• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ئەوەی سواڵی قبوڵکرد شتی تریش قبوڵ دەکات

Tuesday, 11/05/2021, 1:08

836 بینراوە


ئەو کاتەی دەستی هەژارێک دەگری، وەک ئەوە وایە کۆیلەیەک رابگری
گەشتی ژیانم پڕە لە ڕووداوی سەیر...!
من ماوەی ١٥ مانگ لە نیشتمانی فەیلەسوفەکان بووم، زمانی گرێکیش فیربووبووم، لەماوەی ئەو ١٥ مانگەدا کەم ڕۆژی هەبوو بێکار بووبم، دوو وەستام هەبوو، کە ناویان "پانەیۆتی و ڤاگەلی "بوو. ئەو دوو پیاوە منیان بە کوڕی خۆیان دەزانی، من هاتوچۆی ماڵیانم دەکرد و زۆر جار لەوێش نانم دەخوارد، ناویان نابووم "بوریشاگە" لەبەر ئەوەی قژێکی لولم هەبوو دوور لە ئێستا، ئەو ناوەشیان بەناوی یاریزانێکی فتبۆڵەوە بەسەرمادا دابڕاندبوو، هەربەڕاستیش ناوێکی خۆش بوو لە لام. 
هاوین هات و پشوو دەستی پێکرد، لە ئەسیناوە من گەشتێکم کرد بۆ دورگەی کرێتە، کە گەڕامەوە بەیانییەک "ڤاگەلی " هات بەدوامدا ووتی: دەچین بۆ ماڵی خۆمان و لەوێ من خەریکی دروستکردنی حەوشەی ماڵەکەم دەبم، تۆش لەگەڵم ئیش بکە، پارەی ڕۆژانەی خۆشت وەربگرە. من و هاوڕیەکم کە ناوی" پیرمام" بوو لەگەڵ ڤاگەلیدا ڕۆیشتین بۆ گوندەکەیان کە لە دەرەوەی شاری ئەسینا بوو.
لە ئەسیناوە بە بەلەمێک پەڕینەوە بۆ دورگەیەک، کە خانۆکانی هەمووی سپی و پەنجەرەکانی شین بوون. لەسەر شەقامەکان تیمپڵی بچکۆلەی زۆری لێبوو، کە خاچێک ناونیشانی بوو. لەناو تیمپڵەکاندا مۆم داگیرسابوو، یان مۆمی تواوەت لەناویدا دەدی. گرێکێکان زۆر دیندارن، بەتایبەتی بەتەمەنەکانیان، لەوەش تایبەتتر ژنە بەتەمەنەکانیان. 
چەند ڕۆژێک لەگەڵ ڤاگەلی ماینەوە نیوەڕوان لەحەوشی ماڵەکەیان لەگەڵ خێزانەکەیدا نانمان دەخوارد و خەڵکی گوندەکە لەوێ کۆدەبوونەوە و فەراپێ *و شەرابیان دەخواردەوە. گرێکییەکان قسە زۆر دەکەن گەلێکی زۆر گەرمن، زۆر زوو دەبنە ئاشنا و ناسیاو و هاوڕێت. 
ڤاگەلی باسی بۆ کردن کە ئێمە کوردین و لەوانەین کە بەر لە چەند مانگێک لەترسی لەشکرکێشی سەدام، هەمووان ڕوومان لەچیاکان کرد. لای خۆمان کە بە"ڕەوەگەورەکە" ناسراو بوو.
بۆ ئێوارەکەی کە کارەکە تەواوبوو، ڤاگەلی ئێمەی بردە بەندەرەکە تا سواری بەلەمەکە بین. پیرێژنێکی میهرەبان هەم خزمیان بوو هەم دراوسێیان. ژنەکە منی بانگ کرد سەفتەیەک "دراخمای"** بەدەستەوە بوو دەستێکی چرچ و لاوازی هەبوو، بە چاوە کزەکانی سەیری کردم و ووتی: کوڕم ئەم پارەیە وەربگرە، ئێوە گوناحن لە تەلەفیزۆنەکەوە ئێوەم دی کە تورک چۆن ئازاری دەدان. 
من هەموو گیانم نیشتە سەر ئارەق، ووتم دایە گیان من پارەم ناوێت، ئێمە سواڵکەر نین.... ببوورە بە هەڵە سەیری گەلێکت کردوە کە بە چیاکانەوە وەربوون.
دوایی پیرمام ووتی : ئەوە چ گفتوگۆیەک بوو، کە لەگەڵ ئەو داپیرەیەدا کردت ؟
ووتم: پیرمام برا جوانەکەم، ئەو داپیرەیە بە میهرەبانی خۆی ویستی شکۆمان بشکێنێت، بەڵام من ڕێگەم پێنەدا.....
لە ناو بەلەمەکەدا ڕشامەوە، چاوم پڕبوو لەئاو، بەزەییم بەخۆمدا دەهاتەوە و قێزم لەخۆشم دەکردەوە، کە نیشتمانم جێهێشتوە و خەڵکی بەزەیان پێماندابێتەوە، وەکو سواڵکەر تێمان بڕوانن. 
 هەرجارێک ئەو کەناڵە زۆڵانەی نیشتیمان دەبینم، کە چۆن ئەو مرۆڤانە نمایش دەکەن و خێریان بەسەردا دابەش دەکەن، ئەو چیرۆکەم بیر دەکەوێتەوە، کە لە گەشتە تەواو نەبووەکەمدا بەسەرم هاتووە.
لە چیرۆکی شاعیرە شێتەکەدا جیمس ویتە دەڵێت :"

ئەو کاتەی دەستی هەژارێک دەگری، وەک ئەوە وایە کۆیلەیەک رابگری"


*فراپێ : قاوەیەکی ساردە لە گرێکلاند زۆر دەخورێتەوە
**دراخما: پارەی ئەو کاتەی گرێکەکان بوو، ئێستا بووە بە ئێبرۆ

پەیامی رۆژی ئەمجارە (رزگار رانگور) نووسیوێتی