بە دەسەڵات مەڵێ بۆ زوڵم دەکەیت؟ بە کۆیلە بڵێ بۆ قبوڵی دەکەیت!؟


دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەژێر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسکدا

Wednesday, 29/01/2025, 17:04


کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

هەڤپەیڤینێک لەتەک مێژووناس کوین سڵۆبۆدیاندا
مارک فۆن لیوپکە ئەنجامیداوە
نوێکراوەتەوە لە 22.01.2025 ، سەعات 12:36
دۆنالد ترەمپ سەرلەنوێ حوکمی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات، ئیلۆن مەسک پشتیوانێتی. ئایا پلانەکانی ئەو مەڵتیملیاردێرە چین کە دەیەوێت بەدییان بهێنێت؟ مێژووناس کوین سڵۆبۆدیان (Queen Slobodian) هۆشداری دەدات: دەشێت ئەوە ترسناک بێت.
دۆنالد ترەمپ پێش پێدانی پۆستەکەی چەندین هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی ڕاگەیاند، ئێستاش ئەوی کۆماری سەرلەنوێ سەروەرە لە کۆشکی سپی. جگەلەوە ترەمپ بەتەنیا نییە. ئیلۆن مەسکی زۆر دەوڵەمەند بە هەمان شێوە رۆڵێک لە سیاسەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەگێڕێت. ئایا ترەمپ چیی دەوێت، بەتایبەتی: ئایا ئیلۆن مەسک چیی دەوێت؟ ئەوجا چەند دەشێت گەڕانەوەی ترەمپ و جیهانبینییەکەی مەسک دراماییانە دەوڵەتە یەکگرتووەکان و بەمەش باقییەکەی دیکەی جیهان بگۆڕن؟
ئەم پرسیارانە کوین سڵۆبۆدیان لە گفتوگۆکەدا وەڵامیان دەداتەوە، مێژووناس و نووسەری کتێبەکانی "گلۆبالیستەکان. کۆتایی ئیمپراتۆرەکان و لەدایکبوونی نیۆلیبەرالیزم" و "سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی".
ت-ئۆنلاین: پرۆفیسۆر  سڵۆبۆدیان، دۆنالد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی و ئەوها دەنوێنێت هەست بە برسێتی بۆ خاک بکات. ئایا ترستان لە کەنەدای وڵاتتان هەیە؟
کوین سڵۆبۆدیان: هەڕەشەکانی ترەمپ بەزۆریی پوچەڵن، من هەر ئەوها دوایەمین دەربڕینەکانی بەتایبەتی پەیوەند بە کەنەداوە دەرک دەکەم. ئەو تەنیا بە فشاری ئابووری ئەوەی لە کەنەدا دەستدەکەوێت کە خۆی دەیەوێت. هەموو ئەوانەی دی هیچی دیکە نین جگە لە قاووقیژ و چەواشەکاری. ئەوە زۆر پارادۆکسە: لە لایەک کەسانی دەوری ترەمپ داوای کاریگەریی پەرەپێدراوی حکومەت و کورتکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەکەن، وەلێ ئەو لە لایەکی دیکەوە خەون بە کشانی ناوچەییەوە دەبینێت تا دەوڵەتی ئەمەریکی فراوانتر و گەورەتر بکات.
ت-ئۆنلاین: ئایا ئەوە تەواو بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو هەژاندنە شیاوانەی سیاسەتی دەرەوە کە پێدەچێت ئابووری و بەهای پشکەکان داخ بکەن؟ وەلێ ئەمە ئەوسا ڕادیکالەکانی بازاڕ کە بەڕێزتان لە کتێبەکەتاندا بە ناونیشانی "سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی" شرۆڤەی دەکەن، کەم شادمان دەکات.
سڵۆبۆدیان: بەڵێ. ئەو ڕاستییەکەی هەروەها ژمارەیەکی کافی کەسانی توندوتیژی لە ئیدارەکەیدا هەیە (با ناویان بنێین مەخلوقەکانی بازاڕ) کە دەیوەستێنن گەر بەو جۆرە نیازانە لە سنوور دەربچێت.
ت-ئۆنلاین: سەرۆکی پێشینی دەوڵەتە یەکگرتووەکان بیل کلینتن ساڵی 1992 ئەوەی بەم شێوەیە پوخت کردەوە: "It’s the economy, stupid!". کەواتە ئایا دۆنالد ترەمپ هەنووکە دەتوانێت گرمەگرم و هەڕەشە بکات تا ئەو کاتە کە سەلامەتیی ئابووریانەی ئەمەریکییەکان لە مەترسیدا نەبێت؟
سڵۆبۆدیان: بەڵێ. زۆر ئەمەریکی مەیلیان بۆ ئەوە هەیە کە بە جزدانەکەیان بیربکەنەوە. ترەمپ ساڵی 2020 لەبەر یەک هۆ هەڵبژاردنەکەی لەدژی جۆ بایدن دۆڕاند: کۆڤید-19. گەر ئەو پاندێمییە نەبووایە، ترەمپ ئەو دەمە سەرلەنوێ هەڵدەبژێررایەوە. ئاخر ئەو لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەرەی دا بە دەرهێنانی نەوت و گاز، ئەوەش قورسایی لەسەر جزدانەکانی زۆر ئەمەریکی لابرد، ئەوە کاتێک بەهای پشکەکان بەرزبۆوە. گەرچی نایەکسانییەکی گەورە لە وڵاتدا هەبوو، سەرباری ئەوە هەستی گەشە و خۆشحاڵیی پەرەسەندوو باڵادەست بوو. ئەو دەمە ترەمپ سواری شەپۆلێکی گەشەی ئابووری بووبوو و تا ئەمڕۆش بەو گەشەیەوە پابەند دەکرێت.
ت-ئۆنلاین: جۆ بایدن و کامالا هێڕیس دەبوو بە پێچەوانەوە سەرئەنجامەکانی کۆڤید-19 و هەڵئاوسانی دراماییانەی هەڵکشاو لەئەستۆبگرن.
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە. گەر کامالا هێڕێس لە دوایەمین هەفتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیدا پەیامی پۆپولیستیی لە مەسەلەکانی ئابووریدا بە دەنگدەران بگەیاندایە ... نازانم ... ڕەنگە بەڕاستی بیبردایەتەوە.
ت-ئۆنلاین: ئایا دەبێت لە چەند ساڵی داهاتوودا حساب بۆ چی بکەین؟
سڵۆبۆدیان: ترەمپ پێش هەر شتێک ئینتەرتەینەرە، ئەوەش لەسەر زەمینەی شکۆفە چەند ساڵی و سەرکەوتووەکەی لە Reality-TV -دا. سیاسەتی نابەردەوامی ترەمپ لە لایەن ئەو کەسانەوە دیاری دەکرێت کە توانیویانە بۆ مەبەستی ئیدێ سیاسییەکانی خۆیان دەزگیری گوێی ئەو ببن.
ت-ئۆنلاین: کەواتە کێ ڕێگەی بۆ گەیشتن بە ترەمپ هەبێت، ئیدی ئایا بەشدار دەبێت لە دیاریکردنی قەدەری ئەمەریکای زلهێزدا؟
سڵۆبۆدیان: زۆر جار لەبارەی ترەمپ وا دانراوە کە جیهانبینییەکەی بەتەواوی لە لایەن ئەو کەسەوە دیاری دەکرێت کە ئەو پێش پێنج خولەک لەتەکیدا گفتوگۆی کردووە. من لەو باوەڕەدام ئەم وادانانە زۆر لە ڕاستی نزیک دەکەوێتەوە. ئەو بۆ نموونە لەتوانایدایە لە یەک خولەکدا ئاگرینانە لەبارەی دێپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بدوێت و لە خولەکی دوای ئەوەدا بیروڕای خۆی دەرببڕێت لەبارەی زەروورەی ڤیزەی H-1B بۆ پسپۆرانی لێوەشاوەی باڵا لە هیندستانەوە. حولحولێتیی بیرۆکەییانەی ئەوها سەرشێتانە بۆ ئێمە بێهودە دەنوێنێت، وەلێ ترەمپ هیچ کێشەیەکی لەتەک ئەوەدا نییە.
ت-ئۆنلاین: ئایا خودی ترەمپ چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: هیچ ترەمپیزمێکی نێوەرۆکیانەی هاوبار لەگۆڕی نییە، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی ئابوورییەوە. با وا ببێژم، ترەمپ پۆپولیستێکی نموونەییە، پەردەیەکی بەتاڵە و مرۆڤان دەتوانن پێشبینییەکانی خۆیان بپەخشێننە سەری. ئێوە پێشبینیی ئەو بکەن وەک لۆکۆمۆتیڤێک (مەکینەیەکی شەمەندەفەر) کە خەڵک ئیدێ سیاسییەکانی خۆیانی پێوە دەبەستن. ئەمەش ڕەوشەکە ئەوها پڕمەترسی دەکات. بۆیە کێ بییەوێت بزانێت داخۆ ترەمپ بەمزووانە چی دەکات، گەرەکە لەسەر ئاستی ئیدارە لە ژێرەوەی ئەو بڕوانێت. ئاخر لەوێ کەسانی ئەوتۆ هەن کە نێوەرۆکی سیاسەتی ترەمپ دیاری دەکەن.
ت-ئۆنلاین: ئیلۆن مەسک لەم ساتەدا خاوەنی گوێی دۆناڵد ترەمپە. ئەم دەوڵەمەندترین پیاوەی جیهان گەرەکە لە ئایندەدا بیرۆکراتی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەم بکاتەوە و بە ڕاهێنان حکومەت کاریگەر بکات. ئایا مەسک چیی دەوێت؟
سڵۆبۆدیان: سەرەتا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، داخۆ دامەزراوە نوێکەی مەسک کە گەرەکە پەرە بە کاریگەریی حکومەت بدات، بەگشتی خاوەنی ئۆتۆرێتی (دەستڕۆیشتوویی) بێت. ئاخر ئەو دامەزراوەیە بەشێک نابێت لە ئیدارەی فەرمی. مەسک دووچاری بەرهەڵستیی زۆری فەرمانگە فەرمییەکان دەبێت کە زۆر چاک دەزانن، ئەوە هێندە ئاسان نییە خەرجییەکان بێدوودڵی لەو شێوەیەدا بسڕرێنەوە کە مەسک پێشبینیی دەکات.
ت-ئۆنلاین: جگەلەوە مەسک خۆی چالاکوانێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەڕێی کۆمپانیاکانییەوە، بۆ نموونە SpaceX، پارەی زۆری لە دەوڵەت دەستدەکەوێت.
سڵۆبۆدیان: ئەو پێشبینییەکی ڕوونی لەوبارەیەوە هەیە کە لە پارەبۆئامادەکردندا گرنگی بە چی بدات و بە چی نەدات. ئەوە بۆ مەسک نەسازی نییە کە وەزارەتی پەروەردەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەهێڵێت و هاوکات گرێبەستی دیکەی چەند ملیاردی بۆ سپەیس ئیکس لەتەک حکومەتی ئەمەریکیدا مۆربکات، بۆ نموونە بۆ هەڵفڕینی ساتێلایتە سەربازییەکان. بۆ مەسک جۆرێکی هیرارشیی پێداویستییەکان هەیە کە کاراییە ناوکییەکەی دەوڵەت وێنەدەداتەوە، لێرەشدا ئەم پێداویستییانە تەواو بەڕێکەوت چوونیەکن بەو کایانە کە مەسک تێیاندا قازانجکەرانە چالاکە.
ت-ئۆنلاین: کەواتە کاتێک مەسک دەیەوێت زۆر خەرجیی دەزگای دەوڵەتی ئەمەریکی بتاشێت، ئایا پلانی ئەوە دادەنێت کە هێشتا هەر کۆمەکی دەستبڵاو و پێسپاردە لە لایەنی حکومەتەوە وەربگرێت؟
سڵۆبۆدیان: مەسک لە کۆتاییدا دەیەوێت مەریخ ئاوەدان بکاتەوە. ئایا بۆ ئەو مەبەستە چیی پێویستە؟ پارە، پارەی یەکجار زۆر. مەسک لەنێو جۆرێکی جیهانی نێوانیدا دەژی؛ مەسەلەکە لێرەدا تێکەڵێکی دەروونییە لەسەر زەمینەی گەمە ڤیدیۆییە سۆسیال-دارڤینیستییەکان کە ئەو خۆی دەیانکات، هەروەها لەسەر بنەڕەتی کێبڕکێ لە بۆڕسە. مەسک جیهانبینییەکی پەڕگری (ئێکسترێمی) هەیە، ئەو جەختە کە ژیاری لە بەربوونەوەی ستوونیدایە و ئێمەش دەبێت لە پێناوی خۆهێشتنەوەماندا وەک ڕەگەز جێنشینگە لەوبەر زەمینەوە بنیاتبنێین. وەلێ ئایا چۆن گەرەکە ئەو جێنشینگانە بەڕێوەببرێن؟ بەجەختی نەک دێمۆکراتیانە. مەسک بەپەرۆشەوە ئەمە دەردەبڕێت، ئێمەش گەرەکە بە هەمان شێوە زۆر زۆر بەجددی ئەو بگرین.
ت-ئۆنلاین: مەسک بە مەریخەوە خەریکە، بەڵێ، وەلێ ئایا تا ئەو کاتە چە پلانێکی بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکان و زەمین هەیە؟ ئەو یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی ترەمپ بەرزبکرێتەوە بۆ نێو کۆشکی سپی، ئێستاش دوای ئەوە هێرش دەکاتە سەر کییر ستارمەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و لە ئەڵمانیاش دەیەوێت پارتی AfD (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) لەسەر دەسەڵات ببینێت.
سڵۆبۆدیان: فەزیلە لیبەرالەکانی وەک لێبوردەیی و هاوهەستی بۆ مەسک نیشانەی لاوازین. هیچ کەس ناتوانێت ئەو بهێنێتەوە هۆش خۆی، بۆ مەسک تەماع چاکە ...
ت-ئۆنلاین: ... "تەماع چاکە"، ئەمە وەرگیراوە لە فیلمی "Wall Street" کە ساڵی 1987 دەرکرا.
سڵۆبۆدیان: دروستە. تەماع چاکە، وەلێ هاوهەستی لە ڕوانگەی مەسکەوە شتێکە بۆ کەسانی بێهێز و ترسنۆک. ئەوها تاکلایەنە دەتوانین جیهاندیدییەکەی ئەو پوختبکەینەوە. یارمەتیدانی زارۆکان کە لە فێرگە پێداویستیی تایبەتییان هەیە یان ڕۆشناییدان بە نێوندی گشتی سەبارەت بە سوودەکانی کوتان؟ ئەم جۆرە ئەرکانە کە دەکەونە ئەستۆی دەوڵەت، مەسک بە دزێویان دادەنێت، کاری ئەوها گەرەکە بۆ تاکەکەس یان بەکاربەر جێبهێڵرێت. هاوکات مەسک بەشادییەوە لەتەک دەوڵەتدا بیزنیس دەکات، پێسپاردە و کۆمەک وەردەگرێت.
ت-ئۆنلاین: ئایا چۆن هەڵوێستی مەسک بەرانبەر دەوڵەت و جڤاک دەپۆلێنرێت؟ ئایا ئەو نیۆلیبەرالە، لیبەرتێرە یان ئاناڕشۆکەپیتالیستە، هاوشێوەی سەرۆکی ئەرجەنتین خاڤییر میلەی؟ یان تێکەڵێکە لە هەموویان؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت ئێمە لێرەدا پەیوەندیمان بە شتێکی دیکەوە هەبێت. سەرەتا ئەم پرسیارە گەورەیە سەرهەڵدەدات: ئایا مەسەلەکە لێرە ئەوەیە کە دەوڵەت کلاسیکییانە بە شێوەی مۆڵگەیەکی سەربازی-ئیندوستریانە بۆ خۆ بقۆزرێتەوە و بەو ڕێیەشەوە چەند کۆمپانیایەکی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر ببن دوای ئەوەی دەوڵەت دەبێت بە موشتەرییان؟ پنتە گرنگەکە لێرەدا ئەمەیە: گەر مەسک پلانەکانی خۆی بەجددی بگرێت، ئەوا مەسەلەکە زۆر پڕمەترسی دەبێت. ئاخر لەم ڕەوشەدا بەهیخۆکردنی دەوڵەت تەنیا تەختەبازێک دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و حەلکردنی خودی دەوڵەت.
ت-ئۆنلاین: ئایا هەوڵەکەی مەسک بۆ بەکاربردنی ئەم سیناریۆیە لە کەتواردا ذەشێت چۆن بنوێنێت؟
سڵۆبۆدیان: کێ پلانێکی بەو جۆرە دابنێت، دەشێت بتوانێت پۆستێکی باڵا لە ڕێنوماییکردنی حکومەتدا وەربگرێت. مەسک بەمە گەیشتووە، ئاخر ئەو گەرەکە ڕێنومایی حکومەت بکات. هەنگاوێکی دیکەی لۆگیکیانە خولقاندنی دۆخگەلی ئەوتۆ دەبێت کە تێیاندا مرۆڤان ئیدی هەست دەکەن ناچارن لە پێناوی خۆیاندا بچنە شەڕەوە. بناغەکان بۆ ئەمە لەگۆڕێن، ئەویش بۆ نموونە کاتێک هەڵوێستە سیاسی و جڤاکییەکان هەمیشە پتر درزیان تێدەکەوێت، بۆ نموونە شارەکان هەمیشە پتر لە گوند نامۆ دەبن. پێدەچێت ئەمانە یەکەمین هەنگاوەکان بن.
ت-ئۆنلاین: لە کۆتاییدا چە ئەنجامێک خۆی دەبینێتەوە؟
سڵۆبۆدیان: پێدەچێت مەسک بۆی بلوێت بە دەستتێوەردانە بێنیزامەکانی لە کۆتاییدا کێشەیەکی گەورەمان بۆ بخاتەوە. من لە جۆرێکی تواندنەوەی دەسەڵاتی فەرمی و تایبەتی (پریڤات) دەدوێم، کە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی نێوەندیی لێدەکەوێتەوە.
ت-ئۆنلاین: ئایا پێشنیارەکەی مەسک بۆ هەڵبژاردنی AfD یەکێکە لەو دەستتێوەردانە بێنیزامانە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک بەدەگمەن شتێک لەبارەی AfD و ئامانجەکانی دەزانێت؛ ئەو چالاکوانانی بێزارکەری خۆشدەوێت، سەربەخۆ لە پرۆگرامە سیاسییەکەیان. مەسک هەروەها زۆر کەم لەبارەی ڕاستڕەوی بەریتانی تۆمی ڕۆبینسن دەزانێت، کەچی ئەوە ڕێی لێناگرێت لایەنی پارتەکەی ڕۆبینسن بگرێت و بەمەش دژی نایجل فاڕاج بووەستێتەوە. مەسک زۆر شت وەک پاشماوەی سەدەی بیستەم دەبینێت، لێرەشدا ئۆتۆمبێلە سووتەمەنی بەکاربەرەکانی شێڤرۆلێت و واشینگتن پۆست لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یان SPD و CDU لە ئەڵمانیا، سەر بەو پاشماوانەن. مەسک هەموویان لەسەر سەرەنوێلکی مێژوو دەبینێت.
ت-ئۆنلاین: ئایا مەسک خۆیشی کە ساڵی 1971 لە ئەفریکای باشوور هاتۆتە جیهانەوە، مەخلوقێکی سەدەی بیستەم نییە؟
سڵۆبۆدیان: مەسک ئەوەیە زۆرتر لەوەی ئێمە پێشبینیی دەکەین. ئەو سەرجەم تەمەنی زارۆکیی خۆی و ساڵانی گەنجانەی پێگەییوی لەوێ بەسەربرد. ئەو لە سەردەمی دەمەوکۆتایی ئاپارتایددا سۆسیالیزە کرا و دوای ئەوەش لە دوورەوە لە ئەفریکای باشووری پۆست-ئاپارتایدی دەڕوانی. هەردووکیان زۆر بەهێز شەقڵیان بە مەسک دا. ئەو لە لایەک گۆڕانی بە هەستێک داوە کە لە جڤاکێکی نێو دۆخگۆڕیدا بەناچاری ناکۆکیگەلی تایبەتی سەرهەڵدەدەن، لە لایەکی دی گەیشت بەو جەختییە، مرۆڤان لەو ساتە تەنگژاوییانەدا کە ناچارن چەک هەڵبگرن و لەدژی هاوڵاتیانیان بەرگری لە خۆیان بکەن، زۆر کەم دەتوانن پشت بە فەرمانگە دەوڵەتییەکان ببەستن.
ت-ئۆنلاین: ئایا چی بەدووی ئەوەدا دێت؟
سڵۆبۆدیان: فرە کەسانی ئەفریکای باشوور برەویان داوە بە هەڵوێستی بەنکەر (پەناگەی ژێرزەوی)، ئەم هەڵوێستە لە سەردەمی پێش و پاش ئاپارتایددا لەسەر بنەڕەتی بێمتمانەیی بەرانەر زۆرینەی پێستڕەشانی دانیشتوان بنیاتنرابوو. لەنێو ئەم گرووپەی جڤاکدا شێوازێکی ترساو و بەهێز میلیتاریزەکراوی ژیان و هزرین سەروەرە. Gated Community ، کۆنشینگەی داخراو، بۆ توێژی ناوەڕاست و سەرەوەی پێستسپی و ماوەیەکە بۆ توێژی سەرەوەی پێستڕەشانی ئەفریکای باشوور تەواو ئاساییە.
ت-ئۆنلاین: کەواتە ئایا مرۆڤ وای بۆ دەچێت کە گەمارۆ درابێت؟
سڵۆبۆدیان: لە کتێبەکەمدا بە ناونیشانی "سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی" باس لە پێشبینیی سوڤەرێنێتییەکی تەواو وردوخاشکراو دەکەم کە تێیدا کاربەئەنجامگەیەنەرانی تایبەت (پریڤات) و هێزگەلی تایبەتی ئاسایش لە لایەن تاکە کەسانی دەوڵەمەندەوە دادەنرێن بۆ ئەوەی لەدژی دانیشتوانی دەوریان بەرگری لە خۆیان بکەن. درەنگتر هەڤاڵانم لە ئەفریکای باشوور بەگەرمی دڵنیاییان پێدام کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک پێشبینییەکی دژە-یوتۆپیانەی (دیستۆپیانەی) ئایندە نییە، بەڵکو ڕیالێتییە.
ت-ئۆنلاین: تۆقێنەرە ...
سڵۆبۆدیان: دروست ئەوهایە. لە دۆخێکی بەو جۆرەوە دوو شیمانە دەکەونەوە. یەکێکیان نواندنی کردارە لە پێناوی ئەوەدا کە شتەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت و ئایندەیەکی دیکە بسازێنرێت کە ئیدی مرۆڤان ناچار نەبن لە دراوسێکانیان بترسن. ئەویدیکەیان بەندە بەو گریمانەیەوە کە ئایندەی دیستۆپی بەناچاری دێت و مرۆڤیش دەبێت بەگوێرەی ئەوە خۆی بۆ ئامادە بکات.
ت-ئۆنلاین: ئایا شیمانەی دووەم بە مەسک دەگونجێت؟
سڵۆبۆدیان: بەتەواوی. من جەخت نیم لەوە کە ئەو بەگشتی توانای بۆ شێوازی دیکەی هزرین هەبێت. ئەزموونەکانی مەسک کە لە ئەفریکای باشوور کردوونی، لە ئاڵوگۆڕدان لەتەک نێوەرۆکی ئەو گەمانەی کۆمپیوتەردا کە ئەو دەیانکات. گەمەکان جیهانانی وردوخاشبوو و کەتواران دادەڕێژن کە تێیاندا دەبێت مرۆڤ بۆ خاتری خۆهێشتنەوەی دەستبەجێ لەدژی هەڕەشەگەل پەرچەکردار بنوێنێت. لەبەرئەوە مەسک جددیەتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی مامەڵە لەتەک ئەو واتا و بەرپرسیارێتییەدا بکات کە پێگەکەی لەتەک خۆیدا دەیهێنێت. بڕوانن لەو شتانە کە بۆ سەر X پۆستیان دەکات. تەنیا ئایندە دەری دەخات کە شتەکان چۆن گۆڕانیان بەسەردا دێت.
ت-ئۆنلاین: تازە دەمی دەستبەکاربوونی ترەمپ دەستی پێکردووە. ئایا دەکرێت وردتر ڕوونی بکەنەوە کە داخۆ چوار ساڵی ئایندە چی بهێنن؟
سڵۆبۆدیان: پلانە دانراوەکان بێچەندوچوون بریتین لە: کرداری زەبرمەند لە سیاسەتی کۆچبەریدا کە پێدەچێت لە لایەک هەندێک بەشی دانیشتوان بەرهەڵستیی بکەن و لە لایەکی دیکەوە بەر ئاستەنگی یاسایی بکەوێت. بەبێ ئەو دوازدە ملیۆن کۆچبەرە نایاساییە کە ترەمپ دەیەوێت دێپۆرتیان بکاتەوە، بەدەگمەن کایەی ئابووری کارایی گونجاوی خۆی دەنوێنێت. ترەمپ بەوەی دەزانی گەر کەمێک بیری لەوە بکردایەتەوە. من لەپاڵ ئەم شانۆ ناتیڤیستییەدا (شەڕکەرەدا بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی خۆ لەدژی کۆچبەرێتی – و) چاوەڕوانی سیاسەتێکی دڕندەی بازرگانی دەکەم کە پشت بە سزادان و گومرگ دەبەستێت وەک چەکی دیپلۆماتییەکی هێرشبەر (ئەگرەسیڤ). ترەمپ لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە لە ئایندەدا بە پاداشت و سزا کاردەکات.
ت-ئۆنلاین: کەواتە ئایا ئەوە بریتی دەبێت لە سەردەمێکی لەبار بۆ نیۆلیبەرالان و لیبەرتێران و نیهیلیستان؟
سڵۆبۆدیان: هیچ گومانم لەوە نییە. لە سەردەمی جەنگی سارددا ژمارەیەکی زۆر هزرڤان و هۆشچالاکی (ئینتەلێکتوێلی) نیۆلیبەرال هەبوون بە کارایی سیاسییەوە، ئەوان بەتایبەتی گرنگییان بەوە دەدا داخۆ چۆن بتوانن بەسەر ئالەنگارییە چەپڕەوەکاندا زاڵ ببن و بییانوەستێنن. وەلێ ماوەیەکە پێناسەی نیۆلیبەرالیزم تا ئەو ڕادەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە کە نوێنەرەکانی دوژمندیدییە سەرەکییە گەلەکییەی خۆیان وەرگۆڕیوە.
ت-ئۆنلاین: پێدەچێت پارێزەرانی کەش دوژمنە نوێ هەڵبژێرراوەکان بن؟
سڵۆبۆدیان: تەواو ئەهایە. ئەوانە چیدی کۆمونیستەکان نین، بەڵکو کەسانی ئەوتۆن کە بۆ نموونە بایەخ بە پاراستنی ژینگە و فێمینیزم و یەکسانی دەدەن. من لە کتێبە نوێکەمدا بە ناونیشانی "Hayek's Bastards" کە مانگی ئەپریل بڵاودەکرێتەوە، لەو بارەیەوە دەنووسم. هەندێک کەس شادمانن بەوە کە ترەمپ-ێک هەیە وەک جەنگاوەر لەدژی مارکسیزمێکی کولتووری و پەرەسەندنی ئەو ژینگەپارێزی و کەشپارێزییە کە ڕەنگە گەشەی ئابووری بخنکێنێت.
ت-ئۆنلاین: وەلێ مەسک، سەرباری هەموو ڕەخنەیەکی ڕەوا لەو، بە پێشخستنی کارۆئۆتۆمبێل زۆری بۆ کەشپارێزی ئەنجام داوە.
سڵۆبۆدیان: بەڕاستی لەمەدا ئیرۆنییەک هەیە. پێشکەوتنخوازان بەگشتی هۆیان هەیە بۆ ئەوەی هیوادار بن مەسک لە کوالیسیۆنەکەی ترەمپدا بمێنێتەوە. یەکەم، ئەو هێزێکە بۆ وەرچەرخان لە دابینکردنی وزەدا (لە وزەی بەردەنی و ئەتۆمییەوە بۆ وزەی ژینگەپارێزی بەرهەمهێنراو بەتایبەتی لە با و ئاوەوە – و)، کەسێکە کە بەرانبەر کارەباویکردن و کەمکردنەوەی کاربۆن زۆر کراوەترە لە هەر کەسێکی دیکەی نێو تیمەکەی ترەمپ. دووەم، ئەو لە سیاسەتی چیندا بەزۆریی کۆترە وەک لەوەی هەڵۆ بێت، چونکە دەیەوێت لە بازاڕی چیندا بمێنێتەوە. دەشێت مەسک بتوانێت خۆی وەک نێوانێك تیژیی چەند لێوارێکی پرۆگرامەکەی ترەمپ خڕبکات. ئەوەش بەڕاست بزوێنەر دەبێت کە داخۆ ناکۆکییەکانی نێو کوالیسیۆنەکەی ترەمپ زیاتر پەرەبسێنن. ئاخر ستیڤ بێنن ی هاڕدلاینەر (توندئاژۆ) لە ئێستاوە لە مەسەلەکانی کۆچبەریدا لەتەک مەسک تێکچووە.
***
کوین سڵۆبۆدیان ساڵی 1978 هاتۆتە جیهانەوە، مامۆستای مێژووی نێودەوڵەتییە لە زانستگەی بۆستن. ئەو کە مێژووناسێکی کەنەدییە، پسپۆری مێژووی نیۆلیبەرالیزمە. ئەو لەبارەی ئەم مژارە کتێبە زۆر ڕەچاوکراوەکانی بڵاوکردەوە: "گلۆبالیستەکان. کۆتایی ئیمپراتۆرییەکان و لەدایکبوونی نیۆلیبەرالیزم" و "سەرمایەگەری بەبێ دێمۆکراتی". 15 ئەپریلی 2025 کتێبە نوێکەی بڵاودەبێتەوە، بە ناونیشانی:
„Hayek’s Bastards. Rece, Gold, IQ, and the Capitalism of the Far Right”.

سەرچاوە:

https://www.t-online.de › Politik › Ausland › USA

-------------------------------

فەرهەنگۆک

AfD: (Alternative für Deutschland / ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) پارتێکی نوێی ڕاستڕەوە بە ڕەهەندی نیۆنازیانەوە، تەنانەت لە ئاستی باڵایدا کەسانی نیۆنازی هەن.
ئاپارتاید: سیستەمی سیاسیی ئەفریکای باشوور لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا کە ڕەگەزەکانی (پێستسپی و پێستڕشی) جودا لەیەک دادەنا. بە هەڵبژاردنەکەی 1994 کۆتایی بەو سیستەمە هات و سیستەمی حوکمداریی زۆرینە چەسپێنرا. سەردەمی دوای ئەوە ناودەنرێت پۆست-ئاپارتاید.
CDU: Christlich Demokratische Union Deutschlands / یەکێتی کریستیانی دێمۆکراتیانەی ئەڵمانیا، پارتێکی کۆنزەرڤاتیڤە و لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-ڕاست دەپۆلێنرێت.
ئەنارشۆکەپیتالیزم: ئیدیۆلۆگییەکی ڕادیکالە کە داوا دەکات سەرجەم ڕێکخراوی جڤاکی لە لایەن گرێبەست و پەیوەندییە خۆخوازەکانی بازاڕی ئازادەوە دیاری بکرێت.
ئینتەرتەینەر: لە بنەڕەتدا کەسێکی هونەرمەندی بدووە کە جمهورەکەی ئاسوودە و کەیفخۆش دەکات، بۆ نموونە کابارێتیستەکان.
لیبەرتێر: خۆشویستەری ئازادی، ئازادیخواز، داوا دەکات کە جڤاک بەگوێرەی بازاڕی ئازاد بسازێنرێت، چونکە تەنیا بەو شێوەیە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان فەراهەم دەکرێت. هەموو دەستتێوەردانێکی دەوڵەت لە کایەی ئابووری ڕەتدەکاتەوە، سیستەمی گلۆبالی هەنووکەی جیهان بە سۆسیالیستی دادەنێت.
سۆسیال-دارڤینیزم: جیهانبینییەکە کە تیۆریی ئێڤۆلوسیۆنی (گەشەسەندنی) چارلس داروین بەسەر جڤاکدا بەکاردەبات، وایدادەنێت توێژی سۆسیال و گروپی ئێتنی هەن کە بیۆلۆگییانە کەمتر لە گرووپی دیکە گەشەیانکردووە.
سۆسیالیزەکردن: بەکەسکردن (پێرسۆنالیزاسیۆن)، پرۆسەیەکە کە لە ڕەوتیدا مرۆڤی بیۆلۆگیانە جۆردراو لەنێو خێزانی ناوکی و لە فێرگە کاری تێدەکرێت خۆی بە نۆرم و بەها و هەڵوێستى نێوکەسییانەی جڤاکەکەی بگونجێنێت، هەروەها خۆی پێوەیان خەریکبکات تا کەسێتییەکەی گەشەبسێنێت و ببێت بە هاوڵاتییەکى بەتوانا.
SPD: Sozialdemokratische Partei Deutschlands / پارتی سۆسیالدێمۆکراتیی ئەڵمانیا، لە ڕووی سیاسییەوە وەک تەرەفی ناوەڕاست-چەپ دەپۆلێنرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە