• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 31
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  

بەچکە داعشەکان هێرشیان کردە سەر شێرە بەفرینەیەک

Sunday, 23/01/2022, 14:43

1393 بینراوە


ئەم کابرایە خۆی بە مرۆڤێکی نورانی و ڕۆحانی دەزانێت، بزانە چ گۆڵمەزێکی ناوەتەوە! بەئاگای هێناینەوە کە ئەوان نێتیان چییە ؟ 
بۆ شکست پێهێنانی دوژمنانی دەرەکی، سەرەتا دەبێت دوژمنانی ناوخۆ بناسینەوە، لە چاوتروکانێکدا دیندارێکی  سەلەفی و داعشێکی بێ چەک لەسەر شەقامێک و لەبەردەم ماڵێکی پڕمنداڵدا، لەپیکابێکی دەستکردی کافراندا دابەزی و بە قاچە داماوەکانی کە تازە دەستنوێژی هەڵگرتبوو پەلاماری شێرە بەفرینەیەکی دا و هاواری کرد "اڵلە آکبر" و بەخێرایی خۆی خستەوە ناو ئۆتۆمۆبێلە کافربەرهەمهێنەرەکەی و تێتەقاند بۆلای ئەو مەلا و مزگەوتەی کە فتوایان داوە هەرچی شێرە بەفرینەیە تێک بشکێنن.
وەک برایم چۆن پەیکەری خواکانی شکاند، یان تاڵەبانەکان پەیکەرەکەی بودایان تەقاندەوە و فلیمەکەیان بەجیهاندا بڵاو کردەوە، تا بلێن هونەر و مێژوو لای ئێمە تورێکی قوڕاوی ناهێنێت، هەروەها داعش لە دەوڵەتەکەی بلادی شام و شاری موسڵ و ڕەقە هەرچی مزگەوت گۆڕ و پەیکەر بوو کە باسیان لە مێژووی بابلێکان و گەلانی میسۆپۆتامیا دەکرد بەچەکوش کەوتنە شکاندنی و تەقاندنەوەی، چونکە ئەوانە باس لەحەرامەکان دەکەن.
 هونەر بەهەموو بەرهەمەکانیەوە حەرامی حەرامەکانە، چونکە دواجار ئەمە شەریک بۆ خوا پەیداکردنە و کفرێکە بە سەد حەج و عەمەرە و قوربانی و زەکات و سەرفترە و نوێژ قەرەبوو ناکرێتەوە.
ئێوە دەتوانن شێرە بەفرینەیەک بەقاچە گۆجەکەتان تێک بدەن، بەڵام ناتوانن خەندەی ئەوهەموو منداڵە بشارنەوە، کە لە بەفرەکەدا دەتریقانەوە.ناشتوانن لۆمەی ئەو باڵندانە بکەن کە دەنوکیان لە گێزەرەکە دەگرت و لەسەر شێرە بەفرینەکان هەڵدەنیشتن، وەک باڵندەیەکی ئازاد و تێر.
 تۆبڵێی حاجی تۆفیق "پیرەمێرد"ی مەزن بێ باوەڕ بووبێت کە ووتی : 

لە بیرمدێ شێرە بەفرینەم دەکرد سواری دەبووم بەبێ زین
جێگاکەی نسێ ئەبوو ئەیبەست تاکو دەمی هاوین 

ئەوسا پیاوێکی دیندار هۆنراوەی بۆ شێرە بەفرینە دەنوسی و لەگەڵ خەڵکدا خۆشییەکانی دەهۆنییەوە و دەیووت :

بەیانی بوو لەخەو هەستام کە ڕوانیم بەفرە باریوە
سلێمانی ئەڵێ بەڵقیسە و تارای زیووی پۆشیوە 

 کەچی ئێستا ئێمە دەڵێین، کە مەلایەکی دەمبوس و ئیسلامییەکی مێشک بەتاڵ، بە لەقە بەربوونەتە شێرە بەفرینەیەکی داماو، ئەمەش بە جیهاد پێمان لەپێناو خودادا  دەفرۆشنەوە. من دڵنیام ئەگەر خودا ئەم دیمەنە دەیبێت چاوی دەگرێت و شەرم دەیگرێت، کە بەناوی خواوە ئاوا پیرۆزییەکانی ژیان لەکەدار و ناشرین دەکەن.
 ئەمە جوتەی مرۆڤێک نییە بەتەنها، بەڵکو پەیامێکی ترسناکە کە سبەینێ سۆمالییەک و مەغریبییەک و ئەفغانستانییەک لەهەناویدا خۆی نمایش دەکات، ئەمە ئەو ڕۆژەیە، کە مەرگەسات و کوشتن و ڕەجم کردن و دەستبڕین و جەڵدەلێدان و خنکاندن چاوەڕێمان دەکات.
جوتوەشێنەکان!!..ئێوە ئێستا هێندە ئازان بەشێرە بەفرینەکان خۆتان بەتاڵدەکەنەوە، ئەی بۆ ناچن جوتەیەک لە سیاجی سەربازگەیەکی تورکە فاشیە کان بدەن....!؟
 ئەم ڕۆژانە پەرێشانیەکی تووندە بۆ ئێمە! با بە خەمساردی لێی نەڕوانین و نەتریقێینەوە و بە جوێنێک کەللەزارمان بێتە دەرێ و شاگەشکە بین پێی، یان کۆمێنتێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بنووسین وابزانین شتێکی گەورەمان ئەنجام داوە، ئەم کەیسە بە هەند وەرگرین، چونکە ئەمە هەر ئەو هزرەیە کە کێلی سەرگۆڕی" یونس ڕەوف" دڵداری شاعیریان تێک شکاند، کە سرودی .ئەیڕەقیبی بۆ هۆنیبوینەوە، ئەوانەی کە تێزابیان دەکرد بەقاچ و قولی کچەکانی سەر شەقامدا، هەمان ئەو هزرەیە، کە یاخی بوون لەو دەستورەی بۆ ڕۆژئاڤا کە نوسرایەوە و ژنانیان کردە رابەر و سەرکردەو خاوەن بڕیار، ئەمە ترسانکرین ڕۆژەکانە کە پێدا تێدەپەڕین.وەرن با سنورێک بۆ ئەم نەهامەتیانە دابنێن، کە چاوەڕێمانان دەکات و بەجددیەوە لەم دیاردەیە بێینە دەنگ، ئەمەش بەشێکە لە تەعریب کردنمان بەدەستی خۆمان.

پەیامی ڕۆژ لەلایەن "رزگار رانگور"ەوە نووسراوە