مانگرتنەکان وخۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردوستان دژی دەسەڵاتی نادادپەروەر و نادیموکراتی پارتی و یەکێتی دروستکراو و پیلانگێڕی و کارکردی چەند چالاکوانێکی گۆڕان و کۆمۆنیستی و ئیسلامی و فەوزەوی و تازەشۆڕشگێڕی خوێنگەرم نین ، بەڵکو تاقە ڕێگایەکی ناتوندوتیژانەن کە مابێتەوە بۆ خەڵکی برسی و بێکار و بێ کەسابەتی ئەم نیشتمانە.
ئێستا باشترین هەلە بۆ یەکێتی لە بری ئەوەی خەڵکی ناڕازیی خۆپیشاندەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دڵڕەقانە و بە زۆری چەک دەمکوت و سەرکوت بکات وەک ئەوەی پارتی لە ناوچەکانی خۆی دەیکات ، ئەم زۆر ئارام و نەرم و نیان لەگەڵیان ڕەفتار بکات و هەوڵی شێلگیر و دڵسۆزانە بدات بۆ بەجێگەیاندنی داواکانیان، بەمە جۆرێک لە پاکبونەوە ی ناوخۆ لە کەسانی پلە و پۆست و پارە پەرست و شکستخواردو لە بەڕێوەبردندا بەدەست دێنێ ، وە بەم مەلەکردنەی لە دژی تەوژم بڕێک دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە ڕون وپاکەکانی خۆی. بەرهەمێکی تری سیاسەتێکی ئاوا ئەوەیە کە یەکێتی لە کێبەرکێی دا لەگەڵ پارتی چەند هەنگاوێک دەچێتە پێشێ و ئەم پیلانەی پارتی بۆ لاوزکردنی یەکێتی بەتال دەکاتەوە.