• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

خراپتر لە مەرگ

Monday, 19/04/2021, 18:44

940 بینراوە


کاتێک مرۆڤ ئامانجی بۆ ژیان نابێت، ئیتر مەرگ سەرەتاتکێی لەگەڵدا دەکات. گەلی زیندوو پرسیاری گەورە لە خۆی دەکات، تاکی زیندووش پرسیاری گەورە و بەپێز لەخۆی دەکات و ئامانج دیاری دەکات بۆئەوەی هەنگاوی بۆبنێت.
ئێمە گەلێکین هەموومان قسە بۆ یەک دەکەین، گوێ لەیەکتر دەگرین، لەبەردەمی میکرۆفۆن و ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆمان سەرقاڵ کردوە و خۆمان بەتاڵ دەکەینەوە، بەڵام کەسمان نازانین چیمان دەوێت...! 
ئەمەیە کە هەموومانی گیرۆدە کردووە، چونکە ئامانجێکمان نییە لە قسە زۆر و زەوەندەکانی کە دەیانکەین، یان دەڵێن قسەی چیبکەین هەر دەم بکەینەوە ئیتر دەمانگرن، دەمانکوژن، بێئاگا لەوەی لەسەرخۆ و ناشرین هەموو چرکەیەکمان مردنێکە.
 مرۆڤ کاتێک خۆی لەکێشەکان دەدزێتەوە، ئیتر ئامانج ون دەبێت .
چۆن بە سەر ترسدا زاڵبین و ڕەهەندی تازە بکەینەوە؟ 
مرۆڤ بۆ ئەوەی لەئامانجەکەی نزیک بێتەوە دەبێت: ئازاد بوون تاقی بکەینەوە ئازادبوون هەست پێبکەین، نەک ئازادی، ئازادیی درۆیەکی زەبەلاحە و بە دنیادا بڵاو بۆ تووە لەهەموو جێگەیەک سوکایەتی بە ناوییەوە دەکرێت، ڕۆژنامەکان کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، تۆڕەکۆمەڵایەتێکان، مزگەوت و مینبەرو سەکۆکان پڕە لە ووشەی ئازادیی، بەڵام ئازادی ئەتک کراوە، چونکە ئازادبوون مرۆڤی لە خۆبوردی دەوێت، مرۆڤێکی دەوێت کە ئامانجی هەبێت، ئێمە هەموومان کڕیاری کاڵایەکین، گەرچی جیاوازییمان هەیە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە دەمانەوێت خەڵکی بێنینە ناو قەفەزەکانی خۆمان، نەک خۆمان لەناو قەفەز دەرچین .
سی ساڵە ئێمە دوای تراویلکەی ئازادی کەوتووین، بەڵام هەمووان کۆیلەین، چاومان هەیە هیچ نابینین، گوێمان هەیە هیچ نابیستین .چونکە ئامانجێک نییە کە بۆی بژین. کاتێک مرۆڤ بتوانێت تەواوی ئامانجەکانی ڕەها بکات، ئەو دەم دەگاتە بەرزترین ئامانج، ئەویش قوتاربوونە لە خراپترین مردن کە ڕۆژانە پراکتیزەی دەکەین ....
گەڕان بەدوای ئامانجدا ئەرکێکی ئەخلاقییە، چونکە مرۆڤی بێئامانج خڵتە و خاشێکە بەسەر شەقامەکاندا دێت و دەچێت .
 مرۆڤی ئازاد و خاوەن ئامانج هیچ کۆت و بەندێک لە پێکانیا نابینێت، مرۆڤی بێ ئامانج هەموو ژیانی تژی دەبێت لە کۆت و پێوەند .

پەیامی رۆژ لەلایەن (رزگار رانگور) ئامادەکراوە