تۆ بڵێی ئیسرائیل براوە بێت؟ یان حەماس و حزب اڵڵە؟
Wednesday, 29/01/2025, 12:00
- ئاخۆ سەرکەوتنی عەرەب و موسڵمانان ، ژێرکەوتنی ڕاستەقینە و خۆ کوشتنە؟
- تۆ بڵێی ژمارەی کوژراو و بریدار و دیلەکانی ئیسرائیل چەند بن؟
- ئەی ئاخۆ ژمارەی کوژراو و بریدارە فەلەستینیەکان چەندە؟
- ئاخۆ گرنگترین سەرکردە کوژراوەکانی حەماس کێن؟
- ئەی ئاخۆ گرنگترین سەرکردە کوژراوەکانی حزب اللە کێ بن؟
- ئاخۆ زیانە ماددیەکانی غەزە چەند بێت؟ بە گوێرەی زانیای ئەسۆشێتد پرێس؟
- تۆ بڵێی ئەو ١٥ مانگەی کە شەڕ بوو، (اللە اکبر) لە کوێ بوو بێت؟
- ئەی تۆ بڵێی ئەو (اللە)یە لە (كُنْ فَيَكُونُ )دا ئەو ووێرانەیەی غەززە و ئەو ھەموو کوژراو و بریندارانەش چاک بکاتەوە ؟
دیاری کردنی براوەی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و حزب اللە ئاڵۆزە ، بەڵام تا ڕادەیەک دیارە ! چونکە ململانێکانی نێوانیان، لایەنی سەربازی و سیاسی و پێگەی جیھانی و ئابووری و کۆمەڵایەتیان تێدایە ! وا لە خوارەوە ئەو لایەنانە ڕوون دەکەمەوە:
یەکەم - ئەنجامە سەربازییەکان:
- ئیسرائیل خاوەنی هێزێکی چەکداری بەهێز و باشی و تەکنۆلجیای پێشکەوتووە ، کە لەڕووی سەربازییەوە دۆخەکەی کۆنترۆڵ کردووە ! ئەمەش دڵنیایی بەو دەدات کە لە بەرەکانی شەڕدا، ئیسرائیڵ زاڵە و سەرکەوتووە!
- بەڵام حەماس و حیزب اللە، عەقڵ و لۆژیکیان بەکار نەھێناوە، وە واقعیشیان باش نەبینیوە! بۆیە شەڕی ناهاوسەنگیان دەست پێکرد، ئەویش بە قسەی ئێران و بە پشت بەستن بە خودا (وەک دەڵێن) ! ھەرچەندە حەماس و حیزب اللە، ھەندێک جار هێرشی موشەکی و تاکتیکی گەریلاشیان ھەبوو ! بەڵام دەمیان زۆر گەرمتر تر بوو لە موشەکەکانیان ! ئەو دەم گەرمییەش بۆ ناوخۆ و بۆ شەقامی ووڵاتانی ئیسلامی و دینبازەکانی کوردستانیش کاریگەر بوو ! چونکە ئەوان بە دەم ھیچیان نەھێشتۆتەوە بەڵام بەکردار لەژێر (سفر)ەوەن ! خۆشیان ھەر بە سەرکەوتوو دەزانن ! ئەوەش تەنھا لە بیر و عەقڵی گەوجاوی خۆیان و دینبازەکاندا! بەڵام ئەوان و دینبازەکانیش یان کوێرن و بێ ھەستن ! کە ئەو وێرانکاریەی غەززە نابینن ! وە ئەو ئازارەی گەلەکەشیان ھەست پێناکەن! کە چۆن قوماری دۆڕاویان لەسەر چارەنوس و ئاوارەیی خەڵکی سڤیلی غەززە کردووە!
- با بزانین ژمارەی کوژراو و بریدار و دیلەکان چی دەڵێن ؟
- لایەنی ئیسرائیل :
١ - ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئیسرائیل کوژراون، نزیکەی (١٢٠٠ کەس )ە !
٢ - ژمارەی بارمتە گیراوەکانی ئیسرائیل کە لە ناو غەززەدان ( ٢٥١ کەس )ە
٣ - ژمارەی ئەو بارمتانەی ئیسرائیل کە لە غەززەدان و لەوەدەچێت کە لە ژیاندا بن (٦٣ کەس)ە ! کە دوو کەسیان پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بووە !
٤ - ژمارەی دیلەکانی ئیسڕائیل کە لە غەززەدا کوژراون (٣٦ کەس)ە ! کەلەنێویاندا دوو دیل پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ !
- لایەنی حەماس و حیزب اللە :
- لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ وە، زیاتر لە( ٤٦ هەزار و ٦٠٠ فەلەستین)ی کوژراون کە نیوەی زیاتریان ژن و منداڵ یان بەساڵاچوون ! ئەوەش بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین !
- جگە لەوەش (٩٢ ھەزار و ٢٩٨ کەس ) بریندار بوون ! هەرچەندە ژمارە وردەکان بەپێی سەرچاوە و واقعی سەر زەوی دەگۆڕێت!
- تۆبڵێی گرنگترین سەرکردە کوژراوەکانی حەماس کێ بن؟
١ - یەحیا سینوەر : سەرکردەی حەماس و دانەر پلانی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دا! یەحیا سینوەر، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کوژرا !
٢ - ئیسماعیل هەنیە: ڕێبەری سیاسی باڵای حەماس لە ٣١ ی تەموزی ٢٠٢٤ دا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران کوژرا.
٣ - ئەلعەروری : هاودامەزرێنەری لقی سەربازی حەماس و بەرپرسی دارایی و دانوستان ، لە ٢ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە تەقینەوەیەکدا لە بەیروت کوژرا.
٤ - محەممەد دایف : فەرماندەی باڵی سەربازی حەماس و هاوپلانی داڕشتنی هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ! ئیسرائیل لە ١ ی ئابی ٢٠٢٤ بڵاوی کردەوە کە محەممەد دایف کوژراوە ! بەڵام تا ئێستا ئەمە لەلایەن حەماسەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە !
- ئەی تۆبڵێی گرنگترین سەرکردە کوژراوەکانی حزب اللە کێ بن؟
١ - حەسەن نەسروڵڵا: لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە سەرکردەی حیزب اللەیە ! ئەو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە بەیروت لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ کوژرا !
٢ - ویسام ئەلتاویل: فەرماندەی باڵای یەکەی نوخبەی حزب اڵڵە لە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە باشووری لوبنان کوژرا !
٣ - عەلی حسێن بەرجی: فەرماندەی هێزی ئاسمانی حزب اللە لە ٩ی ژانویەی ٢٠٢٤ لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە خربەت سێلم لە لوبنان کوژرا !
- لە چەند هێرشێکی تری ئیسرائیلدا چەندین کەسایەتی باڵای تری، ناو هەردوو بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان کوژراون!
دووەم - ئامانجە سیاسییەکانی ئیسرائیل و حەماس و حزب الڵە:
- ئیسرائیل دەیەوێت ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاوڵاتیانی خۆی دابین بکات وەک ووڵاتێکی ئارامی بێ ترسی هەڕەشەی بەردەوام لە گروپە چەکدارە توندڕەوەکان و ووڵاتانی دراوسێی !
- حەماسیش دەیەوێت ئیسرائیل لەناوبەرێت و دەوڵەتێکی فەلەستینی دروست بکات کە قودس پایتەختەکەی بێت !
- حزب الڵەش دەیەوێت دژایەتی نفوزی ئیسرائیل لە لوبنان و ناوچەکەدا بکات و وەهاوکاتیش دەسەڵاتی سیاسی خۆی لەناو لوبناندا بەهێزتر بکات !
سێھەم - پێگەی جیھانی ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵڵا :
- ئیسرائیل هاوپەیمانیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی ھەیە، بەڵام بەهۆی بۆردومانەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل و مافەکانی مرۆڤ لە غەززە و لوبنان ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە و دەبێتەوە !
- زۆرجار حەماس و حزبوڵڵا لە جیهانی عەرەبی و لای دینبازەکانی کوردستان هاوسۆزی و شەرعیەتیان بەدەست هێناوە ! ئەویش ھەر بە خۆپیشاندان و نەڕاندن لەسەر تیک تۆک و فەیسبوک و مینبەری ھەندێک لە مزگەوتەکان وەک پاڵەوانی بەرگری کردن لە فەلەستین و ئیسلام ! بەڵام ئایا ئەمە ڕاستیە یان گێل کردنی شەقامی عەرەبی و کۆمەڵگەی کوردی و ئیسلامیە؟ بەڵام من ئەوەش تێناگەم ، ھیچ کات دینبازەکانی ووڵاتانی عەرەبی پشتگیریان لە دۆزی کورد نەکردووە ! بەڵام دینبازەکانی خۆمان ھەموو کات پشتگیری دەکەن لە ھەر شوێنێک کە بۆنی دینبازی و ئیسلامی لێ بێت !
چوارەم - ئەنجامە ئابوریەکان :
- ئیسرائیل ووڵاتێکی دەوڵەمەند و یەکگرتووە بەرامبەر بە دوژمنەکانی ! وە جولەکەکانی جیھانیش بە پارە و یارمەتی و لۆبی کردن و ھەڵوێستی سیاسی وەکو شورای پۆڵایین وەستاون، بۆ پارێزگاری کردن لە ئیسرائیل! کەواتە ئەگەر ھەندێک ووێرانکاریش لە ئیسرائیل ڕویاندا بێت بە ھۆی موشەکەکانی حەماس و حزب الڵە وە ، ئەوا لەماوەیەکی کورتدا بە شێوەیەکی باشتر دروستی دەکەنەوە و ئاسودەیی و ھێمنیش دەگێڕنەوە بۆ ناوچە زیان لێکەوتووەکانی شەڕ ، لەناو ئیسرائیلدا!
- بەڵام ، زیانە ماددیەکانی غەزە بە گوێرەی زانیاری ئەسۆشێتد پرێس : مەزەندە دەکرێت کە (٦٩%)ی بیناکانی غەززە زیانیان پێگەیشتووە یان وێران بوون، کە کۆی گشتی زیانەکانی نزیکەی ( ١٨.٥ ملیار دۆلارە) ! ئەو پاشماوەی کە لە دوای خۆی بەجێماوە زیاتر لە (٥٠ ملیۆن تەن)ە ! چاک کردنەوەی ئەم زیانانە بەهۆی سنوورداربوونی دەست گەیشتن بە کەرەستەی بیناسازی بەھۆی گەمارۆی بەردەوامەوە ، قورس تر دەبێت ! نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە مەزەندەی دەکات ، کەلە ژێر بارودۆخی ئێستای غەززدا کە گەماڕۆی ئیسرائیلی لەسەرە، لەوانەیە زیاتر لە (٣٥٠ ساڵ) بخایەنێت تا بە تەواوی غەززە ئاوەدان بکرێتەوە! بەڵام ئەگەر گەمارۆی لەسەر نەما ! وە سواڵی ووڵاتانی عەرەبیش دەست پێبکات و بەردەوام بێت! ، ئەوا لەوانەیە بە (٣٠ تا ٤٠ ساڵ)ی تر غەزە چاک بکرێتەوە! بەڵام ھەرگیز دەرون و ژیانی مرۆڤەکان ناتوانن چاک بکەنەوە و ئاسودەیان بکەن !
- کەواتە پرسیارەکەی من و ملیۆنانی وەک من ئەوەیە : ئایا سەرکەوتن لەلای عەرەب و موسڵمانان ئەبێ چی بێت؟
پێنجەم - دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکان:
- بە بۆچونی من لە شەڕدا براوە نییە! ، بەڵام ئەگەر عەقڵی سیاسی ھەبێت، ئەوا ھەنگاوی موجازەفە نانێت و ھەموو لایەنە نەگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی شەڕەکە لێک دەداتەوە و خۆی ناداتە دەست قەدەر و خودا(الڵە اکبر) و گێل کردنی کۆمەڵگا بە قسەی پڕو پوچ ! چونکە هەموو لایەنەکان زیانێکی بەرچاویان پێدەگات ! چ مرۆیی و چ ماددی! وە ئەو ململانێیەش زیانی ئابووری درێژخایەن و ئاوارەبوون و زەبر و زەنگ و نەخۆشی دەرونی و ھەژاری بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی دروست دەکات!
- بەڵام کام لایەنە ھێز و دەستەڵات و پارە و عەقڵی سیاسی و پێگەی لە سیاسەتی جیھانیدا ھەبوو ، ئەو ئەو لایەنە براوەی شەڕەکەیە ! چونکە شەڕ کردن وەک ئەوەی کە حەماس دەیکات ، شەڕ کردن نیە ! بەڵکۆ خۆ کوشتنە ! چونکە بە درۆ و گێل کردنی کۆمەڵگە و خەڵکی سڤیل بە کوشتن دان و قسە بێ مانای وەک پشت بەستن بە الڵە اکبر ، شەڕ ناکرێت !
- تۆ بڵێی ئەو ١٥ مانگەی کە شەڕ بوو، ئەو (اللە اکبر)ە لە کوێ بوو بێت؟
- ئەی تۆ بڵێی ئەو (الڵە) یە ئەو ھەموو کوشتار و ووێرانکاریەی نەبینی بێت؟
- ئەی تۆ بڵێی ئەو (اللە)یە لە (كُنْ فَيَكُونُ )دا ئەو ووێرانەیەی غەززە و ئەو کوژراو و بریندارانەش چاک بکاتەوە ؟ وەک لە سورەی مانگای ١١٧ دا ھاتووە! (وَإِذَا قَضَى أَمْرًا فَإِنَّمَا يَقُولُ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ [البقرة:117])
- کەواتە لای عەرەب و موسڵمانان، ئەگەر دەستەڵاتە ئیسلامیەکە لەسەر کورسی مابێتەوە! وە دەمی دینبازەکانیش لە بڵنگۆی مینبەری مزگەوتەکان و سەر تیکتۆک و فەیسبوکیش، ھەر مابێت، بۆ ھاواری اللە اکبر ! ئەوا ھەمیشە خۆیان بە براوە دەبینن ! ئەگەر خەڵکی سیڤلی ڕەش و ڕووت و ھەژاریش کوژرا بن یان لە ھەمویان لە دۆزەخی شەڕدا بژین!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست