KURDISTANPOST
نوری کەریم
روداوی مزگەوتەکانی شاری کرایس تشیرتس
Sunday, 17/03/2019, 0:48
7667
بینراوە
کردەوە تیرۆریستی یەکەی رۆژی هەینی15/3/2019ی شاری کرایس تشیرتس لە وڵاتێکی ئارام و بێقڕەی وەک نیوزیلاند هەناوی هەمو گەلانی سەرزەوی هەژاند کە کابرایەکی موڵتی تیرۆریست بەبەرنامە و پلانێکی تۆکمەو زۆر بەشارەزایی و پسپۆڕیی سێ هەفتە پێشتر مزگەوتی ئەو شارەی دیاریکرردووە و بەگوللە پرژێنێکی مۆدێرنەوە هەڵدەکوتێتە سەر دومزگەوت،دڵڕەق و دڵڕەش،کوێرانەو زۆر بەخوێنساردیی ئەو خەڵکە بێتاوانە یەکە یەکە دەداتە بەر گوللە و گوللەیەکی بەخەسارنەداوە و هەرگوللەیەک مرۆڤێکی ساردکردۆتەوە و لەماوەی پازدە خولەکێکدا06شەێت مرۆڤی بێتاوانی خەڵتانی خوێن کرد،42 چل و دو کەسیان هەر لەوێدا و 7حەوت کەسیش دواتر گیانیان سپارد و15پازدە کەسێکیش زامدار وپەرێشانن.
ئەوە روداوەکە بەوجۆرەبو،ئەی پێشخانی وەها کردەوەیەکی دڕندانەو قێزەون چییە؟ چ پاڵنەرێک ئەو تاوانبارە دڵڕەشەی هاندا بەرۆژی نیوەڕۆ ئەنجام بدات؟ ئایا لێشاو و هروژمی موسوڵمان و سەرڕەشەکانە بۆ وڵاتانی سپی پیستەکان وەک لە رونکردنەوە 45چل و پێنج لاپەڕەیی یەکەیدا نوسیوێتی یا تۆڵەی خوێنی قوربانیانی دەستی رەشی چەکدارە تیرۆریستەکانی دەولچەتی خەلافەتی ئیسلام(داعش) و گروپە توندڕەوە ئیسلامی یەکانە؟ئایا خۆخواردنەوە و خەستبونەوەی ئازارەکانی ئەو کاتانەیە کە دڕندەکانی داعش لە رێوڕەسمی خوێناویدا،دور لە دانانی هیچ بەهاو رێزێک بۆ مرۆڤ بۆ ژیان چەند کەسێکی بێتاوانیان بەبەرگی مەرگەوە لەسەر چۆک ریزدەکرد و هەریەکەیان(میرێکی سەربڕ) بەکێردێکەوە لەپشت سەری یەوە وەستاوە،چنگی لە قژی گیرکردووە و بە پۆزێکەوە کێردەکەی لەسەر گەردنی داناوە و چاوەڕوانی فەرمانە رەشەکەدەکات،قوربانی یەکەی بەردەستی گۆشاوگۆشاو سەربڕێت وەک چۆن بەرخێک سەردەبڕێت!
مرۆڤی مرۆڤــ و مرۆڤدۆست،ئەو روداوە، ئەوتراژیدیا ومەرگەساتە دڵتەزێنە هەردو تراژیدیاهەناو هەژێنەکە لە یەک گۆشەوە تەماشا ناکات،لەچەند گۆشەیەکەوە لێی دەروانێت، ئەگەرنا بەهەڵەدا دەچێت و دروست نایخوێنێتەوە و بۆچون و بڕیاری نادروستی لەسەردەدات.ئایا مزگەوت شوێنی خواپەرستی یە یاکارو بەرنامەی سیاسیی تێکەڵ بە ئاین و ئیسلامەتیشی تێدا ئەنجام دەدرێت؟ لاوانی موسوڵمان لە مزگەوتدا گۆش دەکرێت بە دڵڕەقیی و شەڕەنگێزیی دوژمنایەتیکردنی (گاور ـ کافر) کە مەبەستیان هەر مرۆڤێکە موسوڵمان نەبێت، ئەوە کافرە و سەروماڵ و کچ و ژنی حەڵاڵە،چونکە (
ان الدين عند الله الاسلام
) ئاینی پەسەند لای یەزدان ئاینی ئیسلامە.دەیانەوێت بەزۆر ئەوە لە مێشکی هەرزەکاران بئاخنن کە موسوڵمانێکی هەرەخراپ، لەچاکترین ناموسوڵمان(گاور،فەلە،کریست،جولەکە)چاکترە! ریش کڵکە ێەگێگی دەعەجانیی بۆگەن و دڕندە چاکتر و بەڕێزترە لە ئەدیسون کە گشت مالی موسوڵمانان و ماڵەکانی خواو مەککەو مەدینەشی کردۆتە چراخان.ئەو دەعەجانی یە بەهەشتی یەو ئەدیسۆن بەو مەزنی یەوە دۆزەخی یە!
ئەمڕۆ هەمو مرۆڤێکی بەوێژدان خەمبار و دڵگرانە بۆمەرگی ئەو قوربانی یە بێتاوانانە،لەبەرامبەریشدا هەرکەسێک،گروپێگ دڵخۆش و شادمان بێت،هێندەی جیاوازیی نێوان گورگ و مەڕ لە مرۆڤدۆستی یەوە دورە،بۆیە دەبێت هەر ئەمڕۆ نەک سبەی موسوڵمانی دڵڕەش و دوژمن بە روناکیی، ناحەز بە زانست و پێشکەوتن،رێگر لە ئازادیی بیرکردنەوە، ئەوانەی هەرکاتێک گرۆپێکی تێرۆریستی سەربە ئیسلامی سیاسیی ئۆپەراسیۆنێکی خوێناوی تۆقێنەری ئەنجامدایە،ئەمان جەژنیان بۆ،دڵخۆش و شادمان پیرۆزباییان لەیەکدی دەکرد و لەیەزدان دەپاڕانەوە برا موجاهیدەکانیان سەرخات بەسەر گاوراندا.ئەمە نەک هەر لای عەرەب و ئەردۆگانی یەکانی تورک و بەکرێگیراوانی کۆماری پەت و سێدارە، بەڵکو لای حیزبە ئیسلامی یەکانی باشوری کوردستانیش،بەتایبەتیش ئەوانەی دوای نمونەیەکی وەک عەلی قەرەداخی(قەرە رو)ی زۆڕناژەنی خەلیفەی خەیاڵ ئەردۆگان کەوتون و فەرمودەکانی کاوێژدەکەنەوە.
ئەوانە پێویستە بەخۆدا بچنەوە (
وأعدوا لهم ماأستطعتم من قوة ومن رباط الخيل ترهبون به عدو ألله وعدوكم
) ئەوە بۆ سەردەمی پەیامهێنەری یەزدان محەمەدبووە درودی خوای لێبێت، نەک ئەمڕو دوای تێپەڕبونی پتر لە چواردە سەتە،بیکەنە دروشم و نەیارەکانتان بتۆقێنن چونکە خوێن خوێنی بەدوادا دێت،توندوتیژیی رق و کینە و ناتەبایی و دوژمنایەتی لێدەبێتەوە، لەنێو(گاورەکان)یشدا دڕندەی وەک ئەم تیرۆریستە ئوسترالی یە هەیە و دەتوانێت هەر رۆژێکی هەینی لە شارێک،لەچەند شارێک مزگەوتێک بکاتە قەسابخانە کە زۆرترینی قوربانی یەکان (ئاگایان لە مەحمودی بێ زەواد نییە).
نوری کەریم
© 2019- Kurdistanpost