• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

دایکی نیشتمان پیاو بوو

Saturday, 23/01/2021, 3:46

319 بینراوە


لەو رۆژانەدا چەپ و راست تەنیا باس باسی ئەو کۆمارە دەکەن، کە لەشاری مەهاباد بەر لە ٧٥ ساڵ پێش ئێستا راگەیەنرا. لەو بارەیەوە شڕۆڤە وشیکاری هەمەجۆرەی بۆ دەکرێت، هەڵبەت ئەو کۆمارەی لە بەر هیندێک پرسی نێونەتەوەیی نەیتوانی خۆ بگرێ و دوای یازدە مانگ رووخا.
پەیامی ئەمڕۆمان لەسەر پرسی کۆماری مەهاباد نییە، کە بە دوور و درێژی قسەی لەسەر بکەین، بەڵکو تەنیا پرسی شانۆیەکە، کە دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور بە مەبەست سیناریویەکەیان بۆ داڕشتووە و ئەو هات و هاوارەیان ناردووە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان تا نمایش بکرێ.
گومانی تێدا نییە، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کۆماری مەهاباد، کە زۆر جار باسی لێوە دەکرێ دامەزراندنی رێکخراوەی ژنان بووە، بە سەرپەرەشتی (خاتوو مینا)ی خێزانی قازی محەممەد لەگەڵ چەند ژنی دیکەی سەردەمی کۆمار. ئەوەی زۆر سرنجڕاکێشە ئەو پێنووسەی نووسەر و لێکۆڵەرەوەکانە، کە گۆیا بە دەستوری قازی محەممەد ژن توانیوێتی تێکەڵ بە کاروباری سیاسی ببێ. ئەو کارە لە خۆیدا کارێکی رەوا و دیموکراتیە و کەس حاشای لێ ناکات، بەڵام لە شانۆی دایکی نیشتماندا سەرەڕای ئەوەی، رێکخستنی ژنان هەبووە، ئەو کەسەی کە ڕۆڵی دایکی نیشتمانی گێڕاوە بەداخەوە پیاو بووە، نەک ژن! ئیتر گرفتەکە لێرەدا دەردەکەوێت، کە تۆ بڵێیت ئەو سەردەمە لەناو رێکخستنی ژناندا، کە بە ناو دروستیان کردووە لە شاری مەهاباد ژنێک نەبووبێت بۆ ئەو کارە گرینگە پەروەردە کرابێ؟
ئەمەش یەکێکە لە لاوازییەکانی ئەو کۆمارە و پێویستە لە مێژووی ئەوکات و ئێستاشدا وەک رەخنەیەکی جیددی هەموویان بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم سەرنجە بچوکە تەنیا بۆ ئەوەیە، کە ئەو پەیامە رابگەیەنین، کە مێژوو تەنیا بە پێدا هەڵگووتن و ستایشکردن نانووسرێتەوە ئەگەر باسی لایەنەکانی تر نەکرێت!
نووسینەوەی دیرۆک دوولایەنی هەیە، کە پێی دەگوترێ (ئەرێنی و نەرێنی).کورد دەبێ فێڕ بێت تەنیا باسی لایەنە ئەرێنیەکانی مێژووی خۆی نەکات. بە چاک و بە خراپەوە دەبێت دەست بۆ هەموو لایەنەکانی دیکەش بەڕێت.