناحییە وسەرۆک مونەزەمەی بەعس وخۆ فرۆشەکان!! کەڵبەی بێحورمەتیم لێ تیژئەکەنەوە.
بەرزنجە تاقە حەمام، تاقە وێستگەی هاتوچۆ بۆ سلێمانی وتاقە چایخانەیەک ، کە دەیان گووت:
هی ماڵە جاشێکن، کەچاوترسی خەڵکیان بە پێشرەوی جاش وعەسکەر بۆ دێکانی دەورو بەری کردبوویان. من ئەمانەیان لەخەلکی لای خۆیان دەمبیست، چیم لێیان نەدیبوو.
کورێکی بیست ساڵیان هەبوو کە زۆر بەدفەساڵ بوو، بەبینی لەشم برینی دەکرد.
رۆژێکی دەمەوعەسرێک درەنگان، فەراشی قوتابخانەکەم بینی، لە خەیاڵمدا بوو داوای لێبکەم رێورەسمی چون بۆ حەمامەکەی بەرزنجە، دەمەویست لێ بکەم.
رێ ورەسمی چۆن بۆ حەمامی بەرزنجە دەبێت چۆنیبێ. یەکەم جارمە لەبەرزنجە بۆ تاقە حەمامەکە بچم. پرسیارەکەم سروشتی بوو، شارەزا نەبووم. 
پێم وت:
مام فڵان سڵاو: خاس بوو بەرێزتانم بینی فرە سوپاست دەکەم، ئەم ئێواریە دەمەوێت بۆ حەمام بچم، کاتەکانی نازانم.
وەڵامی دامەوە: 
ئاسانە چ کات ویستت بەخاوەنی حەمامەکە دەڵێم، دەرگاکەت بۆ واڵاکەن، بێ خەمبە، هەر چەندە دنیا سارد نییە. خاوەن حەمام وەلێ گازی حوکومەتی بەلاشیان زۆرە، حەمام ساڵ دوازدەی مانگ گەرمە.
دەمم بردە نزیک گوێچکەیەوە، ئەرێ مامە فڵان بیستوومە، هێژن ماڵە جاشە زلەکانن.

بەشی سێهەم

دەمم بردە نزیکی گوێچکەی یەوە، ئەرێ مام فڵان بیستوومە، خاوەن حەمامەکە، هێژن:
ماڵە جاشە زلەکانن.
مام فڵان وەڵامی دامەوە:
مامۆستا گیان دارو دیوار گوێی هەیە، چیت لام فەرموو، لە هیچ کوێ نەی درکێنی، ئەمانە بۆ دنیا حەشریان فرۆشتووە. بەهێواشی پێی ووتم:
مامۆستا وریای خۆت بە، رۆژگارەکەی فرە پیسە. بەتایبەتی لەم رۆژانەی دویدا، بەرێزتان لەسلێمانی بوون، سەرۆک مونەزمەی ئەمنی بەرزنجە لە قوتابخانە هەواڵی بەرێزتانی لەبەرێوەبەر وقوتابییەکان پرسیبوو.
رەنگێکم بردوو هێنا، چەند هەناسەیەک بێدەنگ بووم.
مام فڵان لەسەر وتەکانی بەردەوام بوو، وەک بییەوێت، بابەتەکە بگۆرێ: 
لەبەرەوە، بەرێزتان بۆخۆتان دەیبیستن.
زۆر خاسە، ئەگەر ئەرک نابێت، پێیان بێژە ، دەرگاکەم دوای نوێژی خەوتنان بۆ واڵاکەن، نرخی چەندە، قەول بێت دووقات حەقیان بدەمێ. سوپاسی بەرێزتان وهەموو خەڵکی چاک دەکەم.
- وەڵامی دامەوە.
- بێ خەمبە، پێیان دەبێژم:
لەدڵی خۆمدا، ئەمگووت:
هەستم کرد بوو، لەسەر ژیانی رابردووم، بەدواچونیان کردووە، بەڵام دیار بوو چ یان هێشتا لەسەرم نییە، بگرە ئەوان دیارە بەمەترسیدار لەسەر خۆیان حیساب  بۆم دەکەن.
بۆ دوای نوێژی خەوتنان، حوزورتان لەحەمامەکە دەبن. 
بەرزنجە ئەودەمە شارۆچکەیەکی گەلێک خنجیلە بوو، بەلادێیەکی گەورەی کوردستان تاشار دەچوو، ژیانی کەسێکی شاری تێدا ئەستەم بوو. هەروەها بۆ لادێکی ئەوها، رەئیس مونەزەمەیەکی بەعسی رەزاقورسیان تەرخان کردبوو. بۆ بیست وشەش ساڵ وا ژیانم دەچێت، تا هەنووکە، چارەگرانی ئەوهام وەک ئەو کەلە زلە خواروخێچەی رەئیس مونەزەمەی بەعسی لەبەرزنجە نەدی بوو. کاری چ نەبوو جگە لەچاودێری لاوانی خوێنگەرمی ناوچەکە نەبێت.
لەسەر سەکۆیەکی بەرز، بەسەر کۆڵانی سەرەکیدا ئەی رووانی، بەمرۆژگارە دادەنیشت، بەتاقی تەنێ لەسەر کورسییەکی دارحەیزەران هەمیشە خۆی جۆلانێ دەکرد، وەک کەسێک کێشەی دەرونی قورسی هەبێ، چاودێری لە جوڵەی مار ومێروی بەرزنجە دەکرد. من هەستم ئەکرد دەیەوێ هیچ نەبێ جارێکی سەیری ناوچەوانی کەم، بە چ شێوەیەک حیسابی داروو دیوار بۆم نەدەکرد. هەموو رۆژی یەکدوو جار بە بەردەمیا ئەهاتم وئەچوم، خۆم سەرقاڵی بیر کردنەوە، یان سەیری لایەکی ترم ئەکرد، حیسابی زینەوەرییەکی بێ گیانم بۆ نەدەکرد. 
ئێوارە هات ورۆژ ئاوا بوو، بەرزنجە بەو بەهارە نوقمی تاریکی بوو، من خۆم کۆکردەوە، بەسابون ولفکەوە وجانتاوە، بەرەو حەمام رێکەوتم، حەمامەکە دوور نەبوو لە قووتابخانەکەوە، کەتێیدا نیشتەجێ بووم. لە بەردەم دەرگای حەمدا کەسم نەدی وچومە ژوێ. 
ژووری خۆگۆرینی حەمامەکە، لەنێودەرگای حەمامەکەدا بوو. خۆم رووت کردەوە، خۆم گەیاندە نێو ژوری گەرمی حەمامەووە، بەراستی گەرمکرابوو، گازی بەلاشە راست بوو. حەمام فرە گەرم کرابوو. وەلێ لەهەموو شت دەچوو لەحەمام نەبێت، فرەتر لە کونە گورگێکی گەورە تاحەمام دەچوو. لەفلیمی ترسناکدا مەگەر حەمامی ئاوەها ببینی. تارێک زۆر شێدار ولە بەر هەڵم چاو چاوی نەدەبینی.
لە بەرامبەری دەرگای چوونە ژورەوەدا، جێگایەکم ناچار روناکتربوو دۆزییەوە، لە تەنیشت جوورنەیەکی خوارو خێچی بەچیمەتۆ، بەدەستی دیاربوو نەشارەزایەک دروست کراوبوو دانیشتم. 
ئاو بەبەلوعەیەکی زەردی دەسالە چڵکن، بەرەڵای سەر جورنەکەی کردم. قەیرێکی پێ چوو تا جوورنەکە پر لەئاو بوو. لەتاریکی حەمامێکی شێدار وهەلماویدا، بەلفکەوسابونی بۆن خۆش، دەستم بە خۆشتن کرد.
بەجامێکی شکاو وقوپاوی نێو جورنەیەکەی خواروخێچ، بەجامێکی نیوە شکاو ئاوی تێدا نەدەوستا خۆم تەرکرد. پاش ماوەیەکی زۆر کەم لە گوێی جورنەکە دامەزرابووم. 
گوێم لەجیرەی دەرگای حەمام بوو، کەسێک لەسەر خۆ بێ دەنگ بەئەسپای پاکانی دائەنان، هاتە ژوری گەرمی حەمامەکەوە. 
بەلامەوە زۆر سەیر بوو.کەسێکی تر لەبرزنجە، بە ئێوارەیەکی درەنگان وەک من پێش نوێژی خەوتنان بۆ حەمام بێت.
لەگەڵ جیرەی قاپی حەمامدا، 
نەم ویست هەست بکات گرنگی بەهاتنە ژورەوەی چ کەسێک نادەم، خۆم بەتەواوی سەرقاڵی خۆشتن کرد. ئێمە لاوانی ئەو سەردەمە، لەمناڵێوە بەهۆی دەست تێوەردانی خەڵکی لەئازادی ژیانمان، ناخی خۆمان دەشاردەوە. کەس نەدەبوو بزانی ئەمرۆ یان سبەی چۆن بیردەکەینەوە وچی دەکەین.
سابونەکە بەدەستی ئەنقەست لەدەستم خستمە خوارێ وەک لەدەستم خلیسکابێت، بەبیانووی هەڵگرتنەوەی سابونەکەوە، بەتیلە چاو سەیرمکرد، دیتم: 
- کوری خاوەن حەمامەکە بوو، بیرمان نەچێ کوری، بە باوکیان وبەکورەکەی خەڵکی بەرزنجە پێیان دەگووتن: 
بە دەسەڵاتی بەعسی سەر بەرزن وخۆ دەنازن، بەکوردی بەهەرزان وبەطاڵان خۆ یان بەدوژمنی کورد فرۆشتون. بەقوومی گاز ونەوتی بەلاش سەر نزم بوون.
بەشەرواڵ وکراس وپێپەتی، وەک کەسێک بەدەم رۆشتنەوە خەیاڵ بردبێتێوە، بێ ئەوەی سەیری لای منەوە بکات، بەئەسپای هەنگاوی بەرەو لای دەستی راستمەوە ئەنا. 
بیری وتەکانی مام فڵانی فەراشی قوتابخانەم کەوتەوە:
سەرۆکی مونەزەمە لەقوتابخانە،حەفتەی پێشوو، بەیانییەکەی بۆ قووتابخانە، بەرێزتان هێشتا نەگەیشتبوون، پرسیاری بەرێزتانی لە بەرێوەبەر ولە قوتابییەکان پرسیبوو.
لە دڵی خۆمدا ووتم:
رەنگە ویستبێتی هەڵوێستی زمانم بزانێت، بۆ وشەی جاش بەکارم هێنا، حەتمەن، رایان سپاردووە.
لە ناخمدا نە ئەترسام، وەلێ هەستم دەکرد گۆرانێک لەژیانمدا رووئەدا، دەبێ وریابم. لەگەڵ دووژمندا رۆژی رووبەروو بوونەوەم نزیک بۆتەووە، روداوی کتوپر ونا وەخت تا ئێخەمی نەگرتووم. 
دەبێ خۆم ئامادەی جەنگی کۆتای بکەم. پرسیار لە خۆم ئەمکرد. ئەم گەلحۆی خۆفرۆشی، کوری خۆفرۆشە، چی گەرەکە وبۆچی، بەم شەوە هاتووە، ئێخەم ئەگرێ، پیشم ئەخواردەوە. چرکە لەدوای چرکە، پتر پیشم ئەخواردەووە ولەناخەوە، هەستی قینم ئەکوڵا، بڵقی جەنگی ئەدا. هەستم ئەکرد لەم سەری حەمامەکەوە جامێکی شکاوی بە ئەسپای بۆ ئەوسەری حەمامەکە دەبرد، لەوسەرەوە بۆ ئەم سەر ئەی هێنایەوە. 
بەم شەوە درەنگە هەستم کرد، لە خۆرا نەهاتووە.
پاش قەیرێ لێم نزیک بۆوە، وام دەر ئەخست کە ئاگام لە چوار دەورم نییە وتەنیا ئاگام تەنیا لە خۆشتنەکەمە، تا دەهات فرە تر، لێم نزیکتر دەبۆوە، لەپڕ وبێ خشپە تا دەمی هاوردە بنا گوێم
بە ئەسپای گووتی:
دڵشاد مەریوانی برات ئەزانم خەریکی چییە.
تەنیا ئەم رستەیەی گووت و بەپەلە رۆیشتە دەرێ.
خۆم بە بەزیوو زانی، مت بووم، وەک باڵندەیەکی بەرز فر لە ئاسماندا بەدەستی راوچیەکی نەشارەزا پێکرابم لە قورسی سەنگی خۆم وزەختی برینەکەم، بەبێ باڵە فرێ، تەپاو تل، کەوتم بەزەویدا نەمتوانی!! نە دەست نە دەمی لێ بکەمەوە. لەبەر خۆمەوە گووتم:
بەزیم، دۆرام، بەزیم ....بەزیم.... چاوم لەبێ رت دانەوەیدا، پڕ بوو لەفرێشک.
ورتەم لەدەم نەهاتە دەرێ، واخۆم نیشاندا: ئەزانم دڵشاد مەریوانی برات خەریکی چییە!!. لەگەڵ منی نەبووە، یان لەگەڵ هەردوکمانی بووە. لەژیانمدا هەرگیز ئاوا نەبەزیبووم، نە ورتە، نەدەنگێ بکەم. نازانم چۆن خۆم وشک وپۆشتە کردەوە، بە خەفەت ودڵشکاویووە، بەرەو ژوری قوتابخانە مللی رێگام گرت وەک کوردێکی داماو دژکمن دڵی دەرهێنابێ، بۆ نەخەوتن وخەفەت گەرامەووە.
یەکسەر چوومە جێگاووە، هەر بیرم لێ ئەکردەوە.
" ئەزانم دڵشاد مەریوانی برات خەریکی چییە ".
باش بوو وەڵامم نەدایەوە، خۆ ئەگەر وەڵامم بایەتەوە، دەبوو هەستامایە سەرپێ، لەو حەمامەکەدا سەری لەجورنەکدا نوقم بکردایە، تا دەم خنکاند.
فرە تورە ببووم! ناحەقییە بەو شەوە، خۆفرۆشێک وخاینێکی میللەت بەوشێوەیە مامەلە لەگەڵ بمابکات ونەتوان دەست ودەم بلکەمەوە.
ئەم زانی دەیوست: بەبەردێ دوو چۆلەکە بکوژێ، یەک بێرێزی بەرامبەرم کرد وحەقی قینم لەخۆفرۆشان لێ کردمەوە.
دوو پیشانم بدا، کە ئەزانێ دڵشادی برام وخۆم خەریکی چین، تا لەورووە هەندێ ترس پیشان مبدا وپۆزی قسە وبەدەنی لەمەو دوا لەبەرزنجەدا، لەئاستمدا نمایش بکات. 
ئەمزانی وهەستم دەکرد، راسپێراوە.
ئەم ماستە، ماستی بەرزنجە نییە، هاوردویانە و مویەکی تێدایە، دەمێکە پێش وەخت رێکخراوە.
چۆن زانی باشە! من برای دڵشاد مەریوانیم، لەگەڵ ئاغاکانیدا، ئەگەر بەدواچونیان بۆ نەکردبێ، من خۆ بەکەسم نەوتووە وکەس لێرە پێشتر نەی ناسیووم.
لە خۆم ئەم پرسیارانەم ئەکرد. گوێم لەدەنگی کەڵەشێر بوو، هێشتا خەو نەچوبووە چاوم، لەگەڵ ئەو خۆفرۆشە هەر خەریکی مەسەلەی دەوروتەسلێم بووم، نەئەترسام وەلێ کاس ببووم. بۆمان نەبوو کاتێک دەوام دەستپێدەکات، پێخەفەکانمان لە ژوری مامۆستایان بەجێبهێڵین، ژورێکی کەلوپەل هەبوو، دەبوو لەورا بمان شاردایەتەوە. چەند کاتژمێرێکی مابوو بۆ دەوام، هەوڵمدا بنووم. بەیانی چوار شەمەیە، بۆ پشووی هەینی تەنیا بەیانی دوو بەیانی دەوامان ماوە، تا دووسبەی چ روونادات، لەگەڵ هاورێیاندا ئەوکات بریارێک ئەدەین.
بەیانی لەدەنگی فەراشەکان خەبەرم بۆوە.
ئەو بەیانییە تا نیوەرۆ دەوام ئاسای رۆیی وردە رردە هێمن بوومەوە. نەم هێشت بەهیچ جۆرێک شڵەژاویم دەرخەم. لە ناخی هەستمەوە، ئەمزانی بوومەتە نێچیر.
نانێ کی تیری کوردی کەمێک ئاو پرژێن کردم، بە قوتوویە ماسی سەردینەووە، بەدم خەیاڵەووە خواردم. کتێبەکانی پۆلی سێی ناوەندی دەرم هێنان ودەرسەکانی سبەی رۆژی پێنچ شەمە ئامادەمکردن، وانەی فیزیای پۆلی سێی ئەوسا لە زانستی مێژوو تا زانستی فیزیا دەچوو. قووتابی بەداخەوە لەتەمنی پانزە ساڵاند پێویستی بەبیرکردنەوەیە، زانست یارمەتی بیرکردنەوەی ئەدا، هەرچەندە بەبێ مێژوی داهێنانی ئامێر وبەرهەم هێنان ومیکانیک قوتابی ناتوانی لە ناخ وناورۆکی زانست تێبگەن.
بەرێوەبەری قوتابخانە وەک نەرێتی رۆژانەی هاتە کنم. 
کەمێک دەربارەی قوتابخانە وتاقی کردنەوەی وەزاری پۆلی سێهەم، رادەی زانیاری وئامادەباشی قوتابێکانمان بۆ تاقیکردنەوەی کۆتای ساڵ باسکرد.
برێوەبەر پێگووتم:
خەریکی چیت، رۆژەکەی خۆشە وهەتاوییە بابچین، پیاسەیەکی خۆشی ئەو دەشت و دەرە بکەین.
برێوەبەر دوای نیوەرۆیەکی زوو هاتەکنم، 
پێی گووتم:
خەریکی چیت، رۆژەکەی خۆشە وهەتاوییە بابچین، پیاسەیەکی خۆشی ئەو دەشت و دەرە بکەین.
بە نابەدڵی وەڵام دامەوە، 
گووتم:
ئاگاتان لە هەژاری وەک من نییە، ئەمەیە ئەڵێن: دەوڵەمەند ئاگای لەهەژار نییە. من هیلاکم شەو نە نووستووم، هەموو شەوێک چێگای نوستنم بە زۆر لەخۆم کردن، ژووری مامۆستایان بۆشەوێک خۆش ئەکەم، سەد خۆزگەم بەبزن.
مامۆستا هەستە بەرێکەوە بابچینە پیاسە، هەروەها دوو زەم وزەمکاری بەدەم پیاسەکردنەوە بکەین. بەرێوەبەر وتەکانی تەواو نەکردبوو. هەستا بومە سەرپێ. هەردووکمان بەرەو دەرگای حەوشەی قوتابخانە ملمان نابوو. باس وخۆسمان فرەهانییە پێشێ. چەند جار ویستم لێی بپرسم: کەی وچۆن بۆچی سەرۆکی مونەزەمەی بەعسی هاتۆتە قوتابخانە بۆ هەواڵ پرسینم؟ وەلێ دانم بەخۆمدا گرت، تا شک نەکات من خولیای زانینی مەبەستی سەرۆکی مونەزەمەم، هاتنی بۆ قوتابخانە وهەواڵ پرسینم، دەفتەر وپەرەی تاقیکردنەوەکانی وانەکانی گووتبوومەوە کرد بووی. بۆمن زانیاری دەربارەی مودیری ئەمن وهاتنی بۆ قووتابخانە کاتێک من لەوێ نەبووم، گرنگ بوو، بەڵام باس نەکردنی باشتر بوو.
خاڵێکی گرنگ بوو، چونکە کەمێک تێدەگەیشتم، بۆ بەدوا چون لەسەر رەفتار وبیروباوەرم دەکەن؟
بێ شک بووم، هەر لەدانشگا وسلێمانییەوە هەوڵ لەسەر من دراوە، بەڵام زانیارییان بەهیچ جۆرێک نییە، تەنیا باسکردنمە بۆیە بەدوای بەڵگەدا دەگەرێن.
من وئەکرەمی حەپسە، چوار پێنج ساڵ لە بەغداد لە ژورێکدا ژیابووین، یەک دوو کەرەت پێکەوە چوو بوینەوە سلێمانی، بەڵام لای کەس خۆمان ئاشکرا نەکردبوو. ئەکرەم وەک تێکۆشەرێکی نەزن ناسرا بوو. رەفتارم هەروەها دوور بوو لە کەسی ئاساییەوە، لەژیانمدا تا ئەمتوانی دوور بووم لە پیاوانی دەسەڵات وخۆفرۆشانەوە.
ئەمزانی هەوڵ ئەدەن، خاڵێکی ئاشکرا بە یەقینی لەسەرم بدۆزنەوە، لەگەڵما ئەوسا بەئاشکرا، بتوانن بدوێن وتێبگەن من چیم وچیم لێیان دەوێ.
ئەوسەردەمانە زۆر بەهێواشی ونهێنی رەفتار دەمکرد، نەم دەهێشت کەس بزانێ چۆن بیردەکەمەوە.
لەگەڵ چ حیزبێکی سیاسی کوردی وعێراقیدا هاودەنگ نە بووم، هەموویان بەتێکدەری بیری رزگاری میللەت وکردستان دەمناسین. هەروەها برادەرەکانم وەک من بیریان دەکردەوە.
بیر وباوەری کۆمۆنیستی هەمان بوو، من خۆم بەمارکسی نەدەزانی، لەوسەردەمانەدا، کەناوەراسی ساڵی حەفتاکان بوو، بەتوندی دژی لینین وستالین بووم وبەکۆمۆنیستم نەدەزانین. مارکس هەروەها بەکەسێک نەمدەزانی، کۆتا رێگای فەلسەفەی رزگاری مرۆڤایەتی دۆزیبێتەوە، داهێنەری فەلسەفەی کۆمۆنیستی بێ. 
مارکسی وهەروەها خەڵکی بەخۆی بڵێ مارکسیم. بیرو باوەرێکی ئاوا وەک ئاین ئەهاتەپێش چاوم، وەک یەکێ بڵێ:
من جەلالیم، یان مەلایم، یان ئیسلامی شافیعیم، یان مال کیم.
دووژمنەکانم، بەگشتی، کە رێزم لێ دەگرتن، ئەوان دەیانویست هۆی دوورکەوتنەوە لێیان بزان وتێبگەن، ئایا مەبەستێکی سیاسی لەپشتەوەیە؟ یان کەسایەتی خۆم ئاوایە، هەروەها هەڵوێستی خۆیان بەرامبەرم روونتر کەنەوە. بزانن من چێم وچ کارەم، ئەو قسە وباسەی لەسەرمە بەچ ئاراستەیەکە؟ بەراستی تێبگەن، ئایا هانی قووتابی وخەڵکی بەرزنجە لەدژیان ئدەم؟ 
تا بەعەرەبانەی یەک ئەسپی بۆ داکوبابم زیندانیم کەن وحەقی بەرە ودوام لێ بکەنەوە. 
بەعسییەکان دەسەڵاتێک وکەسانێک بوون، بەرامبەر بە میللەتی کورد زۆر درندە بوون. خۆفرۆشەکان کاتێک بەئاشکرا رایان دەهێنان ودروستیان دەکردن، هەر بۆ ئازاردانی دەرونی میللەتی کورد بوو، تا بڵێن:
کوردە باشەکانتان ئەوەتا چارەی میللەتەکەی خۆی ناوێ. لەگەڵ ئێمەدا کار دەکەن، بۆ لەناوبردنی میللەتەکەی خۆیدا. خۆفرۆشەکان وەک دەسەڵاتی داگیرکەرەکان وبگرە سەدقات دوژمنی کورد بوون. هەست وکەسایەتی تاک وکۆمەڵگای کوردی، بەبێ بەزەی پێشێلیان ئەکردن. 
ئێمە لە ناوەرۆک وناوەخنی مەبەست ورەفتاریان بەزانستیانە تێ نەئەگەیشتبووین. بەعەقڵ دژیان نەبووین. رەگی عەقڵی خۆفرۆش نەمان دەزانی شیبکەینەوە. 
ئێمەی کورد وامان دەزانی بۆ پارە وماڵ وسەروەت تەنیا خۆفرۆشن، ئێمەی ئەوکات نەمان دەزانی لەناخی خۆفرۆشاندا، مێژوویەکی دوروو درێژی پەروەردەی هەیە، پەروەردەیەکی ئاینی ودەسەڵاتێکی مێژووی تەریبی خۆفرۆشییەکەیانە، خۆفرۆشەکان بگرە زۆربەیان کێشەی دەرونی ورۆماتیزمی مێشکیان هەیە. هەرموو ئەم هۆیانە بوون، تائەمرۆ کورد بۆ خۆی ناژی وداردەستی دز وجەردەی داگیرکەرانن بوون. 
من ئەورۆژە هەمووی لەخەیاڵمدا بوون، ئەم گفتانەم لەبەر خۆمەوە دەگووتەوە، ئاگام لە بەرێوەبەر نەما بوو، کە لەتەک مابوو، بورێوەبەر زنجیرەی بیرکردنەوەی پچاراندم.
بەرێوەبەری قووتابخانە گووتی:
ئەمرۆ لەوە ناچی دڵخۆشبی، وا دەرئەکەوی هەر بیربکەیتەوە.
زدەخەنەیەکم بۆ کرد گووتم:
راستە ئەزانم چاوی کەراماتت هەیە.
دنیا بەرەو هاوینێکی گەرم دەرۆیشت، رۆشتن وپیاسە، لە کەرەتەکانی پێشوو زووتر هیلاکی کرد بووین.
بەرێوەبەر گووتی، 
ئارەزووناکەی چاکی گەرم بخۆینەوە، دەڵێن چای گەرم بۆ گەرما باشە و فێنک کەرەوەیە.
بەدڵم نە بوو پاش شەوی رابردوو، خەڵکی ببینم، گووتم:
کەیفم پێنایە وهیلاکم، بەرزنجە ماویەکە هیلاکم دەکات، باشترە بچمەوە قوتابخانە.
گوێی چ بۆنەگرتم، گووتی داوەتی منی، بە ئارەزووی خۆت کەیفت بەچی هات بیخۆرەوە.
گووتم سوپاست دەکەم، چی یان نییە تەنیا کۆکا وچانە بێ، خۆت باش دەزانی من کۆکا ناخۆمەوە، خۆ شەربەتە مێوژەکەی مەیانەکەی سلێمانیان نییە، بۆنی شەربەتەکە دەتوانی، رۆژی بۆنی خۆش لێت بێ دەتوانی رۆژیکی کامل بۆنی خۆشت لێ بێ، لە بری عەتر لەخۆتی بدەی.
پێکەنی گووتی دەعوەتەکەمت سوککرد.
گوتم؛
گوێ مەدەرێ تادرەنگی نەکردووە، بەرێکەوین بۆ داعوەتەکەت.
چاخانەکە پێشەکەی بەرەو باشوری رۆژ ئاوابوو، پشتی بەپاڵ گردێکەوە بوو، بەدووسێ پیلکانە بۆناو چایخانەکە سەردەکەوتی.
ئێمە هەر لە بەردەم چایخانەکەدا، دوو کورسی حەیزەران دانرا بوو لەسەری دانیشتین. کورەکەی ناوحەمامەکی دوێنێ شەوێ گووتی مامۆسا چ دەخۆنەوە. من وەڵام نەمدایەوە، بەرێوەبەر گووتی:
دوو چای یەکێکیان بابێ شەکربی، بێ شەکرەکە بۆمن بوو.
لەوسەردەمەدا چ کەس نەیدەتوانی چ جیاوازبیەکی لەگەڵ خەڵکی هەبێ، چونکە دەچووە چوار چێوەی لەگەڵ خەڵکیدا ودەسەڵاتدا حیسابی خۆ جیاکردنەوەی بۆدەکرا. چای بێشەکر سەرنج راکێشەر دەبوو. خەڵکی دەیانگووت: ئەوەکەی چای تاڵ دەخواتەوە.
نەدەبوو کراسێک، قۆنەرەیەک وخۆگۆرینێکی دەرەوەت لەگەڵ خەڵکی جودابێ، چونکە سەرنجی پیاوکانی دەسەڵات وخۆفرۆشانی بۆلای خۆیان رادەکێشا. دەسەڵات وپیاوەکانی بەبێ ئەوەی میللەت بەخۆی بزانێ، تەنیا مەبەستیان شکاندنی شکۆی تاکی کورد ومیللەتی کورد بوو.
کارەکەیان دوو فاق بوو، لەلایەک هەستی پیسی راسیستی لای کەسانی دەسەڵات شیرین دەکرد، لەلایەک هەستی نەخۆشی درونی کەسانی دەسەڵاتی پێ ئاو ئەدرا.
بیروباوەری فاشتی دەسەڵات لەوسەردەمەدا رقمان لێی دەبۆوە، بەڵام نەمان دەزانی بیبەستین بەکێشەی دەرونی ومەبەستی قووڵی سیاسەتی دەسەڵاتەوە. دەسەڵاتی خاوەن پڕکێشەی دەرونی. ئازاری کێشە دەرونییەکانیان، بەئازاردانی خەڵکی کورد چارەسەر دەکرد.
کاتێک کەسێکیان دەکردە خۆفرۆش، دەیان بردە کن خۆیان بۆ تێشکانی شکۆی هەستی خۆفرۆشەکە، تەنیا نەبوو، بگرە بۆ تێشکانی شکۆی میللەتێک بوو، تا میللەتی کورد وەک خۆفرۆشەکە هەست بە شکۆی شکاوی شکۆی خۆی بکات.
کابرای دوێ شەوی خۆفرۆش ونەخۆشی دەرونی رەنگە بەڵێنی دوو بەرمیل نەوت وچوار تەبەق هێلکەی بایەعی زیاتر پێدرابی، بەمەرجێ گەر خۆفرۆش نەبووایە، لەسەرەوە بۆخوارەوەی میللەت بەسەدەها بەرمیل نەوت وبەهەزارەها مریشکی هێلکە کەری لەبن دەستا دەبوو.
 کابرای چایچی تەپڵەکێکی لەتەنکە بچوکە درێژەکانی لەبەر دەممدا دانا وبەلای چاو هەستم پێ کرد، سەیری دەکردم، چوو چاکان بهێنێ. بیری نەخەوتنی دوێشەو ئەهاتەوە بیرم، وەک فلیم بەبەر چاومدا ئەهات وئەچوو، ئاوی جورنەی حەمامەکەی دوێ شەو ئەهاتە پێش چاوم بەتاڵ ئەبۆوە، دڵشادی برات دەزانم؛ لە خەیاڵمدا بەسەرمدا ئەی قیران:
دڵشادی برات، ئەزانم چی دەکات. 
بێ دەسەڵات بووم، نەمتوانی سەری بخەمە نێو جورنەی حەمامەکەوە. لەچاخانەکەدا هەناسە لەدوای هەناسە تورەتر دەبووم. سەیریان بکردمایە، دەبووم بەهەزارپارچە ودەتەقیم
دوو چاکەی داوامان کردبوو، بەدەستێ گرتبوونی، بەدەم رۆشنەوە کەمەکەمە لێمان نزیک دەبۆوە، تاگەیشتە بەردەمان، چاکەی بەرێوەبەری دانا، زیاتر  لێم نزیکتر بوویەوە دانە وێووە، چاکەی منی هەروەها داینا، دەمی نزیک کردەوە لەلای چەپی سەرمەوە، گووتی: 
ئەزانم دڵشادی برات چی دەکات.
رستەکەی تەواو نەکردبوو، بەهەموو هێزم هەستامە سەر پێ، دوو چای سەر تەپڵەکە پەرین بەرو زەوی، ویستم بەر بۆکسی بەم، نیمچە راکردنێک دوور کەوتەوە.
بەمناڵی کەسی نزیک ودراوسێکان پێیان دەوتم زۆر جوێن فرۆشم، زۆردوورکەوتەوە، لەگەڵ هەر هانگاوێکیدا کۆمەڵێ جوێنی زۆر ناشرین بەدەنگی بەرز پێم ئەدا. خۆفرۆشی یەکێ لەبنەرەتی کێشە دەرونییەکانیان ترسنۆکییە، هەمیشە ترسنۆکن چ یان لەبارەدا نییە بەبێ دەسەڵات، کەی دەسەڵاتیان نەما پاچەکەی دەکاتەوە بەپیل. خۆفرۆشە دیارە، لە هەناسەیەکدا لەچاو دیار نەما. ترسنۆک وپڕ کێشەی دەرونی هەبوو، ئەدی بۆ خۆی ئەخاتە ئەوکێشەیەوە.
لە بەرێوەبەر داوای لێبردن لێمکرد، گووتم:
لەراستیدا مەبەستی هەر دڵشادی برامی نییە.
بەرێوەبەر گووتی:
تێگەیشتم.
دیتم لە بەردەم چایخانەکەدا زۆربەی قووتابییەکانم، لەوێ ئامادەبوون، نەمزانی چۆن دەمودەست ئامادەبوون. چوار پێنج دەقەی نەبرد، کوری چایچییەکە دیتم کۆمەڵێ پیاو وژنی لە پێشەوەیە، یەکی بەدارو تێڵاوە هاوار دەکەن فەرموو مامۆستا ئەوە دایک وخوشکێتی بزانین چیان لێدەکەی.
تەپڵەکە تەنەکە کەی بێ چاکان لەبەردەما مابوو، هەڵمگرت چوومەسەر سەکۆکەی پشتمانەوە. دەزگای چاخانەکەی لەسەر بوو، وەستابووم تەپڵەکە تەنەکە کە چاکانی لەسەر نەمابوو، بەدەستەوە رام دەوەشاند، وەک چاوەروانییان بکەم. قووتابیەکان وبەرێوەبەر نەیان ئەهێشت بێنە پێشەوە، قووتابیەکان دەورێکی پڕ خۆشەویستی بۆمنیان نمایشکرد، هەروەها بەرێوەبەر بەهەمان شێوە، هەرچەندە دیتم گوێچکەی باش برینار بوو. 
پۆلیس تێنەگەیشتم یەکسەر چۆن؟ هاتن، هەموو شەرکەرەکانی برد بۆ کۆمیسەریا. من هەر لەسەر سەکۆکەبووم بەتەپڵەکی چاکەوە. هەر جوێنی خۆم ئەدا.
پۆلیسەکان پاشکەمێک هاتنەوە بەردەمم، گووتیان؛ 
مامۆستا فەرموو معاون بەرێزتانی گەرەکە.  
بەدوو پۆلیس بۆ بەردەمی ئەفسەری ئەمنی کۆمیسەریاکە بردمیان. 
ئەفسەرەکە کەلە زلە ناشرین رەفتارەکە بوو، لەورا دانیشتبوو، سیمای ناشارستانی ودیمەنی درەندەیەتی هەرگیز بیرم ناچێتەوە، هەرگیز دیمەنی هۆڵی کۆمیسەریاکەم بیر ناچێتەوە. هۆڵێکی لاکێشی بیست مەتر جودای، بەرێوەبەری ئاسایشی، لەو هۆلەکەوە، لەسەر مێزێکی لاکێشی گەورەی قەدیمی لەو سەری بمبەنە بەردەمی. دیار بوو لەدێر زەمانەوە چاوەروانم دەکاتن.
لەنێو دەرگای چوونە ژورەکەدا، ماوەی هەناسەیەک هەڵوێستێک کردم، پاشان بەدەنگی بەرز سڵاوێک، بێ ئاراستەی کەسی بکەم کردم. 
هۆڵەکە پڕ بوون لەکەسە دژەکانی شەرەکەیان پێفرۆشتبووم وپاشان شکاتیان لێ کەرد بووم.
ئەفسەرە پۆلیسە کەلەزلەکە، گووتی؛
- مامۆستا خۆشناو وەرە ژوورێ ساڵێکە دەمەوێت دووشە لەگەلتان بدوێم، بەخۆش حالییەوە ئەمە ئەو سات ورۆژەیە من چاوەروانم دەکرد. فەرمووون وەرنە تەنیشتی خۆمەوە. 
کورسیەکی لەتەنیشت خۆیەوە بۆ بانگ کردم وبۆیان دانام. هەر زوو زانیم تەڵەکە دەمێکە ئامادەکراوە، بەڵام ئەوان چاوەروان نەبوون من هەر زوو تەڵەکە بەخۆمدا بتەقێنمەوە. 
کەسەکانی دژەکانم نەخشەیان لەدەمێکەوە بەیارمەتی ئەفسەری پۆلیسەکە، بۆ دارشتبووم، ئامادەکاری تەواویان بۆ کردبوو، تەڵەی شەری ئامادەکراوی بۆیان نابوومەوە، بەداخەوە تەڵەکە زوو بۆخۆم تەقاندمەوە. 
لەسەرێکەوە باش بوو زوو تەقاندمەوە، چونکە ئەوان چاوەروان نە بوون، خۆم تەڵەکە بە خۆمدا بتەقێنمەوە. ئامادەکاری تەواویان بۆدوای تەقینەوەی تەڵەکە دانەرشتبوو، کاتێ تەڵەکەم تەقاندەوە ئەوان ئامادەکاریان بۆ نەکرد بوو تەنیا شک ودوودڵیان هەبوو.
نەکرد بوو، بابەتێکی ئەوتۆیان نە بوو لەگەڵم باسی بکەن، تەنا شک وباس وقسە بوون.
لەتەنیشت کۆمیسەر کاتێک دانیشتم. لەدڵی خۆمدا سیناریۆی جۆراو جۆر دروستم دەکردن. 
کۆمیسەر پێش ئەوەی پرسیارلێم بکات بەدڵ رەقییەوە وناحەزییەوە سەیری دەکردم.
لەدڵی خۆمدا ئەمگووت؛
- کۆمیسەر پرسیاری گەر لێکردم، وەڵامەکانی تا بتوانم پەیوەندی بە پرسیارەکانیەوە نەبن وەڵام ئەدەمەوە، ئەوکاتە پاش چەند هەناسەیەک.
لێ پرسیم گووتی؛
- ئەتۆ بۆلێمان حاقیدی؟ (مەبەستی دامودەزگای دەسەڵات بوو).
لە دواندن ویستی بەردەوام بێت، گفتەکەیم پێ بری.
بەشێوەیەکی جوان لێمپرسی،
- بەرێزتان چۆن دەزانن لێتان حاقیدم، من دۆستی هەموو کەسێکم، ئاراستەی پرسیارەکەیم کردە پرسیارێک لەسەر کەسایەتی. کەسێک باسی منی بۆ بەرێزتان کردووە، کەمن رقم لێتانە.
کۆمیسەر نەی ئەزانی من لەناو بازار لە مەیدانی ماستەکە لەنێو خەڵکدا تەمەنم کردوە
وبە مامۆستای فیزیا بووم، ئەو وایدەزانی من ئاگام لە مەحمودی بێ زەواد نییە.
لەموختەبەری فیزیادا تەمەنم بەسەر بردووە.
لەراستیدا ویستم ئاراستەی پرسیارەکەی ون کەم، لەبیری بەرمەوە، چی لێپرسیوم.
بەزەردەخەنەوە وەڵامی بدەمەوە،
- چۆن نازانم، لێمان حاقیدی، لەشارۆچکەیەکی گچکەی ئاوادا، هەموو رۆژێ دووسێ کەرەت، یەکتری دەبینین وبەبەردەما دەرۆیت ودەچی، کەچی روی خۆتم لێ وەردەگێری وخۆت دەچەرخێنی نەدیوێکیتردا، وەک دوژمنی قەدیمیتبم.
کۆمیسەر راستی ئەکرد، ئەوەتەی زمان وگوێچکەم کراونەتەوە دووژمنی هەرە رقاویمن.
کۆمیسەر لەپرسیارەکانیدا، ناوەرۆکێکی گشتی تێدا بوو، وەک ئەوەی نەتوانێ بە ئاراستەیەک تاوان بارم بکات، ئەمە بۆمن، بۆ ئەورۆژە سەرکەوتنێک بوو. بە پرسیارەکەیدا، تێگەیشتم تەنیا زانیاری گشتی لەسەرم کۆ کردۆتەوە.
کۆمیسەر خۆی باش دەیزانی بۆ لێیان بەقینم، بەڵام نەیدەزان چۆن وبۆچی، وەک من بۆیە خۆی لێ گێل دەکردم. چونکە بۆم دەرکەوت، یەقین نەبوو لەوانەی دەیگووت، جاشی خۆ بەرە پێشەوە باسی منیان بۆکرد بوو، دیار بوو.
دەردی کورد هێژێ؛ 
- دزاودز کەوتبووین.
گووتم؛ 
من سروشتی خۆم ئاوەهایە، باور پێم بکەن، هەروەها کەیفم بەم شوێنە نایەت، فرەتر کەیفم بەشاری گەورە دێ.
بە سڵاوی من گەر کەیف تاندێ، رۆژی چوار جار سڵاوتان لێدەکەم، حەقدم بەرامبەر کەس نییە. راست بوو، من ناحەزیم بەرامبەر کەس نە بوو، بەڵام تاسەر ئێسک دژی سیاسەتە شۆڤێنی وجاش وبەکرێ گیراوەکانیان بووم وهەروەها تاماوم هەر دژیان دەبم. دەوڵەتێکی تاک حیزبی وتاکە، تاکەسەرۆکێکیان دروست کردبوو، بۆ بەرگری لە خۆیان لەسەر وشەیەک مناڵی ١٥ سالانیان لەسێدارە ئەدا. سیستەمێکی سیاسی ودەوڵەتیان دروست کردبوو ئامادەبوون هەموو گەلانی ئێراق بسوتێنن، تەنیا بۆ دەسەڵاتی تاکە سەرۆکیان راگرن. عەرەبەکان لەساڵەکانی دوای شەستەکانەوە، بەسەر میللەتی کوردەوە فاشی بوون، بە چ جۆرێک کەیفیان بەکورد نەدەهاو، بەخوێنی کورد تینوبوون. کورد خۆش باوەر لەمەحمووی بێ زەوا بێ ئاگاتر بوو.
من راست دەمگووت، حەقدی تاکەسی نەبووم. حەقد لە دەوڵەتێک وسیستەمێکی سیاسی هەمبوون، هەروەها لەگەڵ کەسەکانی ئەوسیستەم ودەسەڵاتە فاشییەیان بۆقازانجی تاکە کەسی بەرێوەیان دەبرد حەقدم هەبوو. نەم ویستبوو هەرگیز تێکەڵیان بم. کۆمیسەر لەوسەری هاتبۆوە، لەبەر چاوم چارەیان زۆر گران وناشرین بوون.
وەڵامەکانم؛ 
ماسی پرسیارەکانی لە ناو ئاوی لێخنی وەڵامەکانمدا  دەخنکاندن.
منی نەدەناسی ئەگینا پێکەنینی بەوەڵامەکانم ئەهاتن، خۆم ترس وپێکەنینم لە ناخی
دڵمەوە تێکەڵ کردبوون.
شەڕە ئامادە کراوە پێش وەختەکەم هەر باسی نەکرا، وەک ئەوەی شەڕەکە هەر بۆ ئەوە بوو، من بەرامبەری کۆمیسەر بەرەوروو بکەنەوە.
بۆ سەلامی لێناکەم وبۆ حاقیدم؟
کۆمیسەرە بەعسییەکە تا سەر ئێسقان عەرب پەرست وفاشی بوو، باش ئەیزانی شەرە درێژ خایانەکەمان دەستی پێ کردووە، لەدڵی خۆیدا هەستم دەکرد، دەیگووت؛
- بەمزوانە بە عەرەبانەی یەک ئەسپی دەیگرم. هەروەها دیاربوو لەدڵی خۆیدا
- دەیگووت؛
ئەم مامۆستا کوردە بۆ داک وبابی عاقڵی دەکەم.
نەیدەویست فرەتر لە بابەتەکە بدوێین، تا زۆرتر نەمورێژێنێ، هێمن ببمەوە، هەستم
دەکرد لە دڵی خۆیدا دەی گووت؛
- بۆ کوێ دەچێ، هەر رۆژێ لە قافدا دەتگرم.
من لەپەروەردەی داک وبابمەوە؛ فێرکرابووم هەمیشە دژی دوژمنەکانم بم، هەرگیز موتمانەیان پێنەکەم، هەمیشە بەچاوی سوک سەیریان کەم.
کۆمیسەر لەراستیدا نەی دەویست، بموروژێنێ تاخۆم وبرادەران وکەسانی چوار دەورم هەموو
پێکەوە بخاتە نێو تەپکەکەیەوە.
پاش کەمێک بە عوزر خواییەوە ماڵ ئاوای بەدرۆ لەیەکتری کردمان.
ئەوشەوە نەنوستم، هەر بیرم لە ژیانی خۆم وچواردەورەکەم ئەکردەوە. بەیانی،
گەیشتمە ئاکامێک؛ 
- لە سبەی زوترنییە، روو لە ئەوروپا بکەم، کوردستان بەجێ بهێڵم. ئەم وڵاتە هێشتا زەمینەی نەهاتووە، کەسی دڵسۆز وتێگەیشتوو، خۆی بۆی بەکوشت بدادت، وەکی تڕی بنگۆم یەقین، بێ سەروشوێن دەبێ، چونکە خەڵکی بیری زانستی وشۆرشگێری نیە وبە دووعانەی قەڵب، بە دوژمنی فاشی دەت فرۆشن. جیهان بەگشتی بۆ ئازادی وڵاتان تا ئەمرۆگۆرەپانی تێکۆشانی بۆ مرۆڤەکانی ئامادە نەکردووە. مرۆڤە دەڵسۆز وتێکۆشەرەکان تاک وتەنیا ئەژین. رۆژی روناک وبیری روناک تا هەنوکە لای خەڵکی هەستی پێنەکراوە. مردن ئاسانە، لای خەڵکی جیهانی تاریکستان، مرۆڤ ئازاردانیان،  کوشتن ولەسێدارە دانیان، لە ئاو خواردنەوە ئاسانترە.
رۆژی دوای پێنج شەمە بوو، تا دەوامی رۆژی شەمە دەست پێدەکاتەوە، بۆ بیرکردنە وسەفەر کردن، دوو شەو دوورۆژ لە پێشمدا کات هەمبوون.
پاش دەوامی قوتابخانە، مللی سلێمانی بەبیرکردنەوەی سەفەری چوون بۆ خارچ گرتمە بەر.
لەسلێمانی لەگەڵ هاورێیەکی هاوبیری دێرینم، گفتوگۆمانکرد، بەرەو هاندەران ملل
بنێم، پێی زۆرباش بوو. بریاریدا بۆ هاندەران پێکەوە برۆۆین. دوو رۆژ دوا تر بۆ فیزە وەرگرتن چوینە بەغداد. یەکدوو سەفارەت چووین، سەفارەتی فەرەنسا باشبوو فیزەیان پێداین. مامۆستا بووم پشووی سەری ساڵ دەستی چونکە پێکرد بوو. رۆژێکی نەبرد سەرەتای مانگی حوزەیران بوو. لە بەغداد لەگەراجی عەلاوی حلەوە، بە پاسی نەفەرات بەرەو دیمشق کەوتینە رێ. دوای ئەو رۆژە بەشەرەشەق وهەژاری وبێ پارەی، بەپاسی نەفەرات بە مانگێ  گەیشتینە پاریس.
لە پاریس بێ کەس وبێ پارە وبێ جێگا بووم. لە ٣٥٠ دۆلارەکەی لەسلێمانی تا پاریس پێی هاتبووم، دووسەد دۆلارێکی پێم مابوو.
لە پاریس ژیانم تەنیا بە دووسەد دۆلارەکەی پێم مابوو، دوو مانگێ ژیانم دەگوزەراند.
لەسەر جادە ولە تونێلی میترۆدا، تا ماوەی نزیکەی ساڵێک لەملاو ئەولا دەنوستم. بەرەبەرە ئاسۆی ژیانم رونتربووە. باوکم ئاسای، دەیگووت؛ لەغەریبایەتی جگە لەکار وخۆهیلاک کردن چکەس هاورێت نییە، بەشانس ونسیب مابوومەوە.
باوکم گووتەنی؛ 
مرۆڤ ئەو مرۆڤەریە !!هێلکە بەباخەڵ ببرژێنێ ونان لەسەر بەردی رووتی بەر هەتاو
ببرژێنێ. 
دایکم بەمناڵی فێری کرد بووم، دەبوو بە کار کردن بژیم، ئیتر کاری بەردەستی،
شاگردی، بەردەستی ماشێنی لۆری وزبڵ کۆکەرەوەکان بێ، هەر چی بێت، بەمەرجێ دەبێ بێ منەت بژیم، پێویستە هەمیشە دڵخۆشبم، لەکارکردن وژیان نەترسم، هەمیشە رێز لەخۆم بگرم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە