ئەوە ئازادی ڕۆژنامەوانی نیە هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە لە کوردستان. با ڕۆژنامەنوسان و نوسەران و ڕۆشنبیران نەپەشۆکێن. ئەوە ئەوان نین تیرۆر لە ڕێیان وەستاوە. هەرگیز بەختیار عەلی و فەرهاد پیرباڵ و کەمال ڕەووف و شوان محمد و ڕەحمان و نیاز و ئاسۆس و ڕێبین هەردی و هەڤاڵ ئەبوبەکر و هۆشیار عەبدوڵا و ڕەنج سەنگاوی و ئەوانی تر ناکوژرێن.. بێخەم بن و دڵنیابن ئەوان هەرگیز نابن بە گوللەوە.
ئەوەی هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە لە کوردستان، ' ئازایەتییە' . ئەو سیفەتەی لە ڕۆشنبیر و میدیاوانی کورددا بوونی نیە. مرۆڤە ئازاکان هەمیشە ژیانیان لە مەترسیدایە، سەربازە چاونەترسەکانن لە جەنگدا دەکوژرێن. کۆیلە ئازاکانن دەرگای بەندیخانەکان دەشکێنن و دەپێکرێن، پاشان ترسنۆکەکان بەسەر لاشەکانیاندا دێنە دەرەوە و هەوای ئازادی هەڵدەمژن. کرێکارێکی ئازا ئاگر لە جستەی خۆی بەردەدات و دەمرێت، خلیج نشینەکانیان دێنە سەر تەخت و شانازی بەخۆیانەوە دەکەن. گوندنشینە ئازاکان بوون ماڵەکانیان دەکردە دیوەخانی پێشمەرگە و گوندەکانیان خاپور دەکرا.. لەبەر ئەوە، پێویست بە هات و هاوار ناکات.. پشتێنەکانتان بکەنەوە و بێخەم بخەون . من و تۆ چیمان هەیە شایانی کوشتن بین؟
داخەکەم بۆ کاوەی جوانەمەرگ.. سبەینێ دوانی وەکو ئەحمەد میرە و توانا عوسمان لافی ڕۆژنامەوانی لێدەدەن و دەنگ هەڵەبڕن و دەڵێن مەمان کوژن. سبەینێ هاوڵاتی و ئاوێنە و شار و سپی و ئەوانی تر خۆیان وەک قوربانی دەستی تیرۆر دەناسێنن. سبەینێ گۆشەنوسەکانن ڕەواجی باش لەسەر خوێنی کاوە پەیدادەکەن. سبەینێ شاعیرە درۆزنەکانن خوێنی کاوە دەخەنە ڕستەوە و ناوبانگی پێپەیدا دەکەن. سبەینێ ڕۆژنامەنوسە ترسنۆکەکانن دێنە سەر جادە و باڵەفشەی ئازادی ئازادی لێدەدەن. سبەینێ هەندێک نوسەری هەلپەرستن بە کەیسەکەی کاوە لە وڵاتێکی ئەوروپی مافی پەنابەری بۆخۆیان دەسێنن.