٥.ئیحراجکردن و تەنگکردنی ئاسۆی مناوەرە و جموجوڵی سیاسی لە بەردەم گۆڕان و کۆمەڵ و نەیارەکانی تری پارتی، ئاخر من و تۆی کورد کە پتر لە چوارسەد ساڵە هەر لە شەرەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆێی و بێکەس ی شاعیر و شێرکۆی کوڕی و...هیوا و خەونمان ڕزگاربون بوە لە زوڵمی داگیرکەرانی کوردوستان و درستکردنی دەوڵەتێکی کوردستانیی وا کە لە ژێر ئاڵاکەیدا مرۆڤ بە تێروتەسەلی و بە سەربەرزی و بە ئازادی بژی، چۆن بتوانین بڵێین سەربەخۆێیمان ناوێ؟
٦.ئەگەر نەیارەکانی پارتی بە نەخێر بەشداریی ڕیفراندۆم بکەن یا هەر بەشداریی تێدا نەکەن ئەمەش سودی زۆری بۆ مەسعود بارزانی دەبێت و بە لایەنگرەکانی دەسەلمێنێ کە ئەو سەربەخۆیی دەوێ و نەیارەکانی ڕێگرن لە بەردەمیدا، بەمەش شکستەکانی پەردەپۆشدەکات و دەیخاتە سەر نەیارەکانی.
ڕون و ئاشکرایە بەغدا بە دەسەڵات و بە موعارەزەی سونی و شیعیەوە سورن لە سەر ئەوەی هەرێم لە عێراقدا بمێنێتەوە و ئەگەر پێویستیشی کرد ئامادەن هێرشی سەربازی لە زەوی و لە ئاسمانەوە بکەنە سەر هەرێم. ڕەشوڕوتی شیعە و سونیی عەرەبیش زۆر بە ئاسانی بە بەنزینی دیعایەی ئیسلامی (کورد هاوپەیمانی ئیسرائیلە و..) و بە نەوتی دیعایەی نەتەوەپەرستیی عەرەب، ئاگری شەڕی کوردیان کڵپە دەسەنێ و بە دەیان هەزار هێرشمان دەکەنە سەر، پێشمەرگەی برسی و داماوی کوردیش نە چەک و تفاقی جەنگیی تەواوی هەیە، نە پلان و نەخشەی تۆکمەی بەرگری لە خۆکردنی هەیە ، نە ورە و وزە و حەماسی شەڕێکی هەیە کە سەرکردە ملیۆنێرەکان هەڵیدەگیرسێنن و خۆیان و خزمەکانیشیان لە تەماشاکەر زیاتر هیچ دەورێکی تێدا نابینن و کە کەوتنە مەترسی فڕۆکەی ئامادەکراویان هەیە بۆ ڕاکردن بۆ ناو کۆشک و ڤیلا و ئوتێلە گرانبەها کانیان لە ئەمریکا و ئەوروپا، هیچ گەرەنتیەکی ئەمریکی یا نێونەتەوییش نابینین بۆ پشتگیریی هەرێم لە شەڕێکی ئاوادا، کەواتە لە ئێستادا هەرێم ناتوانێ بە شەڕی ڕزگاریخوازی خۆی لە عێراق جیابکاتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ دروستبکات.
بەڕاستی من لەوە تێناگەم دوای ئەو هەموە خەباتە دورودرێژەی کورد بەو هەموە زیانەی بە هۆی ئەم خەباتەوە لە خۆی و عەرەب و تورک و فارس کەوتوە بۆچی نە سیاسیەکانی عەرەب نە هی تورک نە هی ئێران هیچ تێگەیشتن و جوامێری و بەخشندەیی و نیازپاکییەکیان بەرامبەر بە خواستی دێرینی کورد بۆ سەربەخۆیی نیە؟
بۆیە من هەڵمەتی ( نەخێر لە ئێستادا) بە دەنگێکی ناساز و ناسروشتی و بە کارێکی نەباش و ناڕست و نامەنتیقی دەزانم. با مەسعود بارزانیش باش بزانێ دەبێت وازبێنێ لە دیکتاتۆرییەتی بنەماڵەیی و تاکحیزبی ، وە دەبێت لەگەڵ هەمو هێزە کارا و دڵسۆزەکانی کوردوستان ئەم وێرانستانەی حوکم و ئیدارەی کوردی لە ڕەگ و ڕیشەوە چاک بکات، دەنا حەڤدەی شوباتەکانی ئایندە بەڕێوەن!