Friday, 26/08/2016, 3:01
4953 بینراوە
کوردستان، هەنوکە لە بار و دۆخێکی ئێجگار نەشیاو هەستیارە. هەر چی کەسێک چەکی بەدەستە، بگرە لە چەتەکانی داعش، چەکدارانی خۆفرۆش، هێزی میلیشیا، چەکدارانی سیخوری هەموو لایەک، هەرچی هێز و سوپایی زلهێزی دنیا و ناوچەکە هەیە ئیمرۆ لە کوردستانە.
جەنگی سوریا خەریکە بە لایەکدا دەکەوێت، زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، هێشتا بە فەرمیی رێککەوتنی نێوان خۆیانیان بە خەڵک رانەگەیاندوە کە ئایا لە نێوان خۆیان دا لەسەر چی رێککەوتن و تاڵانی دوای جەنگ چۆن دابەش دەکرێت.
پلانی سەربازی و هێرشی ئاسمانیی و زەمینی، خستنە گڕی موشەک و چەکی وێرانکەر لە لایەن زلهێزەکانی ناوچکە و دنیادا، بۆ خزمەتی ئەو پلان و رێککەوتنانەیە کە پێشوەخت هەموویان لە سەری کۆکن و بەرژەوەندییان پارێزاروە، کە ئەویش دابەش کردنی تاڵانی دوای جەنگە.
لێداوانەکانی، سوریا، ئەمریکا، چین، رووسیا، تورکیا، ئێران و عیراق پێشەکی ئەو رێککەوتنانەی پێوە دیارە. ئاماژەکانی جۆری ئارستە کردنی جەنگ لە سوریا لە لایەن ئەو دەسەڵاتدارانە، بە تایبەتی لە لێدوانەکانی "ئوردوگان"ی دژە کورد و مرۆڤاییەتی و ئێران، دەریدەخەن مەترسی ئەوە دەکرێت کە میللەتی کورد گورگان خوارد بکرێت.
هەولێر: فڕین بۆ تورکیا
سەڕۆکی پارتی، چوو بۆ تورکیا، لەگەڵ "ئوردوگان"ی تا سەر ئێسقان، دوژمنی میللەتی کورد کەوتە کۆبونەوە و فسکە فسک کردن. لە دوای تەواو بوونی سەردانەکەی لە میدیاکان دا سەڕۆکی هەرێم رایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا تاوتوێی چەند بابەتێکی گرنگیان کردوە،
یەکەم، هاریکاری کردنی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێم و تورکیا بۆ شەڕ دژ بە داعش.
دووەم، پەیوەندیی ئابووری
سێیەم، یەکێک لە تەوەرەکانی باسەکانیان لەگەڵ ئۆردوگان بریتیبووە لە " گولەن" و قوتابخانەکانی کە لە هەرێم هەن.
تورکیا، لە هەموو دانیشتنێک، لێداونێک، کۆڕ و کوبونەوە ناوچەییەکان و دنیادا بەبێ شەرمی دوژمنایەتی خۆی بۆ میللەتی کورد دوپات دەکاتەوە. مەسەلەی چوونە جەنگ دژ بە داعش ئەگەر تورکیای داعش درۆ ناکات، مەبەستی بوو بێت شەڕ دژ بە داعش بکات، ئەوا لە هیچ کاتێک پێویستی بە زلهێزەکانی دنیاش نەدەبوو بۆ ئەوەی ئەوە بکات نەک بە حکومەتی هەرێم کە نەیتوانی پارێزگاری تەنیا لە شەنگاڵ بکات!
ئوردوگان، ئەگەر شەرمی نەکردبێت، داوای داخستنی قوتابخانە تورکییەکانی کردبێت کە بۆ چەندین ساڵە لە شارەکانی باشووری وڵات کار دەکەن و مێشکی خەڵک دەشۆن، ئەوا پێی شەرم دەبێت خۆی لابدات لە باسی "قەندیل" کە ئیمرۆ هەموو تورکیای هەژاندوە؟
© 2019- Kurdistanpost