• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 16
  • 17
  • 18
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  • 31
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  

هەرێمی کوردستان وەک زیندانێکی گەورە

Monday, 11.15.2021, 16:46

251 بینراوە


زیندان ئەو شوێنەیە، کەسێکی تاوانبار لە کۆمەڵگا دادەبڕێنرێت و ئازادی لێدەسەندرێتەوە، دەخرێتە ژێر چاودیرییەوە و هەموو هەڵسوکەوتێکی سنوردار دەکرێت، زیندانییە سیاسییەکان زۆر جار ئازار و ئەشکەنجەش دەدرێن.
زیندان کە لەم دوو وشەیە پێکهاتووە (زیندوو) و (دانان)، واتا زیندوویی تێیدا دادەنێین. وەک زیندەبەچاڵ (زیندوو) و (بەچاڵ) بە زیندوویی دەخرێتە چاڵەوە.
هەرێمی کوردستان ئەو هەموو ئەو تایبەتمەندییەی زیندانی تێدایە، لە بری کەسێک، گەلێکی تێدا زیندانی کراوە.
1- لە زینداندا پۆلیس و  پاسەوان و چاودێر، جەلاد و کەسانی سایکۆپات زیندانەکان بەڕێوە دەبەن. 
- لە هەرێمی کوردستاندا حیزب، سەرۆکی حیزب، بەرپرس و منداڵەکانیان، چەکدار و کەسانی پیاوکوژ هەرێم بەڕێوە دەبەن.
2- زیندان چواردەوری تەلبەندکراوە.
- هەرێمی کوردستان چوار دەوری بە داگیرکەر گیراوە.
3- زیندانییەکان لە زینداندا مەمرە و مەژی خواردنیان دەدەنێ، خواردنی خراپ،  بۆگەن و  پیس، هەندێک جار پڕ لە کرم و قالۆنچە و  مێرولە تا نەمرن و بە ئازاری دەروونییەوە بژین وا نەزانن لە ئوتێل دابەزیون، وەکو وانەیەک جۆرەها سزای دەروونی و بەدەنیی دەدرێن.
- لە هەرێمدا بەهەمان شێوە خواردنی ئێکسپایەر و بەسەرچوو، ژاراوی بۆ  هاوڵاتیان هاوردە دەکەن، تووشی دەیان نەخۆشی و دەرد و بەڵایان دەکەن، تا کەسایەتیی کورد بشکێنن وەک مرۆڤ و هاوڵاتییەکی تورک و فارس و عەرەب، هەست بە بوونی خۆیان نەکەن.
4- لە زینداندا زیندانییەکان ناتوانن بچنە دەرێ، مەگەر لە فرسەتێکدا پلانی هەڵهاتن دابنێن.
- لە هەرێمدا خەڵک دەتوانێت رابکات و خۆیان یارمەتییان دەدەن تا زیندانەکە بەجێبهێڵن.
5- ئەگەر زیندانییەک نەخۆش بکەوێت، لە زینداندا تەنیا دکتۆرێک و سیستەرێک هەیە، بە خۆڕایی چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکەن. چارەسەرەکە سنوردارە. کارمەندانی نێو زیندانەکان، ئەگەر پێویستیان بە دکتۆر و چارەسەر بێت، خۆیان دەچنە دەرەوەی زیندان.
- لە هەرێمدا خەستەخانە زۆرە، زۆربەیان بەدەست سەرۆکی حیزب، بەرپرس و منداڵەکانیان، چەکدار و کەسانی سەر بە دەسەڵاتن، بە پارە چارەسەر دەکەن، بەڵام خۆیان بۆ  چارەسەری نەخۆشی دەچنە دەرەوەی هەرێم.
6- لە زینداندا ئاو و  کارەبا بە بەردەوامی هەیە و بە خۆڕاییە.
- لە هەرێمی کوردستان ئاو و کارەبا بە پارەیە و زۆربەی کات نە ئاو هەیە، نە کارەبا.
7- لە زۆربەی زیندانی وڵاتاندا، کتێبخانەی تێدایە بۆ خوێندنەوە، هەروەها زیندانییەکان بە خۆڕایی دەتوانن بخوێنن و بڕوانامە بەدەست بهێنن. ئەو زنیدانیانە کە دەچنە دەرێ، دەتوانن کەڵک لە بڕوانامەکانیان وەربگرن و  لەگەڵ کۆمەڵگادا خۆیان ئاشت بکەنەوە.
- لە هەرێمی کوردستان کتێب هەیە، کتێبخانە هەیە، زانکۆی تێدایە، هەمووی بە پارەیە، ئەوەی بڕوانامە وەردەگرێت، زۆربەیان، عەقڵ دادەنێن، تەنیا کلک و گوێیان لێناروێت.
8- لە زینداندا  بازرگانی بە لەش و دەستدرێژیی سێکسیی و  فرۆشتنی مادەی هۆشبەرەوە دەکرێت، هەموو ئەمانە گروپی مافیا بەڕیوەی دەبات. هەندێک جار پۆلیس و پاسەوانەکانی زیندانەکان دەستیان لەو جۆرە بازرگانییەدا هەیە.
- لە هەرێمی کوردستان بەرپرسەکان، دەزگای دژە تیرۆر، دەزگای زانیاریی و پاراستن هەمان کار دەکەن،  خۆیان دەستدرێژی دەکەنە سەر دانیشتوان و هاوڵاتیان، بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن.
- جیاوازیی و لێکچوونی تر زۆرن. سوپاس بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی زیندانی هەرێم و هەموو ئەوانەی کە ئەو زیندانە گەورەیە بەڕیوە دەبەن ئێوە جێگای شانازیین، کە توانای هەڵگرتنی ئەو ئەرکە قورسەتان خستۆتە ئەستۆی خۆتان، بۆ تورکیا و ئێران و  عێراق ئەو زیندانە بە باشی بەڕێوە دەبەن، بە دڵسۆزییەوە کاری خۆتان بەجێ دەهێنن.
 جێگای دەستخۆشی و پێزانینە.

پەیامی ڕۆژ لەلایەن "کەمال جەمال موختار" نووسراوە