جگە لەو حزبە سەرەكیانە كۆمەڵێكی بەرچاو لە حزبی بچوكی تازە و كۆنی پاشكۆ لە سەر ساحەی سیاسی كوردستان لە ئارادان و، پاش ساڵانێكی خەبات، لەنێو هەندێكیان، سەركردایەتیەكانیان بونەتە قورساییەكی سەخت بەسەر گەنجانی خوێنگەرمی ناو ئەم رێكخراوانەوە و، بۆ بەرژەوەندی تەسكی تاكەكەسی رەفتاری پاشكۆیەتی و دوور لە بێلایەنی هەنگاو دەنێن و حزبەكانیشیان وەك كۆمپانیایەك بەكار دێنن و خەڵكی خەمخۆری ئەم حزبانە و بەتایبەتی نەوەی نوێی پاك و بێگەرد باجی بەرژوەندی سەركردایەتی حزبەكانیان دەدەن و، تا ئێستا لە ململانێ و ركابەری و خۆسەپاندنی تەڵسمەكانی رابردوو دەرنەچوون، ئەمانیش، سەرەرای بچوكی قەبارەیان لە هەمان سەلبیاتی حزبە گەورەكان بەدەر نین . بۆیە بێ جەماوەر و بێ ئەكتیف ماونەتەوە و بون و نەبونیان هیچ لە مەسەلە گشتیەكەی كوردستان ناگۆرێت و، وا چاوەروان دەكرێت رۆژگار یەكلاییان بكاتەوە، بەمەرجێك، ئەگەر رێرەوی سیاسی كوردستان بكەوێتە سەر سكەی خۆی و پێویستبونیان لە لایەن زلهێزەكانی ترەوە و لە چوارچێوەی ململانێ حزبیەكان خۆی فەرز نەكات و، وەك مەقاش بەكار نەهێنرێن، ئەمرۆ وا بەزەقی دەردەكەوێت كە پارتی تا چەند قازانجێكی لە رادەبەدەریان لێ دەبینێت، دوارۆژ گەواهیمان بۆ دەدات بۆ مانەوە و نەمانەوەیان .
ئەگەر لە رووی رێبازی سیاسیەوە لەسەرجەم لایەنەكان بروانین بە سەرەكی و لاوەكیانەوە، ئەوە لەسەر ئەرزی واقع و كردارەوە، جیاوازیەكی ئەوتۆ نابینرێت، جگە تارادەیەك بزوتنەوەی گۆران نەبێت، ئەویش بە شێوەیەكی زۆر كاڵ و كرچ . حزبایەتی و بەئەنجامگەیاندنی كارەكانیان بە هەمان ریتم و فۆرم و بە شێوازێكە كە بۆ دەیان ساڵە چەقی بەستووە و گۆرانكاریە هەمەچەشنەكانی سەردەم لە سەرجەم بوارەكاندا هیچ كاریگەریەكی ئەوتۆی لەسەر جێنەهێشتون، لەبەر چەقبەستنی عەقڵی سەرەكی و كاریگەری هەندێك سەركردەی دەسترۆیشتوی ناو سەرجەم حزبەكان و پەراوێزكەوتنی سەركردەی بەتوانای تر لە بەرێوەبردن و سەركردایەتی كردندا،لەبەر زۆرێك هۆكاری بابەتی وخودیی حزبەكە و خۆشیان، لە پێشەوەیاندا بەدەستەوە گرتنی ئامرازەكانی راگەیاندن و سەرچاوە داراییەكان لە لایەن خەڵكانێكی دیارەوە .
كار گەیشتۆتە حاڵتەێك، كە لە پێكهاتە و تێروانین و ناوەخن و كاردا، كتومت لە كۆمپانیایەكی بازرگانی دەچن و قازانجەكان بەسەر پشكدارەكاندا دابەشدەكەن . بۆیە جۆری حزبایەتی دوای راپەرین، گیانی فیداكاری و پەیوەست بە پرەنسیپ و بنەما فكری و سیاسیەكانەوە نەهێڵراوە و واقعی كوردستان لە رارەوی راستەقینەی خۆی لادراوە و بەڵكو راماڵێنراوە . بە سەدان خۆبەختكاری شۆرشگیری راستەقینە، گیانیان بەو رێبازە بەخشی و خاوەنی باوەربون بە بنەما فكری و فەلسەفی و رۆشنبیری و ئایدیۆلۆجیا راستەقینەكان، نەك لەو باوەرەدا بن واقعی سیاسی و حزبی كوردستان بگاتە ئەم بارودۆخ و شێوازەی ئەمرۆ و، قەت لە پێناو رۆژێكی وەك ئەمرۆ خەباتیان نەكردوە .
ئا لەم كاتەدا هیچ زیدەرۆییەك ناكەین گەر بڵێین، كوردستان خاڵیە لە حزبی راستەقینەی خاوەن بیر و فكر و فەلسەفە، نەك بزوتنەوە و رێكخراوی جەماوەری و خاوەن پێگەی هەڵبژاردن .
بۆیە، لەم بۆشاییە قوڵەی دونیای سیاسەت و فكر و رۆشنبیریەی كوردستاندا، زۆر راستە گەر بوترێت پێویستمان بە شۆرشێكی هەمەگیری سەرتاسەری سەرتاپای بوارە رۆشنبیری و حزبی و ئابوری و فكری و فەلسەفیەكان هەیە لەكوردستاندا، بۆ راماڵینی عەقڵی كۆن و ژەنگهەڵهاتوو و نەهێشتنی كاریگەریی سەلبی عەقڵی رزیوی ئێمەومانانی نەوەی كۆن و، لە پێناو بەرزبونەوەی ئاستی كاریگەریی كارو رەفتار و بۆچونی نەوەی نوێی نمونەیی و خاوەن عەقڵی سەردەم لە هەموو بوارەكاندا .
بۆیە لەو بروایەدام كە بارودۆخی شەروشۆر و قەیران و نەهامەتی ئابوری و ئاڵۆزی و فەزای سیاسی ئیمرۆ لەناو دەچێت و نەوەی نوێی بە ئیرادە، ئەم ستاف و نەوە كۆنە بێ قازانجە بە شێوەیەكی جوان و رێكوپێك رادەماڵن و بە عەقڵی كۆمپیوتەر و ئامرازە بە دیقەتەكان لە كاتی تایبەتی خۆیدا كوردستان دەخەنە سەر سكەی خۆی، جا زوو بێت یان درەنگ . لەو نێوەدەشدا چالاكی رۆشنبیرانی بێلایەن و كاریگەری ئابووری و باری كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان رۆڵی یەكلاكەروەی خۆی دەبێت لە گۆرانكاریی گەورە یان شۆرشێكی سەرتاسەریی چاوەروانكراودا .
ئەگەر پێداویستی و زەمینەی شۆرش خۆی بسەپێنێت، لە تروسكەیكی بچوكدا تەشەنە دەكات و لەو باوەرەدام كەس نەتوانێت لە چوارچێوەیەكدا قەتیسی بكات و، لەوێشدا ئەگەر عەقڵ و مەنتیق و گرتنەبەری رێگەی راست خۆی فەرز نەكات لە لایەن سەركردایەتی و گەنجانی خوێن گەرمی نەوەی نوێوە ( گرتنەبەری رێگەی هەندەران لە لایەن گەنجانەوە تەنفیسێكە و قازانجێكی گەورەی بۆ سەركردایەتیە باڵادەستەكەی ئەمرۆی كوردستان هەیە بۆ دوور خستنەوەی تەقینەوە گەورەكە) یەكێك لە ئەگەرە بە هێزەكان ئەوەیە، كە بگەرێینەوە سەرەتا و چوارگۆشەی یەكەم و، دیسان خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان بە هەمە جۆری خۆی لەلایەن نەوەی نوێوە و بە ئامراز و گۆرانكاریەكی سەردەمانە دەست پێ بكات و نەوەكانی دوای ئێمە بەسەرهاتەكانی بنوسنەوە . هیوادارم عەقڵ میوانی سەركردەكانمان بێت و لەم بارودۆخەی ئێستا بروانن و نەهێڵن بگاتە مریشكە رەشە، ئەو كاتە پەشیمانی دادی هیچ كەسێك نادات .
بۆیە دوا چارەسەر، خۆی لە نارەزایەتی و راپەرین و شۆرشێكی هەمەگیر دەبینێتەوە كە گەنجان سەرمەشقی گۆرانكاریە پیویستەكان دەبن و عەقڵ و رەفتاری كۆن توردەدەن . لە دەرئەنجامدا كاروانی سیاسی و رۆشنبیری و ئابوری كوردستان دەكەونە سەر سكەی تایبەتی خۆیان .