ئاوێنەی ئیمرالی
Monday, 03/03/2025, 19:23
پەکەکە: ژیاندنەوەی توانا و هێزە، لە شکست سەرکەوتن دروستکردنە و لە نائومێدی بەرهەمهێنانی هیوایە.
ئەو لەکەس ناچێت، بەڵام هەمووشمانە، هەرگیز هەموومانی لەیاد نەکرد، مێژووی کورد کەمتر جوامێرێکی وەک ئەوی لە سینەی خۆیدا تۆمارکردووە. بزووتنی، جوڵانی هەموو شارستانەتی کوردبوو، لە نیشانەکانی ئەوە بوو کە کوردی بێدار دەکردەوە، هەڵی دەشێلایەوە و کوردێکی لێ دروست دەکردەوە کە کوردێکی بێسنوور، بێ پەیوەندی، بێ ویست و ئارەزوو بۆ خۆی، تێکۆشانی دەکرد.
هەر لە سەرەتاوە لێپرسراویەتییە سەنگینەکەی خستە سەر شانی خۆی و هیچی بۆ کەسی دی جێنەهێشت، چوونکە ئەو مرۆڤانەی ئەو جارێکی تر دای دەڕشتنەوە، خۆیان دەبوونە لەئەستۆگریی لێپرسراوێتی، یەکەم جارە لە مێژووی سیاسی کورددا، ڕێبەرێک لە جۆری خۆی باشتر بەرهەمبێنێتەوە، بۆیە کە دەسگیرییان کرد، دوژمنانی دێرینەی کورد چاوەڕێی ئەوە بوون کە دامەزراوەکەی لەبەریەک هەڵوەشێتەوە و هێز و توانایان لێ ببڕێت، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا، دامەزراوەکەی بەهیزتر، فراوانتر و پێشکەوتووتر بوو، کوردانی زیاتر لەناو ئەو چوارچێوەیەدا جێگای خۆیان دۆزییەوە.
دوژمنانی کورد بە مێژووی سیاسی کورد خەڵەتابوون، چوونکە ڕێبەرە سیاسییە کلاسیکییەکانی تری کورد، تا سەردەمی ڕێبەر ئاپۆ و دەرکەوتنی پرشنگی تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە هەموو بزووتنەوە و شۆڕشەکانی کورددا، بە مردن، خۆدەربازکردن یا تیرۆرکردنیان (وەک د. قاسملو، کاک فوئاد و کاک ئارام) بووبێت ئێدی نەتەوەکە لە ناوەڕاستی بەرەنگارییە خوێناوییەکەیدا جێدەهێڵرا و بە تەنیا دەمایەوە هەروەک ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا، کە دوو جار نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵات و باشوور جێهێشت و خۆی دەربازکرد..... .!!!.
بۆچی بە پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێم دامەزراوە؟! ئەم پارتییە تەواو وەک دامەزراوەیەکی شارەزای کاروباری رێکخراوەیی، کۆمەڵایەتی، چاند و کلتووری نەتەوەکە، سیاسەتێ کە خۆیان پەیڕەوی دەکەن و دبلۆماسییەتی ڕێکخستنی بوارەکانی تری ژیانی نەتەوەکە ڕەفتار دەکات، هەموو ئەم بوارانەی ژیانی نەتەوەکەش بە سپایەکی کوردستانی ژیر و لێهاتوو دەپارێزرێت و بەرەو پێشەوە هەنگاوی پێ دەنێت.
لەمێژووی کورددا و مێژووی ئەو نەتەوە سەردەستانەش کە بەشێک لە خاکی کوردییان داگیرکردووە، هەرگیز ئەوەندە لەسەر هیچ بزووتنەوە و پارتێکی تر نەوتراوە و ئەوەندەش هێرش نەکراوەتە سەر پارتێکی تر، چ لەلایەن داگیرکارانەوە بووبێت یا پارتە کوردییەکانی تر، کە هەموویان مەرگی خۆیان لە بزووتنەوەی ئەم پارتەدا بینیوە، بۆیە بە دەیان ڕەنگ هاوبەشی ئۆپەراسێۆنە بەلایەنی کەمەوە سی ساڵییەکەی داگیرکەرانی کوردستان بوون دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی پەکەکە. لە ترۆپکی ئەم خیانەتە نەتەوەییەدا قیادەموقەتەیە. پارتگەلێک هەیە کە لە پراکتیکدا هاوبەشی هێرشکردنە سەر پەکەکە نەبوون، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە تووشی حاڵەتی دەروونی کردوون و لەرێگەی پەلاماردانی میدییاییەوە بە دوای دامرکاندنەوەی دەروونیی خۆیاندا گەڕاون، بۆیە لە هەموو بۆنە و دەرفەتێکدا هەوڵیانداوە کە تێکۆشانە گەشاوەکەی لەکەدار بکەن تا لەم ڕێگایەوە لەبەر چاوی کادر و ئەندامەکانی خۆیانیان بخەن.
ڕاستییەک هەیە کە لە مێژە دوژمنانی دێرینەی کورد دوای سەرهەڵدانی پەکەکە، پەییان پێبرد و لێی تۆقین، بەتایبەت شۆڤێنییەتی توورکی کە لە بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا بوو لەگەڵ ئەم تەڤگەرە ئازادیخوازە کوردستانییە، ڕاستییەکەش ئەوەیە کە بۆیان دەرکەوت پەکەکە: ڕاستەقینەی ( کرۆکی) نەتەوەی کوردە، ڕاستەقینەی شاراوەی کورد، کەسایەتی ڕاستەقینەی کوردی، وەک کەسایەتی پەکەکەییەکانن، کە لە کەسایەتی پەکەکەدا دەرکەوت و بەرجەستە بوو. ئێمە لە مێژووی کوردا تاکی یاخیبوومان زۆرن، کە بەتەنیا یا لە دەستەی دوو سێ کەسیدا چوونەتەوە بە گژ پۆلیس و پاسەوان و دەستە و دایەرەی حوکوومەتە داگیرکارەکاندا، ئەوان بەشێک لە کەسایەتی پەکەکەییان بەرجەستەکردووە وەک خۆیان، بەڵام نەیان گەیاندە ڕێخستن و بزووتنی فراوان، وەک پەکەکە کردی. لە ڕاستیدا پەکەکە سیاسەتی حیزبێک نییە، یا بانگەشەی بیرێک و مەرامێک نییە بە تەنیا، بەڵکو، بزووتنی ژیانە، تێگەیشتنە لە خودی کوردبوونی مرۆڤ، ژیاندنەوەی توانا و هێزە، لە شکست سەرکەوتن دروستکردنە و لە نائومێدی بەرهەمهێنانی هیوایە.
واتە بزووتنەوەی پەکەکە، گواستنەوەی ژیانێکی ئازادە لە هزر و تێگەیشتنی کوردێکەوە بۆ خۆی، جارێکی تر بۆناو ناخی کەسایەتی کورد و ڕەنگدانەوەی ئەم جێگۆڕکێیەی ژیانی ئازادە لە ڕەفتاری کەسەکەدا بەرانبەر بە کۆمەڵگەی کوردەواری و تاک بەتاکی نەتەوەکە، بۆیە پەکەکە لە پارتیەکی سیاسییەوە بووە بە بزووتنی کەسایەتی نەتەوەکە وەک کارەکتەرێکی ئازادی سەربەخۆ، هەر ئەمەشە کەسایەتییەکانی پەکەکە، دەتوانن هەم لەگەڵ هەڤاڵەکانیاندا بڕیاری بە کۆمەڵ بدەن هەم بە تەنیا دەتوانن بڕیاردەر بن و دڵنیا بن کە بڕیارەکەیان لەسەر ئەو هێڵە بنەڕەتیانەی بزووتەوەکە دەچێتە پێشەوە. ئەوان هەمیشە لە خۆنوێکردنەوەدان و وەستانیان بۆ نییە، بە هەموو کون و قوژبنی کۆمەڵگادا بڵاوەیان کردووە، ئەگەر ئەلفێکی پەکەکەیی لە شوێنێک، مەرامێک وەک پڕۆژەیەکی بچووک دەست پێ بکات و ناچار بێت شوێنەکە جێبێڵیت، کەسێکی پەکەکەیی دی ڕێی بکەوێتە ئەو جێگایە و ئەو پڕۆژە بچووکە تەواونەکراوە ببینێت، وەک ئەوەی لە سەرەتاوە لەگەڵدا بووبێت، بەردەوامی دەدات بە پڕۆژەکە و لە وردەکارییەکانی تێدەگات، ئەم دینامیکییە بۆ بزووتن و خۆ گونجان و توانای تیگەیشتن، ڕەهەندێکی پەروەردەکراوە لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی کە دەشێ خۆی لە دەیان ڕەنگ و شێوەدا بنوێنێ و ئاسان نەبێت بۆ کەسانێکی لەو تەڤگەرەدا کاریان نەکردبێ، یا پەیجۆری نەبووبن لێی تێبگەن، بەتایبەت پەروەردەی سیاسی لە باشووردا زۆر ڕووکەش و تەنکە، کە خۆی بۆ ڕاناگیرێ بەرانبەر بە گۆڕانکارییەکان. ئەوەمان بە زەقی بینی لە بزووتنەوەی گۆڕڕاندا.
ئیمراڵی وەک خاڵی وەرچەرخان
تۆ ئەگەر بۆ قەندیل بڕوانی، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشوور دەبینی، ئەگەر بۆ ئیمڕالی بڕوانی هەموو کوردستان دەبینی، ئەوەی کە تا سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نوێی تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکوور گرفتی سیاسی ناو بزووتنەوە سیاسییەکانی بەتایبەت باشوور بوو، بزووتنەوەکان چنراوێکی پەیوەندی خێڵەکی و ژمارەیەک کەسایەتی بوون کە بیریان لە ڕەهەندی نوێی تێکۆشان دەکردەوە، کە ئەمەش دەبووە ململانێیەکی بەردەوام کە زۆرینەی جار پەیوەندییە خێڵەکییەکە بەسەر کەسایەتییە ڕەهەند جوداکاندا سەردەکەووتن و زۆرجار بە تیاچوونی کەسایەتییە ڕەهەند جوداکان کۆتاییان هاتووە، ئەم دیاردەیە بە ڕوونی لە تێکۆشانی باشووردا دەردەکەوێت و بە شێوەیەکی خۆڵەمێشی لە تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتدا. بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکوور ڕەهەندێکی نوێی تێکۆشانی داهێنا و بەرەوپێشەوەی برد. ئەو مرۆڤە کوردانەی کە پەیوەندیان بەم بزووتنەوەیەوە دەکرد، لەسەر ئەوە پەروەردە دەکران کە لە( خواستە کەسییەکان) پاکببنەوە، واتە خواستە کەسییەکانیان دەگەیاندە پلەی سفر و خواستە نەتەوەییەکانیان دەگەیاندە پلەی سەد، تۆ یا پەکەکەییت یا نییت!!! واتە یا بۆ تێکۆشانێکی پەکەکەیی خۆ پەروەردە دەکەیت، یا تێکەڵاوێک لەوەی کەلەوە و بەر هەبووە و لەسەرەوە باسم کردوون، خاڵی بەرهەمهێنانی ڕێبەرایەتی بەردەوام لێرەوە دەستی پێدەکرد، تۆ وەک پەکەکەییەک خۆت بۆ ڕێبەرایەتی پەروەردەدەکەیت، یا نایکەیت و لەم حاڵەتەی دووایشیاندا، تۆ لە ناو ئەو تەڤگەرەدا جێت نابێتەوە، بەمە دەڵێن( دیسیپلینی پۆڵاین- وشەکە خۆم دامڕشتووە) لای من ئەوەیە کە تۆ لەناو تەڤگەر و کارێک و هزرکردنێکدا، بەو پلەیە گەیشتووی کە لەکات و ساتێکی دایریکراویی پێویستدا، بتوانیت بڕیاری چارەنووسساز بدەیت، کە چی باشە بکرێت بۆ ئەو مەسەلەیە لەو کاتە دیاریکراوەدا کە مرۆڤەکە دەبێت هەڵوێستی خێرای لەسەر وەربگرێت، ئەمەش لە زۆر حاڵەتدا دەبێت لە کاتێکی زۆر کوورتدا بڕیاری لەسەر بدرێت. بێگوومان ئەگەر لە زەینی تاکە مرۆڤێکی پەکەکەیدا ئەم هزرانە بەردەوام تاووتوێ بکرێت و هزری نوێی لێ بخەمڵێ، ئەی ئایا لە زەین و بیرکردنەوەی کەسێکدا کە بەهەزاران ڕێبەری بەرهەمهێناوە بۆ نەتەوەکە دەبێ چی گوزەرابێ؟!!.
یەکێک لە نیشانە دیارەکانی ئەو دیاردەیە کە دۆست و دوژمنی سەرسام کرد، ئەوە بوو کە چۆن دوای پلانی دەسگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوەکەی گەشەی فراوانی کرد و لە پێشینەی خۆی زیاتر پێشکەوت و بە کوردستاندا بڵاوبۆوە و سنوورەکانی نیشتمانی کوردی بڕیی و سیستەمی خۆسەری ڕۆژئاواشی بەرهەمهێنا؟! ئەو خاڵەیە کە ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەرانی زۆری پەروەردەکردووە و بەرهەمهێناوە کە بەوکارانە هەڵسان لەکات و حاڵی دیاریکراودا و بڕیاری دروستییان دا. کە ئەمەش دیاردەیەکی زۆر نوێیە لە ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەدا، ئەمە خاڵی جووداکردنەوەیە لە نێوان پەکەکە و هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی تری نیشتمانی کورددا.
من نموونەی هەردوو پارتی ڕۆژهەڵات ( دیمۆکرات و کۆمەڵە) دێنمەوە بۆ بەراوردکاریی و توانای داهێنان. بێگوومان کەس ناتوانێ نکوڵی لە تێکۆشانی خوێناوی چەندین دەساڵەیی، ئەو بەشە لە نەتەوەکە بکات لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا. من لەو باوەڕەدام کە نەتەوەکە لە دەڤەرە جوداکانی کوردستاندا و لە کوردستانیشدا وەک یەک نیشتمان لە هزری نەتەوەکەدا، هەمیشە مەرامی ئازادیی و سەربەخۆیی ئەو توانایەی پێبەخشییوە کە ئازیزترینەکانی خۆی پێشکەش بەم ئامانجە پیرۆزە بکات، ئەمە خاڵی بنەڕەتی ئەو بزووتنەوانە بووە کە لە پارچەکانی کوردستاندا سەریان هەڵداوە، واتە ڕۆڵی یەکەم بۆ نەتەوەکە دەگەڕێتەوە پاشان بۆ پارتەکانی کە زۆر جار بەهۆی ناکۆکی نێوانیانەوە بوونەتە هۆی پەکخستنی ڕێکخستنی سەرتاسەری ئەو بیرە ئازادیخوازییەی نەتەوەکە کە مەبەستی ئازادیی نیشتمانی کورد بووە. لە دوای ڕاپەڕینی باشوور ساڵی ١٩٩١ بارودۆخی ئەو دووپارتە گۆڕڕا و ناچارکران کە خەباتی چەکداری خۆیان پەک بخەیەن لە پێناو گەشەکردن و سەقامگیریی هەرێمی باشووردا لە بڕینی پەڵپ و بەهانەی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەم سات و وەختەدا پەکەکە وەک بەردەوامی گەشە کوردستانییەکەی، ڕێکخراو یا بەشێک لە دامەزراوەکەی خۆی تایبەت کرد بە ڕۆژهەڵات و (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک) ی لە ڕۆژهەڵات دامەزراند، وەک ڕووانینێکی دوور بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمووشمان ڕۆڵی ئەم پارتە کوردستانییە دەزانین لە ڕووداوەکانی دوایی دەڤەری ڕۆژهەڵاتدا و بڵاوبوونەوەی هەڵسووڕاوە سیاسی، گریلاییەکانی ئەم پارتە هەر لە خۆراسانەوە بۆ ئیلام و خوی لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەمە ڕوانینی دوورمەودا و بڕوابوون بە نەتەوەکە و سازدانی کۆکردنەوەی تواناکانە لای پەکەکە، کەلای حیزبەکانی دی نەبوون، دیمۆکرات پاش دامەزراندنی پژاک چەند هەوڵێکی دا کە تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، چوونکە کاردانەوە بوون نە کاریی بنجی و ڕێکخراوەیی!!!.
ئێمە لەسەردەمی بزووتنەوە گەلەریی و کوردستانییەکەی ژن ژیان ئازادی ( ژینا) دا، هەڵوێستەکانی ئەو دوو پارتەمان بینی کە نەیانتوانی فۆڕمێکی نوێ وەدۆزن بۆ ڕێبەریکردن و گەشەپێدانی بزووتنەوەکە، خەڵک لە پێشەوەی حیزبەکانی بوون بە قۆناغ، تاکە پێشنیازی سەرکردەیەتی کۆمەڵە و دیمۆکرات، فیدراڵی بوو وەک لاسایکردنەوەیەکی دەقاودەقی ئەو بەڕێوەبردنەی باشوور، خاڵێک لێرەدا سەرنج ڕاکێشە، دیمۆکرات لە هەنگاوەکانیدا بووە کۆپی سەرکردەیەتی قیادە مووەقەتە، لە حاڵیکدا پاش کۆماری کوردستان، ئەو سەرکردەیەتییە کە ناونرا (پارتی) خۆی کۆپی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی/ ئێران بوو، دەورو زمانە و بێتوانایی سەرکردەیەتی دیمۆکرات، ئەوانی لە ڕەسەنبوون ( ئۆریجناڵ) ەوە کردە کۆپی!!!. مەبەستەکەی من بەراوردی توانای داهێنانە لای پەکەکە و بێتوانایی داهێنان لای دیمۆکرات و کۆمەڵە.
کەسانی وەک من، واتە ئەوانەی بەردەوام چاودێری بار و حاڵی بزووتنەوە کوردستانییەکە بوون، ناتوانن لە سەدا سەد هزرکردنەکان پەی پێ بەرن، بەڵام دەشێ و دەتوانرێ، بەو پێوانانەی کە بە درێژایی چاودێرییەکان مرۆڤ بەدەستی دێنێ، بتوانێت پەی بە هەندێ لایەن بەرێ. لای من وایە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمڕاڵی هەمیشە خۆی بە لێپرسراوی مەسەلەیەکی مەزنی نەتەوەیی زانییوە و خۆی لەم لێپرسراوییە دەربازنەکردووە و وەک هەمیشە کەسی یەکەم بووە کە لێپرسراوییەکان لە ئەستۆ بگرێت، ئەمە نیشانەیەکی زیندووی نوێی ناو ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی سیاسی و ئازادیخوازیی نەتەوەی کوردە، چوونکە بەر لەو سەرکردەیەتییەکان هەمیشە شکستەکانی خۆیان بە لایەنی دەرەکی و پیلانی دەرەکیدا هەڵسپاردووە و خۆیان دەربازکردوە و نەتەوەکەیان خاپاندووە و هەندێ جاریش بە دەسکەوت و سەرکەووتن بەتەوەکەیان فرۆشتۆتەوە، هەمووتان نموونەگەلی زۆرتان لایە!!!. من نموونەیەکی خۆم باس دەکەم بۆتان:
مام جەلال هەمیشە (وشەیەکی زۆر دەبارە دەکردەوە- شەقی زەمانە) لەسەر ئەم وشەیە لەنێوان گفتوگۆ زۆرەکانی کاک قادر خەبات و مندا، جارێک پرسیارم لێ کرد: کاک خەبات ئەم شەقی زەمانەیە چییە کە مام جەلال هەمیشە شکستەکانی پێ پاساو دەداتەوە؟! وتی: من وەک خۆم هەمیشە شەقم لە شەقی زمانە هەڵداوە، چۆن پێویست بووبێت و حاڵەتەکە چی داخوازی کردبێ من بە بیروڕای خۆم لە شەڕەکاندا وام کردووە!! کاک خەبات ئەو ڕێبەرە پەکەکەییە بووە کە خۆی خۆی پەروەردەکردووە، لەو نموونە مێژوویانە بوو کە لەسەرەوە باسم کردن و لەناو مێژووی تێکۆشانی کورددا هەبوون.*
ئەوەی کە باسم کرد ڕێگەمان پیشاندەدات: بۆ؟ لە پای چیدا؟ چۆن؟ ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵییەوە ئەو هزرە دەکاتەوە کە حاڵەتی تێکۆشانە ئازادیخوازییەکە بەو خاڵە گەیشتووە کە بڕیاری نوێ بدات و لێپرسراوییەکەیش لە ئەستۆ بگرێت؟!
ئەو، بڕیارەکە بە پێشنیاز دەخاتە بەردەم پارتی کڕێکارانی کوردستان، دەیبەستێتەوە بە پێکهێنانی بارودۆخێکی نوێ لە ناو توورکیادا و دەسکاریکردنی یاساکانی توورکیا- یاسا بنچینەییەکان- واتە هەڵوەشاندنەوەی یاسای یەک وڵات- یەک زمان- یەک نەتەوە. کە هەمووی دژ بە نەتەوەکانی توورکیایە بەتایبەت کورد.
لەلایەکی ترەوە ئێمە وەڵامی (کەجەکە- کۆما جڤاکێن کوردستان)مان خوێندەوە، کە ئەوان پێشنیازەکەی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ دەکەن بە مەرجێک کە خۆی سەرپەرشتی کۆنگرەکەی پەکەکە بکات. ئەمە واتای کردنەوەی دەرگای زیندانە لە ڕێبەر ئاپۆ کە حوکوومەتی توورک تووشی قەیرانی گەورە دەکات و ڕەوایی خەباتی ئازادیخوازانەی کورد وێنە دەکات. حوکوومەتی توورک دەخاتە سەردووڕیانی هەڵبژاردنێکی زۆر سەخت، دەرگای زیندان دەکاتەوە یانی دان بە شکستی خۆیی و پوچەڵبوونەوەی هەموو بانگەشەکانیدا دەنێت، ئەگەر دەرگاکە بە داخراوەیی دەهێڵێتەوە، ئەفسوونی بانگەشەی ئاشتییەکەی بەتاڵ دەبێتەوە و ڕووی ڕاستەقینەی مەرامەکەی پیشانی دنیا دەدات.
پرسیار و وەڵامەکانی ڕ. ئاپۆ ئاشکرا و ڕووبەرووین، چوونکە ئەو باسی ئازادیی نەتەوەیەک دەکات، بانگی ئەو بانگێکی کوردستانیانەی زوڵاڵە، چ بۆ نەتەوەکەی و چ بۆ سپای ڕزگاری کوردستان لە قەندیل، فەرمان ناکات و پێشنیاز دەکات، داوا لە نەتەوەکە دەکات کە گوێی بۆ بگرن، واتە لە ئاستی خەڵک و ئاستی هێزەکەشدا قسەدەکات، داوا لە سپای ڕزگاری کوردستان دەکات کە گۆنگرە بگرن و خۆیان نوێبکەنەوە، کە واتای خۆ ئامادەکردنێکی نوێیە بۆ ئەگەرەکانی پشتی مەرامەکانی حوکوومەتی توورک، من لە ئاوێنەیەکی تایبەت بە باکووردا باسم کردووە کە: توورکیا ئەسپێکی دۆڕاوە و ئابوورییەکەی ڕوو لە داڕمانە، تەنیا سوارەگلاوەکانیش گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو دەکەن. لەو باوەرەدام کە ر.ئاپۆ بە تەواوی سایکۆلۆجییەتی سەرکردە تورکەکان دەناسێ و خوێندنەوەی وردی بۆ مێژووی شۆڕشەکانی باکوور و پارچەکانی تری کوردستان هەیە.
داواکارییەکانی یا مەرامەکانی حوکوومەتی تورکیاش لە دوو حاڵەت بەدەر نین:
- یەکەمیان: مەرامێکی شاراوەیە بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخەی تێیکەوتوون، ئەمەش بۆ کورد ئاشکرایە، کورد ئەزموونی خوێناویی و وێرانکاریی لەگەڵ سپاکانی ئەم داگیرکەرانەدا هەیە، بۆیە کە دەدوێ دەزانێت سەبارەت بە چی و بە کێ دەدوێت.
لە ١٩٢٢ وە بیرمەندی کورد مامۆستا ڕەفیق حیلمی ئامۆژگارییەک لە ئاستێکی دبلۆماسی بەرزدا دەدات بە گوێی شێخ مەحموودی حەفیددا و دەڵێت: " بە بیری من وایە کە بناغەی گفتووگۆی جەنابتان لەگەڵ تورک و انگلیز چی ئەبێ ببێ، راستی ئەوەیە کە ئامانجی کورد لەگەڵ مەسلەحەتی تورک و سیاسەتی حکومەتی تورکا رێک ناکەوێت و یەک ناگرێتەوە، چونکە حکومەتی تورک حکومەتێکی عەسکەری یە، چوبێتە هەر وڵاتێک، لەشکرێکی زۆری تیا داناوە و لەو وڵاتەدا بە هێزی لەشکر زیاتر لە سیاسەت ئیشی بردووە بەڕێوە. حکومەتێکی وا بە دەگمەن هەڵئەکەوێت کە وڵاتێک بە دیمۆکراتییەت و سیاسەت ئیدارە بکا. لەبەر ئەمە نایەوێت لە وڵاتەکەدا پیاوی دەسدار هەڵ کەوێت بە تایبەتی پیاوی وا کە بیری گەورە و خەیاڵی حکومەتی سەربەخۆی لە کەڵلەدا بێ. چونکە پیاوێکی وا بە بەرهەڵستێکی گەورە ئەژمێرێت بۆ هێزی عەسکەری خۆی. لەبەر ئەوە بەهەموو جۆرێک بۆ فەوتاندنی ئەو تەرحە پیاوانە هەوڵ ئەدا، یا هیچ نەبێ بۆ بێ هێز کردنیان".
ئەم شیکردنەوە دەروونییە بۆ حوکوومەتی ئەو دەمەی توورک، تا ئێستا هەمان شتە و شێتگیرتربوون و ئارامتر نەبوونەتەوە، ئەمە بۆتە بەشێک لە سایکۆلۆجی دەسەڵاتدارانی توورک، لەگەڵ ئەوەشدا کە زەمانەکە لە هەموو ڕووکانەوە گۆڕڕانی زۆری بەسەردا هاتووە بەڵام ڕەفتاری توورک بەرانبەر بە کورد نەگۆڕڕاوە، هەر چەندە تێکۆشانە سەخت و فراوانەکەی پەکەکە لە زۆر ڕوەوە بۆتە بەربەستی مل نانی ئەم مرۆڤە سیکۆپاتانەی توورک، بەڵام هێشتنەوەی ئەگەرێکی گەورە بۆ وەرچەرخانەوەی مەرامەکانیان لە پاش گەیشتنیان بە ئامانجەکەیان، پێویستییەکی ژیارییە بۆ کورد و بەتایبەت بۆ هێزی سپای ڕزگاریی کوردستان.
- دووەمیان: ناچاربوونی زۆرەملێی ئەو داگیرکەرانەیە کە مل بۆ گۆڕانکاریی بدەن و ناچار بن بە قبوڵکردنی داخوازیی کورد لە شێوەیەکی کوردپەسەند و دنیاپەسەنددا لەو شێوەیەدا کە بەرژەوەندییەکان زۆر جاران بڕیاری لەسەر دەدەن، کە مەرج نییە هەمیشە تای تەرازووی دەوڵەتانی داگیرکار قورس بکات.
ئەگەرێکی تری پەیامەکەی ڕ.ئاپۆ ڕوانینە بۆ ئەو ئەزموونەی خۆرئاوا کە لە ئابلووقەی هێرشی بێبڕانەوەی توورک ڕزگاری بکات و پەڵپەکانیان لە جیی خۆیدا وشک بکات، لە ڕاستیدا بڕیارێکی هێندە سەختە کە هیچ کێوێک ئامادەنییە ئەم ئەرکە بدات بە کۆڵیدا، مەرجەکەی کەجەکە هەڵبژاردەیەکی ژیرانەیە کە قوورسایی و سەنگینی حاڵەتەکە دەخاتە ئەستۆی حوکوومەتی توورک.
دۆخەکە بۆنی ئەوەش دەدات، کە ڕێکەوتنێکی شاراوە هەبێت لە نێوان ئیران، توورکیا، عێراق و تەنانەت قیادەموەقەتەشدا بۆ کۆتای هێنان بە خەباتی پەکەکە و ئەم چاو و ڕاوە بەسەربردنی کات بێت، کە هیوادارم کەجەکە لە هەموو ئەم ئەگەرانە ئاگا بێت، نەتەوەکە مافی هەیە بەسەر پەکەکەوە کە لە هەموو هەڵوێستەکان بەگوومان بێت، ماکەکانی ئەزموونی ئاشبەتاڵ لە باشووردا، هەمیشە وەک مۆتەکەیەک خەونی کوردانی شیواندووە و ترسی دووپاتبوونەوەیان هەیە، چوونکە نەتەوەکە پەکەکە و سپای ڕزگاریی کوردستان بەهی خۆی دەزانێ و پەرۆشی گەورەی نەتەوەکە ئەوانن.
...........
سەرنج/
*کاک قادر خەبات، پێشمەرگەیەکی دێرینی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانە و لە ڕێبەرانی دەستە سەرەتاییەکانی بەرەنگارەییە چەکدارییەکەی دوای ئاشبەتاڵە و بنکەی دەستپێکردنەوەی لە قەندیل بووە، ئەم خەباتگێڕە کوردستانییە یەکەمین و تەنیا کەسە لە باشوورەوە دوای پیلانە نیودەوڵەتییەکە بۆ ڕادەستکردنەوەی ڕ.ئاپۆ نامەیەکی بۆ دەنێڕێت و داوای لێدەکات، کە ئەو وڵاتی خۆی هەیە و دەتوانێت بێتە قەندیل و ئەو ئامادەیە وەک یەکەم ڕۆژی مەفرەزە سەرەتاییەکان، بچێتەوە بۆ قەندیل بۆ پێشوازیی لێکردنی.
کاک خەبات، لە شەڕێکیدا دژ بە سپای عێراق و جاشە کوردەکان، پلانی گلۆرکردنەوەی گابەردەکان دا دەنێت بەسەر ئەو سپایەدا و دەڵێن: کاتیک گابەردەکان هاڕەدەکەن هەر گابەردێک دەیان بەردی دی لە گەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکات، سەرباز و جاشەکان بە جۆرێک زارەتەرەک دەبن کە ڕێگای پاشەکشەیان لێ هەڵە دەبێت و لە دوای شەرەکە بە دەیان تەرمی جاش و سەربازیان لەسەر داربەڕووەکانی نیشتمان دۆزیبۆوە کە هاڕەی بەردەکان لەگەڵ خۆیان ڕاپێچی سەر ئەو دارانەیان کردبوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست