ئەو دوژمن و داگیرکەرەی بیەوێت میللەتێکی ژێردەستە لەناو بەرێت، لە نمونەی پارتیی و یەکێتی و مەلا سەلەفییەکانی بۆ دروست دەکات 


"دواهەمین خوانی عیسا"(بەراوردی وێنە)

Friday, 07/03/2025, 19:39


لە ئەوروپای موسیحیەت باوە، کاتێک خەڵکی لەسەر مێزی خوان دادەنیشن، ئەوانەشی کە ئیماندار نین، لە بۆنەکاندا وەک کریسمس و ئاهەنگی بوکێنی و خوانی گەورە، ئەگەر سێزدە کەس بن ئەوا پەرداخێکی زێدە دادەنێن هەتاوەکو کارەساتی نەخوازاراو ڕوونەدات، چونکە ژمارەی سێزدە لە خوانەکەی عیساوە بۆتە ژمارەیەکی شووم. بۆیە کاتێک وێنەکەی سەرۆک ئاپۆم دیت جگە لەوەی یەکەم جار چاوم کەوتە سەر،  سەروچاوی تەواو نامۆی ئاپۆ و هەرگیز مەزەندەی ئەوەم نەدەکرد بەو شێوەیە بیبینم، خێرا دەستم کرد بە ژماردنی کەسایەتیەکان، دیتم کە دووو کەسایەتی ناتەواوە، چونکە ئەو دیمەنە بیری تابلۆی خوانی عیسای هێنامەوە. بەڵام  حاشاهەڵنەگرە  کە شێوازی سەروچاوی بە پێچەوانەی عیساوە پڕە لە دژواری و توڕەیی وناڕازییبوون. 
کاتێک عیسا لەگەڵ دوازد هاوەڵەکانی لەسەر سفرەی خوان دادەنیشن، عیسا بە هاوەڵەکانی دەڵێت:
(ئەمە بخۆن، جەستەی منە، ئەمەش بخۆنەوە چونکە خوێنی منە).
 بەم شێوەیە خۆی دەکات بە قوربانی و لە گوناهەکانمان دەبەخشێت و جیهان و مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەیزانی کە کەسێک لە هاوەڵەکانی؛ ژوودا، خیانەتی لێ دەکات، چونکە پێشینە پەروەردگار ئاگاداری کردبویەوە.
(ڕاستیتان پێ دەڵێم،  یەکێک لە ئێوە خیانەتم لێ دەکات.)
کە دەڵێین عیسا بە مانای خۆبەقوربانیکردن دێت. بە مانی خۆشەویستی دێت بۆ گشت مرۆڤایەتی بە بێ مەرج. 
بەڵام دوای عیسا مەسیحییەکان نزیکەی پێنج شەڕی خاچیان ئەنجامداوە لە پێناوی بڵاوکردنەوەی دینی مەسیحی و بەگژداچوونەوەی دوژمنانیش، چونکە هەقیقەت وەهای گەرەکە. خۆ ئەگەر بمانەوێت بە ڕاستی ببین بە کۆپی عیسا ئەوا دەبێت وەک "فرانسوا داسیس"  بە پێ ڕێگەی بیابان بگرینە بەر بەرامبەر بە دوژمن و داوای ئاشتی لێ بکەین؛
له‌ساڵی 1219 دا ئەو دەمەی كه‌ شه‌ڕی خاچه‌كان گه‌رم بوو، سوڵتان ئه‌لكامیل له‌ خێزانی سه‌لاحه‌دین فەرمانڕەوا بوو له میسر، پاداشتی به‌ ئاڵتون ده‌دا بەو كه‌سه‌ی سه‌ری مه‌سیحیه‌كی بۆ بهێنێت. ئا له‌و كاته‌دا فرانسوا بڕیار ده‌دات  به‌پێ بچێت بۆلای سوڵتان و په‌یامی ئاشتی عیسای بۆ ببات. خه‌لكی ده‌ڵێن ئه‌م كابرایه شێته! به‌ڵام كه‌س ناتوانێت په‌شیمانی بكاته‌وه. گوتوویەتی ئه‌گه‌ر به‌ ناو لاشه‌ی مردوودا بڕۆم هه‌رگیز ترسم نییە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عیسام به ‌ته‌نیشته‌وه‌یه.
 لەو بیابانەدا، له‌سه‌رە ڕێگادا فرانسوا دوو به‌رخ‌ ده‌بینێت، به‌ هاوه‌ڵه‌كانی ده‌ڵیت:
- (مه‌ترسن، ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌ خودا گووتویه‌تی  ده‌تان نێرم وه‌ك به‌رخ له ‌ناو گورگاندا)
پاش چه‌ند ساتێك ڕووبه‌رووی لەشکری ئیسلام ده‌بنه‌وه، په‌لاماریان ده‌ده‌ن و چه‌قۆ دەخەنە سەر ملیان و دەیانەوێت سەریان ببڕن، فرانسوا تۆزێک عاره‌بی زانیوه و هاواری كردووه به‌ سه‌ریانا كه‌ ده‌یه‌ویت سوڵتان ببینێت، دەڵێن گوایە ئه‌وانه‌ی کە ویستویانه سه‌ری ببڕن له‌ به‌رده‌م ئەو بستە مرۆڤەدا سەریان سوڕماوە. ناچار بردویانه بۆ لای سوڵتان، سوڵتان پرسیاری لێ ده‌كات كه‌ كێن و کێ ناردونی، فرانسوا وەڵامی داوەتەوە کە عیسا نەبێت هیچ کەسێک لە سەروی ئەوەوە نییە فەرمانی پێ بدات، ئەو له‌لایه‌ن عیساوه‌ هاتووه و‌ ده‌یه‌وێت په‌یامی ئاشتی بۆ ئه‌وان بهێنێت.
هەرچەندە سوڵتان نایکوژێت بەڵام لە پەیامی عیسا تێ نەگەیشتووە.
ئێستاکە سەرۆک ئاپۆش دەیەوێت ببێتە کۆپی عیسا و لەگەڵ ئەو گورگانەدا، وەک چۆن فرانسوا دەیگووت دەچم لەگەڵ برا گورگەکەماندا قسەدەکەم لەبەر ئەوەی ڕۆژێک گورگ هاتبوون مەڕی دێهاتیەکانی خواردبوو، بەڵام فرانسوا چووە لەگەڵ گورگەکەدا قسەی کردووە.
کەواتە لەم خوانەدا کە خوان نییە و سەرۆکێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆی چوواندووە بە عێسا و ئێستاکە دەیەوێت بەڕاستی ببێتە کۆپی عیسا وەک فرانسوا و لەگەڵ گورگە بۆرەکاندا باسی ئاشتی و پێکەوە ژیانمان بۆ دەکات. چونکە ئاپۆ لە کتێىی مانیفێست بۆ شارستانیەتێکی دیموکراسی خۆی بە عیسا دەچوێنێت و دەڵێت:
"چیرۆکی تایبەتی خۆم، رەنگدانەوەیەکی بچوکی کەوتنی خێڵەکانن. وەک ئیبراهیم، لە سورچەوە کەوتمە ڕێ، وەک چۆن عیسایان گرت بە یارمەتی پاشایەکی جوو، منیش گیرام و لە خاچ درام بە بەندکردنم لە بەندیخانەی ئیمراڵی، بە یارمەتی ئیسرائیل (بە یارمەتی نێوان مۆساد وCIA)، بەرگریکردنم بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو خاچەی کە عیسای لەسەری لە خاچدرا بوو.
پاشان دەڵێت:
کاتێک لە سوریا بووم، مۆساد ویستبووی بمبینێت. من دژی ئەو دیدارە نەبوم." 
هەروەها دەڵێت:
 ئیسرائیل چارەسەرێکی تری هەبوو بۆ کوردان. 
کەواتە لەم خوانەدا کە ئاپۆ دەوری عیسا دەبینێت و نایەوێت هیچ ڕاستییەک بزانێت جگە لە ئاشتی نەبێت، ئەی کەواتە "ژوودا" کێیە؟
بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە باخچەلی پێ دەچێت زیاتر ڕاستگۆتر بێت لە ئۆردوگان لە پرۆسەی ئاشتیدا، بەڵام ئۆردوگان ژوودایەکە کە ژوودا خۆشی پێێ ناگاتەوە و هەرگیز ناتوانین چاوەڕوانی ئاشتی لە ئۆردوگان بکەین. چونکە ئەگەر کەسێک بیەوێت ئاشتی بڕەخسێنێت ئەوا باسی ئاشتی دەکات نەک شەڕ.
ئایا ئاپۆ ئەم ڕاستیانە دەزانێت ؟ یان ئاپۆ کەوتۆتە حاڵەتێکی میستیکەوە و تەنها دەیەوێت ڕاز و نیازی دڵی خۆی ئاسودە بکات پێش مردن، ئیدی چش لە کۆمەڵگەکەی، یان  ئەوەیە دوای بیست و شەش ساڵ لە زیندان ئاپۆ  لە لۆژیکێکەوە ىروانێتە ڕووداوەکان کە تەواو بێ بەشە لە هەقیقەت. یان ئەوەیە کە ئاپۆ دەزانێت ئیسرائیلیەکان دەیانەوێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بگۆڕن و وەها دیارە کە کورد لەو نەخشەیەدا پشکی شێری بەردەکەوێت، کەواتە ئاپۆ دەیەوێت دژی ئیسرائیلییەکان چارەسەرێکی تر بۆ کوردان پێشنیار بکات وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لەوان کە بەگرتنیاندا.
کاتێکیش سەیری وێنەکە دەکەین، یەکەم نیگامان دەچێتە سەر سەروچاوی ئاپۆ، بەجۆرێک چاوی بڕیوتە کامێراکە کە وێنەیەکی زیاتر دژواری خۆیمان نیشان دەدات لەبری کەسێکی لەسەرخۆ و ئارام، زیاتر توڕە و ڕق لە دڵ وەدەردەکەوێت، بەتایبەتی زۆر دورە لە وێنای عیسا. حاشا هەڵنەگرە، کە نوری لێ نابارێت.
چونکە ئەگەر ئاپۆ دەیەوێت وەک عیسا پەیامی ئاشتیمان بۆ پێشنیار بکات، ئەوا بڕوا ناکەم هیچ کوردێک جگە لە کەسانی ساویلکە و دەروێشان زیاتر باوەڕیان بەو ئاشتییە هەبێت کە ئۆردوگان داوای چەک دانان لە پەکەکە دەکات بە بێ مەرج.
 خۆ ئەگەر ئاپۆ دەیەوێت لە دوا ساتەکانی ژیانیدا وێنای کەسایەتیەکی وەک عیسامان بۆ بئافرێنێت ئەوا تەواو پێچەوانەکەی دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە