• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

بایدن و سەرۆکایەتی ئەمریکا

Thursday, 21/01/2021, 13:29

758 بینراوە


ئەوەی جۆزیف بایدنی کردە ٤٦ هەمین سەرۆکی ئەمریکا دەنگدەر و هەڵبژاردن نەبوو بەقەد ئەوەی ڕۆڵی کۆمپانیا گەورە و high Tech ەکانی تر بوو، وەك فەیسبووك، گوگڵ، تویتەر و مایکرۆسۆفت و چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی گەورەی وەك cnn و نیویۆرك تایمز و واشنتۆن پۆست..
ئەم هەموو کۆمپانیانە بەشێوەیەکی گشتی پشتگیریەکی گەورەی سەرۆك بایدنیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن لەلایەك زاڵ بن بەسەر پەتای کرۆنا و لە لایەکی تر نەهێڵن ئەمریکا لە شاڕێگەی دیموکراسی لابدا. بەڵگەش بۆ ئەمە ؛ بایکۆتکردنی ترامپ بوو لەلایەن تویتەر و فەیسبووك و بلۆکردنی لەلایەن دەزگای ڕاگەیاندنەکان.  لەوەش گرنگتر داوا کرا لەلایەن ئەم کۆمپانیانەوە کەوا هەموو ئەوانەی هەواداری ترامپن و لە ئیدارەکەی ئەودا کاریان کردوە، لە دوا ڕۆژدا کاریان پێ نەدرێ و نەهێڵن پۆستی گەورە وەدەست بێنن، جگە لەوەش کۆمپانیایەکی هاوشێوەی تویتەر کە ترامپ بەنیاز بوو بەکاری بێنێ، لەلایەن amazon وە بلۆک کرا و لەهیچ سیرڤەیەکی تر ، نەیانهێشت کار بکات.
دۆناڵد ترامپ یەکێ لەوانە هەرگیز باوەڕی بە پەتاکە نەبوو، هیچ کات گرنگی گەورەی پێ نەدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 هەزار هاوڵاتی ئەمریکی باجی ئەو هەڵانەیان دا، کە دواتر لەملی ترامپیان پێچا.
ئەوەی لە ووتەکانی ئەمڕۆی جۆزیف بایدن بەدی کرا تەنیایی و بێ هیوایی زۆری پێوە دیار بوو، ترامپ ئەوەندە هەڵە و شکستی بۆ بایدن جێهێشتووە، ڕەنگە چوار ساڵی یەکەم خولی نەتوانێ بەباشی چارەسەریان بکات. بۆیە چاوەڕوان ئەکرێ ئەم کابینەیە زیاتر خۆی بە بەرنامە و ئەجندای ناوخۆوە خەریك بکات و کێشەکانی ئەو دیو سنووری ئەمریکا، بایەخی زۆری پێ نەدرێ.
بایدن لە ووتەکانی هیچ باسی کێشەکانی جیهانی ئەمڕۆی نەکرد، بەڵکو زیاتر جەختی لە یەکگرتوویی و زامکردنی ئەو برینانە کرد، کە لەماوەی ٤ ساڵی ڕابردوو، ترامپ لەم ووڵاتەدا دروستی کردون. سەرەڕای ئەوەی کرۆنا کێشەیەکی تەندرووستی و ئابووری گەورەی دروست کردووە ڕەنگە ئەمریکا نەتوانێ بیپەرژێتە سەر کێشەکانی جیهان. بۆیە چاوەڕوان ئەکرێ ئەو کێشانەی هەن زیاتر و زیاتر بن. بەتایبەتی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویاندا دۆزی کورد لەوە ناچێ پێشکەوتن و چارەسەری باش ، لە خۆ بگرێ.

پەیامی رۆژی ئەمجارەمان، لەلایەن (حەمە سوسەیی) نووسراوە