دیسان سەلاحەدینی بۆناپارت
Friday, 11/04/2025, 12:31
بە پێی زۆربەی لێکۆلینەوەکان ناپۆلیۆن گەورەترین زیانی گەیاندووە بە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا، ئەگەر ناپۆلیۆن نەبوایە ئێستاکە فەرەنسا پێگەیەکی گرنگتری دەبوو لە جیهاندا. بەڵام کاتێک ناوی فەرەنسا دێنین ڕاستەوخۆ خەڵکی بیریان بۆ ناپۆلیۆن دەچێت و شانازی پێوە دەکەن وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی، بەجۆرێک کە ناپۆلیۆن و فەرەنسا ناتوانرێت جودا بکرێنەوە. دە ساڵێک لەمەوبەر کاتێك وەزیرێکی سۆسیالیست گەرەکی بوو لە پرۆگرامی مێژووی کۆلێژی فەرەنسا بەشی ناپۆلیۆن لاببات، هەر خێرا بوو بە هەرا و ناسیۆنالیستەکانی فەرەنسا دژی وەستانەوە.
ئەی سەلاحەدینی بۆناپارت؟ چۆن باس دەکرێت؟
سەلاحەدین ئەیوبی بە وێنای ناپۆلیۆن لە ڕۆژهەڵات و لە جیهاندا ناوی ڕۆشتووە وەک ناپۆلیۆن بە خراپ و بە باش باسی دەکەن، بەڵام لە مێژە سەلاحەدین لە دەست کورداندا نەماوە و کراوە بە پاتریموانی عەرەبیی و ئیسلامیی.
کوردان بە شێوەیەکی گشتیی قسەی دوژمنانی کورد دووبارە دەکەنەوە لەسەر سەلاحەدین، خۆ ئەگەر خەڵکی عەوام بە جنێودان هێرش دەکەنە سەری لەبەر ئەوەی گوایە خزمەتی بە کورد و کوردستان نە کردوە ئەوا ئەوانەشی کەسانی ئەکادمین سەلاحەدین بەر جنێو دەدەن بە بێ ئەوەی ڕاستییەکی ئەوتۆ دەربارەی سەلاحەدین بزانن.
هەنێ برادەری ئازیزیش بە دێرێک دەڵێن گوایە کاوە ڕەمزێکی گرنگتررە. بەڵام باسکردنی سەلاحەدینیش هیچ لە گرنگی ئەفسانەی کاوە کەم ناکاتەوە، یان ئەوەیە کوردان مۆنۆتۆنن بە وێنای سەرۆک خێڵەکەیان ناتوانن دوو کەسایەتی لە هەمان کاتدا قبوڵ بکەن.
(خودا یەکە و نابێت بە دوو)
گوێمان لە ئۆردوگان بوو کە باسی سەلاحەدینی دەکرد وەک نمونەیەک بۆ ورووژاندنی هەست و سۆزی کوردان دژی زایۆنیزم لەم کاتەدا، لەهەمان کاتدا هەر ئۆردوگان بوو کە دەیەوسیت نەورۆزیش بکات بە جەژنێکی تورکیی. ڕاستە ئەوان زیاتر سەرکەوتوو دەبن بە وروژاندنی بابەتی سەلاحەدین لە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد بەو پێیەی سەلاحەدین لە مێژووی ئەواندا خزمەتی بە جیهانی ئیسلامیی کردووە.
کەواتە ورووژاندنی بابەتی سەلاحەدین لەم سەردەمەدا، وەرگرتنەوە ناسنامەی سەلاحەدینە بۆ کوردان، پێدانی دەموچاوێکی ترە بە سەلاحەدین، دەموچاوێکی ڕوونتر لەوەی کە هەتا ئێستاکە خەڵکی زانیاریەکی ئەوتۆیان نییە وەک چۆن زانیاریەکی ڕوونیان لەسەر مێژووی خۆیان نییە و لە لاپەڕەی کتێبەکانی عەجەمدا مێژووی خۆیان خوێندۆتەوە.
بەڵام ئایا کاتی ئەوە نە هاتووە مێژوو ڕاست بکەینەوە و ڕاستییەکان بخەینە ڕوو و سەلاحەدین بکەینەوە بە موڵکی کوردان ؟ هەتاوەکو جارکی تر جیهانی ئیسلامی نەیدەنەوە بە دەمووچاوماندا و ئێمەش نەزانین چ وەڵامێکیان بدەینەوە؟
وای بۆ دەچم کە ورووژاندنی بابەتی سەلاحەدین بابەتێکی گرنگە لەم سەردەمەدا . بەڵکو بتوانین لەم دیبەیتانەوە تواناکانمان وەک کەموکوڕییەکانمان لە مێژوودا دیاری بکەین. دوژمنانی کوردیش نەتوانن بەکاری بهێنن بۆ پشتیوانی کردن لە غەزە و لە ئیسلام و دژی زایۆنیزم.
لە بری ئەوەی لەسەر پەیجەکەت جنێوو بدەیت بە سەلاحەدین بە بێ ئەوەی پەڕەیەکی مێژووت خوێدنبێتەوە، باشتر وایە ڕوونکردنەوەیەک بدەیت. چونکا جنێودان مانای وایە کە ئێمە هیچمان لە هەگبەدا نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست