• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

سی ساڵە ئێمە یادەوەری خراپ دەنێژین

Sunday, 29/08/2021, 21:24

1353 بینراوە


ئێمە بۆچی ڕێگەماندا ئەو هەموو ڕۆژەمان لێبڕوات !؟ خۆ ناتوانین هەتا هەتایە لە ڕابردوودا بژین، ببینن ژیان چەنێک جیاوازە لەکاتێکدا لە هەمان سەردەمدا دەژین؟ ئێسا دەزانم مرۆڤ بوون چۆن کەم بۆتەوە و شکۆی شکاوە بەچاوی خۆت بیبینە.
 ئەو سەردەمەی لە چیابووم ئەوکاتەی هاوڕێکانم گیانیان لەدەدست دەدا سەیربوو، فرمێسکم نەدەڕشت بۆیان.کەچی ئێستا هەموو ڕۆژێک کە هەواڵێک دەبیستم تورک و فارس و عەرەب ودەسەڵاتداران ئاوا بەرخورد دەکەن لەگەڵ گەلەکەمدا، ئەو خەڵکەش دەبینم لەسەر شەقامەکان دەکڕوزێنەوە بۆ ژیان...فرمێسک ئەم شواتەوە و نەفرەت لە ئازادی دەکەم کەوابێت و لە کاتێکدا مرۆڤ شکۆی شکاوی خۆی نمایشکات لەژێر چەترە داهۆڵەکەیدا.
 هەموو شتێک خاڵێکی سەرەتای هەیە، لەپشت هەموو دەسپێکێکەوە هۆکارو هاندان هەیە بۆ ئاراستەی ژیان، شێوازی ژیان، هیچ ڕێگە و قەدەرێک لەوە بەهیزتر نابێت، کە سەرەتا قبوڵی یەکەم ستەم بکەیت و چاو لە دادپەروەری بنوقێنی، ئیتر هێدی هێدی...نەرم نەرم لەگەڵیدا رادێیت و بەهانە دەهێنیتەوە بۆ قبوڵکردنی ستەم.لەم نیشتمانە کڵۆڵەی ئێمەدا هیچ ڕێزێک لە ژیان و مرۆڤەکان ناگیرێت، سەمەرە لەوەدایە هەموومان وا دەڵێین کەچی کەسمان هیچ ناکەین....!
 هەمووشمان دەزانین جیهان بەئامانجێکی بچوک ناگۆڕێت، دەشزانین پێویستمان بەئامانجی گەورەتر هەیە، من هێشتا خەونێکم هەیە، گەرچی دڵنیانیم بێتەدی، بەڵام هەر بە ڕاستی کاتێک سەیری وێنەگەورەکە دەکەم و دەشزانم هەمووجارێک ناتوانین وەڵامەکە بدۆزینەوە، بەڵام وەرن با کۆڵنەدەین و بەردەوام ئەو پرسیارە بکەین، ئەرێ ئێمە بۆچی دەژین...!؟ 
 وەرن با لەوە بگەین، کە پێکەوە براوە دەبین، ئەودەم هەم مریشک هەم هێلکە بەدەست دەهێنین، نەک وەک ئێستا هیلکەمان لێببڕن و مریشکیش ڕیقنەی خۆیمان بەسەردا بکات، وەرن با بوێریمان کۆبکەینەوە، چونکە تەنها جارێک شانسی ژیانمان هەیە، نەک چەند جارێک.با ئیتر وەک کەسی بێدەسەڵات لە کورسی دوای دواوە دانەنیشینین و سەیری بەدبەختی نیشتمان و خەڵکەکەمان بکەین، خۆشمان بەدبەختیمان وەک لیکاو بەسەردا بڕژێت.
 وەرن با سەردەمی ملکەچکردن تێپەڕێنین، من بەردی کوتراوم پێ باشترە لەبەردی خڕی بێکەڵکی سەر ڕێگاکان، با تێبگەین ملکەچبوون چۆن ژیانی تێکداوین، چۆن هەموو ڕۆژێک شەرمەزاری دەنۆشین ؟ 
ئەزانن چەند ئازار بەخشە کاتێک دەبینم چۆن پێتان پیادەنێن و ئێوەش هیچ ناڵێن، پێویست ناکات بەردەوام بین لە خواردن پێدانی سەگێک کە گاز لەدەستمان دەگرێت....
ئەمانە تەنها دەیانەوێت دەسەڵاتی خراپیان بهێڵنەوە، گوێ بە ئازاری خەڵک نادەن، خەڵکی ئێمەش تەنانەت ناتوانن سەیری سروشتی ئازارەکەی خۆشیان بکەن، چونکە هەموو ڕەوا بەخۆیان دەدەن و پاساو دەهێنەوە تا قبوڵی ستەم بکەین بە پیشەی ڕۆژانەیان...مرۆڤ پێویستە ڕووبەڕووی مەترسی بێتەوە، نەک ئەوەی بەترسنۆکی ژیان بکات..
 ژیان وەک ئەوە وایە کە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ڕۆژێکی نوێ دەبینەوە، بەڵام با سبەینێمان لە ئەمڕۆمان نەچێت، چونکە ئەوە بێمانایی ژیانە ڕۆژەکان لەیەک بچێت و تا ناو گۆڕەکانمان هەر خەریکی چەمانەوە بین.

 پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە