وتیان تۆ خورمات ئەوێ یا مێوژ وتی من ناوی خۆم ناوە خورمژ
تەنانەت کچان و ژنانیش لەو بەهرەیە بێبەش نەبون و لە ناکۆکیی و شەڕەدەنوکی نێوانیاندا ئەوەى لەو کاتەدا دەهاتە سەرزار لەپەندەکانی پیرەمێرد، دەیانکردە پشتیوان بۆ بانگەشە و سەرکۆنەکردن و سوک و ریسواکردنی یەکتر. لە راستیشدا پەندەکان ئاوێنەیەکی باڵانمای بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتیی و رامیاریی ئەو سەردەمە و دواتر و ئەم سەردەمەی باشوری کوردستانە و هەردەڵێی پیرەمێرد زیندوبۆتەوە و لە هەیوانی قەلەندەرخانەکەیەوە هەموان دەبینێت و ئاگاداری خشەی مار و مێرووە..
ئێستا با بزانین لێکچونەکەی نێوان پیرەمیردی نەمر و کابرایەکی وەک ئاشتی هەورامیی وەزیری نەوتی حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی لەچیدایە، ئاخر پیرەمێردێک کەهەتا کورد زیندو بمێنێت شانازی پێوەدەکات و کابرایەکی وەزیر کە پتر لەهەموشتێک بزنسمانێکی زەبەلاحی چاوچنۆک و دۆلارپەرستە وهەتا پەناگوێی لەچڵکوچەپەڵیی و رەشاوی نەوتدا نقوم بووە و بەجۆَرێک نەوت و سامانە سروشتیەکانی دانیشتوانی باشوری کوردستانی بۆ پارتی قۆرخ کردووە و لەگەڵ سەرانی دەستڕۆیشتوی یەکێتیدا وەک برا دەیخۆن و هەرتیریش نابن و یەک دەنک پێی تێکناچن و میش میوانیان نییە، تەنانەت ملیارەها ملیار داهاتی نەوت بە جۆرێک بە مڵکی خۆیان دەزانن کە جەنابی وەزیر بائاشکراو لە میدیاکانەوە بەو خەڵکە بەشخوراوەی بندەستیان بڵێت: حوکمەت کەناتوانێت موچەی تەواو و لەکاتی خویدا بدات، ئەوە بەو هۆیەوەیە کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزیوە، بەڵام نرخی بەرمیلیک نەوت بگاتە 100سەد دۆلاریش موچە هەروادەبێت و سیستمی پاشەکەوتیش هەربەردەوام دەبێت! کە دەڵێم لێکچون دیارە مەبەستم لەوە نییە خوانەخواستە وەزیری نەوت لە بەردەم پیرەمێردا رابگرین، چونکە بەپێی هیچ پێوانەیەک ناتوانین بەراوردێک لە نێوانیاندا بکەین کە هێندەی نێوانی زەوی وئاسمان دورن لەیەکتر،ئەی کەواتە لێکچزنەکەی نێوانیان لە چیدایە؟ لێکچونەکە لە نهێنییەکانی پشت پەندەکان و پشت فرۆشتنی نەوتەکەی کوردستانەوەیە! نە وەزیرەکان، نە پەرلەمانتارەکان و نە سەرانی حیزبەکانیش جگە لە چوارپێنجێک ئیتر نازانرێت ئەم نەوتە چۆن دەفرۆشن و داهاتەکەى چۆن ساتار و پاتار دەکەن ولرفی لێدەدەن، موچەخۆریش زەقەی چاوی دێت، نە دۆَلارێکی دەستدەکەوێت و نە زستانیش گەرمی دەبێتەوە و نە ئاو و کارەباش وەک پێویست هەیە و نە خزمەتگوزارییەکانیش جێبەجێدەکرێن. ئەوە نهێنییەکە بەپەردەیەکی ئەستور پێچراوە،و چاوەڕوان ناکرێت لە داهاتویەکی نزیکیشدا باری گوزەران و ژیاَنی مەمرەو مەژیی چینی هەرە کەمدەرامەتی کۆمەڵ و داڕمانی ژێرخانی ئابوریی و پەروەردەو زانست و .. روناکییەکی تێبکەوێت، مەگەر پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراو یا هاتنە پێشەوەی هێزێکی دەرەکیی زەبەلاح ! باشە ئەوە ئاشتی هەورامیی مافیایە و بۆتە کوڕەئازاکەی فیلمەکانی کاوبۆی و (رینگۆ پێکنایەت)، ئەی پەندەکانی پیرەمێردی نەمر کەوەک لیژنەی کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی پەندەکان لە دەستپێکی بەرگی یەکەمدا بەناونیشانی وتەیەک نوسیویانە(پیرەمێرد هەمیشە ئەوەی رەچاو کردووە کە پەندەکە لەتەک بارودۆخدا بگونجێ، بۆیە هەر پەندەی وێنەیەکی کاریکاتۆریی سەربەخۆیە) دواتریش نوسیویانە (پیرەمێرد لە دەستنوسەکەیدا، بەشی زۆری ئەو بۆنانەی دەست نیشان کردووە کە پەندەکەی تێدا گوتراوە، هەروەها ناوی ئەوکەسانەشی بردون کە پەندەکان دەیانگرێتەوە، بەڵام ئێمە نەمانویست ئەوانە بخەینە بەرچاو.) ئێستا پتر لە سێ چارەکی سەدەیەک تێپەڕدەبێت بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو پەندانە لەلایەن خودی پیرەمێردەوە لە هەردو هەفتەنامەی ژیان و ژین دا،40 چل ساڵیش تێپەڕیوە بەسەر یەکەمین چاپی پەندەکاندا لەلایەن لیژنەکەوە، کەچی هێشتا تەلیسمی ئەو نهێنییانە نەکراونەتەوە و پەردەی تاریکیی لەسەریان لانەدراوە، ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەندامانی لیژنەی کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی پەندەکان کە یاخوا تەمەن درێژبن هەرهەمویان لەژیاندا ماون جگە لە مامۆستا محەمەد نوری توفیق کە دەستنوسەکانیان لەبەر دەستدابووە و هەروەها بنەماڵەی سەربەرزی حاجی تۆفیقی پیرەمێرد کە لەروی یاساییەوە میراتگر و خاوەنی مڵک ماڵ و بەرهەمەکانی پیرەمێردن و لە روی نیشتیمانیشەوە مڵکی هەمو نەتەوەی کوردە بەڵام هەتا ئێستا بۆنەکان و ئەوکەسانەی پەندەکان دەیانگرێتەوە سەنگ و بەرد نراون و لە تاریکیدا ماونەتەوە.. خوێنەری هێژا و خەمخۆرانی کورد مافی خۆیانە بپرسن کە ئاخۆ بۆنەو کەسەکانی کە پەندەکانی پیرەمێرد دیانگرێتەوە،مەترسییەکی ئەوتۆی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی کورد هەیە، کە هەر نیمانە، گرنگتر و مەترسیدارتر لە ئاسایشی نەتەوەیی ئینگلیز کە شەیتان بە نهێنییەکانیان نازانێت بەڵام وەزارەتی دەرەوە هەرهەمو بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی وەزاررەتەکە دەخاتە رو بۆ دۆست و دوژمن دوای ئەوەی30سی ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت؟ خۆ ئاشکراکردنی بۆنە و کەسانێک کەپیرەمێرد مەبەستی بووە لەپەندەکاندا لە نهێنییەکانی بەریتانیای مەزن گرنگتر نییە. تۆ بڵێی کابرایەکی کورد لەو سەردەمەدا پیسکە و چروک یا شەڕانیی و کوتەک بەدەست یا بێوەفاو سفرەدڕ، هەڵپەرست و کوڕی رۆژ و چی و چی بووە هێشتا ناوهێنانی هێڵی سور و بڤە بێت و لایەنێکی گرنگی پەندەکان بکرێتە قوربانیان؟