شتەکان و دیاردەکان ، تاک و کۆمەڵ هیچیان وەک خۆیان نامێننەوە و بەردەوام لە گۆڕاندان٫ بۆیە دروستبونی (نەوەی نوێ) لای من ڕوداوێکی سەیر نەبو بە تایبەتی لە بەر دو هۆ:
۱ ۰ دروستکەرەکەی فرەملیۆنداری سەردەمێکە کە حیزبایەتیکردن تێیدا بە هەبونی پارە یە نەک بە هەبونی دڵسۆزی بۆ خەڵک و خاک ٫ نەک بە هەبونی پاکی و ڕەوشتبەرزی و هاوسەنگیی دەرونی وعەقڵی و ڕۆشنبیریی قوڵ و فراوان . کەپارەی زۆرت هەبو بە ئاسانی ڕاگەیاندن بەدەست دێنی و بۆ سودی خۆت بەکاری دێنی وچیت ویست بە ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و سایتی ئەلیکترۆنی بڵاوی دەکەیتەوە. بە پارە هەرزەکار و گەنجی توڕە و بێئەزمونی زۆر و زەوەندی بێکار و ئایندە نادیارت بە بەڵێنە زێڕینەکان بۆ دەخەڵەتێ، بە پارە کەسانێکت دەسدەکەوێ لە سیاسی و میدیاکار ، لە ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر٫ لە پارێزەر وهونەرمەند .... پێکەوە سوپایەک پێکدێنن کە لە ژێر پاساو و بەهانەی فیکری و فەلسەفی، بە پارە دەبنە هاوڕێ و کارمەند و پاککەرەوە و ئارایشکەری ناشیرینی و خراپی و هەڵە و دەسدرێژی و کەتن و بگرە تاوانەکانت، مانگی دەستکرد و نوێترین دەسگاکانی ڕاگەیاندن دەکەیتە کۆیلەی خۆت و بە هەق و ناهەق دژەکانتی پێ دەکوتیت۰
٢. بە هۆی هەڵەی کوشندەی ڕیفراندۆم نەوەی نوێ توانی بە دروشمی (نەخێرلە ئێستادا) ڕیفراندۆم بەکاربێنێ بۆ خۆڕاگەیاندن و خۆناساندن لە ناو خەڵکدا۰ بێگومان (نەخێرلە ئێستادا) داهێنانی بلیمەتانەی بەهرەمەندان و عەبقەریەکانی نەوەی نوێ نەبو چونکە تەنانەت ئەوانەشی کە دەنگیان بە بەڵێ دا بەعەقڵ و شیکردنەوەی عەقڵانی نەبو بەڵکو بە هەڵچونێکی هەست و سۆز و عاتیفیانە بو و دەیشیانزانی کە هەڵەیە بەڵام بە خۆیان دەوت چۆن دەکرێت دەنگ نەدەیت بە سەربەخۆیی وڵاتەکەت۰
شکستە بەردەوام وگەورەکانی پارتی و یەکێتی لە بەڕیوەبردنی هەرێم خۆبەخۆ ڕەوایەتیی ئەوە نادات بە نەوەی نوێ کە خۆی بە ڕزگارکەری ئەم گەلە و جێگرەوەی پارتی و یەکێتی بزانێ.
دەسپێک و ڕەوتی نەوەی نوێ تا ئێستا زۆر ڕیزپەڕ و مەغرور و پەلامەردەر و هار و چەموشانە بوە، لە ڕوی سیاسی و بیروباوەڕە وە بەردەوامە لەو هەڵە گەورە و بنەڕەتییەی کە بە یەکچاو سەیری هەمو حیزبەکانی کوردوستان دەکات.
کەناڵی NRT کە شاسوار عەبدولواحید ئاراستەی دەکات لەگەڵ هەبونی لایەنی باش و دروستکەر بەڵام بە گشتی توندوتیژ وهوروژێنەر و پڕلەکێشە بوە .